مێژووی سۆشیالیزم لە ئەمریکا

0

مێژووی سۆشیالیزم لە ئەمریکا

ڕیچارد ۆڵف

بەشی یەکەم

وەرگێڕانی: عامر سابیر

تێبینی: پرۆفیسۆر ڕیچارد ۆڵف ئەم وتارەی لە سمینارێکدا لە 22/04/2016 پێشکەش کرد. ڕێچارد ۆڵف لە ئەمریکا دامەزرێنەری (ڕێکخراوی دیموکراسی لە شوێنی کاردا)یە. ئەو پرۆفیسۆری ئیقتیساد و مارکسیستێکە کە خاوەنی چەندین کتێبە و پی هێچ دی و سێ بڕوانامەی ماستەری لە ئیقتیساددا و مێژوودا هەیە. لە ساڵی 2011ەوە بەرنامەیەکی هەیە بە ناوی (ئیکۆنۆمیک ئەپدەیت) کە هەفتانە لە زیاتر لە 180 تەلەفزیۆن و ڕادیۆوە لە سەرتاسەری ئەمریکادا بڵاوئەبێتەوە. بەردەوام کۆڕ و سمینار دەگێڕێ و چاوپێکەوتنی بیستراو و بینراو ئەنجام ئەدا بۆ بەرگری لە سۆشیالیزم. ئەو بەرگریکارێکی سەرسەختی سۆشیالیزم و مارکسیزمە. بە بڕوای من ڕیچارد ۆڵف یەکێکە لە بە ئیمکانترین و ڕۆشنترین مارکسیست و سۆشیالیستەکانی ئەمڕۆی دنیا. ئەمە وەرگێڕانی ناوەڕۆکی قسەکانێتی کە لەم کۆرەدا پێشکەشی کردوە. ئەم وتارەی بە چوار بەش لە بۆپێشەوەدا بڵاوئەبێتەوە، ئەمەی خوارەوە بەشی یەکەمییەتی کە لێرەدا ئەیخوێننەوە.

ئیشی ئەمڕۆی من کارێکی سەیرە ئەگەر بیری لێبکەیتەوە. من ئەمڕۆ باسی مێژووی سۆشیالیزم ئەکەم. لە کوێوە هاتووە و بۆ کوێ ئەڕوا. من باسی سۆشیالیزم ئەکەم لێرە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. کە ئێمە ئێستا تازە سەر دەرئەکەین. هەروەک چۆن ورچێک کە نزیک بە پەنجا ساڵ لە سڕبوون بەخەبەر بێتەوە، پەنجا ساڵ کە تیایدا سوشیالیزم سەرکورتکراوە. کە بەهیچ جۆرێک نەخویندراوە، قسەی لەبارەوە نەکراوە، موناقەشە نەکراوە، شی نەکراوەتەوە و ڕێز و ئیعتیباری بۆ دانەنراوە. بەڵکو تەحقیر کراوە و وا حیساب کراوە کە هەر نییە و کرابووە ژێر بەڕەوە.

ڕێگەم بدەن باسی تەجرەبەی شەخسی خۆم بکەم لەم بارەوە. هەر چەندە لە باکگراوندێکی سادەوە هاتووم، بەڵام بەهۆی هەندێ هۆکاری سەیر توانیومە لە باڵاترین و بەناوبانگترین زانکۆکانی ئێرە بخوێنم. سەرەتا لە زانکۆی هارڤەرد خوێندم، پاشان چووم بۆ زانکۆی ستانفۆرد بۆ خوێندنی ماستەر پاشان دکتۆرام لە زانکۆی یەیڵ هێنا لە ئیقتساد و مێژوودا. من کە لەهەموو ئەم زانکۆیانە خوێندوومە، هەرگیز داوام لێنەکراوە کە تەنانەت یەک وشە لە ڕەخنە و شیکردنەوەی ئابووری نووسەرێکی مەزنی وەک کارل مارکس بخوێنمەوە بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی سەرمایەداری کە مامۆستاکانم وایان داناوە کە شیدەکەنەوە بۆ من. ئەمە مەسەلەیەکی زۆر گرنگە کە بۆم باسکردن. وە ئەوە پیشان ئەدات کە ئێمە ئێستا بە هێواشی لەچی خەفەقانێک سەردەردێنێن.

ئەوە هەڵسەنگاندنێکی خەتەرە ئەگەر لەوە تێنەگەی کە پەنجا بۆ شەست ساڵ سەرکوتی سۆشیالیزم، چی برینێکی قوڵ، چی غیابێكی قوڵ، چی بۆشاییەکی قوڵی بەجێهێشتووە. من دواتر لە قسەکانمدا ئەچمەوە سەر ئەمە و ئێوە تێبینی ئەکەن. بەڵام هیوادارم خۆتان ناڕەحەت نەکەن. چونکە خەتای ئێوە نییە. ئێوە لە کۆمەڵگایەکدا ئەژین کە سۆشیالیزم تازە سەر دەردێنێتەوە لە پاش پەنجا ساڵ لە تابۆ. کە ڕەنگە تێبگەی کە بۆچی هیچ کەسێک جورئەتی ئەوەی نەبووە باسی بکا. چونکە بڕیاری بەتابۆکردنی سوشیالیزم بڕیارێک نەبووە کە پشتی بە زانست، یان ئیقتیساد یان زانیاری و هەر شتێکی تر بەستبێت. بەڵکو بڕیارێک بووە کە پشتی بە ترس بەستووە. پرۆفیسۆرەکان ترسیان لە لەدەستدانی میهنەکانیان بووە. مامۆستا ترسی لە لەدەستدانی ئیشەکەی هەبووە. وە هەموو کەسێکی تر ترسی لەوە هەبووە کە بەڵایەکی خراپی بەسەردێ ئەگەر ڕەخنە لە سەرمایەداری بگرێ.

