دیمانەی “رادیکالیست” لەگەڵ سەرنووسەری بۆپێشەوە سەبارەت بە ئامانجی بۆپێشەوە

0

دیمانەی “رادیکالیست” لەگەڵ سەرنووسەری بۆپێشەوە سەبارەت بە ئامانجی بۆپێشەوە

ڕادیکالیست: بۆپێشەوە دەیەوێت چی بکات، ئایا ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە؟

عەبدوڵا مەحمود:  بەڵی بۆ پێشەوە بێ ئامانج نییەو ئامانجی زۆر دیاریکراویشی هەیە… دیارە پێشتر و لە ژمارە یەکدا بە روونی هۆکاری دەرچوونی بۆپێشەوە ئامانجەکانی بڵاوکراوەتەوە، لێرەشدا بە پێویستی دەزانم زۆر بە کورتی ئاماژەیان پێ بدەم دووبارەیان بکەمەوە. بۆپێشەوە لەراستای ئامادەکردنی چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشدا بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆرهێنان بەسەر ئەم دنیا سەروخوارەو بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر و تەسەلدا، تێدەکۆشێت.

بۆپێشەوە بە وێنەی مینبەری رابەرانی کرێکارانی سۆسیالیست، چەپ و کۆمۆنیستەکان، رابەرانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، ژنانی تورە لە ستەم و بێمافی و پیاوسالاری و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، لاوانی هیوا خنکێنراو پڕ ئومێد، زەحمەتکێشان… و هەموو ئەو ئینسانانەی دڵیان، بۆ ئازادی و یەکسانی و دەسەڵاتی پشتبەستوی جەماوەری لێدەدات… هاتۆتە ناو گۆرەپانی میدیاییەوە. هەروەها بۆپێشەوە وەکو سەکۆیەکی لێبراو سازشهەڵنەگر، لەدژی بیروباوەری زاڵی کۆمەڵگا بە تایبەتی ناسیۆنالیزم و ئیسلامی دەجەنگێت و دەچێتە بەرامبەرکێی هەمەلایەنە لەگەڵ ئەفکار و سیاسەت و نەخشەی حزب و بزووتنەوە بۆرژوازیەکانی کوردستان و نووسەران و میدیای گوێ لەمستیان. وە هەوڵی بێدرێغ دەدات کە بیروباوەری زاڵ، کە بیروباوەری چینی دەسەڵاتداری کوردستانە، بەر رەخنە بدات لە جێگایدا روانگەی ئینساندۆستی و ژیان دۆستی و نەخشە و رێگاو مەیدانەکانی تێکۆشان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی شایستەی ئینسانی، بخاتە روو.

بۆپیشەوە چ بە وێنەی بڵاوکراوەیەکی کۆمۆنیستی بەمەبەسستی وەڵامدانەوە بەراگەیاندنی فریوکارانەو پیشەسازی فکر و چ بە مەبەستی ئاسۆدارکردنی خەبات و نارەزایەتی چینی کرێکار و بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشکەوتنخوازەکان، بە ئاسۆی رزگاری بەخشی کۆمۆنیستیەوە، هاتۆتەوە مەیدان.  بۆپێشەوە هەوڵدەدات لە هەمان کاتدا ئامرازێکی سازدەری چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش بێت، کۆمەک بکات بە پەرەپێدانی رەوتی رێکخراوبوونی جەماوەری ئەم چینە و بردنەسەری ئاستی تەحەزوبی کۆمۆنیستی کرێکاران و هەڵسوراوانی کۆمۆنیست…

بۆ پیشەوە، بەجیا لەوەی دەبێتە سەکۆیەکی راستگۆ و دەنگێکی بوێری بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە رزگاری بەخش و ئینسانیەکان، هاوکات سەکۆیەکی راستەقینەی بەیانی نارەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستانە، بەدژی دەسەڵاتی تاڵانچی و مافیایی بۆرژوازی کوردی و حزب و ‌هێزو رەوتەکانیدا. دەنگێک دەبێت بۆ بەرگری لەخواست و مافەکانی سەرجەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی، وەک و کرێکاران و ژنان و لاوان و سەرجەم توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگەی کوردستان.

