مافی ژنانی کوردستان قوربانی کۆمەڵگەی سونەتی و نێرسالار

0

مافی ژنانی کوردستان قوربانی کۆمەڵگەی سونەتی و نێرسالار

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

هەڵاواردنی ڕەگەزی لە زۆربەی کۆمەلگەکان بە تایبەت کۆمەلگە سونەتی و دواکەوتووەکان وەکو یەکێک لە بەرچاوترین خەسارە کۆمەلایەتیەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بوونی بووە. کلتوری کۆمەڵگە سونەتی و دواکەووتوەکان خۆی خزاندۆتە ناو ژیانی تاکەکان و بۆتە هۆکاری جیاکاری و هەڵاواردنی رەگەزی و بەردەوام ژێر دەستەیی ژنانی لەو کۆمەلگەیانەدا پەرەپێداوە. سونەت و دواکەوتویی و پیاومەزنی ساڵەهایە بۆتە ئەبزاری دەستی سەرمایەداری بۆ چەوساندنەوەی مرۆڤەکان. هەرچەند بە درێژایی بوونی ئەو خەسار و پەتایە چالاکانی مافی ژنان و بزوتنەوە جۆراوجۆرە کۆمەلایەتیەکان بۆ لابردن و نەمانی هەڵاواردن هەولێ زۆریان داوە، بەلام هیشتاکەش لە زۆربەی ولاتانی جیهان بە تایبەتی ئەو ولاتانەی کە پیکهاتەی سیاسی و کۆمەلایەتیەکەی لەسەر لێ ئەستاندنەوەی شوناسی تاکەکان ڕۆنراوە و ئەبزاری ئایینی بە دەستەوەیە بوونی هەیە. ئەم هەلاواردن و جیاکاری رەگەزییە تەنانەت خۆی خزاندۆتە ناو ژیانی تاکەکەسی ژنان لەو ولاتانە و ئەوانی لە بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی و ئابووری بێبەش کردووە،ئەوە پیلان و ئامانجی سەرەکی دەسەڵاتدارانی سەرمایەیە. یەکێک لەو کۆمەڵگایانەی تاکەکانی قوربانی سەرەکی سیستمن دەسەلاتی فێئۆدالی و عەشیرەیی و دژە ژنی هەرێمی کوردستانە کە هەردەم ژنان ئەو هێزە کارامەی کۆمەڵگای وەک پاشکەوتە و شارۆمەندی پلە دوو نیشان داوە و بە پشت بەستن بە ئایینی قیزەونی ئیسلام و کەڵک وەرگرتن لە ڕوانگەی دواکەوتوو و خورافەی خەڵک پەرە بە توندوتیژی و چەوساندنەوەی ژنانی کوردستان دەدات. ساڵەهای ساڵە ژنانی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە مێژویەکی پڕشنگداریان لە خەباتی رەوا بۆ ئازادی خەڵکەکەیان و هاتنە دی ئامانجە ئینسانیەکانی تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایە هەیەو هەردەم لە بەرەی خەبات دژ بە دەسەلاتی دیکتاتوری سەدام دا بوون، بەلام مەخابن دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و بە تالان بردنی دەسکەوتەکانی خەڵک و بە لاڕیدابردنی شٶڕشی رەوای خەڵکی ناوچە لەلایەن چەند حیزبی ناسیۆنال دینی کە بنەماکەی لە سەر پەروەردەی دژە مرۆڤ ڕۆنراوە، لە هەموو مافەکانی خۆیان بێ بەش بوون. ژنانی هەرێمی کوردستان ساڵەهایە لە مافی وەک یەک و بەرامبەر لەو سیستم و دەسەلاتە بێ بەشن و ڕۆژانە سوکایەتی و هەلاواردنی رەگەزی ئەزمون دەکەن. ئەو حیزبانەی جگە لە گەندەڵی و تالان کردنی گیرفانی خەڵک و بەرهەم هێنانی خورافە و دواکەوتوویی هیچ شتێکی تریان بۆ خەڵک پێ نییە و بوونە دوژمنی سەرەکی ئازادی و ژیانی خەڵک بە گشتی و ژنان بە تایبەتی. راگەیاندن و هەموو ئامرازەکانی پەروەردە لەبەر دەستی ئەو دەسەڵاتە دایە و ساڵەهایە بیرۆکەی دواکەوتوو و دژە ژن لە کوردستان بە ئامانجەوە و بە پیلانی لە پێش داڕێژراو پەرە پێدەدا. پارەی خەڵکی ئەو وڵاتە سەرفی مزگەوت و مەلای دواکەوتوو دەکات تا لە مینبەرەکانی مەرگ و نەمانەوە پڕوپاگەندە بۆ نزم کردنی پێگەی ژنان بکەن