ماف و ڕەفاهیەت

0

ماف و ڕەفاهیەت

نووسینی زمناکۆ عەزیز

یەکێک لەو دوو دەستەواژە دیارانەی کە بەدرێژایی مێژوو لەناو فەرهەنگ و ئەدەبیاتی ڕەووت و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکاندا بەشێوەیەکی دیار دەرکەوتوون و پانتاییەکی فراوانیان تیایدا داگیرکردوە، هەردوو دەستەواژەی ماف و ڕەفاهیەتن.

سەرەتا، دەستەواژەی ماف لەکاتێکدا بەکاردێت کە ئەوانیتر- تاک یان حکومەت- سنوری ژیان و شیوازی ژیانی ئاسایی تاک یان کۆمەڵگا بەرتەسک بکەنەوە. لێرەوە دەستەواژەی (مافەکانمان) وەک ئاڵایەک و سیمبولی شتێکی دزراو یان وون بوو، بەڕووی ئەو دەسەڵاتدارە بەرزدەکرێنەوە. بەڕێخستنی هەر جوڵانەوەیەک و ناڕەزایەتیەک بۆوەرگرتنەوەی ئەو “ماف“انە، لەباشترین حاڵەتی خۆیدا بۆ داواکردنی “پێدان” یان “گێڕانەوە”ی ئەو مافانە بووە. کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا بەڕەسمی ناسینی ئەوەیە کە مافەکانی من لای کەسانیترەو ئەبێت داوایان لێبکەم کە بۆم بگێڕنەوە، یان بەڕسمی بۆمی بناسن. بەبڕوای من ئەمە سەرەتایەکە بۆ لەناو بردن و کوشتنی ڕۆحیەتی شۆڕشگێڕی لەناخی هەر تاکێکدا و سەرەنجام کۆمەڵگاشدا، هاوکات سەرەتایەکیشە بۆ فەردییەت و ئەنانیەت و “لاموبالات”ی بە کێشەو گرفتەکانی ئەوانیتر. ئەگەر پرسیارەکە بەو شێوەیە بوایە کە “تۆکێیت تا من داوای مافت لێ بکەم؟” یان “مەگەر هەرهەمومان کە هاتووین بۆ ناو ئەم ژیانە بەیەکسانی نەهاتووین؟ ئیتر بۆ ئەبێت ئەمڕۆ تۆ خاوەن ماف و من ماف خوراو بم؟”، ئەوا ئەمڕۆ ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵ و تەنانەت درەختەکانیش بەم شێوەیەی ئێستا نەبوایە.

 ڕەنگە کەسێک بڵێت ئەمڕۆ “واقیع” ئەوەیە کە کەسانێک خاوەن مافن و زۆرێکیتریش ماف خوراو، بۆیە ئەبێت هەمان ئەو ڕێگایە بگرنەبەر و داوای مافەکانیان بکەن. بەڵام ئەمە هەمان ئەو ڕێگایەیە کە لەدێر زەمانەوە گیراوەتە بەر و واشبڕوا تا سەدان ساڵیتر بەردەوام ئەبێت و سەرەنجام ئەم جۆرە خەباتە لە بازنەیەکی داخراودایەو ئەم شێوازەش لەژیان هەرگیز کۆتایی نایەت.

دەسەڵاتداران و بەڕێوەبەرانی سیستەم و بیرمەندانیان، بۆ بەرگرتن بەوەی کە خەڵک بیر لە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی نەکەنەوە، هاوکات بۆ بیرهێنانەوەی ئەوەی کە مافەکان بەتەنیا لای ئەوانەو هەر ئەوانیش ئەتوانن دابینی بکەن، هاتوون و لە مێژوو و جوگرافیای جیاجیادا دەستیان بردوە بۆ هەندێک ئاڵوگۆڕ، کە “ڕەهایی دەسەڵات”یان کۆتایی پێهێناوە و “دەسەڵاتی ڕەها”یان خستۆتە جێگای و بەمەش پنتەکانی دەسەڵات فراوان بوونەتەوە و لەدەیان کونج و کەلەبەرەوە دەسەڵاتیتریان قووت کردونەتەوە. ئەم هەنگاوەشیان بەبێ سوود وەرگرتن لە دەستەواژەی “ماف” مەیسەر نەئەبوو. مۆدێرنەو پۆست مۆدێرنیزم و تەواوی ئەو باسانەی کەدواتر دەربارەی سیاسەت و ئابووری و فەلسەفەو کۆمەڵناسی تادەگاتە عەدالەتی کۆمەلایەتی، بەردی بناغەی ئەم نەزمە نوێیە بوون و سەرەنجام گەیشت بە “دەوڵەتی ڕیفا‌ه”ە.

