هۆشیاری کۆمەڵگە و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان !

0

هۆشیاری کۆمەڵگە و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان !

بەپێی زۆربەی ئەو پێناسە جیهانییانەی، کە بۆ توندوتیژی کراون، بریتییە لە: “هەموو ئەو (کردار، رەفتار، ئاماژە، قسە و جووڵانە)، کە بەبێ خواستی خۆی بەرامبەر کەسێک ئەنجام دەدرێت”. کەواتە توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی، شوێنەوار و کاریگەریی خۆی جێ دەهێڵێت. ئیتر لەلایەن هەر کەسێکەوە بەرامبەر کەسێکی تر بکرێت.

مرۆڤ لە هەست، غەریزە و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیاندا یەکسانن، هیچ مرۆڤێکی ئاسایی نایەوێت کەرامەتی لەکەدار بکرێت، یانیش قسە و ئاماژەیەکی ناشایستەی بەرامبەر بکرێت. زۆرجار کەسەکان لە حاڵەتی بێدەسەڵاتی، یان ناهۆشیاریدا، بەشێک لە توندوتیژییەکان قبووڵ دەکەن، بەڵام مەرج نییە ئەم بێدەنگی و بەرگەگرییە تا سەر بێت. ئەگەر وەکوو خۆی و لە کاتی خۆی وەڵام نەدرێتەوە، بەجۆر و شێوازی تر و لە کاتی جیاواز، دەرهاوێشتەی خۆی دەبێت.

ناوەناوە کەسانێک لەژێر ناونیشانی (پیاوی ئایینی) بە ئارەزووی خۆیان و بێسنوور قسە بە ئافرەتانی کۆمەڵگە دەڵێن، ئەوان ئایین وەکو وەسیلەیەکی سەرکوتکردن و بۆ راگرتنی رەوتی پیشڕەوی کۆمەڵگە بەدەستەوە دەگرن. بەهۆی بەکارهێنانی ئایین، سۆزی بەشێک لە خەڵک ئیستیغلال دەکەن و رەوایەتیی بەم دەستدرێژکارییە دەدەن، ئەم دیندارییەی کە ئەم جۆرە کەسانە بە کۆمەڵی دەفرۆشنەوە، میژوویەکی ئاشکرای هەیە لە وێرانکردنی کۆمەڵگەو پاشەوپاشگێرانەوەیەتی، دنیای بەناو ئیسلامی باشترین بەڵگەی رۆڵی وێرانکەرانەی دین لەدژی تاک و شکۆڤایی کۆمەڵگەی خستۆتە ڕوو. لە سەردەمی تەکنۆلۆژیا و کرانەوەی کۆمەڵگە، لەجیاتی ئەوەی سەری خۆیان کز بکەن و پەیوەندی خۆیان بەشیوەی تاک و شەخسی لەگەڵ ئەو باوەرەی هەیانە بپارێزن، دێن و وەکو هەمیشە نابەرپرسانە هەندێ قسە فڕێ دەدەن، کەنەک دوورو نزیک کۆمەك بە کۆمەڵگەو ئاگاهی کۆمەڵگە ناکات، بەڵکو تونیلە داخراوەکانی ژیان دەخەنە بەردەم ئینسانی ئەم سەردەمە، کە زانست و زانیاری زیندو گۆی زەوی تەنییوە.

کەسانی هۆشیار و بەئاگا لە پێشکەوتنە خێراکانی جیهان و سەردەمی گلۆبال و عەولەمە، تێدەگەن کە ناتوانرێت بەر بە گۆڕانکارییەکان لەسەر هەر ئاستێکی ژیاندا بگیرێت، ئەو جەهلەی، کە پێشتر بەناوی جیاجیا لە کۆمەڵگە بڵاودەکرایەوە، کرانەوە و خوێندنیان بە عیلمی ئیبلیس وەسف دەکرد. ئێستا لە هیچ کوێی ئەم گوندە جیهانییەی، بەهۆی تەکنەلۆژیاوە دروست بووە، جێگایان نابێتەوە. بۆیە ناتوانرێت ئەوەی پێشتر دەیانکردە جێی باوەڕی کۆمەڵ و لەژێر ناوی جیاواز پێگەی کۆمەڵایەتی بۆ دروست دەکردن، ئیتر درێژە بکێشێت.

ئەوەی ئێستا لە بەشێك لەو پیاوانە یان ئەوانەی بەناوی ئایینەوە دەیانەوێ فەتوای دابەشکردنی کۆمەڵ بدەن، بەر لە هەر شتێ هەست دەکەن، کە پێگەی کۆمەڵایەتییان لەمەترسیدایە، چونکە کاتێک کۆمەڵگەیەک دامەزراوەی تێدابێت، ئەو کەسانە شوێنیان لەق دەبێت، هاوکات پێشکەوتنی کۆمەڵگە لەسەر ئاستە جیاجیاکان و ئاگایی خەڵک، جارێکی تر شوێنی ئەوان لێژ دەکات.

لەلایەکی ترەوە هەڵپەی ناوبانگ و سەرقاڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە راگەیاندنەکان بەخۆیانەوە، ئامانجێکی تری ئەم قسە فڕێدانەیە، کە سەردەمێک بە ناوی ئۆپۆزسیۆن بوون و دواتر بەناوی ئایین و… بڵاو بوو. ئەو قسەوباسانەی، کە بەناوی ئایین و دابونەریتەوە دەرهەق بەژنان ئەنجام دەدرێت، ئەوپەڕی توندوتیژی و بریندارکردنی هەستیانە.

هاوکات پسپۆڕانی بواری کۆمەڵناسی و دەروونی، ناشێ مەترسییەکانی ئەم توندوتیژییە هەست پێنەکەن، لەکاتێکدا جۆرەها کێشە لە کۆمەڵگەدا هەن، بەهۆ و بێ هۆ قسەی توندو بێ بنەما رووبەڕووی ئافرەتان بکرێتەوە. هەروەها کەناڵەکانی پەروەردەکردن لە کۆمەڵگە/ خێزان، حزب، قوتابخانە و زانکۆ، هەریەک بەپێی قەبارەی خۆی بەرپرسیارێتی و ناهەمواریی کێشەکانی کۆمەڵگەی بەردەکەوێ، هیچیان لەم ناکۆکییە کۆمەڵایەتییانەی هەن بێبەری نین، بەڵام حکوومەت لە رێکخستن و رێگەنەدان بە لە سنوور دەرچوونی هەریەک لەم کەناڵانە، بەرپرسی یەکەمە، چونکە ئەو دەسەڵاتی جێبەجێکار و بەرپرسیارە لە هەر رووداوێکی کۆمەڵ. کەواتە و دووبارە دەڵێین، حکوومەت بەرپرسی یەکەمە لە رێگەگرتن لەم توندوتیژییە.

بەکورتی، کاتی ئەوە هاتووە، ئەرک و مافی پیاوانی ئایینی لە کۆمەڵگە و چوارچێوەی کاری حکوومەتدا دیاری بکرێت، و دین ببێتە کاری تایبەتی، و دین لە یاساو ریساکان و سیستەمی پەروەردە جیابکرێتەوەو ببێتە کارێکی تایبەتی.

نووسینی: شوانە حەسەن ئەبوبەکر

Leave A Reply

Your email address will not be published.