ئێمە لێرە لە ئەمریکا خاوەن کەلتورێکین لە ئیقتساددا، کە من خۆشم بەشێکم لێی، کە ئەو کتێب و مەقالانە ئەوترێتەوە و ئەخوێندرێتەوە کە لە لایەن ئەو کەسانەوە نووسراوە کە بەردەوام بە شان و باڵی سەرمایەداریدا هەڵیانداوە لە هەموو دەورانەکانیدا.

ڕێگەم بدەن نمونەیەک بهێنمەوە. وادابنێ لەو شەقامەدا خێزانێک ئەژی کە خاوەنی دوو مناڵن. یەکێک لە مناڵەکان پێی وایە کە ئەمە باشترین خێزانە لەهەموو ڕوویەکەوە کە تیایدا ئەژی، وە بە پێچەوانەوە مناڵی دووەم پێی وایە کە ئەم خێزانە زیندانێکە و ڕۆژانە ئەشکەنجەی تیادا ئەچێژێ. وادانبێ کە تۆ ئەتەوێ لەم خێزانە تێ بگەی، جا بۆ هەر هۆکارێک بێت گرنگ نییە. ئایا بۆ ئەوەی لەم خێزانە تێ بگەی، پێویستە گوێ لە هەردوو مناڵەکە بگری یان تەنها یەکێکیان؟ ئایا پێویست نییە کە لەگەڵ هەردوو مناڵەکەدا دابنیشی و گوێبیستیان بێت؟ جا ئەنجامگیری و بۆچوونی خۆت لەسەر ئەو خێزانە بدەی.

بۆیە ئەگەر ئەتانەوێ لە کەپیتالیزم بگەن، وەک ئەوەیە کە لەو خێزانە بگەن کە باسمان کرد. ئەتوانی گوێبگری لەو کەسانەی کە بە شان و باڵی سەرمایەداریدا هەڵئەدەن و شانازی پێوە ئەکەن و خۆشیان ئەوێت. ئەمە بکە، کە ئەمە کارێکی سەخت نییە، چونکە 99.9٪ی هەموو ئەو تێکستانەی نووسراوە، لەلایەن ئەو کەسانەوە نووسراوە کە سەرمایەداریان خۆش ئەوێت و بە شان و باڵیدا هەڵیانداوە. بەڵام پێویستە گفتووگۆ لەگەڵ ئەوکەسانەشدا بکەی کە ڕەخنەیان لێی هەیە. گوێبیستی قسەی ئەوانەش بی کە دژی سیستەمی سەرمایەدارین. ئەگەر ئەمە نەکەی، ئەوا کەواتە لە هیچ نەگەیشتووی. ئەمە موشکیلەیەکی جدییە و هەر وەک باسم کرد ئێمە تازە سەر دەرئەهێنین لێی. بۆیە تکایە بە دیقەتەوە گوێبگرە و بزانە چی ئەڵێم.

لەسەرەتادا، ئەمەوێ ئەوە بەیان بکەم کە سوشیالیزم لە ئەمریکا زۆر بەخێرایی لە گەڕانەوەدایە. لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا کە سۆشیالیزم کرابووە تابۆ، ئێمە لێرە لە ئەمریکا پێمان وتراوە کە سۆشیالیزم تەنها پەیوەستە بە یەکێتی سۆڤییەت و چینەوە. وە ئەو وڵاتانە ترسناکن و هەڕەشەمان لێ ئەکەن و ئەیانەوێ ئازارمان بدەن. وە ئێمە پێویستە بەرەنگاریان ببینەوە و تووڕەبین لێیان. وە یەکێک لەو ڕیگایانەی کە تووڕەیی و جیاوازی و ناڕەزایەتی خۆمانیان پێ بڵێین، ئەوەیە کە کەمترین شت بزانین دەربارەی ئەو بیروباوەڕ و تیۆرییەی کە ئیدیعای ئەکەن بەکاری ئەهێنن. لەم لێکدانەوە نادروستەدا هەر لۆجیکێک ئەبینی، ئەوە بەخیربێن بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پەنجا ساڵ.

