مانگی ڕەمەزان مانگی بێکاری و پێشێلکردنی ئازادییەکانە

0

مانگی ڕەمەزان مانگی بێکاری و پێشێلکردنی ئازادییەکانە

ڕۆژ عەزیز

هەوڵ دەدەم لەم بابەتەمدا نەچمە سەر وڵاتانێکی ئیسلامی وەک ئێران ئەفغانستان سعودیە کە لە مانگی ڕەمەزاندا چ دەگوزەرێت، بەڵکو تەنها لەم بابەتەمدا کورتە باسێک دەکەم لەسەر ئازادی لە مانگی رەمەزاندا لە کوردستان و وە کەمێک باسی ژیان وگوزەرانی خەڵک و بێکاری لە ڕادەبەدەر دەکەم لە کوردستان بە تایبەتی لە مانگی رەمەزاندا. لەکوردستانی عێراقدا بەهۆی تاڵانکاری و بردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە،  وە موچە نەدان بە خەڵک وەک نەبوونی یاساو دادگاو حکومەت و پەرلەمان، شیرازەی کۆمەڵگە هەڵوەشاوەتەوە، ئەوەی ماوە تەنها دوو دەسەڵاتی میلیشیاین کە بە زەبری چەک  دوو ناوچەیان بۆ خۆیان قۆرغ کردوە. ئەمەش وای کردوە ئەوەندەی دیکە خەڵکی کوردستان لەوپەری ژیانێکی سەختدا بژین و ئینجا مانگی ڕەمەزانیشی هاتۆتە سەرو ئەوەندەی دیکە ژیانیان قورس بووە. بێکاری زیاتر بەرۆکی خەڵکی گرتووە و بەهەزاران کرێکار لە چایخانەو رێستۆرانتەکاندا بێ کار کراون و رەوانەی ماڵ کراونەوەتەوە، بێ ئەوەی خاوەن کار یان حکومەت قەرەبووی ئەو مانگەیان بۆ بکاتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە فەزای کۆمەڵگە بۆتە فەزای ئیسلامی و هەر کەس لەسەر شەقامەکان خواردن و خواردنەوەو جگەرە بکێشێت  بە ئاشکرا  تانەی لێ دەدەن و ئەو شوێنانەشی کراونەتەوە و دەسەڵاتداران مۆڵەتی کارکردنیان پێداوە پەردەیان پێدا دراوە و دەسەڵاتیش بۆ مۆڵەت پێدانەکەیان  باج لە خاوەن ریستۆرانتەکان و چایخانەکان وەردەگرێت، خواردنیش بەهۆی ئەم باجە زۆرەوە لەو شوێنانەی کراونەتەوە لە مانگی ڕەمەزاندا  کەم کراوەتەوەو وە بەهۆی قەرەباڵغیشەوە بەپێی پێوست خواردنەکان تەندروست و پاک نین و لە زۆربەی شەقامەکانیش شیرینی و خواردنی بەربانگ دادەنرێت و تۆزو خۆڵ لێی دەدات و ئەمەش دەبێتە هۆی پیسی و ڤایرۆساوی و دوا جار نەخۆشیش بەرۆکی خەڵکەکە دەگرێت و چەند قاتیش نرخەکان بەرز دەبنەوە.

