هەموو ئەم هەرایە بۆچی؟

0

هەموو ئەم هەرایە بۆچی؟

نووسینی: سالار حەمە سەعید

 سێ رۆژی تەواوە تەواوی بەرنامەکانی تەلەفزیۆن و رادیۆکان و هەواڵەکانی نێو رۆژنامەکان و سایتەکان، هەواڵیان لانییە جگە لە کێشەی گەورە ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا. میدیاکانی ئەم وڵاتە ” دۆمینیک کەمینگس” یان لە ” هیرۆوە کردە زیڕۆ ” واتە لە ” قارەمان و پاڵەوانەوە کردە هیچ (سفر).

دۆمینیک کەمینگس هیچ کێشەی خەڵک نییە، سەرپێچی کردووە یا نەیکردووە کێشەی خەڵکی ئەم وڵاتە نییە. دۆمینیک کەمینگ گوایە سەرپێچی یاسا و بڕیارەکانی ” لۆک داونە” کەی کردووە و چەند مایل یا کیلۆمەتر رۆیشتووە بە ئۆتۆمبیل لەکاتێکدا نەدەبوا وابکات و سەرپێچی بکات کاتێک ئامۆژگاری خەڵک دەکات کە پابەندبن بە ڕێکارە توندوتۆڵەکان. ئەم جۆرە سەرپێچییانە رۆژانە دەکرێ لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە و باس ناکرێ یا کەم باس دەکرێ.

ئایا ئەسڵی کێشەکە چییە؟ ئایا میدیاکان بە ئەنقەست وا دەکەن یا بەڕاستی ئەم سەرپێچییە هێندە گەورەیە کە ئەوە بهێنێ کە رابەرانی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن داوای بکەن لە سەرۆک وەزیران کە لە سەرکار لای بەرێت یاخود خۆی دەست لەکار بکێشێتەوە؟

بەڕای من میدیاکان وەک هەمیشە لە پاڵ دەسەڵاتی بۆرژوازیدا دەیانەوێ کێشە بنەماییەکانی خەڵک لەبیر خەڵک بەرنەوە و سەرقاڵیان بکەن بە کێشەگەلێک کە نەکێشەی ئەوانە نە ئارەزوومەندن تەنانەت گوێ بیستی بن. سەرپێچی ئەم جەنابە بۆ کرێکارێک بۆ بێکارێک بۆ کەسوکاری تووشبوویەک بە کۆرۆنا هیچ بەهایەکی نییە.

دوێنێ لە کۆنگرەی رۆژانەی رۆژنامەگەریدا تەواوی پرسیارەکانی کە لە بۆریس جۆنسن کرا سەبارەت بە گەورە راوێژکارەکەی بوو، ئەویش وەک عادەتی هەمیشەیی بۆرژوازی بەرگری کرد لە راوێژکارەکەی و کارەکەی بە یاسایی دانا. ئەم جۆرە هەڵویستانە بەردەوام ڕوودەدەن هەروەک لە سەردەمی تۆنی بلێر دا ڕوویدا و ”ئەلیستەر کامبل” راوێژکاری بلێر تووشی چەندین سکانداڵ بوو و ئیتر دەرکرا خۆی دەستی کێشایەتەوە، بەڵام هەر پاش ماوەیەک کە خەڵک لەبیریان چۆوە لە شوێنێکی ترەوە سەری دەرهێنا و بە پلە و پایەیەکی بەرزتر. تەنانەت ئەگەر بۆریس جۆنسن راوێژکارەکەی لەسەرکار دەربکردایە پاش ماوەیەک لە پایەو جێگەیەکی بەرزتر و هەستیارتر جێگەی بۆ دەکردەوە.

 هەموو کەس لەم وڵاتە دەزانێ کە ”دۆمینیک کەمینگس” چ ڕۆڵێکی هەبوو لەسەرخستنی حزبی کۆنسێرڤەتیڤ و سەرکەوتنی برێگزت دا، بەڵام هۆکاری ئەسڵی ئەم هەرایە ئەوەیە خەڵک پرسیار نەکات لە حکومەت سەبارەت بەم وەزعەی ئێستا و پرسیار دەربارەی  ڕێژەی مەرگ لە نێو تووشبوان بە کۆرۆنا ڤایرۆس و کێشەی بێکاری و تەقەشووف. ئەگەرچی وادەردەکەوێ میدیاکان دژ بە راوێژکارەکەی بۆریس جۆنسن بن، بەڵام ئامانجەکەیان شتێکی ترە، ئەوان دەیانەوێ خزمەت بەم حکومەتە بۆرژواییە بکەن لەڕێگەی بەلاڕێدابردنی سەرنجی خەڵک لە کێشە بنەماییەکانی ئەم کات و ساتەی ئێستامان کە کۆمەڵگە بەسەری دەبات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.