بەڵام بێ گومان لە هەمانکاتدا سوشیالیزم مەوجود بووە. بەڵام خەڵکی ئەمریکا، میدیای ئەمریکا، حکومەتی ئەمریکا و کۆمەڵەی ئەکادیمی ئەمریکا، وایان داناوە کە وجودی نییە. بەڵام بەردەوام هەبووە و مەوجودبووە. بەلام بۆ پەنجا ساڵ نەتوانراوە قسەی لەبارەوە بکرێ. تەنانەت لەو بزووتنەوە ناڕەزایەتیانەی کە لە ناوخۆی ئەمریکادا هەبووە، وەک بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دژی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی، بۆ ئاشتی، دژی ڕەگەزپەرستی، دژی هەڵاواردنی جنسی و …هتد. ئەم بزوتنەوانەش بە وریایییەوە دورخراونەتەوە و خۆیان بە دوورگرتووە لە هەر پەیوەندییەک بە مارکسیزمەوە، بە سۆشیالیزمەوە، بە کۆمۆنیزمەوە. تەنانەت لە کاتێکدا کە بەرپرس و سەرۆکی ئەم ڕێکخراوانە مارکسیست و سۆشیالیستیش بووبێتن، ئەم حەقیقەتەیان شاردۆتەوە.  لەبەرئەوەی ترسناک بووە بۆ کەسانی تر لەو ڕێکخراوانەدا کە ویستویانە ئەوەی ئەیانەوێ بیڵێن لەسەر ئەو موشکیلە کۆمەڵایەتیانەی کە بۆی هاتوونەتە مەیدان بەربەستی بۆ دروست نەکرێ بە بیانووی ئەوەی ڕەخنە لە سیستەمی سەرمایەداری ئەگرن.

ئەم وەزعییەتە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە درێژەی کێشا، تا پایزی ساڵی 2011. تا کاتێک بزووتنەوەیەکی تازە سەریهەڵدا. کە بەردەوام بزووتنەوەی تازە لێرە و لەوێ گەشە ئەکات و سەردەردێنێ. ئەم بزوتنەوەیە ناوێکی سەیری هەبوو ” ئۆکیوپای ۆڵ ستریت- داگیرکردنی شەقامی ۆڵ”. وە لەمەش سەیرتر ئەوە بوو کە ئەمە بزوتنەوەیەک بوو کە گەنجان ڕێکیان خستبوو کە زۆر دلێر و شۆڕشگێڕ و هێڕشبەربوون و لە ناوەندی شاری نیویۆرکدا لە پارکێک لە مانهاتن خێمەیان هەڵدابوو. ئەم بزووتنەوەیە وەک ئاگری دارستان پڕیشکی هاویشت و بڵاوبۆوە، کە لەماوەی سێ مانگدا لە 350 شاری ئەمریکادا گەنجان هەمان کاریان دووبارەکردەوە. ئەوەی لەم بزووتنەوەیەدا خاڵی زۆر بەهێز بوو، ئەوە بوو کە ڕەخنەیان لە کەپیتالیزم نەشاردەوە و ئەمانە کارێکیان کرد کە هیچ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا نەیوێرابوو بیکات لە ئەمریکادا. شیعاری سەرەکیان بریتی بوو لە 1٪ بەرانبەر 99٪. کە ڕەخنەکەیان هێندە بە سادەیی و کارامەیی بەیان کرد لە دژی سەرمایەداری، تەنانەت سەرۆکی ئەمریکاش لە پاش دوومانگ ناچار بوو هەمان شیعار لە وتاری خۆیدا بەکاربهێنێ. ڕەخنەیان لە ئیقتسادی سیستەمی سەرمایەداری ئەوە بوو کە ئەم سیستەمە کۆمەڵگا دابەشدەکات بە 1٪ کە دەسەڵات و سەروەتی زۆی هەیە، وە لە بەرانبەریشدا 99٪ کە هیچیانی نییە یان بەشێکی زۆر کەم لە هەردووکیانی هەیە. ئەم بزووتنەوەیە زۆر درێژەی نەکێشا، بەڵام ئەمە پێویستە کەس تووشی سەرسوڕمان نەکات. بزووتنەوەی لەم جۆرە هەڵئەتۆقێ و هەوڵئەدا جێ پێی خۆی بگرێ و زۆر جار لە هەنگاوی یەکەمدا سەرکەوتوو نابێت.

ئیستا نزیک بە چوار ساڵ دوای ئەم بزوتنەوەیە، چاپتەری دووەم دەستی پیکردووە و ئەیبینین. کە دیاردەی بێرنی ساندەرسە (کاندیدی حیزبی دیموکرات بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا). ئایا وا نییە؟ کە ملیۆنان ملیۆن لە خەڵکی ئەمریکا گوێ نادات بەوەی کە ئەم کابرایە وشەی سۆشیالیستی بەدواوەیە. وە ئەتوانێ خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکایەتی. نزیک بە نۆ مانگ پێش ئێستا ئەندامێکی زۆر باڵای حیزبی دیموکرات وتووێژی لەگەڵ کردم. لەو گفتووگۆیەدا ئەو خانمە پێی وتم ئێمە نیگەرانین لە بەرەوپێشچوونەکانی بێرنی ساندەر. پێم وت، بەڕاستە؟ بۆچی؟ وتی حیسابمانکردوە کە ئەو ئەتوانی 1٪ بۆ 3٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێ لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکاندا. وتم جا بۆ نیگەرانن بەوە؟ وتی لە هەندێ ویلایەتدا ئەگەر ئەوەندە بەدەست بهێنێ و دواتر ئەوانەی دەنگیانداوە بە ئەو دەنگ نەدەنەوە بە خانم کلینتۆن، ئەوا لەو ویلایەتانەدا ئێمە ئەیدۆڕێنین، چونکە دەنگەکانی دیموکرات و کۆمارییەکان نزیکن لەیەکەوە. بزانە، ئەوەی کە حیزبی دیموکرات وای دانابوو کە بێرنی ساندەرس کاندیدێکی لاوەکییە و ناتوانێ هیچ بکات و بێ تەئسیرە، بەڵام ئێستا کە گۆڕاوە بە هەڕەشەیەکی گەورە و ملیۆنان لە خەڵکی ئەمریکا دەنگی پێ ئەدەن. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە حیزبی دیموکرات چەندە دوورە لە خەڵکەوە و چەندە نائاگایە لەوەی کە خەڵکی ئەمریکا چی ئەوێ.

