کرانەوەی ڕازەکانی ژیانێکی باشتر

0

کرانەوەی ڕازەکانی ژیانێکی باشتر

عبدالرحمن ڕەسول

بەشی دووەم

چارەسەر تێکۆشانە بۆئیدارەدانی شورایی   : 

بەدڵنیایییەوە هەریەکە لەئێوەی خوێنەری ئازیز دەپرسێت چۆن دەکرێت سیستەمێکی چەوسێنەر بڕوات و نەمێنێت و دواتر خەڵک خۆی لەڕێگەی شوراکانی خۆیەوە ئیدارە و بوارەکانی کارگێڕی لەکۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت. دوور بێت لەدزی و گەندەڵی. ئایا هەریەکە لەئێوەی ئازیز پرسیارتان لەخۆتان کردووە کە ئایا کەسانی دزو گەندەڵ وخۆپەرست دەتوانن لەناوسیستەم و دەسەڵاتێکی چەوسێنەردا چاکسازی و ڕیفۆرم بکەن من زۆر دڵنییام هەریەکەتان دەڵێن نەخێر ناتوانن کەسانی دزو گەندەڵ دەسەڵات و کۆمەڵگە بەرەو نوێ بوونەوە و هێنانەدی کۆمەڵگەیەک و دەسەڵاتێکی باشتر بەرن. کەواتە زۆرینەمان هاوڕاین لەوەی کە ئەو دەسەڵات و سیستەمە چەوسێنەرە لەئاستی جیهاندا بۆگەنی کردووە پێویستی بەچارەسەرە بەجۆرێک لەبناغەوە بگۆڕدرێت بەرەو دەسەڵات وسیستەمێکی باشتر تا کۆمەڵگە ئاراستە بکرێت بەرەو کۆمەڵگەیەکی باشتر و شارستانی. هیچ دەسەڵات وسیستەمێکیش لەخۆیەوە ناگۆڕێت کەچەوسێنەربێت، بەڵکو ئەوە مرۆڤە ناڕازییەکانن تێکۆشان بۆڕووخانی سیستەمی چەوسێنەرو دزو گەندەڵ بکەن. کەمتەرخەمی مرۆڤە ناڕازییەکان لەوەدا نییە کەبێ دەنگ و بێ هەڵوێستن، بەڵکو زیاتر لەوەدایە کەناتوانن بڕوا بەوە بکەن کەخۆیان مرۆڤی ڕاستگۆو پاک و ئەمین و دەست پاکن و ناتوانن باوەڕ بکەن کەخۆیان دەتوانن بەشداریان و بەهاوبەشی کردنیان و بەهەرەوەزکاری و پشتیوانی و هاوکاری و هاوتێکۆشان لەگەڵ یەکتری کۆمەڵگەکەیان بەئیدارەیەکی سەرکەوتو و پێشکەوتووتر بەڕێوەبەرن، کێشەی گەورە ئەوەیە زۆرینەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش وهەژارو برسییەکان پێیان وایە دزو پیاوکوژو چەقوکێش و مرۆڤ کوژەکان لەخۆیان عەقڵترو ژیرترن، کاتێک دەچنە سەرشاشەی تەلەفیزیۆنەکان کاوێژ  بۆ بانگەوازی فکرو بۆچوونە دژە ئینسانی وکۆنەخوازی خۆیان بە فێڵ وجامبازی ودرۆکانیان خۆیان دەڕازێنەوە، خەڵکیش پێی وایە  دەتوانن تەنها ئەوان کۆمەڵگە بەڕێوەبەرن بەناوی خۆشەویستی نیشتمان و خۆشەویستی ئایینەکەیان و حیزبەکانیانەوە. چارەسەر لەلایەن خەڵکی ناڕازی کرێکارو زەحمەتکێش و فەرمانبەر و دەستفرۆشان ئەوەیە کە گۆڕانی ئەم وەهمە بەکەمی خۆگرتنەیە دەبێت بگۆڕدرێت بە لافاوی ڕاماڵینی چەوسانەوەو نایەکسانی و هەژاری و بێکاری وبرسێتی  خودی خۆیان.. لەبەشەکانی داهاتوودا وردتر