چاوخشاندنێکی خێرای ئەم ئیدارەیەی کە پێیدەگوترێت (دەوڵەتی ڕیفاه) لە وولاتانی ڕۆژئاوا بەگشتی و ئەوروپا بەتایبەتی، ئاستی داهات و شیوازی ژیان و پەیوەندییەکۆمەڵاتیەکان شاهیدی شکستی ئەم مۆدێلەن. مۆدێلێک کە بەندە بە بازارەوەو بازار چوارچێوەکەی داڕشتوە. قڵشتی چینایەتی زۆر زیاتر کردۆتەوە و خەڵکی دەستکۆتا کردوە لە هەر ئاڵوگۆڕێک کە بەقازانجی زۆربەی کۆمەڵگا بشکێتەوە. گەشەی پیشەسازی و زانست و تەکنۆلۆجیا و فەلەک..هتد، ئەگەر لە لایەکەوە کۆمەکێکیان کردبێت بە باشتر کردنی هەلومەرجی ئێستا، ئەوا لە سەدان لایترەوە هؤکاری لەبەین بردنی هەویەتی ئینسانین. تەنانەت زۆرێک لە لێکدانەوە زانستیەکان وایان لێهاتوە کە دەیانجار پوچتربن لە ڕیوایەتەکانی ناو مەزهەبەکان.

بەکورتی، جیاوازی لە نێوان ئەوەی کە لە ژێر سایەی دەوڵەتی ڕیفاهدا ئەگوزەرێت لەگەڵ ووڵاتانی ڕۆژهەڵاتی یان ئەوەی پێیدەڵێن جیهانی سیهەم ئەوەیە کە، لەوەی یەکەمیان زۆربەی زۆری دانیشتوان کۆیلەی تا ئەندازەیەکی باش سک تێرن، بەڵام ئاسۆیەک بۆ کۆتایی هێنان بە ژیانی کۆیلەییان نیە. بەڵام لەمەی دووهەمدا زۆربەی زۆری دانیشتوان کۆیلەی برسین، بەڵام دەرگای ڕزگاربوون و ڕێگای گەیشتن بە داهاتویەکی باشتر هەمیشە لەسەر پشتە.

بۆیە هەر تیوریزەکردنێک و قۆناغ بەندیەک ئەگەر لەسەر بنچینەی هاوکێشەکانی هاوسەنگی هێزەوە بیەوێ هەنگاو هەڵگرێ، سەرەتا بیەوێ بە هێنانی ئەلگۆی ژیانی ڕۆژئاوایی دەستپێبکات و لەوڕێگەیەوە بەرەو هەڵوەشانەوەی سیستەم و دامەزراندنی ژیانی بێ چین و چەوسانەوە هەنگاو هەڵگرێت، بەدڵنیاییەوە ناتوانێ سەرکەوتووبێت.

سپارتاکۆس لە ١٠٠ساڵ پێس میلادەوە شۆڕشی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە کۆیلەبوون، هەموو بەشەریەتیش شانازی پێوە ئەکەن. کەچی ئەوەتا پاش ئەو هەزاران ساڵە هێشتا ژمارەی کۆیلەکان زیاتر و زیاتر ئەبێت. نمونەی تری هاوشێوە زۆرن کە لەڕابردوودا دەستیان بۆ براوە، بەڵام تا هاتوە ژیان سەختترو ئاییندە تاریککتر بووە.

زمناکۆ عەزیز

Leave A Reply

Your email address will not be published.