مێژووی سۆشیالیزم لە ئەمریکا

0

مێژووی سۆشیالیزم لە ئەمریکا
ڕیچارد ۆڵف
بەشی دووەم
وەرگێڕانی: عامر سابیر

تێبینی: پرۆفیسۆر ڕیچارد ۆڵف ئەم وتارەی لە سمینارێکدا لە 22/04/2016 پێشکەش کرد. ڕێچارد ۆڵف لە ئەمریکا دامەزرێنەری (ڕێکخراوی دیموکراسی لە شوێنی کاردا)یە. ئەو پرۆفیسۆری ئیقتیساد و مارکسیستێکە کە خاوەنی چەندین کتێبە و بڕوانامەی پی هێچ دی و سێ ماستەری لە ئیقتیساد و مێژوودا هەیە. لە ساڵی 2011 ەوە بەرنامەیەکی هەیە بە ناوی (ئیکۆنۆمیک ئەپدەیت) کە لە ئێستادا هەفتانە لە زیاتر لە 180 ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەوە لە سەرتاسەری ئەمریکادا بڵاوئەبێتەوە. بەردەوام کۆڕ و سمینار دەگێڕێ و چاوپێکەوتنی بیستراو و بینراو ئەنجام ئەدا بۆ بەرگری لە سۆشیالیزم. ئەو بەرگریکارێکی سەرسەختی سۆشیالیزم و مارکسیزمە. بە بڕوای من ڕیچارد ۆڵف یەکێکە لە بە ئیمکانترین و ڕۆشنترین مارکسیست و سۆشیالیستەکانی ئەمڕۆی دنیا. ئەمە وەرگێڕانی ناوەڕۆکی قسەکانێتی کە لەم کۆرەدا پێشکەشی کردوە. ئەم وتارەی بە چوار بەش بڵاوئەبێتەوە، ئەمەی خوارەوە بەشی دووەمییەتی کە لێرەدا ئەیخوێننەوە.

