هەژاری ئابووری و کلتووری هۆکاری پەرەسەندنی خۆکوژی ژنان لە کوردستان

0
هەژاری ئابووری و کلتووری هۆکاری پەرەسەندنی خۆکوژی ژنان لە کوردستان
 
نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی
 
خۆکوژی کردار یاخود هەڵسوکەوتێکی ئاگایانەیە کە تاک بۆ سڕینەوەی جەستەی خۆی بە کاری دێنی یان بە واتایەکی تر توندوتیژی تاکە بەرامبەر بە خۆی. دیاردەی نالەباری خۆکوژی یەکێک لەو دەیان دیاردە کۆمەڵایەتیەیە کە ساڵەهایە کۆمەڵگەکانی گیرۆدەی خۆی کردووە و هەر ڕۆژە خەریکە قوربانی دەستێنی. خۆکوژی بە دوە جۆر دابەش دەکرێ:
١:خۆکوژی ژنان (کە بە خۆکوژی ناسەرکەوتوو ناسراوە  و تەنیا بە مەبەستی ناڕەزایەتی بەکاردەبردرێ)
٢:خۆکوژی پیاوان (ئەو جۆرە لە خۆکوژیە بە خۆکوژی سەرکەوتوو ناسراوە، چوونکە تەنیا بۆ نەمان و سڕینەوەی جەستە بەکار دەبردرێ)
هۆکاری لە قەڵەم دانی ئەو دو جۆرە خۆکوژیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کاتێک پیاوان دەست دەدەنە کردەوەی خۆکوژی زۆرتر سەرکەوتوون، بەڵام کاتێک ژنان کردەوەی خۆکوژی بەکاردێنن زۆر سەرکەوتوو نین و ئەو ژنانەی کە لە خۆکوژی بە سەلامەت دەردەچن  و ڕزگاریان دەبێ هەست بە پەشیمانی دەکەن و زۆربەیان ڕایدەگەیەنن تەنیا بەهۆی گوشاری بنەماڵە و وەک ناڕەزایەتی یان ترساندنی کەسانی دەوروبەر و زۆر جاریش لە ترسی ئەوەی توندتیژی زیاتریان بەرامبەر نەکرێ خۆیان کوشتووە.
خۆکوژی بەرهەمی بارودۆخی نالەبارێکە کە سیستمی سەرمایەداری خوڵقاندوویەتی. سیستمێک کە بەرهەم هێنانی دیاردە کۆمەڵایەتییەکان و توندوتیژی بە قازانجێتی و لەهەر شوێنێکی جوگرافیایی بە پێی ستراکتۆری سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو شوێنە ئەبزارaی تایبەت بەکاردێنێ بۆ پەرەپێدانی و لەو نێوەدا تاکەکانی کۆمەڵگە قوربانیانی سەرەکین. خۆکوژی تایبەت بە ڕەگەز یان نەژاد نییە هەر وەک ئاماژەمان پێکرد خۆکوژی هەم لە لایەن پیاوان و هەم لە لایەن ژنان بەڕێوە دەچێ، بەڵام ئەم کردەوە لە نێو ژنان بە بەراورد لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەریان ڕێژەکەی زۆر زیاترە و ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە دەستێنی. ئەگەر بمانەوێ باس لە دیاردەی خۆکوژی لە هەموو جیهان  بکەین لەوانەیە لە دوو تویی بابەتێک ئاوا نەگونجێ، بەڵام من هەوڵ دەدەم باس لە خۆکوژی و هۆکارەکانی خۆکوژی ژنان لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە بەشی کوردستانەکەی بکەم کە ئەو دیاردە زۆر بە زەقی بەرچاو دەکەوێ و ڕۆژانە خەرێکە قوربانی دەگرێ. ئێرانی ژێر حاکمیەتی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی لە بواری ڕێژەی