ڕاگەیەنراوێک لە کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان و جالاکانی مەدەنیەوە بۆ ڕای گشتی خەڵکی کوردستان

0

ڕاگەیەنراوێک لە کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان و جالاکانی مەدەنیەوە بۆ ڕای گشتی خەڵکی کوردستان

ماوەی زیاتر لە مانگێکە، (هێمن مامەند) ی ڕۆژنامەنوس دەستگیر کراوە، دەسەڵاتی یاسایی و جێبەجێکردن لە ژێر کاریگەریی حیزب و بەرپرسەکانیدا، دەستی دەستی بە دۆسیەکەی دەکەن، دەیانەوێت بەردەوامی بە سزا سیاسی و حیزبیەکانی سەری بدەن. زیندانیکردنی ئەو ڕۆژنامەنوسە لەسەر داواکردنی مافە شەرعی و یاساییەکانی خەڵک، هیچ پاساو و بیانوویەک هەڵناگرێت، جگە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و پرەنسیپە یاسایی و ئەخلاقیەکان لەلایەن دەسەڵاتی حیزبیەوە. کردنەوەی چەندین دۆسیەی دروستکراو بۆ ( هێمن مامەند)، تەنها لەبەر ئەوەی هۆشداری لەبارەی لە خراپی ژیان و گوزەرانی خەڵک داوە، بە هەوڵێکی جدی دەسەڵاتداران دەبینین، بۆ لەقاڵبدانی ئازادی و بێدەنگکردنی دەنگە ئازاو ئازادەکان، تا لە غیابی دەنگە دلێرەکاندا، درێژە بەم دۆخە حوکمڕانیە حیزبیە شکستخواردووە بدرێت. لێرەوە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە، دەستگیرکردن و زیندانیکردنی دەنگە ئازا و ئازادەکان نەک پاشەکشەیان پێناکات، بەڵکو مکوڕتریان دەکات لەبەرەنگاربوونەوەی ئەم حوکمڕانیە حیزبیە، کە ناوبانگی هەرێمەکەمانی لای دونیای دەرەوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناشیرین و لەکەدار کردووە. هەروەک هەموو ئەو ڕێکارانەش ڕەتدەکەینەوە، کە بەرامبەر ( هێمن مامەند) گیراونەتەبەر، چونکە نایاسایین، جگە لە مامەڵەکردنیش بە یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارە (٣٥)ی ساڵی (٢٠٠٧)، هەر جۆرە مامەڵەکردنێکی تر ڕەتدەکەینەوە. هەمووانیش دڵنیا دەکەینەوە، زوڵم و ستەمە بەردەوامەکانی دەسەڵاتی حیزبی دەرهەق بە ( هێمن مامەند) قەبوڵ ناکەین، جگە لە ئاگادارکردنەوەی ڕێکخراو و کونسوڵخانە نێودەوڵەتیەکان، لە ناوخۆی هەرێمیش هەنگاوی کرداری دەگرینەبەر، بۆ هەڵگرتنی ئەو ستەمە گەورە، داوا لە ڕێکخراو و میدیاکانیش دەکەین، پاڵشت و پشتیوانمان بن. گروپی هەماهەنگی ڕۆژنامەوان و چالاکانی کوردستان و دەرەوە ٢٥/٤/٢٠٢٠

Leave A Reply

Your email address will not be published.