تیشک دەخەمە سەر کردنەوەی ئەوجۆرە ڕازەی لەناو ناخی هەر مرۆڤێکی کرێکارو زەحمەتێکێشدایه کەپێویستە بەکردار ببێتە ئاوێنەی شۆڕشی گۆڕانکاری لەکۆمەڵگادا. سەرەتا پێویستە هەموو خەڵکی ناڕازی کۆک و تەبابن بۆ نەمانی سیستەمی چەوسێنەرو دزو گەندەڵ دەست لەناودەست هەنگاو بندرێت بۆخەبات لەدژی چەوسانەوەو بانگەوازی ڕوخانی سیستەمی چەوسێنەرو دزو گەندەڵ بکەن.. تێکۆشان بۆ ڕوخان واتە تێکۆشان بۆ نەمانی سیستەم یاساکانی چەوسانەوەو نابەرابەری وسەرکوت و دزی و گەندەڵی فەسادی. مرۆڤەکان بەردەوام پێویستە تێکۆشان و چالاکی بکەن بۆدەست ڕاگەیشتن بەئاسوودەیی و ژیانێکی باشتر. نیلسۆن ماندێلا  دەڵێت ‘(هێشتا ئازاد نیت ئەگەر لەبەر چاوت سوکایەتی بەمرۆڤ بکرێت وتۆش هەست بە سوکایەتی نەکەیت.) بە درێژایی سیستەمی چەوسێنەرو دزو گەندەڵەکان بەردەوام لەبەرچاوی خەڵک زاڵمان چەتا ئاساو مافیایانە هەڵدەکوتنە سەر ژیانی خەڵک بەزۆر مافی گشتی خەڵک دەخۆن و دزیان لێ دەکەن وهەژارو برسیان دەکەن وهانی سواڵکردن و چەمانەوەو بێ ئیرادەبوونی مرۆڤ بوونیان دەدەن، کەئەمەش خودی سوکایەتییە کە بەردەوام ڕۆژانە بەمرۆڤە هەژارو زەحمەتێکش و کرێکارەکان دەکرێت و هەق دەستی کەمیان پێ دەدرێت، یاخود بەچەند مانگ فەرمانبەران ومامۆستایان موچەیان پێ نادرێت یان نێوە موچەیان پێ دەدرێت. بەرپرسانی باڵای حکومەت و حیزبەکانیش لەناو نیعمەت وپارەی گەندەڵی ودزی دا ئەپارتمان وبیناو کۆمپانیاکانی خۆیان باشتر دەڕازێنەوە و ئاسوودە ژیان بەسەردەبەن. بەپێی راپۆرتی ئەو کۆمپانیایەی کە، بۆ ووردبینی داهاتی نەوتی هەرێم بەکرێ گیراوە. ساڵی ۲۰۱۹ بایی نزیکەی ۸ ملیارو ٥۰۰ ملیۆن دۆلار نەوت فرۆشراوە، کە مانگانە دەکاتە ٧٥٠ ملیۆن دۆلارلە حکومەتی عێراقەوە مانگانە ٤٥۰ ملیۆن دۆلار هاتووە تا مانگی ۳ی ۲۰۲۰یش داهاتی ناوخۆش ٣٥٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت جگە لە پارەی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ پێشمەرگە ئەوە لەکەتێکدا کۆی مووچەی مانگانە لە هەرێم ٧٥٥ ملیۆن دۆلارە، واتە تەنها بە پارەی بەغداو داهاتی ناوخو و پارەی هاپەیمانان مووچە دابین بکرێت وپارەی نەوتیش زیادەیە، ئەوەتا سەفیرێکی ئەمریکی دەڵێت زیاتر (١٤٧ )ملیار دۆلار هەیە لەبانکەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، ئەی دەبێت لەوڵاتانی کەنەدا وڵاتە عەرەبییەکان وتورکیاو ئێران وڵاتانی تری جیهان چەند پارەی پارێزەران وبەرپرسەباڵاکانی دزی سیستەمی چەوسێنەری دزو گەندەڵی کوردستان