بۆپێشەوە، سەکۆو دەنگێکی سازش هەڵنەگرە، بەرامبەر بە کۆنەپەرستی ئیسلامی و کەلتوری کۆنەپەرستانەی پیاوسالاری و ناموس پەرستی.

بۆپێشەوە، پەرەدان بە بیروباوەری مارکسیستی و کۆمۆنیستی، وەکو رەخنەی لێبراو سازشهەلنەگر لە نیزامی سەرمایەداری و گشت و ستەم و نابەرابەریەکانی، بە ئەرکی سەرەکی خۆی دەزانێت.

بێگومان دەرچوونی بڵاوکراوەیەکی وەکو بۆپیشەوە، لە هەلومەرجی ئێستای کوردستاندا، لە کاتێکدا بۆرژوازی و حزب و هێزەکانی بە ناوی جیاجای حزبی و ناحزبی، سەربەخۆ و سێبەر و ئەهلی، پاوانی سەرجەم میدیای نوسراو بینراو بیستراو، سەرجەم ناوەندەکان و کایەکانی میدیاییان بەهۆی سەرەوت و سامان و دەسەڵاتەکەیانەوە کردووە، تا ئیدەو بیروباوەری دواکەوتوانەو دژی ئینسانی بڵاوبکەنەوە. تا سەرەوخواربوونی کۆمەڵگا، بشارنەوە. تا لەچوارچیوەی پاراستنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا، بانگەشەی دەسەڵاتی خەڵک و ئازادی و چاکسازی و دیموکراسی و وەهمی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک و دابینکردنی ئازادییە سیاسی و مافەفەردی و مەدەنیەکان و ئایندەی سیاسی کورستان لە ژیڕ سایەیاندا، بانگەواز بکەن، وەکو ئاو بۆ تینوەکان و نان بۆ برسیەکان، ماف بۆ بێمافەکانن، ئازادی بۆ سەرکوتکراوەکان، سەربەخۆیی بۆ لکێنراو و داگیرکراوەکان… گرنکی چینایەتی، هەیە.

بۆپیشەوە، بەدژی سات و سەوداو خۆشخزمەتی و خۆگرێدانەوەی حزب و ‌هێزەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و رەوتگەلی کۆنەپەرستی ئیسلامی، بە وڵاتانی زڵهیزو قوتبە ناوچەییەکانی و ‌هیزە محەلیەکان… رادەوەستێت و ماهیەتی ئەو پاشکۆیەتی و خۆشخزمەتیە بە خەڵکی کوردستان و رای گشتی دەگەیەنێت.

بۆ پێشەوە، وەکو دەنگ و سەکۆی حەقیقەت و ئینسانیەت، بۆ بەرگری لە ماف و حورمەتی ئینسانی، بۆ ئازادی و خۆشبەختی ئینسانەکان بێگوێدانە ناسنامەی دینی و مەزهەبی، قەومی و ئیتنیکی، رەگەزو جنس و رەنگی پیشت… دەنگێکی رەسا دەبێت.

لە چەند دێردا… بۆپیشەوە، بەوێنەی زمانی تیژ و پاراو و سازشهەڵنەگری کۆمۆنیستی، بە وێنەی سەکۆی نارەزایەتی سۆسیالیستی و پێشكەوتنخوازی، وەکو مینبەری رۆشنکەرەوەی رەوتی خەباتی رەوای چینی کرێکارو بزوتنەوە رادیکاڵ و ئینسانیەکان، رۆڵی خۆ دەگێریت.