بەشی دووەم:
کەواتە با پوختی بکەینەوە و بپرسین کە ئایا ئێستا چی ڕەخنەیەک لە نێوان سۆشیالیست و مارکسیست و کۆمۆنیستەکانەوە گەڵاڵە کراوە دەربارەی ئەوەی لە یەکێتی سۆڤییەت و چیندا ڕویدا. چی ئەکەن و چی دەرس و ئەنجامگیرییەکیان هەڵهێنجاوە لێی. دووبارە هیوادارم کە لە کۆتایدا لە پرسیار و وەڵامەکاندا بچیینەوە سەر ئەمە. بەڵام ئێستا ڕێگەم بدەن کورتە ڕاپۆرتێکتان بدەمێ لەسەر ئەمە. ڕەخنەکە ئەمەیە؛ کە ئەوان لە یەکێتی سۆڤییەتدا ڕەخنەی مارکس لە ئیقتیسادی سەرمایەداریان تەنها لەوەدا کورتکردبۆوە و بەوە تەرجەمەیانکردووە کە تەرکیزی لەسەر ئەوەیە کە دەوڵەت بێ و خاوەندارێتی پرۆسەی بەرهەمهێنان بەدەست بهێنێ، وە لە جیاتی بازاڕ، پلاندانان جێیبگرێتەوە. ئەم شتانە زۆر (ڕێگەم بدەن لێرەدا زاراوەیەکی ئیقتیسادی بەکاربهێنم، تکایە تووڕە مەبن) ئەم شێوازە زۆر (ماکرۆ-ئیکۆنۆمیک)ە، کە تەرکیز ئەکاتە سەر شتە گەورەکان، کێ خاوەنی شتەکانە، کێ دابەشکردن دیاری ئەکات. بەڵام هیچ گرنگی نادات بە مایکرۆ-ئیکۆنۆمیک (لە ئاستی مایکرۆدا)، هیچ گرنگی نەداوە بەتایبەت بەوەی کە لە شوێنی کاردا چی ئەگوزەرێ. بە شێوەیەک کاریان کردووە وەک ئەوەی کە ئەمە هەر مەسەلە نەبێت.
ئەوان بەشێوەیەک کاریان کردووە کە ئەگەر حکومەت بێت و دەست بەسەر پرۆسەی بەرهەمهێناندا بگرێت و پلاندانەرەکانی دابنێ تا بەرهەم دابەش بکەن، ئیتر ئەمە سۆشیالیزمە! واتە لە یەکێتی سۆڤییەت و چیندا وایان بیرکردبۆوە کە ئەوەی بەربەستە لەبەردەم سۆشیالیزمدا هەبوونی خاوەندارێتی تایبەتی و هەبوونی بازارە وەک موئەسەسەیەک. ئەوەی سەرنج ڕاکێشە لێرەدا ئەوەیە کە ئەم بۆچوونە نادروستە لەسەر سۆشیالیزم کە ئێستا ڕەتکراوەتەوە لەلایەن سۆشیالیستەکانەوە، بەڵام ڕەتنەکراوەتەوە بۆ نمونە لەلایەن (نیو یۆرک تایمز)ەوە. بۆ نیویۆرک تایمز سەرمایەداری واتە بازاڕی ئازاد و خاوەندارێتی تایبەتی، وە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم واتە خاوەندارێتی دەوڵەت و پلاندانان. واتە تا ئێستا نیو یۆرک تایمز ئەو پیناسەیە بۆ سۆشیالیزم بەکارئەهێنێ کە ئەوە 25 ساڵە سۆشیالیستەکان خۆیان ڕەفزیان کردۆتەوە. ئاخر شتی ئاوا ڕووئەدات ئەگەر تۆ موناقەشە و ڕاگۆڕینەوە (دیسکۆرس) لەسەر سۆشیالیزم سەرکوت کەی لە کۆمەڵگەدا وەک ئەوەی ئێمە هەمانبووە لێرە لە ئەمریکا. بەڕاستی ئەوان زۆر لەدواوەن. بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئێمە سۆشیالیستەکان ئێستا ئەڵێین، ئا بوەستن، با بزانین کە ئایا کارل مارکس ئەگەر تەرکیزی نەکردبێتە سەر پلاندانان، ئایا تەرکیزی کردۆتە سەر چی؟ لە کارەکانی مارکسدا هیچ ئارکیومینتێک نادۆزرێتەوە لەسەر پلاندانان، هەرگیز هیچ ئارگیومێنتێکی بەردەوام نادۆزیتەوە. بەهەمان جۆر هەرگیز ئارگیمێنتی بەردەوام (سەستەین ئارگیومێنت) نادۆزرێتەوە لەسەر خاوەندارێتی گشتی لەبەرانبەر خاوەندارێتی تایبەتیدا. واتە ئەو شتانەی لەلایەن مارکسیست و سۆشیالیستەکانەوە هەڵگیراوە و تەتبیق کراوە لە سۆڤییەت و چین، ئەو شتانە نییە کە مارکس خۆی تەرکیزی لەسەر کردووە.
ئایا مارکس تەرکیزی لەسەر چی کردبوو؟ وەڵامی ئەمە بەڵگەمان ئەداتێ لەسەر تەرجەمەکردنی سۆشیالیزم بە ڕێگەیەکی تر. بەڵێ مارکس تەرکیزی لەسەر شتێکی تر کردبوو، وە بەڵێ بەڵگەمان ئەداتێ بۆ ئەمە. وە ئێستا من پێتان ئەڵێم کە چییە.
ئەوەی مارکس تەرکیزی لەسەر کردووە، پرۆسەی بەرهەمهێنانە، کە ئایا چی لەناو ئەم پرۆسێسەدا ڕووئەدا؟ چی لەو شوێنەدا ڕووئەدا کە تۆ هەفتەی پێنج ڕۆژ و ڕۆژانە لە سەعات نۆ تا پێنجی ئێوارە کارئەکەی تیایدا. ئایا کاتێک کە ئەچی بۆ ئیش، لە شوێنی کارەکەت و لە پرۆسەی کارکردنتدا چی ئەگوزەرێ و چۆن کەسەکان کارلێکردن ئەکەن (بەریەک ئەکەون) لەو شوێنەدا. ئەمە ئەو شتە بوو کە مەشغەڵەی مارکس بوو. سێ بەرگی کتێبی کەپیتاڵ (سەرمایە) کە یەکێکە لە دەسکەوتە گرنگەکانی، لەسەر ئەمەیە. ئەو بەرهەمی گرنگی تریشی زۆرە، بەڵام ئەمە مەزنترین کارەکانێتی. چۆن پرۆسەی بەرهەمهێنان ئیش ئەکات و چی ئەگوزەرێ لەوێدا؟ بەڵێ، ئەمە ئەو شتە بوو کە ئەو گرنگی پێدابوو. وە ئەو ڕەخنەی قوڵی هەیە لەم شێوە بەرهەمهێنانەی سیستەمی سەرمایەداری و بە دڵنیاییەوە ئەڵتەرناتیڤی بۆ تەرحکردووە.
کەواتە مانای وایە ئێستا سۆشیالیزم ئەگەڕێتەوە بۆ مارکس و لەودا ئەم گفتووگۆیە ئەدۆزێتەوە لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان و دووبارە پێناسەی سۆشیالیزم ئەکاتەوە کە چییە؟ وە هیوادارم کەگرنگی و ئاگایی پێ بدەن، چونکە ئەمە پێناسەی سۆشیالیزمە بۆ هەموو ژیانت، سۆشیالیزمی سەدەی بیست و یەکە کە جیاوازە لە سۆشیالیزمی سەدەی نۆزدە و سۆشیالیزمی سەدەی بیست.
با دەستپێبکەین، ڕەخنەی مارکس بە باشترین شێوە ئەتواندرێ پیشانبدرێ بەم شێوەیەی خوارەوە؛ تکایە ناڕەحەت مەبن ئامادەبوان. من ئێستا هاوکێشە و ماتماتیکی ئیقتیسادی بەکارئەهێنم. ئەزانم هەندێ کەس هەیە کە بە شێوەیەکی دیاریکراو ڕاهێنراون، کە خەتای خۆیان نییە. ئەمە بۆ زۆر کەس ناڕەحەتییە و هەیە کە ماتماتیک ئەبینێ چاو وەرئەگێڕێ بۆ شوێنێکی تر و مێشکی ئەڕوا بە لایەکی تردا. تکایە مەترسن، زۆر ئاسانە و بە سادەیی شەرحی ئەکەین.