بێجگە لەوەی دەسەڵاتداران و ئیسلامی سیاسی لەم مانگەدا ژەهراوی کۆنەپەرستی و دواکەوتویی هەڵدەڕێژن و دەسەڵاتدارانیش لە رۆژنامەو کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بانگەشە بۆ مەزهەب و کۆنەپەرستی ئیسلامی دەکەن و مەلاکان بانگێشت دەکەن لە تی ڤیەکانیانەوە ژەهراوی دواکەوتویی و هەڵڕێژن و دەسەڵاتیش دەچێتە پاڵ ئیسلامی سیاسیەوە لەم مانگەدا، وە لەلایەکی دیکەشەوە هێزە ئیسلامیەکان لەم مانگەدا هێز لە دەوری خۆیان کۆ دەکەنەوە و مەلاکان زیاتر فتواو  هەڕەشەو سوکایەتی دەکەن و مزگەوتەکان جمەیان دێت و حوجرەکان و هەندێک ماڵ لە گەڕەکەکان دەبنە حوجرەو ئیسلامیەکان پۆل پۆل روو دەکەنە ماڵەکان بۆ قورئان خوێندن و مناڵانی خوار تەمەن ١٨ساڵ حیجابیان پێ لەبەر دەکەن و سەرپۆشیان لەسەر دەکەن. شتێکی دیکەش کە خەڵک زۆر بێزار دەکات ئەویش دەهۆڵ کوتانە بە شەو زۆربەی خەڵک کە هەڵناستن بۆ پارشێو ئەسڵەن بەڕۆژوش نابن  بە دەهۆڵ کوتین خەبەریان دەبێتەوە، ئەم دەهۆڵ کوتانە هەم خەڵک بێزار دەکەن کە بەشێک لە خەڵک ماندوەو کاری کردوەو دەیەوێت بەشەو ئیسراحەت بکات، بەڵام موسڵمانەکان بەخاتری دین و رۆژوگرتنەکەی خۆیان کۆمەڵگە هەراسان دەکەن و تەنانەت ئامادەنین لەوە تێبگەن کە کەسانێک هەن نەخۆشن و لەجێگادان، یان پیر و پەکەوتەن یان مناڵن و پێویستیان بە خەو و پشووە.

ئەمە ئەو فەزا ئیسلامیە کە ساڵانە بەناوی رەمەزانەوە دوبارە دەبنەوەو ئیسلامی سیاسی قازانجی لێ دەکات و ئازادی دەخرێتە ژیر پرسیارەوە و بێکاری زیاتر بەرۆکی خەڵک دەگرێت، لەو لاشەوە ئیسلامی سیاسی و خەڵکانی مەزهەبی پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن رەمەزان خێرو بەرەکەتی تێدایەو زەکات دەبەخشنەوە بەسەر خەڵکدا. پرسیارەکە ئەوەیە ئینسانەکان بەزەکات و سەرفترە تێر دەکرێن؟ باشە خەڵکی هەژار بە زەکات ئاسودە دەبن کە لە ١١مانگدا جارێک پێیان دەدرێت. حکومەتی مەزهەبی ئیسلامی سیاسی ناتوانن بە زەکات خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش تێر بکەن و هەژاری بنەبڕ بکەن، بەڵکو مەزهەب و ئیسلامی سیاسی ئینسانەکان بێ ئیرادە دەکەن و یەک مانگی رەبەق بەدیار دوعاو نوێژو رۆژوەوە لەچاوەروانیدا رایان دەگرن و دەسەڵاتی سەرمایەو خەڵکانی چاوچنۆک لەو مانگەدا خواردن جلوبەرگ دوو قات نرخەکانی بەرز دەکەنەوە، وە کە رەمەزانیش کۆتاییهات ئیتر جەژن دەبێتە بۆنەیەکی تری سەپێندراو. جەژن بۆ برا موسوڵمانە لەخواترسەکان بەشیکیان کە کەمایەتیین و دەوڵەمەندن دۆخی گرانی و بێکاریی و برسێتی و هەژاری نازانن چییەو خۆیان و ماڵ و مناڵیان، پۆشتەو پەرداخ و لەو لاشەوە زوربەی خەڵکی نەدارو هەژاری موسڵمان نەدەتوانن جل و پێڵاوی تازەو جوان و نەدەتوانن تەنانەت دەستیان بە خواردنی گۆشت و دڵخوازی خۆیان رابگات. بۆیە لە ڕۆژی جەژندا بە خەمباری بێزاری دادەنیشن و ڕۆژی جەژن بۆ ئەوان ڕۆژێکە کە بەهۆی کەلتورو دابونەریتی کوردی وئیسلامیەوە دەبێت هەموو پێداویستەکانی جەژن بکڕن بە نرخی هەژار بوونی زیاتر و لە ژێر گوشاری کەشی زاڵی کۆمەڵگەدا.