توندوتیژی و خۆکوژی ژنان لە جیهان پلەی سێهەمی هەیە. واتە دوای وڵاتانی چین و هیندوستان ئێران سێهەم پلەی هەیە، هەڵبەت ئەگەر بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی حەشیمەتی ئەو دوو وڵاتە خوێندنەوەی بۆ بکڕی بێگومان یەکەم وڵاتە. یەکێک لەو هۆکارانەی ژنان بە هۆی بێ هیوایی کردەوەی خۆکوژی ئەنجام دەدەن  نەبوونی پشتیوانی یاساییە.  ئەگەر چاوخشاندنێکمان هەبێ بەسەر یاساکانی ڕژێمی ئێران بۆمان دەردەکەوێ کە نەک پشتیوانی  لە ژنان ناکا، بەڵکوو خۆی هۆکاری خۆکوژی و توندوتیژی بەدژی ئەو ڕەگەزەی کۆمەڵگەیە. یاساکانی کۆماری ئیسلامی خۆی ڕێگەخۆشکەرە بۆ کوشتن و قەتڵی عەمدی دەوڵەتی و سزای وەکوو بەردباران و کوشتنی ژنان تێدا نیهادینە کراوە. ساڵەهای ساڵە کۆماری ئیسلامی بیروبۆچوونی خورافە و دواکەوتوو پەرە پێدەدا و بەرهەمی دەهێنێ و هەموو ئامرازەکان بە تایبەت ڕاگەیاندنی ئەرکدار کردووە بانگەشە بۆ سووکایەتی ژنان بکەن و بیانخزێننە کونجی ماڵەوە. سەرمایەداری لەو بەشە جوگرافیایە دوو ئەبزاری مەترسیداری ئایین و پیاومەزنی بەردەستە بۆ چەوساندنەوەی مرۆڤەکان و لەو نێوەدا ژنان وەک رەگەزی چەوساوە زیاتر دەکەونە ژێر گوشارەوە. ئایین هەمیشە لەمپەری سەر رێی گەشە و پێشکەوتنی ژنان بووە بە تایبەت ئایینی قیزەونی ئیسلام کە تا سەر ئێسسقان دژی ماف و ئازادی مرۆڤەکان بە تایبەتی رەگەزی ژنانە. ژن لە ئایینی ئیسلام تەنیا و تەنیا ئەبزارێکە بۆ زاو و زێ و دامرکاندەوەی هەستی سێکسی پیاو. ژن لە ئایینی ئیسلام دا مڵکی سەرەکی پیاوە و پیاو هەر جۆرە بە دڵی بێ و بۆی بلوێ دەتوانێ لەگەڵ ئەو مڵکەی خۆی هەڵس و کەوت بکات. ئایینێک کە ژنان بەبێ عەقڵ دەزانێ و هەموو ئازادیەکانی بۆ ژن تەنانەت مافەسەرەتاییەکانی وەک جۆری پۆششی ژنانیشی بە بڤە داناوە. دەسەلاتی ئێرانیش واتە ڕژێمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی کە دەسەلاتێکی دینی و دیکتاتۆرە لەو ئەبزارە مەترسیدارە بەدژی ژنان کەڵک وەردەگرێ. توندوتیژی و سوکایەتی بە ژنان ساڵەهای ساڵە لە… لایەن سیستمەوە دەرخواردی کۆمەڵگە دەدرێ و دواتر خۆی دەخزێنێتە ناو ژیانی تاکەکەسی خەڵک وەک بنەمالە و کارەساتی مرۆڤی دەخوڵقێنێ. دەستەواژەی دواکەوتوو وەکوو شەرەف کە خۆی لەناو گەڵی ژنان دا دەبێنێتەوە گیانی سەدان ژنی لە ولاتە خستۆتە مەترسیەوە. لەو بارودۆخە نالەبارەدا کە سیستم بەرپرسیاری سەرەکیەتی دەیان دیاردەی نالەبار وەکوو فەحشا، هەژاری، مادەی سڕکەر، توندوتیژی و خۆکوژی زەق بووەتەوە و رۆژ بە ڕۆژ لە حاڵی پەرەسەندن دایە. ژنان لە ئێران سەرەڕای ئایین لەگەڵ فەزایەکی فێئۆدالی و عەشیرەیی بە تایبەت لە بەشی کوردستانەکەی بەرەوڕوون و