بۆیە سۆشیالیزم لە گەڕانەوەدایە. سۆشیالیزم ئەگەڕێتەوە بە تۆکمەیی و گەورەتر لەوەی زۆر کەس تەوەقوع ئەکات. چەوسانەوە هەر ئەمێنێ تا هۆکاری چەوسانەوە باقی بێت. چەوسانەوە بەوە کۆتایی نایەت کە تۆ وایدائەنێی نایبینی.

بەڵێ، سۆشیالیزم لە گەڕانەوەدایە. ڕێگەم بدەن باسی تەجرەبە و هەنگاوێکی تری شەخسی بکەم. من لە کۆتایی ساڵی 2008 ەوە خانەنشین بوومە. بەڵام ئێستا زۆر لەو کاتە سەرقاڵترم کە پرۆفیسۆری ئیکۆنۆمیک بووم لە زانکۆ. ئێستا بەردەوام لە سەفەردام بۆ قسەکردن لەسەر ئەوەی؛ چی هەڵەیە لە کەپیتالیزمدا یان موشکیلەی کەپیتالیزم چییە؟ من ناتوانم فریای هەموو ئەو داواکاریی و دەعوەتانە بکەوم لە ویلایەتە جیاجیاکانی ئەمریکاوە کە داوام لێدەکەن لەسەر ئەم مەسەلەیە قسە بکەم. بەهۆی کەمی کاتەوە دام ناوە لە مانگێکدا تەنها سێ سەفەر بکەم. من ئێستا ناوی ئەو شوێنانەتان بۆ ئەڵێم کە لە چوار مانگی ڕابردوودا قسەم تیایدا کردووە. وە تەنها ناوی ئەو شوێنانە ئەهێنم کە زیاتر لە 300 کەس تیایدا بەشداربووە. کە ئەمانە هەندێکیانە (تامپە فلۆریدا، سەن پیتەرسبێرگ فلۆریدا، یوستن تەکساس، ئەیمس ئایاوا، سیاتڵ و بیڵنگهام لە واشنتن، لۆس ئەنجلیس، سانفرانسیسکۆ، بێرکڵی، فرێزنۆ، بۆستن، سیریکیوز، وە ئیسیکە). ئەمە تەنها مشتێکە لە خەرواری ئەو داواکارییە زۆرەی لێم دەکرێ بۆ قسەکردن لەسەر ئەم مەسەلەیە. ئەمەتان بۆ باس ئەکەم تا مەعلوماتێک وەرگرن کە چی ئەگوزەرێ لە ئەمریکادا. لەم سەفەر و کۆبونەوانەدا بەردەوام داوام لێکراوە باسی ئەوە بکەم کە مشکیلە و هەڵە لە سیستەمی سەرمایەداریدا چییە؟ (وەتز ڕۆنگ وز کەپیتالیام؟)

ئەمە هەرگیز پێشتر لە ژیانمدا ڕووی نەداوە. گۆڕانکارییەکی بنچیینەیی ڕویداوە و بەڕێوەیە لە ئەمریکادا. هۆکاری ئەوەی کە باسی ئەمەتان بۆ ئەکەم، چونکە ڕەنگە ئێوە هەستان پێ نەکردبێ لێرە. ئەمە خەتای هیچ کەس نییە، شتەکان ئاوایە، لەهەموو شوێنێک وەک یەک گەشە ناکات. بەڵام پێویستە ئاگاداربکرێنەوە و بیبیستن لە لایەن کەسێکی وەک منەوە کە ئەم شتانە ئەگوزەرێ لە ئەمریکادا. من لە مانهاتن ئەژیم، ڕۆژانە جارێک یان دوو جار سەیارەیەکی لیمۆزین دێت بەدوامدا و لەبەردەم ماڵەکەم هەڵم ئەگرێ. دراوسێکانم ڕەنگە وابزانن من کەسێکی زۆر گرنگم. من ئەبەن بۆ یەکێک لە ستیۆدیۆکانی تیڤی بۆ چاوپێکەوتن، کە بەم ڕێگەیە ئەتوانم بۆ ملیۆنان کەس قسە بکەم. لەم چاوپێکەوتنانەدا زۆربەی کات پرسیاری ئەوەم لێدەکەن کە پێمان بڵێ (وەتس ڕۆنگ وز کەپیتالیزم) موشکیلەی سەرمایەداری چییە؟ زۆربەی کاتەکان ئەمە ئەو پرسیارەیە کە ئەوان لێم دەکەن. بەڵام لە چاوپێکەوتنم لەگەڵ بیڵ ماهر لە بەرنامەکەی (لەیت نایت شۆ) کە دڵنیام هەندێ لە ئێوە بینەری ئەو بەرنامەیەن. لەو چاوپێکەوتنەدا، مارکسیزم ئەو بابەتە بوو کە ئەو نەک من، هەڵیبژاردبوو بۆ گفتووگۆ. لەو بەرنامەیەدا باسی مارکسیزممان کرد و وەڵامی پرسیارەکانیم دایەوە بۆ بینەرەکانی کە 10 ملیۆن کەسە یان زیاتر. باشترین چاوپێکەوتن کە لە دوو بۆ سێ ساڵی ڕابردوو کردبێتم، لەگەڵ بیڵ ماهیر بووە کە سێ بەرنامەی درێژم لەگەڵدا کردووە. وەهەروەها چاوپێکەوتنم لەگەڵ کریس هەیز و …هتد کردووە. ئەمە ئەو شتانەیە کە هەرگیز پێشتر ڕووینەداوە لە ئەمریکادا. چونکە ئەو کەسەی کە دژی کەپیتالیزمە، کە من ئەو کەسەم. کەسێک کە بەرهەمەکان و خەباتی کارڵ مارکس بەرز ئەنرخێنێ و ئیلهامی لێ وەرئەگرێ، کە من ئەو کەسەم. بۆیە ئاگاداربە کە بە دایک و باوکت نەڵێی کە هاتووی بۆ ئەم کۆڕە، چونکە ڕەنگە توورەیان بکەی! (بە پێکەنینەوە ئەڵێ) هیوادارم من هەڵەبم و گاڵتە بکەم (پێکەنینی ئامادەبوون).

