بۆپێشەوە پێی نایە ساڵی چوارهەمەوە!

0

بۆپێشەوە

پێی نایە ساڵی چوارهەمەوە!

ئەمرۆ بەرواری ١/٤/٢٠٢٠ بۆپێشەوە، پێ نایە ساڵی چوارەمەوە و سێ ساڵی رابردووی پشت سەر نا. لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بۆپێشەوە وەکو سەکۆیەکی کۆمۆنیستی و چەپ و ئازادیخواز، بە هەوڵی ماندوونەناسانەی ژمارەیەک هاوڕێی کۆمۆنیست و چەپ و ئازادیخواز، توانی سەرکەوتوانە پابەندی پەیامی ڕاگەیەنراوی خۆی بێت. دەتوانین بڵێین بۆپێشەوە تاکە بڵاوکراوەی چەپ و کرێکاریی و کۆمۆنیستییە لەکۆمەڵگەی کوردستاندا، کە لەکاتی خۆیدا و بەڕێک و پێکی دەردەچێت، تاکە بڵاوکراوەی چەپ و کۆمۆمۆنیستییە، کە نابێتە پاشکۆی ڕووداوەکان و لەکاتی خۆیدا لەدیدی کۆمۆنیستی و چەپەوە خەتی رۆشنی خۆی بەیان دەکات، تاکە بڵاوکراوەی چەپ و کۆمۆنیستییە کە لەسەر پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەو ڕوداوەکانی دێتە دەنگ. وە هەمیشەش دەرگای واڵاکردووە بۆ هەر ڕەخنەو سەرنج و پیشنیارێک لەڕاستای بەهێزکردن و بەرەوپیشەوە بردنیدا…

 لەسێ ساڵی رابردوودا بۆپێشەوە ٧١ ژمارە و چەندین پاشکۆ و ژمارەی تایبەتی لە پەیوەند بە بۆنە کرێکاریی و جەماوەری و پێشکەوتنخوازەکان و نارەزایەتییە جەماوەرییەکان، لە کاتی خۆیدا لێ دەرچووە… هاوکات سەکۆیەکی ئازاد بووە بۆ هەموو نووسەر و قەڵەمێکی کۆمۆنیست و چەپ و ئازادیخواز، بێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامەی حزبی و ڕیکخراوەیی… بۆتە زمان حاڵی زوربەی کەسایەتی و هەڵسوڕاوە سیاسی و چەپ و کۆمۆنیستەکان، بۆتە سەکۆی زوربەی هەرەزۆری ژنانی چالاکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، بۆتە بڵندگۆی زوربەی رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و کەسانی دیاری بۆنە کرێکاریی و رادیکاڵەکان، دەگای واڵا بوو بۆ هونەرمەندو ئەدیبانی کۆمۆنیست و پێشکەوتنخواز، دەیان بابەتی وەرگێردراوی مارکسیستی و کۆمۆنیستی، تیا بڵاوبۆتەوە… بەشێکی زۆر لە هەواڵی نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەریەکانی کوردستان و عێراق و ناوچەکەی لەخۆ گرتووە، ئامارەکانی توندوتیژی دژ بەژنان تۆمارکردوە، چەندین گۆشەو تەوەرەی جیگیر کردووە… دەیان و سەدان دیمانە و گفتوگۆی لەگەڵ رابەرانی کرێکاریی و جەماوەری و کەسایەتی سیاسی چالاک، ئەدیب و هونەرمەندان ئەنجامداوە،دەیان دۆسیەی لەسەر پرسە سیاسی و گرنگەکان کردۆتەوە، دەیان و سەدان وتاری سیاسی و فکری و رێنیشاندەری لە دیدی کۆمۆمۆنیستی چەپەوە بڵاوکردۆتەوە.

لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا تا هاتووە بۆپێشەوە، ڕەوتێکی روو لەسەری بڕیووە خوێنەرانی بۆ دەیان هەزار هەڵکشاوە، توانیویەتی رایەڵەی پەیوەندیەکی زیندو لەگەڵ دەیان لە رابەرانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو رابەرانی کرێکاریی و هەڵسوراوانی بزوتنەوەی نارەزایەتی و ژنانی تێکۆشەری… بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و ئەدیب و هونەرمەندانی چەپ و کۆمۆنیست و ئازادیخواز و کەسایەتییە چەپ و کۆمۆنیستەکان دروست بکات…

دوای سێ ساڵ بەسەر کاری بۆپێشەوەدا، سەرباری ئەو پێشڕەویانەو ئەو متمانەیە بەدەستی هێناوە، ئێستا لەسەرەتای ساڵی چوارەمیدا، هەوڵمان ئەوەیە ئەم رەوتی بەرەوپیشەوە چوونە خێراتر بکەین، لەباری فۆرم و ناوەرۆکەوە پەرەی پێبدەین، پەیوەندیەکانمان فراوانتر و گۆشەکانمان جیگیر تر و دۆسیەکانی زیاتر و بە ناوەرۆکێکی تیژترەو دریژە بە کارەکانمان بدەین…