ڕادیکالیست: پێشتر بۆپێشەوە بڵاوکراوەیەکی حزبی بوو، ئێستا دەڵیت زمانحاڵی حزبی نییە، ئایا سەردەمی بڵاوکراوەی حزبی کۆتایی هاتووە؟

عەبدوڵا مەحمود: هیچ کاتێک سەردەمی بڵاوکراوەی حزبی بەسەرناچێت و هەموو حزبێک چەپ بێت یان راست پێویستی بەوەیە میدیای جۆراو جۆری هەبێت و لەو چوارچێوەیەشدا پێویستی بە بڵاوکراوە، یان ئۆرگان و زمان حاڵ …هەیە. بۆپیشەوەی ئێستا بڵاوکراوەیەکی سەربەخۆیە و هەوڵدادەت ببێتە زمان حاڵی تەواوی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی وبزوتنەوەی پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگای کوردستان… وە بۆپێشەوە لە درێژەی بۆ پێشەوەی حزبدا، نەهاتۆتە مەیدان، تەنها ناوەکەی بۆپێشەوەیە بەڵام ئامانج و زمان حاڵی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری تورەی کوردستانە بە دژی دەسەڵات و بزوتنەوە بۆرژوازییەکان…

رادیکالیست: بۆپێشەوە لە وەرەقیەوە دەبێتە دیجیتاڵی ئایا ئەمە بەواتای مەجازیبوونی رەخنەیە؟

عەبدوڵا مەحمود: رەخنەی چینی کرێکارو رابەرانی سۆسیالیستی کرێکاریی و کۆمۆنیستەکان، رەخنەیە لە نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری، دیجتاڵی بێت یان لەسەر وەرەقە بێت، هیچ لە ناوەرۆکی ئەم رەخنەیە ناگۆرێت.. لە دنیای ئیستاشدا سۆسیال میدیاو میدیای دیجیتاڵی و ئۆنالین، نەخشی زۆر بەرجەستەی پەیاکردووە و ناکرێت ئەم ئیمکانە کەڵکی لێوەرنەگیرێت. دیارە ئیمە لە نەخشەماندایە، وا لە بۆپێشەوە بکەین کە چاپیش ببێت.

رادیکالیست: لەیەکەمین ژمارەدا نووسەرو قەلەمێکی تازە و مەسەلەیەکی تازە نابینرێت، ئەمە چۆن لێک دەدەنەوە؟

عەبدوڵا مەحمود: من لام وایە ناتوانرێت بڵاوکراوەیەک لە رێگای یەک ژمارەیەوە هەڵبسەنگێنریت، هەروەها قەڵەمی تازە ئیمە دروستی ناکەین و دەرگاشمان لەسەر هەموو قەڵەمێکی تیژی کۆمۆنیستی و ئینسان دۆستی و چەپ، کراوەیە. بەشێک لەو قەڵەمانەی هەن زۆر بەداخەوە دیلی سیکتاریزمی فیرقەیی و زهنیەتی دۆگمای خۆیانن و نایانەوێت بابەت بۆ ئێمە بنێرن … ئێمەش زۆرمان لەکەس نییە و دەرگاشمان کراوەیە… هەرکەسێک بابەت بۆ ئێمە بنیرێت بە پێی مەوازینی راگەیەنراو بابەتەکە بڵاودەکەینەوە، جا ئەوانە سەر بە حزب و رێکخراوە و گروپ و کۆری سیاسی بن یان سەربەخۆ بن، هیچ سانسۆرێک لای ئیمە بوونی نییە، دیارە قەڵەمی تازەش هاتوون و بۆ بۆپێشەوە دەنووسن. دەربارەی بابەتی تازە راستی نازانم مەبەستان چییە؟ ئێمە لەگەڵ واقعیاتی زیندوودا مامەڵە دەکەین و لەروانگە و دنیابینی چەپ و کۆمۆنیزمدا، دیدو راونینن و رەخنەو ئەڵتەرناتیف مەترح دەکەین… لەو بارەیەشەوە دەتوانم بڵێم هیچ بڵاوکراوەیەک وەکو بۆپێشەوە رۆشن و خاوەن روانینی خێراو تیژ و سازش هەڵنەگر و هەمەلایەنە نییە، دیارە هەوڵ دەدەین زۆر باشتری بکەین و چاوەروانیمان لە ئێوەش هەیە لە بەسەرکەوتن گەیاندنی ئەم پرۆژەیەدا، بەشداری بکەن…

تێبینی: ئەم بابەتە لە بۆپێشەوەی ژمارە ٥ ی بەرواری ١/٦/٢٠١٧ بڵاوبۆتەوە….www.bopeshawa.net   

Leave A Reply

Your email address will not be published.