کەپیتالیزم زۆر بە سادەیی بەم شێوە تێگەیشتنەی خوارەوە نوێنەرایەتی کراوە لە بیرکردنەوەی مارکسدا. پرۆسەی بەرهەمهێنان چییە؟ وە لەبەرئەوەی مارکس گرنگی زۆری بە مرۆڤ داوە و ئینسان بنچینەبووە لە لای. ئەوەی زۆر بەلاوە گرنگ بووە کە ئینسانەکان چۆن پەیوەندیان پیکەوە بەستراوە. ئەو گرنگی زۆری بەمە داوە و شی ئەکاتەوە کە چی بەسەر (کار) دا دێت لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا؟ لەو شوێنەدا کە خەڵک ئەچێت بۆ ئیش، پەیوەندی ئینسانەکان چۆنە کاتێک شتەکانی ناو سروشت ئەگۆڕن بۆ کاڵاو خزمەتگوزاری؛ بۆ نمونە کورسی، بەرنامەی سۆفتوێ، سەرچاکردن، یان هەرشتێکی تر.
بەم جۆرەی خوارەوە دەست پێئەکەین: بۆ دروستکردنی هەر کاڵایەک پێویستمان بە هەندێ ئەدەوات (تووڵس & ئیکویپمێنت)، و هەندێ ماتریاڵی خاو (سەرەتایی) و…هتد هەیە. بۆ نمونە با بڵێین کورسییەک دروست ئەکەین، یان ئەتوانی هەر کاڵایەکی تر بە نموونە بهێنیەوە. بۆ دروستکردنی کورسییەک پێویستمان بە هەندێ تەختە و هەندێ کەتیرە و بزمار و چەکوش هەیە، وە هەموو ئەم شتانە کە ئێستا بەکاری ئەهێنین لە بەرهەمهێنانی ئەم کورسییەدا، پێشتر ئەم شتانە ئامادەکراوە لەلایەن کارکردنی کەسانی ترەوە کە ئێستا ئامادەیە بۆ ئێمە کە شتی نوێی لێدروست بکەین. ماوەیەک لەمەوپێش کەسێک کاری کردووە و چەکوشی دروستکردووە کە ئێستا ئێمە بەکاریئەهێنین. ماوەیەک لەمەوپێش کەسێک کاریکردووە و چی پێویست بووە کردوویەتی بۆ ئامادەکردنی کەتیرە کە ئێمە ئێستا بەکاریئەهێنین. ماوەیەک لەمەوپێش کەسێک کاریکردووە و داری بڕیوەتەوە و تەختەی دروستکردووە کە ئێمە ئێستا بەکاری ئەهێنین. ئەم کارەی کە پێشتر بەکارهاتووە بۆ ئامادەکردنی ئەم شتانە (چەکوش، بزمار، تەختە، کەتیرە) پێی ئەوترێ کاری بەرجەستەبوو (ئیمبۆدید لەیبە). لە هەموو بەرهەمهێنانێکدا بەکارهێنانی کاری بەرجەستەبوو (ئەو کارەی پێشتر بەکارهاتووە بۆ دروستکردنی شتێک کە ئێمە ئێستا لە بەکارهێنانی شتێکی تردا بەکاری ئەهێنین).
هەموو بەرهەمهێنانێکی تازە (دروستکردنی شتی نوێ) پێویستی بەوەیە کە کاری بەرجەستەبووی تیادا بەکاربێ. واتە ئەو کارەی کە پێشتر کراوە و بەرجەستەبووە لەو شتانەی کە ئێمە ئێستا بۆ دروستکردنی کورسییەک بەکاری ئەهێنین، وەک (تەختە، بزمار، کەتیرە، چەکوش).
واتە ئێستا بۆ گۆڕینی ئەم ئەدەوات و ماتریاڵە خاوانە (تەختە و بزمار و کەتیرە و چەکوش) کە پێمان وت (کاری بەرجەستەبوو). ئێستا پێویستمان بە کارێکی تر هەیە بۆ ئەوەی ئەمانە بگۆڕین بە کورسییەک. ئەم کارە ناوئەنێین کاری زیندوو (لیڤینگ لەیبە)، واتە کرێکار، واتە من، تۆ، ئەو، واتە ئەو کەسەی کە ئیش ئەکات.
یانی ئێستا بە کاری بەرجەستەبوو لە گەڵ کاری زیندوودا ئەتوانین بڵێین تێکڕای کار (تۆتەڵ لەیبە). با ئەمەی سەرەوە لەم هاوکێشانەی خوارەوەدا پیشانبدەین.
Embodied Labour (EL) + Living Labour (LL) = Total Labour (TL)
کاری بەرجەستەبوو + کاری زیندوو (کرێکار) = تێکڕای کار.
(تەختەو بزمار و کەتیرە و چەکوش) + ماندووبوون و ئیشکردنی کرێکار = بەرهەمی کۆتایی (کورسی).
ئەدەوات و ماتریاڵە سەرەتاییەکان + بە هێزی کرێکار = ئەگۆڕدرێ بە بەرهەمی کۆتایی (جا هەر شتێک بێت، ئێمە کورسیمان بە نمونە هێناوەتەوە لێرەدا).
با بزانین لیرەدا سەرمایەداری یانی چی؟ لە پرۆسێسێکدا کاری بەرجەستەبوو، واتە ئەو کارەی کە لە ڕابردوودا کراوە، (واتە ئەوەی لە ڕابردوودا کرێکار ئیشی کردووە و داری بڕیوەتەوە و تەختەی دروستکردووە، هەروەها کاری کردووە و بزمار و چەکوش و کەتیرەی دروستکردووە)، ئێستا ئەمانە (کاری بەرجەستەکراو) بووە بە موڵکی تایبەتی کەسێکی تر، کە پێی ئەوترێ خاوەنکار. ئەوان (خاوەنکارەکان) ڕەنجیان لەگەڵدا نەکێشاوە، بە دڵنیاییەوە نەخێر. کەسی تر (کرێکار) ڕەنجی لەگەڵدا کێشاوە، بەڵام کرێکارەکان نەبوونە بە خاوەنی ئەوەی کە بەرهەمیان هێناوە. کرێکار بەرهەمی هێناوە، بەڵام لەژێر دەستیان دەرکراوە و بووە بە موڵکی تایبەتی کەسێکی تر. بووە بە موڵکی سەرمایەدار. لە کۆتایدا ئەتوانین لەسەر ئەمە زیاتر قسە بکەین، بەڵام بۆ ئێستا با باسی پرۆسەی بەرهەمهێانن بکەین کە چی تیادا ئەگوزەرێ.
ماویەتی
ئەیپرل/2020

Leave A Reply

Your email address will not be published.