با بزانین سۆشیالیزم چی لێهات، لە کاتێکدا لێرە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا سەرکوتکرا و کرایە سووڕی سڕبوونەوە. بە پێچەوانەوە لە وڵاتانی تر خەفە نەکرا و بزووتنەوەیەکی ئامادە و زیندوە. هیچ وڵاتێک لەسەر گۆی ئەم زەوییە نییە کە ڕێکخراوێکی سۆشیالیستی یان حیزبێکی سۆشیالیستی یان نەقابەی کرێکاری سۆشیالیستی یان سۆشیالیست یونەڤێرستی دیپارتمێتی تیادا نەنێت، یان هەر شتێکی تر تۆ ئەتوانی ناویبهێنی. ئەم بزوتنەوەیە بە گەورەیی و خێرایی بڵاوبۆتەوە. وە تاکە تیۆری و ئایدیۆلۆجی بنچینەیی ئەم بزووتنەوەیە لە ئاستی دنیادا مارکسیزم بووە. واتە ئەو بیروباوەڕەی کە لە کارل مارکسەوە هاتووە، کە ڕەخنەی لە ئیقتسادی سەرمایەداری گرتووە. هەر وەک ئادەم سمیس و دەیڤید ڕیکاردۆ کە ئەمان بە پێچەوانەوە بە شان و باڵی سەرمایەداریدا هەڵیانداوە و سەرمایەداریان خۆشویستووە.

بیرت نەچێ کە کارل مارکس تەنها 150 ساڵ لەمەو پێش مردووە، کە بە پێوانەی مێژوویی کاتێکی زۆر کەمە. بەڵام لەم ماوەیەدا، لەو کاتەوەی کە ئەو مردووە لە سەدەی نۆزدەدا، بیروباوەڕەکەی بە هەموو دنیادا بڵاوبۆتەوە. بۆ ناو هەموو کەلتوورێک لەم دنیایەدا. بۆیە بیروباوەر لەسەر مارکسیزم، لێکدانەوە و شیکردنەوەی مارکسیزم، تەنانەت پێناسەی سۆشیالیزم زۆر هەمەجۆرە. سۆشیالیزم توراسێکی گەورە و بەربڵاو و هەمەجۆرە کە ڕەخنەی لە سەرمایەداری هەیە. سۆشیالیزم مۆدیلێکی ترە، ئەڵێ ئەتوانین باشتر بکەین لە سەرمایەداری، بەڵام ئەوەی چۆن باشتر ئەکەین، تەرکیز لەسەرچی ئەکەین، بەچی ڕێگەیەک وە چۆن و بەچی ڕیزبەستنێک. خەڵک لەسەر ئەمانە جیاوازیان هەیە.

بۆیە لەبیرت بێت، ئەگەر وتارێک یان کتێبێکت خوێندەوە لەسەری نووسرابوو (زە سۆشیالیست ڤیو یان زە مارکسیست ڤیو) ئەوە کتێبەکە دابنێ، چونکە گەمژەیەک کتێبەکەی نووسیوە. نابێت بنووسێ (زە). کەسێک ئاوا بڵێ یان زانیاری نییە، یان مەبەستێکی تری هەیە کەبەم شێوەیە ئەنووسێ. پێویستە باوەڕت وابێت کە شێوەی جیاواز و بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر سۆشیالیزم. تۆ ئازادی کامەیان هەڵئەبژێری و قسەی لەسەر ئەکەی، یان حەزت لە کامیانە یان ڕەخنە لە کامیان ئەگری. بەڵام نابێت وا دابنێی کە ئەوەی تۆ تەنها بۆچوونە. بۆ نموونە ئەمە وەک ئەوە وایە کە ئەگەر من کۆرسێک دابنێم لەسەر ئاین، وە لەو کۆرسەدا لە ڕۆژی یەکەمەوە تا کۆتایی دەربارەی ئاینی (بەهایی) بێت. ئەگەر تۆ وادابنێی کە ئەمە هەموو شتێکە دەربارەی ئاین. ئەگەر بەم جۆرە بکەی، ئەوا ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە تۆ یان ساویلکەی یان کەسێک پارەی داوەتێی بۆ مەبەستێکی تایبەت کە ئاوا بەو جۆرە قسە بکەی.