هەبێت، لەکاتێکدا بەچەند مانگ موچەی فەرمانبەران نادرێت وخەڵێکی زۆریش بێکارو هەژار وبرسییە. کەوایە حیزبەکانی ناو دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم بۆ مەبەستی برسیکردنی خەڵک و گەندەڵی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان مووچە نادات، نەک لەبەر نەبوونی پارە. بۆیە خەڵکی کوردستان پێویستە بیرێکی جدی تر لە گۆڕینی ئەم دۆخە بکاتەوە، گۆڕینێک کە هەم دەسەڵات و هەم سیستەم لە خۆ بگرێت. چونکە ئەگەر ڕاشکاوانە وڕاستگۆیانە بیڵێن ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامە کە سیستەمی باشووری کوردستان هەروەک سیستەمی ئێران و عێراق و تورکیا سیستەمێکی چەوسێنەرو دزو گەندەڵە بناغەکەشی لەسەر یاساکانی چەوسانەوە و سەرکوت دامەزراوە، هەتا بمێنێتیش هەروا دەبێت و خراپتریش دەبێت. ئەوەی باجەکەشی دەدات تەنها خەڵکی کرێکارو دەستفرۆش و زەحمەتکێشی کۆمەڵگەیە کەڕۆژانە دەبێتە قوربانی گیانی و جەستەیی بەهۆی گەشەی بێکاری و برسێتی. و هەژارکردنی زیاترەوە. هەر وەکو بلەیز پاسکال دەڵیت “بیهێنە بەر چاوت کۆمەڵێک مرۆڤ بە زنجیر کۆت کراون و بڕیاری لەناوبردنیان بەسەردا سەپێنراوە. هەر ڕۆژە و ژمارەیەکیان لەبەرچاوی ئەوانیتردا سەر دەبڕدرێن و ئەوانەش کە ماونەتەوە بە ترس و بێدەستەڵاتی و نائومێدیەوە چاوەڕاوانی هەمان چارەنووسن. ئەمە قۆناغی ئێستای سەردەمی سیستەمی سەرمایەداری یە کە لەساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی هەبوونی کۆرۆنا ڤایرسەوە بەکۆمەڵ گیان لەدەست دەدات لە زۆرێک لەوڵاتە پێشکەوتووەکانی سەرمایەداریدا، بەڵام خودی سیستەمەکەو پارێزەرانی… سیستەمی سەرمایەداری باکیان لەگیان لەدەست دانی مرۆڤەکان نییە، ساڵانی پێشتر زۆرتری سەرمایەو داهاتیان بۆ بواری سەربازی وچەکداری خەرچ کردووە نەک بوارەکانی تەندروستی، بۆیە دابینکردنی پێداویستی خۆپارێزی زۆر سادە تووشی کێشەو قەیرانی نەبوونی بووە، وەکو دەبینین ماسک لەزۆر شوێنی جیهاندا لەکەمێتی ونەبوونی دابووە، باسی بواری چارەسەریش هەروایە وەکو نەبوونی ئۆکسجین و پێداویستییەکانی تری تەندروستی، ئەمە حاڵی مرۆڤی سەردەمی  یاساو سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەدارییە. .”