هێمن مامەند: ئەمڕۆ كورد لەعێراق هێندە بێهێزە لەبری ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، داواكاریان بۆتە ئەوەی بەغدا موچە بنێرێت و ئەوان خۆیان دابەشی بكەن

0

هێمن مامەند: ئەمڕۆ كورد لەعێراق هێندە بێهێزە لەبری ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، داواكاریان بۆتە ئەوەی بەغدا موچە بنێرێت و ئەوان خۆیان دابەشی بكەن

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز هێمن مامەند ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی سەبارەت بە کێشمەکێشی نێوان بەغداو هەولێر و پرسی موچە… 

بۆپێشەوە: جارێکی تر و لەسەروبەندی پإکهێنانی کابینەیەکی تری حکومەتی دا، ململانێی نێوان بەغداو هەرێم لەسەر بودجە و موچەی فەرمانبەران دەستیپێکردەوە، هۆکاری ئەو ململانێیە چییە؟

هێمن مامەند: ئەم پرسیارە ڕەهەندی زۆر هەڵدەگرێت و هۆكار گەلێك هەن، لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لەساڵی 2003 ئەو كاتەی حكومەتی  لەوپەڕی لاوازی دابوو،  دەیناڵاند بەدەست شەڕی تایفیەوە،  سونەو شیعە خەریكی كوشتن و لەناوبردنی یەكتربوون، وە لەساڵی 2005 و لەكاتی نووسینەوەی دەستوور، كەهێشتا عێراق لەوپەڕی لاوازی دابوو ئامادەبوون سازش بكەن لەسەر هەموو داوایەكی كورد. دەبوایە سەركردایەتی كورد ئەوكاتە پرسی نەوت و سامانی سروشتی و پرسی سنوورو قوتی هاوڵاتیانی كوردستانی لەدەستوور بچەسپاندایە و یەكلای بكردبایەوە، بەڵام بەداخەوە سەركردایەتی كورد بەناحەكیمانە، و لەبەر پشك پشكانێی زیاتری حزبی نەیانتوانی ئەم پرسانە یەكلابكەنەوە، یان قۆناغ بەقۆناغ ئەم مافانەی گەلی كوردیان وەربگرتبایەوە. بۆیە كاتێك دوژمنەكەت یان نەیارەكەت لەوپەڕی بێهێزی دابێت و تۆ نەتوانی بەسەریدا زاڵ بیت، ئیتر دوای ئەوە كەهەستایەوە سەرپێ مەحاڵە تۆ بەسەری زاڵدا بیت، یان داواكاریەكانی خۆتی بەسەردا بچەسپێنێت. بەداخەوە ئەمڕۆ لەعێراق كورد لەوپەڕی بێهێزی و پەرتەوازەیدایە، ماوەی چوار ساڵە فراكسیۆنە كوردستانیەكان نەیانتوانیووە هاوپەیمانیەك بونیاد بنێن. ئێستا شەوانە لەشاشەی تیڤیەكان خەریكی تەخوینكردنی یەكن و هەریەكەیان ئەویتر بەخائین تۆمەتبار دەكات. ئەمڕۆ كورد لەعێراق هێندە بێهێزە لەبری ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ، داواكاریان بۆتە ئەوەی بەغدا موچە بنێرێت و ئەوان خۆیان دابەشی بكەن. هۆكاری ئەمە دەگەڕێتەوە بۆلاوازی كورد، و بێباكی سەركردایەتی كورد، كەنەیتوانیووە سیاسەتێكی حەكیمانە لەگەڵ ناوەند بكات. هەروەها دەگەڕێتەوە بۆپابەند نەبوونی كورد بەرێكەوتنەكان، وەك ئەوەی بینیمان كەبڕیاروابوو ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت تەسلیم بەحكومەتی عێراق بكەن، بەڵام پابەندی ئەم رێككەوتنەش نەبوون، هەربۆیە دواجار عادل عەبدولمەهدیش گلەیی لێكردن بەهۆی ئەوەی كەسەركردایەتی كورد شەرمەزاریان كردووە، و پشتیان تێكردووە. هۆكارێكی تری چارەسەرنەكردنی ئەم پرسانە بۆئەم ئەقڵیەتە شۆڤێنیەی عێراق دەگەڕێـتەوە، كەهەركاتێك بێهێزبوون ئەوە هانات بۆدەهێنن و بەهەموو داواكاریەكەت ڕازین، هەركاتێكیش ئیشیان پێت نەما و بەهێزبوون و كەوتنەوە سەرپێی خۆیان، ئیتر بێ منەت دەبن و گوێ بەداخوازیەكانت نادەن. نەوەكو هەر ئەمەش, بەڵكو ئەگەر بۆیان بسوڕێت ئەم هەرێمەش ناهێڵن، چونكە لەبنەڕەتدا ئەوان باوەڕیان بەفیدراڵی و بەهیچ هەرێمێك نیییە لەعێراق، بۆیە ناوە ناوە هەڕەشەی هەمواركردنەوەی دەستووری عێراق دەكەن و دان بەوەدادەنێن، كەئەو دەستوورە لەبارودۆخێك نوسراوەتەوە، كەئەوان لەلاوازی و لەپشێویدا بوونە. لەڕاستیشدا هەروایە وەكو وتم “ئەگەر لەساڵێ‌ 2005 حزبە عێراقیەكان و نێو ماڵی سونە، و شیعەو شیعە ڕێك بوایە بەهیچ شێوەیەك بەم دەستوورەی ئێستا ڕازی نەدەبوون و بەم شێوەیەی ئێستا نەدەنوسرایەوە.

