ستاری چێمەنتۆ: ئەم تۆڕانەو ئەم هاوکاریی کردنانەش یەکێکە لەو وەسیلانەی کە ڕێکخراوە زەردەکانی دەسەڵات ڕیسوا دەکات و لەپەنای یەکدابوون و هاوکاری و پێکەوە ڕاوەستانی ئێمە دەخاتە جێگای و هێز دەداتە بەرخۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەکانی داهاتوو.

0

ستاری چێمەنتۆ: ئەم تۆڕانەو ئەم هاوکاریی کردنانەش یەکێکە لەو وەسیلانەی کە ڕێکخراوە زەردەکانی دەسەڵات ڕیسوا دەکات و لەپەنای یەکدابوون و هاوکاری و پێکەوە ڕاوەستانی ئێمە دەخاتە جێگای و هێز دەداتە بەرخۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەکانی داهاتوو.

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ ستار حەمە عەلی ناسراو بە ستاری چیمەنتۆ سەبارەت بە گرنگی پێکهاتنی تۆڕی هاوکاری كۆمەڵایەتی…

بۆپێشەوە: ئامانجتان لە پیکهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی چییە؟ دەتانەوێت چی بکەن؟

ستاری چیمەنتۆ: سەرەتا سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و دەستان خۆش، پێش ئەوەی بچمە سەر وەڵامی پرسیارەکەتان دەمەوێ ئەوەبڵێم کە ئێمە لە تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی، چ خەڵکانێکین؟

ئێمە لە کۆمەڵێ خەڵکی کرێکار و بێکارو هەڵسوڕاوانی سۆسیالیست، چەپ و ئینساندۆستی خاوەن بیروڕای جیاواز پێکهاتووین و هەموومان لەسەرئەوە کۆکین کە لەم سەردەمی قەیرانە ئابوورییە گەورەیەی جیهان و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنایەدا لەسەرتاسەری جیهاندا گەورەترین چین و توێژی کۆمەڵگە تەنها خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و نەدارە، کە زۆرترین زیانی کردووەو دەیکات وە هەر ئەو چینەشە باجی بێدەربەستییەکانی سەرمایەداران و سیستەمەکەیان دەدات و ئەو کەمینە سەرمایەدارو مافیایانەش تەنها بە شکاندنەوەی ئەزمەکانیان بەسەرسەری ئێمەدایە کە درێژە بەتەمەنیان دەدەن.

ئێمە پێمانوایە عێراق وهەرێمی کوردستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەئاستی جیهاندا جگە لەوەی دواکەوتووترینی وڵاتانە لەبواری تەندروستی و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکاندا، هەروەها گەندەڵترین دەسەڵات و سیستەمی ئیداریشە!

لێرەوە لەوەڵام بە پرسیاری یەکەمتان دەتوانم بڵێم ئامانج لەم تۆڕە هاوکارییانە لە ڕوانگەی خۆمەوە پێکهێنانی تۆڕێکی هاوکاری و هاوپشتیی نێوان خودی خەڵکانی کرێکارو زەحمەتکێشە لە ناوەوەو لەدەرەوەی کوردستان لە پێناو دوو ئامانجی گرنگدا کە یەکەمیان فریاکەوتن و کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاریی فەورییە بۆ ئەو کەس و خێزانانەی کە لە ئاکامی بڵاوبوونەوەو تووشبوونی پەتای کۆرۆناوە هەم لەباری تەندروستییەوەو هەم لەباری ئابوورییەوە گەورەترین زیانیان پێگەیشتووەو توانایی زاڵبوونیان بەسەر کێشەکانی ژیانیاندا لەدەستداوەو پێویستییان بە کۆمەکی جیددییە و دەسەڵاتیش ئەوپەڕی بێدەربەستی خۆی نوواندووە و نەک هەر بەتەنگی ئەو خەڵکەوە نایەت، بەڵکوو بەپێچەوانەوە ئەو جگە لەوەی هیچ ئامادەکارییەکی تەندروستیی نەکردووەو لە سادەترین کەلوپەلەکانەوە کە دەمامکی خۆپارێزییە لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تادەگات بەدابینکردنی خەستەخانەی گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە گوێی پێنەداوەو نەیکردووە، بەڵکوو لەم کاتەدا موچەی تەواوی کرێکاران و فەرمانبەرانیشی بڕیوەو خەڵکی کوردستانی بە بێمووچە و بەبێ ڕێگەدان تەنانەت بە هاتوچۆ و ڕاکردنیان بەدوای عارەبانەی کاسبی کردنەکانیشان لێ داخراوەو هیچ ڕێگایەکی ژیانکردنیان بۆ ئەو خەڵکە نەدارو زەحمەتکێشە نەهێشتووەتەوە و لەهەمان کاتدا دزی جەردەییەکانی خۆیان و خۆشگوزەرانییەکانی خۆیان و بازرگانیی  نەوت وبەندوبەستیان لەگەڵ دەسەڵاتدارو کۆمپانیاکانی ئەنقەرە و تاران و بەغدا ڕانەگرتوەو درێژە بەپلانە سەرکوتگەرانەکانیان لەدژی خەڵکیی دەدەن، لەهەمان کاتیشدا بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی و هەڵڕشتنی فرمێسکی تیمساحاوییان خەریکی ئەوەن کە لەڕێگای ڕێکخراوە زەرد و سەوز و قاوەییەکانیان وەک سواڵ و سەدەقە کیلۆیەک یان دوو پارچە جلوبەرگ بەسەر چەند ماڵێکی هەژاردا دابەش دەکەن و زۆر بێشەرمانەش وێنەو ڤیدیۆکانیان بڵاو دەکەنەوە!