سۆشیالیزم خاوەنی فەرهەنگێکی گەورەی هەمەجۆرە. بۆیە هەندێجار تەم و مژاوی دەرئەکەوێ، چونکە خەڵک بەم جۆرە هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕەخنە ئەکات و بە ئاسانی وەری ناگرێ. ڕەنگە سەرنجتدابێ تەنانەت لە ژیانی تایبەتی خۆشتدا کاتێک هاوڕێیەکت ڕەخنەت لێ ئەگرێ، ئەگەر هێشتا تەواو ئامادە نەبی بۆی، ئەوا ناتەوێت گوێبیستی بیت و بەباشی وەریناگری. بەهەمانجۆر ئەمە لە کۆمەڵگاشدا هەر وایە.

هەموو ئەو سیستەمە ئیقتیسادیانەی کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەسەر گۆی زەوی مەوجود بووە، تۆ ناویان بهێنە کۆیلایەتی، دەرەبەگایەتی، بەردەوام خەڵک هەبووە خۆشیویستووە و خەڵک هەبووە ڕەخنەی لێ هەبووە و دژی بووە. سەرمایەداریش بەهەمانجۆر. لە ڕاستیدا ئەوەی کە تۆ نەتزانیوە، یان نەتبیستووە دەربارەی، یان کەس ئاشنای نەکردووی بەمە.  ئەمە مانای ئەوە نییە کە ڕەخنە لە سەرمایەداری و دژایەتیکردنی مەوجود نەبووە.

سۆشیالیزم بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و گەشەیکردووە. لە دەورانی ڕابردوودا دووجۆر شێوازی تایبەتی سۆشیالیزم باڵادەستبووە. کە شێوازیی تریش زۆرە و تەنها ئەم دوو شێوازە نەبووە. بەڵام ئەم دوو شێوازە بەهۆی هۆکاری مێژوویییەوەیە کە بەربڵاو و باڵادەست بوونە. ڕێگەم بدەن وەسفی کەم بۆتان، دڵنیام ئاشنان پێیان.

بیروباوەڕی یەکەم؛ ئەوەیە کە سۆشیالیزم بریتییە لەوەی کە واز لە خاوەندارێتی تایبەتی، بزنسی تایبەتی بهێنی و بە خاوەندارێتی دەوڵەتی و بزنسی سەربە حکومەت جێی بگریتەوە. یانی ئەمە بیروباوەڕێکە کە ئەڵێ سۆشیالیزم و کەپیتالیزم لەیەک جیاوازن بەوەی کە لە سەرمایەداریدا خاوەندارێتی تایبەتی پرۆسەی بەرهەمهێنان و بزنس بەڕێوەئەبات و لە سۆشیالیزمدا حکومەت ئەم کارە ئەکات. کە لەم بیرکردنەوەیەدا هەموو شتێک دەربارەی حکومەتە. حکومەت دێ کۆنترۆڵی هەموو شتێک ئەکات و بەرهەمهێنان ڕێکئەخات. ئەگەر ئەم شێوازە ئەوەیە کە تۆ ئاشنای پێی. ئەوا ڕێگەم بدە ئامۆژگارییەکی بچوکت بکەم. ئەگەر هەرچی کتێب و نووسینەکانی مارکسە بگەڕێی، ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژ و بە قووڵی هەرچی کارەکانی مارکسە بەسەربکەیتەوە، تەنانەت وشەیەکیش نادۆزیتەوە لەسەر ئەمە. مەشغەڵەی ئەو، حکومەت نەبوو. ئەو هەرگیز مەقالەیەک یان کتێبێکی نەنووسیوە لەسەر حکومەت، ئەمە شتێکی لاوەکی بوو بۆ ئەو، ئەو شتی تر مەشغەڵەی بوو. هەروەها جیاوازی نێوان خاوەندارێتی (ئینتەرپرایزی) تایبەتی و خاوەندارێتی دەوڵەتیش، مەشغەڵەی ئەو نەبوو. ئەمانە هیچی پەیوەندی بە دیدگا و پرۆژەیەک کە ئەو باسی کردوە نییە.

ڕێگەی دووەم بۆ پێناسەکردنی سۆشیالیزم لە سەدەی نۆزدە و بیستدا؛ بەم ڕێگەیەی خوارەوە بووە. لە جیاتی بازار، لە جیاتی ئەوەی ڕێگەبدەی بازاڕ بڕیاربدا کە بەرهەمهێنان (کاڵا و خزمەتگوزاری) چۆن دابەش ئەکات، لەجێگەی ئەمە لە ڕێگەی سەنتەری پلاندانانی حکومەتەوە ئەکرێ، واتە لە حکومەتدا کەسانێک هەیە پلان دائەنێن کە هەر کەسەو چی بەرئەکەوێ. یان ئەتوانین بەشێوەیەکی تر باسی بکەین بەمجۆرە؛ سەرمایەداری بازاڕە، کە بەم ڕێگەیە دابەشی ئەکات وە سۆشیالیزم، پلاندانانە.