کەوایە لەجیهاندا چارەسەر ئەوەیە کەتەنها تێکۆشانی  هاوبەش و یەکگرتووانە بکرێت بۆ ڕوخان و نەمانی سیستەمی سەرمایەداری. دواتر دامەزراندنی سیستەمی شورایی. لێرە زیاتر گرینگی کۆدەنگی وهاوپشتی ویەگرتوویییە کە هەنگاوەکانی ئەم خەباتە  ئاسانترو نزیکتر دەکاتەوەو گرێ و گۆڵەکانی بەردەمان ئاسانتر بۆ دەکاتەوە. لەژێرسیستەمێکی چەوسێنەردا بەگشتی و لەکوردستاندا بەتایبەتی هەرگیز بەئاسانی ئەو دەسەڵات وسیستەمە دزو گەندەڵ وچەوسێنەرە ناگۆڕێت ومل بەخواست و داواکاری و نارەزایەتییەکانی خەڵک نادات. لەبەرئەوەی هەرکاتێک ڕەخنەی ئاراستەکراو فشاری جەماوەری کەوتەسەر ئەویش بەنەخشە ڕێگاو پلان وبەرنامەی خۆپارێزی خۆی بەرگری دەکات وسەرجەم ئەوفشارانە پەرتەوازە دەکات کەئاراستەن بەرەو گۆڕانی سیستەم و دەسەڵاتە چەوسێنەرەکە. کاتێک باس لەدیموکراسی و هەڵبژاردن دەکرێت پارێزەرانی سیستەمی چەوسێنەر سینگ دێنەپێشێ دەڵێن ئێمە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە هاتینە سەرحکوم و دەسەڵات زۆرینەی خەڵک دەنگی بەئێمە داوە. دەبێت دەسەڵات و ئیدارەدان بەئارەزوو ودڵی ئێمەبێت هەتا هەڵبژاردنێکی تر. ئەگەر ڕاستگۆیانە بێین بەدواداچوون بکەین تەزویرات و گەندەڵی زۆرکرا لەدەنگدان و هەڵبژاردندا، خەڵکێکی زۆریش بەشداری نەکرد لە هەڵبژاردن، بەڵام لەهەموو هەڵبژاردنەکاندا هەمان جۆرو سیستەم و هەمان لەحیزبەکان دەسەڵاتیان بەڕێوەبردەوە هەر وەکو نەک ساڵانی ڕابردوو بەڵکو زۆر خراپتریش مافیا و چەتە ئاسا کەوتنە وێرانکردنی گیانی خەڵک وێرانکردنی ژینگەی جوانی کۆمەڵگە. پارێزەرانی دەسەڵات بەپێکەنینەوە بەردەوامن لەدەسەڵات و هەژارکردن و بێکارکردنی خەڵک و ئاوارەکردنی خەڵک وێرانکردنی ژینگە. بێمنەتی دەسەڵات لەوەدایە کە خەڵک دەزانێ دزی وگەندەڵی و سەرکوت هەیە هەروەها پارێزەرانی دەسەڵاتیش ئەوە باش دەزانن کەدزی وگەندەڵی وسەرکوت وبێ مافی هەیە، بەڵام کێشە ئەوەیە خەڵکی ناڕازی  نازانێت چۆن خۆی ڕێکخراو بکات و جێگرەوەیەکی ئینسانی وباشتر نیشانی کۆمەڵگە و دەسەڵات وسیستەمی چەوسێنەر بدات. لەهەمان کاتدا حیزبەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆن لەجۆری بزووتنەوەی گۆڕان و حیزبی نەوەی نوێ و ئیسلامییەکان وحیزبی شیوعی هاوشێوەی باڵەجیاوازەکانی ناوخۆی فاشیزمی ئیسلامی ئێران کە چۆن دڵسۆزن و ڕەخنەی نەرم دەگرن بەرگری لەمانەوەی سیستەمی فاشیزمی ئیسلامی ئێران دەکەن لەناو خەڵکیش باس لەڕەخنەگرتن لەدەسەڵاتداران دەکەن و خۆ بەدڵسۆزی خەڵکیش دەزانن لەهەمان کاتدا هەرگیز نایانەوێت و نەیانویستووە فاشیزمی ئیسلامی بروخێت، بەدرێژایی ٤٠ ساڵە پشتیوانی لەمانەوەی ئەوجۆرە دەسەڵات و سیستەمە چەوسێنەرەن، حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی باشووری کوردستان بۆ ماوەی ٢٩ ساڵە بەرگری لەمانەوەی هەمان جۆر سیستەمی چەوسێنەر دەکەن، زۆر دڵسۆزترن لەپارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، زۆرینەی ململانێکانیان لەسەر وەرگرتنی پۆست و پلەی بەناوحکومییە لەناو پلەی باڵاکانی دامەزراوەکانی دەسەڵات، هەربۆیەشە بەدرێژایی تەمەنی دەسەڵات وسیستەمی چەوسێنەری کوردایەتی هەر بەو جۆرە بووە کە بەردەوام ئاراستەی دەسەڵات بۆ قۆرغکردنی دەسەڵات و ڕاگرتنی پایەکانی هەژاری و نایەکسانی و سەرکوت و نابەرابەری و چەوسانەوە بووە. لەکاتێکیشدا خەڵک ناڕەزایەتی نیشانداوە حیزبەکان ناو دەسەڵات لەگەڵ حیزبە بەناو ئۆزیسیۆنەکانیش لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانیانەوە بەنەخشەو بەرنامەی خۆیان کردویانەتە ململانێی حیزبی و دەنگی دەهۆڵی حیزبییان زاڵکردووە بەسەرخواست و داواکاری هەقی خەڵکی ناڕازی سەرشەقامەکاندا دواتریش خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەر تەنها ماندووبوون و قوربانی دانەکەی بۆماوەتەوە. ئەوەی کەقازانجی کردووە حیزبەکان بوون بەوەرگرتنی ئیمتیازو دەسکەوت و پلەو پۆست ویستوویانە شەقامیان بێ دەنگ بکەن.

هەمیشە خەڵک ناڕازی بووە لەدژی مانەوەی ئەوجۆرە سیستەم ودەسەڵاتە، بەڵام کێشە ئەوەیە کاتێک خەڵک هاوار دەکات ونوزە نوز دەکات و دەڵێت هەژارم پارەم نییە، داواکارم حکومەت پارەو موچەم بداتێ و بۆئەوەی نەمرم لەبرسان دەسەڵات ئەمەی پێ خۆشە، چونکە دەیەوێت بەردەوام خەڵک کڕنۆش بۆ بەرپرسەکانی بەرێت و دەزانێت چۆن ئەمانە بێ دەنگ دەکات کەپێشتر ئامادەباشی زۆر ووردی بۆ کردووە، ئەویش بە کردنەوەی چەندین ڕێکخراوی خێرخوازی بەناوی سەرکردە مردووەکانیان یان بەناوی جۆراوجۆری تر کە لەلایەن بەشەکانی حیزبەوە لەژێرناوی کاری خۆبەخشانە ئەنجام دەدرێن لەو پارەو داهاتەی کە لەڕێگەی گەندەڵی ودزییەوە کۆی کردۆتەوە دەچێت کەمێک دەداتەوە بەو… خەڵکەی کە نوزە نوز دەکات و دەپاڕێتەوە. لەولاشەوە کۆمەڵێک کەس وەک دڵسۆزی خەڵک و خەمخۆری خەڵک نیشان دەدات تا ئامادەیان کات بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لەژێر ناوی جۆراوجۆردا. بەشێکی تر لەنەخشەی دەسەڵات کەپێشتر بەرنامەی بۆداناوە وکاری لەسەرکردووە کردنەوەی چەندەها ڕێکخراو و گروپی تر بەناوی چالاکی مەدەنییەوە یان ڕێکخراوەکانی ترەوە کە ڕاستەوخۆ سەربە بەشەکانی مخابەراتی و زانیاری و پاراستنی حیزبی دەسەڵاتن کاتێک خۆپیشاندانێک دەکرێت دەیان نێرنە ناو خۆپیشاندانەوە و تاوەکو ڕوڵی نوێنەرایەتی ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکان ببینن، لەڕێگای ئەمانەوە چەند ئامانجێک بەدی دەهێنێت وەکو هێڵی سووری دەسەڵاتە: ١-بەهیچ جۆرێک نابێت خەڵک داوای گۆڕانی سیستەم بکات و خەڵک ئاراستە بکات بۆ ڕوخانی ئەوجۆرە دەسەڵاتە چەوسێنەرە. بۆیە بەردەوام دەچنە ناو خەڵکی ناڕازی  بەناوی ڕێپێوان و خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە بۆچاکسازی کردن بەرزکردنەوەی دروشمی ڕیفۆرم چاکسازی خەڵکی ناڕازی سەرگەرم دەکەن دواتر بەچەند بەڵێنێکی ڕووکەشی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە کۆتایی بەخۆپیشاندانەکانیان و نارەزایەتییەکان دێت. بۆ نموونە کارمەندان و مامۆستایان دەچنە سەرشەقامەکان بەهۆی نەدانی چەند مانگ موچەوە لەپاش چەند ڕۆژی ناڕەزایەتی دەسەڵاتدارانی حکومەت بەڵێن دەدەن دوو موچە یان لەنزیکترین ماوەدا دیاری دەکات موچە بدات ڕێک خەڵکی ناڕازی ماموستاو کارمەندان دەچنە ماڵەوە، پێشتریش ئەمان بوون لەسەر شەقام دەیان گوت دەبێت دزو شەریکە دز نەمێنێت وسزا بدرێت و یان دەسەڵاتی بنەماڵە نەمێنێت. کەوایە بەگوێرەی نەخشەڕێگای حیزبەکانی بنەماڵە کۆتایی بەخۆپیشاندانەکان و نارەزایەتییەکانی هێنا. هەربۆیە لەچەند مانگی داهاتوو دیسان بێ موچە وبێ پارە دەبێتەوە فەرمانبەران ومامۆستایان. دیسان هاتوونەوە سەرشە‌قام زیاتر لە٢٩ ساڵە بەم جۆرە بووە بۆیە ناڕەزایەتییەکان سەرکەوتوو نەبوە. ئەگەر ٢٩ ساڵ لەمەوبەر خەڵکی ناڕازی لەمامۆستا وفەرمانبەران وکرێکاران وجوتیاران و زەحمەتکێشان هاوکارو پشتیوانی یەکتری بوونیایە لەتێکۆشانێکی یەکگرتووانەی ڕێکخراوەییدا ئەوا بەدڵنیایی یەوە سەرکەوتوو دەبوون .

٢-پارێزەرانی دەسەڵاتی زاڵم وگەندەڵ و دز بەردەوام لەپێناوی مانەوەی خۆیاندا بەرنامەیان داناوە بۆ دەستنیشان کردنی ئەوکەسانەی کەچالاکن و بەکردار دەیانەوێت دەسەڵات بگۆڕێت وگوێ لەخواستی خەڵک بکرێت فشاریان بۆ دەهێنێت یان تۆمەتیان بۆساز دەکات بۆئەوەی کاریگەرییان کەم بکرێتەوە. زۆرجار کە ئەو کەسە ڕادیکاڵانە بەقسەی دۆستانی دەسەڵاتیان نەکرد بەردەوام بوون لەچالاکی ئازادیخوازانەو پێشکەوتنخوازانە ئەوا پارێزەرانی دەسەڵاتی چەوسێنەر نەخشەڕێگای ڕفاندن و زیندانیکردنیان جێبەجێ دەکات بۆفشاری جدییان بخاتە سەر تا واز لەئەوجۆرە فکرو چالاکییانە بهینن کەزیان بەدەسەڵات دەگەیەنێت. زۆرجار ئەوکەسایەتییە چالاک و ڕادیکاڵانە کە بەردەوام لەدژی دەسەڵات وسیستەمی چەوسێنەرو دزو گەندەڵن تیرۆردەکرێن و سیناریۆیان بۆساز دەکرێت.