و ئەو رەگەزەی کۆمەڵگە پاسیڤ بکەن و بیانخەنە کونجی ماڵەوە. سیستمێک کە فرە ژنی وەک سونەتێکی باب و باپیران و پرسێکی شەرعی لە قەلەم دەدا و بۆ هەر بێ مافی و سوکایەتیەک بە ژنان ئەبزاری ئایینی پێیە و بەرپرسیاریتی ئەو گشتە نەهامەتی و چەوساندنەوەیە لەسەر خۆی لادەبا. تاکەکانی ئەو کۆمەڵگایەش بە داخەوە بە ژن و پیاوەوە قوربانی ئەو سیستەمەن و رۆژ بە رۆژ بەو روانینەوە ژیان دەکەن. لەو نێوەدا بارودۆخی ژنانی تەنیا کە خۆیان بەرێوەبەری ژیانی خۆیانن و دەیانهەوێ لە سەر پێی خۆیان ڕاوەستن و لە بواری ئابووری سەربەخۆ بن سەد قات زیاترە. ژنێک تەنیا لەو هەرێمە کە سیستمەکەی وەک شارۆمەندی پلە دوو و ئەبزاری زاوزێ پێناسەی بۆ کردوە و هیچ مافێکی پێ نادا لەگەڵ کەند و کۆسپی زۆر گەورە بەرەوروون. ئەو ژنانە بۆ ئەوە بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان پەیدا بکەن مل بۆ کاری تاقەت پڕوکێن بە حەقدەستی کەم رادەکێشن و رۆژانە بەرەو رووی سوکایەتی و ئیهانە دەبنەوە. ئەگەر کێشە و گرفتێکیان بۆ بێتە پێش لە لایەن دەزگای ئاسایش و پۆلیسەوە بە هیند وەرناگیرێ و گوێی پێ نادرێ. ژنانی تەنیا لەگەڵ سوکایەتی، دەستدڕیژی، توندوتیژی، بێمافی و روانینی چەواشەی کۆمەڵگە بەرەوروون و ئەو بارودۆخە نالەبارە ئەوان تەنیا تر دەکات. ژنانی تەنیا لە شوێنی کار بە شێوە ڕوانینی تاکەکان ئازار دەدرێن، بەڵام ناچارن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان بە تایبەت ئەگەر مناڵیان هەبێ بێ دەنگی بنوێنن. ریکخراوەکانی ژنانی سەر بە دەسەڵات هیچ کارئاسانیەک بۆ ئەو ژنانە ناکات و هیچ پەروەردەیەکیشی لەو بوارەدا نییە. ژنێکی تەنیا لە هەرێمی کوردستان ئەگەر بیەوێ تەنانەت مالێک بەکرێ بگرێ دەبێ دەیان کەند و کۆسپ ببڕێ تا بتوانێ شوێنێکی حەوانەوە بۆ خۆی دابین بکات. ژنان لەو بارودۆخەدا لە کاتی گرتنی شوێنی نیشتەجێ بوون لەگەڵ پرسیار و وەلامی زۆر ناڕەوا و قەزاوەتی خەڵک بەرەوروو دەبنەوە و دوای بڕینی ئەو نەهامەتیانە ئەگەر بتوانن ماڵیک بگرن دەبێ بە شێوەیەک بژین کە خەڵکی گەرەک بە دڵیان بێ و تەنانەت بە هاتنی میوانیش بێ بەشن و رۆژانە قەزاوەت دەکرێن و سوکایەتیان پێ دەکرێ. بەدەیان جار ڕووی داوە ژنانیکی تەنیا کە ویستویانە لە گەڕەکێک ماڵ بگرن سەرەرای ڕازی بوونی خاوەن ماڵ لەلایەن دەزگای پۆلیس و موختار گەرەکی ئەو وڵاتە گرفتیان بۆ دروست بووە و لە ماڵەکە بە نارەوا دەرکراون، تەنیا بە تاوانی ژن بوون و تەنیا بوون بە بێ هیچ کێشەیەک. ئەگەر بمانەوێ باس لە هەموو کێشەکانی ژنان لەو سیستمە دژە مرۆڤ و گەندەڵ و دژە ژنە دا بکەین بێگومان بە دەیان بابەت و تومار کۆتایی پێ نایە. لە کۆتاییدا دەلێین ژنانی هەرێمی کوردستان کە خاوەنی مێژویەکی پڕشنگدار لە خەباتی ڕەوا بە دژی کۆیلەیی و دیکتاتۆری دابوون نابێ ئیزن بدەن ئەو دەسەڵاتە سەرەڕۆ و دژە ژنە چیتر پەرە بەبێمافیان بدات و ئەوان لە مافی ئینسانی بێ بەش بکات. ژنان دەبێ جارێکی تر لە ریزی پێشەوەی خەبات بە دژی دەسەڵاتی دواکەوتوو دابن و تا گەیشتن بە ئامانجە مرۆڤیەکانیان کە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مرۆڤتەوەر بە دوور لە هەڵاواردنی ڕەگەزی و ئابوورییە کۆڵ نەدەن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.