باشە، یانی ئێستا ڕوونبۆتەوە و سادە و ئاسانە بۆ ئەوەی لێک تێبگەین، کاپیتالیزم واتە خاوەندارێتی تایبەتی و بازاڕ، وە سۆشیالیزم واتە خاوەندارێتی دەوڵەتی و پلاندانانی حکومەت. وە ئەتوانین بڵێین کە یەکێتی سۆڤییەت و چین هەوڵیاندا بە ڕێگەی خۆیان کە ئەم پرۆجێکتە ببەنەپێشەوە. شۆڕشیان بەرپا کرد، 1917 لە ڕوسیا و 1949 لە چین. کە خاوەندارێتی تایبەتیان گواستەوە بۆ خاوەندارێتی دەوڵەتی. وە جێگەی بازاڕیان بە پلاندانانی حکومەت گرتەوە. لە ڕاستیدا ئەم شێوازە، ئەو ڕێگە بەربڵاوە بووە کە سۆشیالیزمی پێ ناسراوە.

ڕێگەم بدەن تۆزێک باسی ئەمە بکەم؛ ئەم تەجرەبانە ڕێک بە خواستی ئەوانەی شۆڕشیان کرد و هیوایان بۆ خواست نەچووە پێشەوە و نەهاتەدی. ئایا ئەمە مانای وایە کە ئەم تەجرەبانە هەمووی شکستخواردوو بوون؟ بێ گومان نەخێر. ڕەنگە هەندێ لە ئێوە بەمجۆرە بیربکاتەوە، بەڵام ئەزانم مێشکە زیرەکەکانتان باشتر ئەزانێ کە وانییە. چی سەرکەوتوو بوو لە یەکێتی سۆڤییەت و چیندا؟ یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیان ئەوە بوو کە کۆتاییان بەوە هێنا کە ڕوسیا لە 1917 دا، وە چین بە دڵنیاییەوە لە 1949دا یەکێک لە هەژارترین و دواکەوتووترین وڵاتانی دنیا بوون. تۆ هەرچییەک بخوێنێتەوە لەسەر ڕوسیا پێش 1917 بۆت دەرئەکەوێ کە یەکێک هەژارترین و موتەخەلیفترین وڵاتی سەر گۆی زەوی بوو. وە هەمان شت ڕاستە بۆ چینیش لە پێش 1949دا. لە ساڵانی دوای شۆڕشدا دوو شت ڕوویاندا لەو دوو وڵاتە. گەورەترین گەشە و پێشکەوتنی پیشەسازیان بەخۆیانەوە بینی کە تا ئەو کاتە لە هیچ وڵاتێکی سەرمایەداریدا بەوجۆرە ڕووینەدابوو. کە ئێستا تەواوبووە لە ڕوسیا، بەس هێشتا تەواونەبووە لە چیندا. بۆ ئەوانەتان کە زانیاریتان هەیە لەسەر ئەمە، ئاگادارن کە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە ڕێکۆری گەشەی ئابووری وڵاتان بڵاوئەکاتەوە، کە لە 25 ساڵی ڕابردوودا یەکەم وڵات بۆ گەشەی ئابووری، کۆماری گەلی چین بووە. بۆیە ئەگەر ئەتەوێ گەشەی خێرای پێشکەوتنی ئابووری بکەی، ئەوا بە دڵنیاییەوە، شۆڕشی سۆشیالیستی، واتە ڕێگەیەک کە ڕوسیا و چین گرتیانە بەر، ڕێگەیەکی زۆر گونجاوە بۆ ئەو مەبەستە. بۆ هەندێ لە ئێوە کە ئەیانەوێ ڕەخنە لەو کۆمەڵگایانە بگرن، ئەوا پیویستە ئاگاداربن کە چۆن ڕەخنە ئەگرن، دەنا خۆت ئەکەیتە گێژاوێکی پڕ ناکۆکییەوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەوان جیهانێکی سۆشیالیستیان دامەزراند کە جێگەی ڕەزامەندی ڕابەرەکانیان بووبێت؟ بێگومان نەخێر.

یەکێک لەو شتانەی لەو تەجرەبەیەدا دۆزرایەوە ئەوەیە کە ئەگەر دەسەڵاتی پێویست بدەی بە حکومەت بۆ ئەنجامدانی گەشەی خێرای لەم جۆرە، وە دەسەڵاتی پیویستی ئەوەی بەیتێ کە جێگەی بازاڕ بگرێتەوە بە پلانەکانی خۆی. ئەوا دەرئەکەوێ کە تۆ حکومەتێکت هەیە کە دەسەڵاتی ڕەهای هەیە کە ئەبێتە هۆی سەرچاوەی مشکیلەی تر، کە هەمان ئەو دەسەڵاتە لە هەموو شوێنێکیتری کۆمەڵگادا بەکارئەهێنێ. ئەم کارە لەو دوو کۆمەڵگایەدا (ڕوسیا و چین) بە باشی نەهاتەدی.