٣-پارێزەرانی دەسەڵات بەردەوام کار دەکات لەسەر پەرتەوازەکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ناڕازی لەکاتی هەبوونی ناڕەزایەتیدا، بەردەوام دەزگاکانی ئیتڵاعات و زانیاری و پارستن ومیتی پارێزەرانی سیستەمی چەوسێنەر خەڵکی خۆیان بەجل وبەرگی مەدەنییەوە و یان پێشتر چەندەها کەسیان بۆ پەروەردە کردووە بۆئەوەی لەکاتی هەبوونی هەرجۆرە ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانێکدا بچنە ناوخەڵک و بەپێی بەرژەوەندی دەسەڵات قسە بکەن، زۆرجار کارئاسانیان بۆ دەکەن بۆئەوەی لەڕاگەیاندنەکانەوە وەکو دڵسۆزو نوێنەری خەڵکی ناڕازی و خۆپیشاندەر بناسێندرێن. لەئەنجامدا ئامانجیان پەرتەوازەکردن وبەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییەکان دەبێت بۆ ئەوەی لەکۆتایی دا ناڕەزایەتییەکان بچێتەوە سەبەتەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی حیزبی ناوچەیەک یاخود دەسەڵاتی چەوسێنەری کۆنەخواز.

٤- لەکاتی ناڕەزایەتییەکاندا بەردەوام کار لەسەر بەلاڕێ دابردنی ئامانج وخواستە ڕەواکانی خۆپیشاندەران کراوە لەهەموو جارەکانیشیاندا زۆر بەداخەوە سەرکەوتووبووە بەرەی دەسەڵات، ناڕەزایەتییەکانی خەڵک زۆر بەئاسانی  ئاراستەی ململانێی حیزبییەکان کراوە، بەهۆی ڕاگەیاندنەکانی خۆیانەوە یان ڕاگەیاندنەکانی حیزبەکانی ترەوە ئەم کارەی دەسەڵات سەرکەوتو وبووە. چونکە دەسەڵاتی چەوسێنەرو زاڵم هەمیشە لەناڕەزایەتی خەڵک ترساوە لەکاتێکدا ئەگەر لەناوخۆیاندا خەڵک یەکگرتوو و هاوپشتی یەکتری بووە ویاخود هاوکار و هەرەوەزکاری یەکتری بووە، ئەمەش بۆئەوەیە خەڵکی ناڕازی ڕێکخراو نەبێت و ئاراستەی گۆڕانی سیستەمی چەوسێنەر نەبێت، چونکە دەزانێت بەڕێکخراوبوونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەسەڵاتی ستەمگەر لەبەریەکتری هەڵدەوەشێت ونامێنێت بۆیە بەردەوام ڕێکخراوبوون وحیزبی بوون لەناوخەڵک ناشیرین دەکات ئەمەش بۆ ئەوەیە ڕوحیەتی شۆڕشگێڕی بکوژێت لەناو دەروونی هەر تاکێک. بەردەوام بوونی بێ ئومێدیی وناڕێکخراوبوون و نایەکگرتوویی و ناهاوپشتی کردنی خەڵک بۆ ئەوەی نەتوانن کە ژیانێکی ئینسانی باشتر بنیادبنێن و دواتر گۆڕانکاری لەسیستەمەدا نەکرێت. هەروەک کە لەبەشی یەکەمدا  کە پێشتر  باسمان کردووە ئەمەش بۆئەوەبووە کە (خەڵک و گەنجە ڕادیکاڵ وچالاکەکان لەدوای خۆپیشاندان وناڕەزایەتییەکان بێ ئومێدبن و وڵات و کۆمەڵگە بەجێ بهێڵن بەم ڕێگایەش فشار لەسەر دەسەڵات کەمتر دەبێتەوە، خەڵکیش بێ ئومێد و چاوەڕوانی ئەوە دەبێت کە پارێزەرانی سیستەمی چەوسێنەر چەند خواستێکی کەم لەشەخسی وناوچەیی جێبەجێ بکات، لەهەموو جارەکانیشدا دەسەڵات سەرکەوتوو بووە. بەهیچ جۆرێک