سەمای مەرگ، له زەمەنی ڕوداوەکاندا..

0

سەمای مەرگ، له زەمەنی ڕوداوەکاندا..

جەمال نوری

ئەو وشەیەی  کاتێک بەر هەستی بیستن و بینینت دەکەوێ، ڕاستەوخۆ کاردانەوەیەک لەدیوی ناوەوەی کەسی بەرکەوتوودا دروست دەکات، مەگەر ئەو کەسە لە هەموو هەستە باڵاکانی مرۆڤ بوون دابڕابێ و گەورەترین تراژیدیای مرۆیی لەلای خۆشترین کۆمیدیابێت و بە مەهزلە تەماشای بکات.

بەپێچەوانەشەوە، کاتێ بەر وشەی (help ) دەکەویت، ڕێک و ڕاست هەرچی مووی لەشت هەیە دەبزوێ و دۆخە سایکۆلۆژیەکەت دەگۆڕێ، هەڵبەتە ئەم گۆڕانە فیزیکییە  لە کەسی بەرکەوتوو، لە حاڵەتتێکەوە بۆ حاڵەتێکی تر دەگۆڕێ، بەڵام ئەوەی گرنگە لەم پۆستەدا ئەوەیە ;

کاتێک کەسێ دەبینی داوا دەکات یا هاوار دەکات یا  دەناڵێنێ، مانای جێگای بەزەیی پێدا هاتنەوە نییە، بەڵکو لەم حاڵەتدا دەیەوێ مافی مرۆڤ بوونی بەسەر مرۆڤایەتییەوە بخاتەڕوو ،.؟

  ئاستە جیاجیاکانی (ترس) لە چۆنێتی حاڵەتەکاندا..

 فۆبیای ترس، تەنها بۆ تاکەکەس بەکار نایەت، بەڵکو لەسنووری ئەو وشەیەدا، کاتێک نەتەوەیەک لەلایەن نەتەوەی سەردەست و باڵا دەستەوە دەچەوسێتەوە، و نەتەوەی ژێر دەست هانا بۆ کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی دەبات، بە هانایەوە بچێ و سنورێ بۆ سەرکوتکاری دابنێن،، واتە بە وتنی   (help ) لێرەدا بە مانای ڕێگری دەگەیەنێ لە نەتەوەی داگیرکەر.

 بۆ بەرگرتن لەژن کوشتن یش ئەم وشەیە بەکاردەهێنرێ، (help) بەتایبەت لەسەروەختی  ئەوەی  کەسی بکەر فشاری زۆری بۆهاتبێ و تەنگی پێ هەڵچنرابێ، کە لەمەرگ نزیکی بکاتەوه ، بۆیە لەم کاتەدا  بە بیستنی وشەکە ڕاستەوخۆ پێویستە هەڵوێست نیشان بدەی و ڕێگری بکەی لە ئەنجامدانی ئەو کارە، کەدژ بە ژن دەکرێ.

لە ئەفسانەکانی کۆنی گەلاندا، بەتایبەت، لای ئەفسانەی (ئارییەکان)*۱ ، دەڵێن;

“ئاسمان زەریایەکی شینە

 هەور کەشتی یە،

مرۆڤ کاپتنێتی

خۆر بەهانای، مانەوەیەتی”

ئەوەی  مرۆڤ لە ژیان دەهێڵێتەوە و هاوار دەکا بڵێ  (help) بوونی  ترسە لەمەرگ، فۆبیای مەرگ وا لە ئینسان دەکات بە ئاگایییەوە مامەڵە بکات، تا بەردەوام بێ لە ژیان بەمەش لەمەرگ دووری بخاتەوە.

فۆبیای ترس ڕەنگدانەوەی لەدنیای ئەدەبدا

“ترس” لەلای تاکەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە بوونی مەترسیەکە کەنزیکی دەکاتەوە لەمەرگ، هەربۆیە کاتێک ترس بەرۆکت دەگرێ گۆڕانکاریەکی فیزیکی کیمایی لەناو ئۆرگانەکانی لەشتدا دروست دەبێ ،نەمانی” ترس” لە هزرو زهنیەتی مرۆڤدا، خۆی لەخۆیدا هیچ بەهایەک ناهێڵێتەوە بۆ بوونی ژیان خۆی، واتە سروشتیەتی ژیان، پێویستی بەبوونی ئەو چەمکە دەکات کە پێی دەوترێ ترس.