کەواتە ئێستا چی؟ سۆشیالیستەکان ڕووبەڕووی شتێک بوونەتەوە، کە پێناسە و تەجرەبەی نادرووستی سۆسیالیزمە. پێناسەی شۆشیالیزم بەو جۆرەی کە کراوە و گوایە خاوەندارێتی دەوڵەتی و پلاندانانە، لە بەرانبەر کەپیتالیزمدا کە خاوەندارێتی تایبەتی و بازاڕە. بۆیە  سۆشیالیستەکان ڕەخنەیان دەربڕی لەو جۆرە سۆشیالیزمە نادەقیقەی کە بەم جۆرە تەرجەمە و پێناسەکرابوو. بۆیە هەروەک چۆن کاتێک کەسێک ڕەخنەی لە شتێک هەیە، ئەڵێن با بگەڕیینەوە بۆ سەرچاوەی بیروباوەڕەکە، بۆ بنچینەی بیروباوەڕەکە. با بیدۆزینەوە بزانین لە کوێدا هەڵە کراوە و بە نادرووستی تەرجەمەکراوە. وە لە کوێدا پیویستە کە بیگۆڕین و پرسیاری لەسەر دابنێین. کە لە نزیک بە 25 ساڵی ڕابردوودا سۆشیالیستەکان و مارکسیستەکان و کۆمۆنیستەکان ئەم کارەیان کردووە. وە ئەوەی کە ئێستا من بۆتان باس ئەکەم ڕاپۆرتێکە لەسەر ئەوەی کە چی ڕوویدا و ئێستا چی ڕووئەدا و لە داهاتوودا بەرەوکوێ. بەڵام پێش ئەوەی ئەمە بکەم، ڕێگەم بدەن لەوە دڵنیاببمەوە و بە کورتی دووبارەی بکەمەوە کە ئایا ئێمە هەموومان پێکەوە لامان ڕۆشنە کە باسی چی ئەکەین. ئایا من ئەڵێم تەجرەبەی بنیاتنانی سۆشیالیزم کە لە وڵاتانی یەکێتی سۆڤییەت و چین و ڤێتنام و ئەوروپای شەرقی و کوبا و …هتد، ئێستا خراوەتە لاوە و باسی ئەڵتەرناتیڤێکی جیا لەمانە ئەکەم؟ ئایا باسی ئەو دەرسانە ئەکەین کە لەو تەجرەبانەدا ڕوویداوە و فێربین لێیەوە و بزانین چی باشە بیکەین و چی خراپە دووبارەی نەکەینەوە؟ بەڵێ، ئەمە بەتەواوی ئەوەیە کە من ئەیڵێم. وە ئایا ئێستا ئاڕاستەیەکی نوێ گیراوەتە بەر، بەڵێ من ئەوە ئەڵێم.

لێرەدا پێویستە ئەوە بڵێم کە ئەگەر پێت وایە کە ئەم بۆچوون و ڕەخنەیە جێگەی پرسیارە. ئەوا ڕێگەم بدە ئەوەت بیربخەمەوە و پێت بڵێم کە سەرمایەداریش لە سەرەتای هاتنیدا بە هەمان چەشنی سۆشیالیزم بە تەجرەبەی ئاوادا ڕۆیشتووە، ڕێک لە چەشنی ئەمەی لە ڕوسیا و چیندا ڕوویداوە. سیستەمی ئیقتیسادی سەرمایەداریش بە یەکجار و لە پڕێکدا و بە پێرفێکتی لە دایک نەبووە. بەڵکو لە پاش چەندین هەوڵدان و تاقیکردنەوە جا بەمەی ئێستا گەیشتووە. کە هەندێجار هەوڵەکانیان سەرکەوتوو بووە و هەندێ جار شکستی هێناوە و ڕەخنەیان لێی گرتووە و دەرسی لێوە فێربوون و ڕێگەیەکی تریان گرتۆتەبەر. بۆ سەرمایەداریش کە ئێستا بووە بەم سیستەمەی کە دنیای داگیرکردووە، لە سەرەتایدا بە هەمانجۆر هەوڵیانداوە و هەڵەیان کردووە، تەجرەبەیان کردووە و دەرسیان لێ وەرگرتووە تا هەلومەرجی بۆ لەباربووە و گەیشتووە بەم سیستەمە جیهانییەی ئێستا.

بۆیە کەواتە دۆزینەوەی ئەوەی کە تاقیکردنەوەکانی پێشووی سۆشیالیزم لە سۆڤێت و چین و شوێنەکانی تر، سەرکەوتو نەبوو، وە هەموو مشکیلەکانی چارەسەرنەکردوو و ڕاست دەرنەچووە، کارێکە کە پێویستە چاوەڕوانکراوبێت بۆ هەریەک لە ئێوە. نەک پێت وابێت کە ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە سۆشیالیزم گونجاو نییە و پراکتیکەڵ نییە. چونکە ئەگەر ئەمە بۆچوونت بێت، ئەوە لە باری مێژوویییەوە بۆچوون و ئەنجامگیرییەکی زۆر نادروستە، لە کاتێکدا ئەزانین کە هەموو سیستەمەکانی تر چۆن هاتوون و ڕۆیشتوون.

Leave A Reply

Your email address will not be published.