بۆپێشەوە، پرۆژەی تایبەتی هیچ کەسێک و ستافەکەی نییە، هەر هی هاوکارەکان و خاوەن گۆشەکان نییە، بۆپێشەوە پرۆژەی میدیاییەکی کۆمۆنیستی و کرێکاریی و پێشکەوتنخوازە، کە دەیەوێت ببیتە سەکۆیەکی کارا بۆ بەرەوپیش بردنی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاریی و رەوتی پیشکەوتنخوازی کۆمەڵگە… دەیەوێت نەک هەر کاریگەری ئەرینی لەسەر جوڵانەوەی چەپ و کۆمۆنیستی دابنێت، بەڵکو دەیەوێت لە راستای هوشیارکردنەوەو رێکخراوکردنی چینی کرێکار و بێبەشاندا، رۆڵی گۆرانکاری لە پێناو دنیایەکی باشتردا بگێرێت. دەیەوێت جەنگی بیرورای زاڵی کۆمەڵگە کە بیرورای زاڵی دەسەڵات وچینی باڵادەستە بکات. بیرورای زاڵ، کە لەڕیگای دەیان کەناڵی ئاسمانی و ناوخۆیی، دەیان و سەدان گۆڤارو هەفتەنامەو رۆژنامەو بڵاوکراوە، دەیان رادیۆ و دەیان هەزار نووسەری دەربار و موچەخۆری دەسەڵات و پاریزەری سەرمایە و سۆسیال میدیاوە ئاراستە دەکرێت، بۆ ئەوەیە رەوایەتی بە نیزامی زاڵمانەی دیلهینەری سەرمایەداری بدەن، ململانێ و ناکۆکی چینایەتی، دابپۆشن. هەڵاوردن و بێمافی بشارنەوە، دوبەرەکی دروست بکەن و لەزاڵکردنی کەشێکی تەڵغاویدا، بینینی راستیەکان سەخت بکەن، ئیرادەی ئینسانەکان تێک بشکێنن،…تاد، بۆپێشەوە دەیەوێت بەو توانایەی هەیەتی، هێز بەخش و سەکۆی بەخشینەوەی راستیە مادیی و کۆمەڵایەتییە واقعیەکان بێت، نیشاندانی دیوە شاراوەکانی ئاوس بە سەرلێشیواندن و لینگەو قوچ کردنەوەی واقعیەتە مادییەکان بێت، فاکتەرێک بۆ گۆڕینی جیهانی سەرەوخواری ئێستا بیت.

بۆپێشەوە هێشتا لەسەرەتادایە، پێویستی بە وزەی زیاتر، ئیرادەی زۆتر، قەڵەمی بەبرشت، تیژ و بەرچاو رۆشن و پێویستی بە هێزی فراوانتر هەیە… بۆ سەرخستنی پەیامی بۆپێشەوە، و ئەرکێک کە خستویەتی سەرشانی خۆی، پێویستی بە هاوکاری و بەشداری هەموو قەڵەمە چەپ و کۆمۆنیست و پێشکەوتنخوازەکان، پێویستی بە بوونی هەموو دەنگ و هاوار و بانگەوازی رابەرانی کرێکاری کۆمۆنیست هەیە، پێویستی بەوەیە هەموو هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، هەموو نووسەرانی دژ بە کۆنەپەرستی دینی و رەگەزپەرستی، هەڵاواردن، هەموو هونەرمەند و ئەدیبیكی پێشکەوتنخواز هەیە… تا بتوانێت ڕەوتی ڕوولەپێشی خۆی، بەرەو پێشتر ببات.

ئێمە لەسەرەتاو دەسپێکی ساڵی تازەدا، جارێکی تر بانگەوازی هەموو قەڵەم و دەنگ و توانایی چەپ و کۆمۆنیست و پێشکەوتنخوازەکان دەکەین، لەسەرخستنی ئەم ئەرک و پەیامەدا، لەگەڵمان بن. بۆپێشەوە بڵاوکراوە و میدیا و دەنگی چینی کریکاریی نارازی لە ستەم چەوساندنەوەی چینایەتییە، هاوار و دەنگی “نا” وتنە بەدەسەڵاتی داسەپاوی بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی، بە ڕەوتگەلی دینی و مەزهەبی، بە هەڵاواردن، زوڵم و ستەم و بێمافی، رەگەزپەرستی و کۆنەپەرستی قەومی و دینی و مەزهەبی،… هاوکات سەکۆیەکیشە بە ئاقاری ڕێکخراوکردن ئاسۆدارکردنی خەباتی چینایەتی بە ئاسۆی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی. لەگەڵمان بن… بۆپێشەوە هی خۆتانە و بەرهەمەکەشی دەچێتە خزمەت بە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازادو بەرابەر و تەسەلی خۆش گوزەران.

بۆپێشەوە

Leave A Reply

Your email address will not be published.