كۆرونا تاوان كەمدەكاتەوە و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان و خێزان زیاد دەکات…

0

كۆرونا تاوان كەمدەكاتەوە و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان و خێزان زیاد دەکات…

      بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە و مانەوەی هاووڵاتیان لە ماڵەكانیان بەڕێژەی 20% تاوانی كەمكردووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمنی هۆشداریان لە بەرزبوونەوەی توندوتیژی خێزانی داوە بەهۆی مانەوەی خێزانەكان لە ماڵەكانیاندا.

رۆژنامەكە لە ژمارەی ئەمڕۆ 27/3/2020یدا باسی لە كەمبوونەوەی رێژەی تاوان لە شانشینی یەكگرتوو كردووە لەپاش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، روونیشی كردووەتەوە كە تاوانەكانی وەكو هەڵكوتانەسەر و توندوتیژی لە هەفتەی رابردوو بەراورد بە حەوت رۆژی پێشتر بە رێژی 20% كەمی كردووە، ئەویش دوای ئەوەی بۆریس جۆنسۆنی سەرۆك وەزیران داوای لە خەڵك كرد لەماڵەكانیاندا بمێننەوە.

رۆژنامەكە لەزاری ستیڤن وایت هەڵسوڕێنەری كاروباری پۆلیس و رێگەپێدراو لە شاری دۆرهام بڵاوی كردەوە كە هەندێك كەس پشت بە بڕینی دوكان و بازاڕەكان دەبەستن بۆ كڕینی ماددەی هۆشبەر، ئەمەش لەئێستادا زەحمەتە چونكە دوكان و بازاڕەكان داخراون.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە رێژەی تاوان لە سەرتاسەری وڵاتدا دابەزیووە و تەلەفۆنكردن بۆ پۆلیس لەڕێی 999 و 101 وە كەمبووەتەوە.

هەر لەوبارەیەوە ئەندی كوك بەرێوەبەری ئەنجومەنی فەرماندەكانی پۆلیسی نیشتمانی بە رۆژنامەكەی وتووە داخستنی یانە و باڕەكان هۆكارێكی دیكەی كەمبوونەوەی تاوانە، وتوشیەتی: توندوتیژی لە یانە و باڕەكان كەمتر بووە.

لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیس لەو باوەڕەدایە كە لەگەڵ بەردەوامبوونی داخستنی وڵات و كۆتوبەندی هاتووچۆی هاووڵاتیان تاوان بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت، لەو بارەیەشەوە كوك دەڵێت: زیادبوونی توندوتیژی خێزانی دەبین چونكە خەڵك لەماڵەوە كۆدەبنەوە، هەروەها تاوانەكانی ئینتەرنێت لە فێڵ و تەڵەكە  هەڵەخەڵەتاندنیش زیاد دەبن.

شوانە حەسەن ئەبوبەکر

Leave A Reply

Your email address will not be published.