کەواتە لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە ئەرکی دووەم دەکەوێتە سەر شانمان کە ئەویش گەیاندنی پەیامی هاوکاری و پشتیوانیی عەمەلییە لە نێو خودی خەڵکی کرێکاروزەحمەتکێش و نەداردا لە هەرێمی کوردستان و هەر لەم ڕێگایەوە دەتوانین ئێمە کرێکاران زەحمەتکێشان کە هەمیشە بەرکەوتەی یەکەمین و لەهەموو قەیرانە ئابووریی و ژینگەیی و تەندروستییەکاندا کە سەرمایەداریی هۆکاری سەرەکییەتی هەر ئێمەین کە باجی گەورە دەدەین و مەرگی شێنەیی چاوەڕوانمانە بۆیە دەبێ هەرخۆشمان ڕێگای دەربازبوون لەم ژیانە سەختەمان بدۆزینەوەو ئەم تۆڕانەو ئەم هاوکارییکردنانەش یەکێکە لەو وەسیلانەی کە ڕێکخراوە زەردەکانی دەسەڵات ڕیسوا دەکات و و لەپەنای یەکدابوون و هاوکاری و پێکەوە ڕاوەستانی ئێمە دەخاتە جێگای و هێزدەداتە بەر خۆی بۆ بەرەنگار بوونەوەکانی داهاتوو.

بۆپێشەوە: تۆڕی کۆمەڵایەتی چ کاریگەرییەکی لەسەر بەپرسیارکردنی دەسەڵات دەبێت لەکورستان، بۆ ئاوڕدانەوە لە ژیان وگوزەرانی خەڵکی هەژار و کەم دەرامەت؟

ستاری چیمەنتۆ: بۆ وەڵامی پرسیارەکەتان پێویست دەکات ئەوە بڵێم کە گەر ئەو دوو ئامانجەی کە ڕوونم کردەوەو بەتایبەت بەشی دووەمی لێی ووردبیتەوە ئەوا ئێمە نە کەسانێکی پاسیسفست و و ئیسڵاحگەراین و نە خەریکی ئەوەشین کە خەڵکی لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و بەرەنگاربوونەوەکانیان بەدژی دەسەڵات پەشیمان بکەینەوە وەیاخود خاویان بکەینەوە، نەخێر تەواو بە پێچەوانەوە ئێمە ئەگەرچی تەنانەت خەڵکانێکی ئیسڵاحی و تەنانەت پاسیفیستیش لەنێو تۆڕەکەدا هەبن، بەڵام هەر دیسان کردەوەکان و ئامانجەکانی ئێمە ئەوەدەسەلمێنێ کە ئێمە ناکرێ بەهەر بیانوویەکەوە بێ خۆمان لە هاوکاری و کۆمەککردنی یەکتری و پشتیوانییکردنی یەکتر لابدەین لەترسی ئەوەی نەکا پێمان بڵێن ئیسڵاحی و پاسیفیست، چونکە ئەوە ئەرکی ئێمەیە و هەر بۆ ئەوەش تێدەکۆشین کە “لەهەر کەسێکەوە بەپێی توانی کارەکەی بۆ هەر کەسێک بەپێی پێویستییەکانی” ژیان سۆسیالیستانە بکەین و ئەم هاوکارییانەش بەدەستەوەگرتنی کارێکی سەرەتایی هەرەوەزییانە و سۆسیالیستانەیە کە کۆمەک لەسەر سفرەکەی کەسێکەوە دەڕوات بۆ سەر سفرەی کەسێکیتر و نەک  هەر وێنەی ناگیرێت  و ناوی نازڕێنرێت، بەڵکو ئەوپەڕی کەسایەتیی دەپارێزرێت و ئەویش لەهەمان ئەو ئاستەدا خۆی دەبینێتەوە کە ببێت بە پشت و پەنای کەسێکی تر و ئەم زنجیرە هاوکارییە بەهێزتر و بەهێزتر دەکرێت و پێکەوە جگە لەوەی بەرەنگاریی لە مانەوەی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان دەکەن، هەروەها فێری ئەوەش دەبن کە چۆن ئەم لەپەنای یەکدابوونە هێزی ئەسڵیی ڕزگار بوونی ئەوانە لەهەموو نەهامەتیی و بێ نان و ئاو کردنێک کە دەسەڵات بەسەریدا سەپاندوون و ئیتر لەم ڕێگایەوە دەروازەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان بەرفراوانتر و یەکگرتووانە تر دەبێتەوە و بێگومان فشاری زیاتر دەخاتە سەر دەسەڵات و دەتوانێت لە ڕێگای دروست بوو هاوکاری و پشتیوانیی سەرتاسەری و تەنانەت پشتیوانییەکانی دەرەوەی کوردستانیش کە ئەو تۆڕە هاوکارییانە ئامانجیانە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەرفراوانتر و هەماهەنگتر بکرێتەوە تا گەر ئەم دەسەڵاتە لە سەرەتادا لەکار نەخرێت ئەوا ناچار بە وەڵام بە خواستەکانی خەڵکی بکرێت و خەباتیش لەپێناو ڕزگاریی یەکجارەکیدا ڕاناوەستێ… لەکۆتاییدا سوپاستان دەکەم و دەستی خەباتکارانەتان لە پێناو ئامانجەکانماندا… بەگەرمی دەگوشم…

Leave A Reply

Your email address will not be published.