. زانایانی پزیشکی*۲  گیانەوەران ڤیتەرنەری دوای لێکۆڵینەوەیەک لەدوایەکەکانیان لەسەر سڕینەوەی ترس لەناو ئەو ئاژەڵانەی کە لەدارستانە چڕەکاندا هەمیشە بوونەتە نێچیری  گیانەوەرە دڕندەکانی تر، تاقیکردنەوەیەکیان لەسەر ئەوە کرد، هاتن دارستانێکیان لەژێرچاودێری خۆیاندا دروستکرد و ئەو هەموو ئاژەڵانەیان لەناویدا پەروەردەکرد، بەجورێک  گورگ و مەڕ پێکەوە ئاوی دەخواردەوە، ئاسک چیتر ڕای نەدەکرد لەترسی ئەوەی نەبێتە نێچیری پڵنگ، بەڵام پاش ماوەی چەند ساڵێک لەناو ئەو گیاندارانەی کە دەبوونە نێچیری ئاژەڵە دڕندەکانی تر و ئێستا ئەو ترسەیان تیا نەماوە، بینیان ئەو گیانەوەرانە کەترسیان نەماوە و چیتر ڕایان نەدەکرد لەدەست ئاژەڵی دڕندە دووچاری نەخۆشیەک دەبوون، دواتر مردار دەبوونەوە. لێرەوە دەمانەوێ ئەو ڕاستیە بەڵگە نەویستە دووپات بکەینەوە کە بوونی ترس تەرازووی هاوسەنگی سروشت ڕادەگرێ، بەبێ بوونی ترس، هاوکێشەی “بوون “دەکەوێتە مەترسی” نەبوون” ەوە.

 “ترس” لەلای شاعیرانیش ، ڕەنگدانەوەی هەبووە لەناو دەقە شیعریەکانیاندا ئەوەتا,

(مەحوی)٭۳ شاعیر دەڵێ;

خەرامی ناز ئەگەر ھێنایە لەنجە سەروی مەوزوونت            وەکو لەیلا، لەسەر رێ پرسشێ کە حاڵی مەجنوونت

دەترسم گەردی خوێنی من لە شیشەی گەردنت نیشێ          وەگەرنا، غەم نییە بمرم لە حەسرەت لێوی مەیگوونت

…..

 تەیموری لەنگ *٤ڵە بیروەرییەکانیدا دەگێڕێتەوە: دەڵێت کاتێک گەیشتینە دارابگرد، زۆربەی خەڵک لە (ترسی) نەخۆشی تاعوون لەو دەڤەرە هەڵاتبوون. سەرەتا هەندێ لە سەربازەکان تووش ببوون، بەڵام پاشان خۆشی  تووشی دەبێت سەرئەنجام موغێکی زەردەشتی هەنگوینی بۆ دەهێنێ، چاک دەبنەوە، دواتر دەیەوێت بڕوات موغە زەردەشتیەکە پێی دەڵێت نابێ ئێستا بڕۆن تا بۆماوەی دەڕۆژ سەربازەکانت لە ژوورێکی بە دوکەڵ قان دراودا بۆچەند سەعاتێک نەهێڵیتەوە،، چون ئەمە نەکەن بۆ هەرکوێیەک بچن ئەو ناوچەیە هەموو توشی ئەم پەتای تاعونە دەکەن.

سەرچاوەکان/

۱-ئەفسانەی کۆنی میزوپۆتامیا

۲- .( د . بوريس سيرولينك، )المتخصص في علم الأعصاب وعلم الأجناس والتحليل النفسي

۳-دیوانی محوی

٤-بیرەوەریەکانی تەیموری لەنگ

Leave A Reply

Your email address will not be published.