ڕۆژانە بەرەورووی توند وتیژی دەبنەوە و و سووکایەتیان پێ دەکرێ. لە لایەکی دیکەوە بوونی راگەیاندن و چوونە سەر ئاستی وشیاری ژنان و وشیاریان لە ماف و ئازادییە زەوتکراوەکەیان زیاتر ئازاریان دەدات و ئێرانی وەک بەندیخانەیەک کە تەژیە لە ئەشکەنجە و سوکایەتی لێ کردووە و تووشی خەمۆکی و بێ هیوایی کردوون. توندوتیژی لە لایەک و هەژاری لە ڕادەبەدەری خەڵک لە ئێران لەلایەکی دیکە بۆتە هۆکاری پەرەسەندنی توندوتیژی و خەمۆکی و هەر ئەوە وای کردووە ژنان لەبەر بێ هیوایی لە کردەوەیەکی خۆکوژیدا جەستەی خۆیان بسڕنەوە. ژنانێک کە تەنانەت لە ئێران بتوانن لە پڕۆسەی ئابووریشدا بەشدار بن و کار بکەن دەبێ مل بۆکاری تاقەت پڕوکێن بە سەعاتی کاری زۆرتر و موچەی کەمتر ڕابکشێن، تا لەسەر پێی خۆیان بن و ڕۆژانە  لە کۆمەلگە کە قوربانی ئەو سیستمەیە سوکایەتیان پێدەکرێ. ئەو هۆکارانە بە تایبەت هەژاری لە رادەبەدەری خەڵک لە ئێران بە هۆی گەندەڵی و فەسادی ماڵی و ملهوڕییەکانی دەسەڵات بەدەستانی ڕژێم بارودۆخەکەی بۆ ژنان نالەبارتر کردووە و ژنان لە ژێر گوشارێکی لە ڕادەبەدەر نامرۆڤانە دا دەژین. لەناو ئەو بنەماڵانەی لە بواری ئابووری بێ دەرەتانن ژنان چونکە رەگەزی چەوساوەن زیاتر دەکەونە ژێر گوشارەوە و توندوتیژی زیاتریان بەرامبەر دەکرێ. ئەو ژنانەی کە سەرپەرەشتی بنەماڵەن و ناچارن لەو بارودۆخە نالەبارەدا کار بکەن  ئەوان گوشارێکی دەرونی زۆریان لە سەرە چوونکە، موچەیان بەشی تەنانەت ژیانێکی مەمرە مەژیش ناکات و  تووشی بێ هیوایی دەبن. بێگومان لە سیستمێکی ئاوادا کە خولقێنەری بارودۆخی نالەباری کۆمەڵایەتی و ئابووریە دەبێ چاوەروانی ڕودانی کارەساتی لە جۆری خۆکوژی بین. بۆیە لێرە بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ هۆکاری هەموو نەهامەتی و چەرمەسەریەکانی خەڵکی ئێران بە گشتی و ژنان بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ژنان دەبێ هەردەم ئەوە لە بیر نەکەن کە پیاوانی کۆمەڵگەی ئێران وەک ئەوان قوربانی ئەو بارودۆخەن و رەگەزی پیاو بە تاوانبار نەزانن. تاوانباری سەرەکی دەسەلاتی سەرمایەداری دینی و عەشیرەیی کۆماری ئیسلامیە کە لە دوبەرەکی نانەوە لەناو تاکەکان قازانج دەبینێ. ژنانی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی دەبێ ئەوە بزانن توندوتیژی بە توندوتیژی وەلام نادرێتەوە و ئەوان دەبێ بێنە ڕیزی پێشەوەی خەبات بۆ نەمانی یەکجارەکی دێوەزمەی تاریکی کۆماری ئیسلامی کە هۆکاری سەرەکی هەموو نەهامەتیەکانیانە و هەوڵ بۆ دامەزراندنی سیستمێکی مرۆڤپەروەر و یەکسان بدەن کە هێچ مرۆڤێک تێدا نەچەوسێتەوە… 
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.