لەکاتێکدا دەسەڵاتی بورجوازی کوردیش موچە وەک خێر دەداتە موچەخۆران و بەبۆنەی جەژنەوە موچە دابەش دەکات گوایە جەژنانەیە، هەموو ئەمانە بۆ فریودانە ئەگینا موچەخۆران مافی خۆیانە موچەکانیان پێبدرێت. دەسەڵاتێک کە خۆی بە حاکمی کۆمەڵگە دەزانێت دەبێت جواب بە پێداویستیەکانی خەڵک بداتەوە و دەبێت خەڵکی کوردستان هەموو رۆژێکیان خۆشی وجەژن بێت، نەک جەژنێکی مەزهەبی سەپێندراو ببێتە رۆژێکی ناخۆش و باری سەرشانیان قورس بکات کە ناتوانن پێداویستیەکانی جەژن دابین بکەن. هەموو ئەم جەژنە مەزهەبیانە جەژنی خەڵکی زەحمەتکێش نین ، بەڵکو جەژنێکە هی ئیسلامی سیاسی ومەزهەب وسەرمایەداریە و لەم جەژنانەشدا هەر ئەوان قازانجی لێ دەکەن. بێجگە لەهەموو ئەوانەی باسمکردن کەسێکیش بەڕۆژو نەبووبێت لە رۆژی جەژندا سوکایەتی پێ دەکەن و تانەی لێ دەدەن گوایە جەژنی ئەو نییە چونکە بەڕۆژو نەبووە. ئێ جەنابی موسڵمان مادام جەژنی ئەو کەسانە نییە باوەریان بە مەزهەب نییە لێیان گەڕێن نە تانەیان لێ بدەن نە سوکایەتیان پێ بکەن و نە پیرۆزباییان لێبکەن بەبۆنەی ئەو رۆژەوە، چونکە کەسانێکی زۆر هەن ئەسلەن باوەریان بەدین نییە، بەڵام موسڵمانەکان لە ڕەمەزان و وە لە رۆژی جەژندا ئیحراجیان دەکەن و ئازادیان پێشێل دەکەن .

نوێژ کردن وبەڕۆژو بوون و باوەر بوون بە  مەزهەب وخوا  دەبێت ببێتە کاری شەخسی ئینسان و هیچ کەس هەقی ئەوەی نییە بەزۆر بیروباوەر بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت و دەبێت کۆنەپەرستی و دواکەوتویی پاشەکشەی پێ بکرێت، ئەرکی هێزە چەپ وکۆمۆنیستەکان و خەڵکی ئازادیخوازە نابێت ڕێگە بدرێت مزگەوتەکان بکرێنە شوێنی فتوادان و هەرەشەو سوکایەتی پێکردن بە خەڵکی غەیرە مەزهەبی و وە نابێت فەزای کۆمەڵگە ببێتە فەزایەکی ئیسلامی کە تێیدا مناڵان بەزۆر حیجابیان پێ لەبەر بکەن و ئیسلامی سیاسیش قازانجی لێ بکات و بەم بۆنەیەوە تیرۆریزم گەشە بکات.  وە دەبێت  گازینۆ و رێستورانەکان بکرێنەوەو بەئازادی کار بکەن و دوکانی مەی فرۆشی  بەئازادی دوکانەکانیان بکەنەوەو مەی فرۆشتن ئازاد بێت و مەی خواردنەوە قەدەغە نەکرێت. ئەرکی کرێکارانە بەتایبەتی ئەو کریکارانەی لەو مانگەدا بێکار دەکرێن بەرۆکی خاوەن کارو دەسەڵات بگرن تا هەقی یەک مانگ بێکاریان بۆ سەرف بکات، ئەم کارەش بە وشیاریی و یەک ڕیزی کریکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بەدی دێت و  دەبیت هەموان لەم پێناوەدا یەک ڕیز بن و خۆیان رێکخراو بکەن رێگە نەدەن مناسەبەتە مەزهەبیەکان بێ کاریان بکات و ماف و ئازادیەکانیان پێشێل بکات…

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.