ئایندەی کاری تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتیەکان…

0

ئایندەی کاری تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتیەکان…

پێکهاتنی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی لەدۆخی کۆڕۆنا فایرۆس، لەسەر دەستی ژمارەیەک لە کەسانی ئازادیخواز و ئینسان دۆست، چەپ و کۆمۆنیست و هەڵسوڕاوی کاری جەماوەری سەرەتا لەچەند وڵاتێکی دەرەوە، بەمەبەستی هاوکاری و رێنوێنی تەندروستی و، پاشانیش دەستبردنی بۆ کۆکردنەوەی خۆبەخشانەی هاوکاری دارایی لەکەسانی ئینساندۆسی و پیشکەوتنخواز و ناردنەوەی بۆ کوردستان و دابەشکردنی بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە کەمدەرامەت و هەژارەکان لەلایەن کەسانی دڵسۆزەوە، ئەرکێکی جێگا ستایش و هاوکات ئەلگۆیەکی نوێ و کارسازە لە کاری رێکخراو بۆ بەهاناوە چوونی دەیان خێزانی بێدەرەتان.

پێکهاتنی ئەم تۆڕانەو دواتر گوێزانەوەی بۆ بەشێک لە شارو شارۆچکەکانی… کوردستان و پێکهاتنیان هەنگاوێکی پێشڕەوانەیە بە ئاقاری بەرینکرنەوەی تۆڕەکان و هاوکاتیش بۆ خستنەرووی گرنگ نیشاندانی ئەم تۆڕانە لەناوخۆی کوردستاندا.

دیارە کۆڕۆنا ڤایرۆس بەجیا لە کاریگەری و لێکەوتەکانی دواتری لە ئێستادا و بەکردەوە لەزۆر شوێن بەوەو کۆتایی دەڕوات و وردە وردە خەریکە ژیانی ئاسایی و کۆمەڵایەتی دەست پێدەکاتەوە. لەوەها حاڵەتێکدا پرسیار ئەوەیە ئەو تۆرە کۆمەڵایەتیانە چییان بەسەر دێت؟ ئایندەی کاری ئەو تۆڕانە چی دەبێت؟ ئایا بە کۆتاییهاتنی ئەزمەی کۆڕۆنا ڤایرۆس، تۆڕەکانیش هەڵدەوەشێنەوە یان دەمێنەوە و خۆیان بەرینتر دەکەنەوە؟ ئایا ئەرکەکەیان هەر کۆکردنەوەی هاوکاری مادی و دووبارە دابەشکردنەوەی دەبێت بەسەر خێزانە کەم دەرامەتەکاندا؟… ئەم کورتە وتارە هەوڵیکی بچوک و خێرایە بۆ وەڵام بەو پرسیارانەی سەرەوە…

لەکاتێکدا کە دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستان، نابەرپرسەو کەمترین ئاوڕ لە چینی کرێکار و بێدەرەتانەکانی ناداتەوە. لەکاتێکدا کۆمەڵگەی کوردستان هەرێمکی دەوڵەمەندەو خاوەنی قەوارەی دەوڵەتی نییە، لەکاتێکدا حکومەتێک بە کردەوە لە ئارادا نییە و هەمیشە هەرێمی کوردستان لەبەردەم رەشەبای سیاسی و زەمین لەزرەی ناوچەکەدایە و هەموو روداوێکی سیاسی دۆخی کوردستان دەجولێنێ. داهات و سامانی ئەو وڵاتە لەلایەن دوو حزبی پشت بەستو بە هێزی چەکدار و خۆبەستنەوە بەوڵاتانی ناوچەکەوە، بە تاڵان دەبرێ. هەرێمی کوردستان هەمیشە باجی ململانێ لەگەڵ بەغدا و فیدرالیزمی قەومی دەدات… بوونی ڕیکخراوەی جەماوەری سەربەخۆ و کاری راستەوخۆی جەماوەری دوو پیداویستی زیاد لە پێویست گرنگ و رۆڵی چارەنووسساز دەگێڕن… وە ئەو ڕۆڵەشێان خاڵی جیاکەرەوەیە لەو رێکخراوە خێرخوازانەی دەسەڵات کە لە بنەرەتدا بۆ بیئیرادەکردنی جەماوەر و بۆ بەپیرۆزڕاگرتنی سەرکردە کۆچ کردوەکانیان قوتکراونەتەوە…