 

بۆپێشەوە: ململانێی نێوان بەغداو هەولێر، پرسی موچە و یاسای نەوت و غازە، یان ڕیشەیان قوڵترە و پەیوەندی بە پرسی بناغەیی ترەوە هەیە؟

هێمن مامەند: پێموایە لەپرسیاری یەكەم وەڵامم دایەوە، ئەم كێشانە كێشەی مێژووین، وەكێشەكە لەنەبوونی یاسا و جێبەجێنەكردنی دەستووردایە. وەكو باسم كرد ئەوان باوەڕیان بەو دەستوورە نییە كەلەساڵی 2005 نوسراوەتەوە، لەكاتێكدا ئەوان لەوپەڕی لاوازی و شەڕی تایفیدا بوون. خاڵێكی تر كەدەمەوێت باسی لێوە بكەم ئەوەی كەلەئێستادا حكومەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی كوردستانی دەیكات، كاردانەوەی ئەو ریفراندۆمە سەقەتەیە كەپارتی دیموكراتی كوردستان بێ گوێدانە كەس ئەنجامیدا. ئەوان هێشتا بیریان نەچووە خۆ لەڕاستیشدا هەردوێنێ بوو تۆ ریفراندۆمت دەكرد بۆئەوەی لەعێراق جیاببیتەوە و ئابوری سەربەخۆت ڕااگەیاند، ئێ چۆن ئەمڕۆ تۆ داوای موچە لەو حكومەتە دەكەیت، كەتادوێنێ دەتویست لێی جیاببیتەوە. بۆیە ئەوان ئەمڕۆ ئامادە نیین موچەی فەرمانبەرانت بدەن تۆش لەولا خەریكی فرۆشتنی نەوتی خۆت بیت و خەریكی ئەوە بیت لەعێراق جیابیتەوە، هاوڵاتیەكی بەسرە قەبوڵی ئەوە ناكات تۆ نەوتی شارەكەی بفرۆشیت و بیدەیتە موچەی فەرمانبەرانی كورد لەهەرێم، و لەولاشەوە هەرێم خەریكی فرۆشتنی نەوتی خۆی بێت بێ ئەوەی داهاتەكەی بگەڕێنیتەوە بۆناوەند، ئەمە لەكاتێكدایە كەبەپێی ماددەی 11 و 12ی دەستووری عێراق باس لەوەدەكات نەوتی عێراق لەهەر كوێی عێراق بێت هی سەرجەم هاوڵاتیانی عێراقە. بۆیە هەر سەرۆك وەزیرانێكی تری عێراق كەدێتە سەر كورسی دەسەڵات ناتوانێت لەژێر فشاری هاوڵاتیانی دەربچێت و چیتر هاوڵاتیانی عێراق قەبوڵی ئەوەیان نییە كەنەوتی شارەكەی ئەوان بفرۆشرێت و بدرێت بەموچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سەردەمی عادل عەبدولمەهدی گوزەشت كەهەرێم نەوتی خۆی بفرۆشێت، و لەولاشەوە موچەی فەرمانبەرانی لەبەغداوە بێت. لەمەودوا هەر سەرۆك وەزیرانێك بێتە