دەسەڵات نەچێت بەلای دابینکردنی بیمەی بێکاری و باشترکردنی ژیانی کۆی گشتی خەڵک و باشترکردنی خزمەتگوزارییە جۆراوجۆری یەکان.). بەکوردی بەکورتی کاتێک دەسەڵاتێک نادادپەروەر بوو داواکاری بەرزکردنەوە وەک ئەوە وایە بە مرۆڤێکی شێت بڵێی هێندێک عەقڵم بدەیە. هەروەک دکتۆر علی وەردی دەڵێت (داواکردنی دادپەروەری لەستەمکار وەک داواکردنی عەقڵ وایە لەشێت.) کەوایە هەرگیز کۆمەڵگایەکی ئازادو بێ چەوسانەوەو بەرابەرو یەکسان لەسەر دەستی دزو گەندەڵکاران دانامەزرێت و هیچ جۆرە ڕیفۆرم وچاکسازێکیش ناکرێت، هەرگیز لەسەردەستی دەسەڵاتێکی دزو گەندەڵ و سەرکوتکەر کۆمەڵگە ئاراستەی نوێ بوونەوەو پێشکەوتن ناکرێت. دەرئەنجامی ئەمە کەپێویست دەکات ئەم دەسەڵات و سیستەمە چەوسێنەرو دزو گەندەڵ بڕوات. ڕۆشتنی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و چەوسێنەرو دزەش بەندە بەتێکۆشانی چۆنێتی هەریەکەمانەوە کە لەوجۆرە دەسەڵاتە ناڕازین کە لەسایەی دا بەردەوام بێکارو بێ موچە وبرسی و هەژارو دەچەسێتەوەو ئازارو ئەشکەنجەی دەروونی وجەستەیی دەدرێت.

لە پێناوی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی باشتر و ئازاد دوور لە چەوساندنەوە پێویستە خەڵک وشیاربێتەوە بەیەکگرتوانە بێتە مەیدانی تێکۆشان، سڵ لەهیچ بەربەستێک نەکاتەوە لە دژی گەندەڵی و دزی و بە فیڕۆدانی سامانی دارایی و مەعنەویی هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی هەبێت بۆ گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی وڵاتەکەی کاتێک ئەو سیستەمە نادادپەروەر و سەرکوتکەر و گەندەڵ بێ، ناکرێت خەڵک هانبدرێت بەڕازیبوون بەخێرو سەدەقەو کۆمەککردنی خۆراک و پێداویستی ڕۆژانە. پێویستە زیاتر خەڵک هان بدرێت بۆ ڕێکخراوبون لە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی دا تێکۆشان بۆڕووخان و نەمانی دەسەڵاتە چەتەگەرو مافیاو سەرکوتگەرە. چارەسەرە دروستەکە ئەوەیە کە پێویستە وئەرکێکی هەموو مرۆڤێکی ناڕازییە دەست بەرین بۆ هەنگاوە پێویست و دروستەکە ئەویش خۆڕێکخراوکردنە بەئاراستەی گۆڕانی سیستەمی چەوسێنەرو دزو گەندەڵ و تێکۆشان بۆ هێنانەدی بەدیلێکی ئینسانی و پێویست ئەویش ئیدارەدان ودەسەڵاتی شورایییە. ڕێکخراوبوونی خەڵکی ناڕازی یە لەبزووتنەوەیەکی جەماوەری شوراییدا، کە تێکۆشان بکەن بۆ ڕوخان ونەمانی سیستەمی چەوسێنەری دزو گەندەڵی کوردستان، دواتر خەڵک خۆی ئیدارەیی شورایی دابمەزرێنێت بۆئەوەی نان، کار، ئازادی و کۆمەڵگەیەکی باشتر بەدی بێت. لەبەشی داهاتوودا باسی میکانزمی لابردنی گرفت و لەمپەرەکانی بەردەم ئەم جۆرە تێکۆشانە دەکەین.

Leave A Reply

Your email address will not be published.