لەدڵی وەها هەلومەرجێکدا تۆری هاوکاری کۆمەڵایەتی، ئەگەر لە کاتی کۆڕۆنا ڤایرۆسدا ئەرکێکی ئینسانی و لەسەر شان بوو بۆ کۆمەک بە خێزانە کەم دەرامەتەکان، ئەوا لە هەلومەرجی ئاساییشدا بێبەشانی کۆمەڵگە و خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت کە زوربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە پێکدەهینن هەمیشە پێویستیان بە هاوکاری و کۆمەكە… بەڵام رۆشنە کۆمەکی تۆری هاوکاری کۆمەڵایەتی ناتوانێ وەڵام دەرەوەی ئەو ئوردوو بەرینە بێت، و لە توانای تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەیشدا نییە هەر خەریکی کۆکردنەوەی هاوکاری داریی بێت لە ئینسان دۆست و خەمخۆران تا وەڵام بە ویستە سەرەتاییەکانی ژیان وگوزەرانیان بداتەوە. وەکاری تۆری کۆمەڵایەتیش بەتایبەت لە ناوخۆی وڵاتدا ئەوە نییە کە داهات و کۆمەکێ وڵاتانی دەرەوە دابەش بکات و بیگەیەنێتە خێزانە کەم دەرامەتەکان. دیارە دەشێت تۆری هاوکاری کۆمەڵایەتی لە دەرەوەی وڵات ناو بەناو ببێتە پشت پەناو هاوکاری تۆری هاوکاری کۆمەڵایەتی لە ناوخۆدا…. بەڵام تۆرێ هاوکاری کۆمەڵایەتی لە شارەکان یان گەرەکێک یان چەند گەرەکێدا تا دەگاتە ناو کارگەو ناوەندێکی خزمەتگوازریی یان توێژێکی پیشەیی، دەستبردنە بۆ کاری خەباتکارانەی جەماوەری… کاری ڕیکخراوکردنی جەماوەرە لەدەوری ویستەکانیان، کاری نوێنەرایەتی کردنی خواست و داواکانی شوێن و گەرەک و ناوەند و توێژە پیشەییەکانە… کاری گوشار هێنانە بۆ دەسەڵات و حکومەت تا ناچار بەدابینکردنی خواستەکانیان و وەڵام بە گرفتەکانیان بداتەوە. تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی کاری ئەوەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش کەسانی جێگا متمانەو ناسراو، دڵسۆز، خەمخۆر وەکو داینەمۆی کاری تۆڕی کۆمەڵایەتی کۆبکاتەوە و سەرئەنجام وەکو نوێنەری جەماوەری بێبەش ئاڵای داخوازی و مافەکانی جەماوەری بەرزبکەنەوە و ببنە هیزێکی خاوە ئیرادە و ئیرادە سەپاندن.

بەکورتی تۆڕی هاوکاری کۆمەڵایەتی لە شارەکان و گەرەکەکانی کوردستاندا، ناوەکەی وەکو خۆی بمێنیتەوە یان ئاڵوگۆری بەسەردا بێت… پێویستە ببێتە ئامرازی ڕێكخستن و ئیرادەبەخشین بەجەماوەری ئەو شوێنەی مەودای هەڵسوڕانیەتی و نوێنەرایەتی ئەو جەماوەرە بکات لە پێناو خواست و مافەکانیاندا، پێویستە ببێتە سەکۆ یان چەترێک بۆ کۆکردنەوەی ڕابەرانی کاری جەماوەری، کەسانی دڵسۆز و جێگا متمانەی ئەو جغرافیایەی کە تیایدا هەڵدەسوڕێن…

 عەبدوڵا مەحمود

Leave A Reply

Your email address will not be published.