سەرتەختی دەسەڵات دەبێت گوێ لەشەقامی عێراقی و گوێ لە هاوڵاتیانی عێراقی بگرێت، وەخواستی شەقامی عێراقیش ئەوەیە كەناكرێت هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت و لەولاشەوە موچەكەی لەبەغداوە بۆبچێت. جگە لەمانەی كەباسم كردن؛ من ساڵی٢٠١٧ لەگەڵ بەرپرسێكی ئەمریكی دانیشتم بەراشكاوی باسی لەوەكرد، كەئەوان چیتر حەز بەمانەوەی هەرێمی كوردستان ناكەن و لەگەڵ عێراقێكی یەكگرتووی بەهێزن، وردە ووردە قسەكانی ئەم بەرپرسە ئەمریكیە هاتۆتەدی لەقۆناغی یەكەم لە%51 ی خاكی هەرێمیان دایەوە دەست حكومەتی عێراق لەقۆناغی دووەمیش نەوتەكە لەهەرێم دەسێننەوە، لەقۆناغی سێیەمیش شتێك نامێنێت بەناوی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم، هەموو ئەمانەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە كەدەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانتوانی نمونەیەكی جوانی حكومڕانی نیشان بدەن، هەرێم غەرقی گەندەڵی و فەسادی ئیداری و نەبوونی مافی مرۆڤ و ئازادی بۆتەوە.

 

بۆپێشەوە: دەسەڵاتی سیاسی هەرێم دەڵێن ئەگەر موچە لە بەغداوە هات، دابەشی دەکەین، ئەمە نیشان دەدات ئەم دەسەڵاتە ڕۆڵی دەڵاڵ یان ژمێریار دەگیرێت، هۆکار چییە دەسەڵات خۆی لە بەرپرسیاری دەدزێتەوە؟

هێمن مامەند: من دەمێكە وتوومە لەهەردوو حاڵەتەكە شتێك نامێنێت بەناوی حكومەتی هەرێم، لەحاڵەتی یەكەم ئەگەر بەغدا موچەی هەرێم بنێرێت و لەبەرامبەردا نەوتی هەرێم و داهاتی خاڵە گومرگیەكانی تەسلیم بكرێت، ئەوە ئەوكاتە هەرێم هیچ كارێكی نامێنێت جگە لەدەزگایەكی حەواڵە، كەدوو فەرمانبەر دەتوانێت ئەمە بكات، وەلەحاڵەتی دووەم ئەگەر بێت و بەغدا موچەی هەرێم نەنێرێت شتێك نامێنێت بەناوی حكومەتی هەرێم، وەك ئەوەی ئێستا كەدەیبینین زیاتر لەدوو مانگە فەرمانبەران موچەیان پێنەدراوە، بەكورتی دەسەڵاتی كوردی ئاش بەتاڵێكی تری كرد، بەڵام ڕایناگەیەنن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.