لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی منداڵاندا، 3,5 ملیۆن منداڵی عێراقی لەژێر هەڕەشەی چەکدارکردندان..!! شێرزاد فاتح

0

لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی منداڵاندا، 3,5 ملیۆن منداڵی عێراقی لەژێر هەڕەشەی چەکدارکردندان..!! شێرزاد فاتح

دیسانەوە سەروبەندی ڕۆژی جیهانی منداڵانە، لەم رۆژەدا ڕێکخراو و نووسەران و لایەنەکان، تەنانەت ئەوانەش کە لە دەسەڵاتدان و هۆکاری چەوساندنەوەو بێمافیەکانی منداڵانن قەڵەماکانیان دەخەنە گەڕ و دەکەونە ڕازاندنەوەی ڕۆژنامەکانیان لەسەر ئەم بۆنەیە، بەڵام لە ڕاستیدا هیچکام لە بەرپرسانی ناسیۆنالیزمی کورد و عەرەب لە کوردستان و عێراقدا مافەکانی منداڵان و کێشەکانیان کیشەی ئەوان نەبووەو نییە.

بەپێی تازەترین ڕاپۆرتی یونیسیف کە لە مانگی مایۆ (ئایار) ٢٠١٧ بڵاو کراوەتەوە هاتووە کە 3,5  سێ ملیۆن و نیو منداڵ لە ژێر هەڕەشەی چەکدارکردندان لەلایەن گروپە تیرۆریستەکان وەک داعش و حەشدی شەعبییەوەو بۆ شەڕ بەکار دەهێنرێن، سەدان منداڵ لەژێر دەسەڵاتی داعشدا لە ناوچە جیاجیاکاندا مەشقی سەربازی و کوشتن و چۆنێتی سەربڕینی مرۆڤیان پێ دەکرێت. لە شاری موسڵ نزیکەی ½  منداڵ لە ژێر سایەی ڕەحمەتی بۆمبی داعش و هاوپەیمانان و چەکدارانی جیاجیای عێراقیدان. ئەو تازە لاوانەی لەژێر دەستی داعش هەڵدێن بە پێی وتەی کەس و کاریان لە لایەن حەشدی شەعبیەوە سەرنگون دەکرێن و لە ناودەبرێن لە بری هاوکاری کردن و چاکسازی.

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەمیشە لە شەڕو پێکدادان و کارەساتەکاندا هەمیشە بەشێکی زۆر لە قوربانییەکان منداڵان بوون، جا ئیتر کارەساتی سروشتی بێت یان شەڕی کۆنەپەرستانەی نێوان حیزب و لایەنەکان لەپێناوی دەسەڵات و پارەو پوڵ بێت، یانیش پەتاو بەڵای نەخۆشی و بەم دواییانەش پەتای ئیسلامی سیاسی توندڕەوی داعش و بوکو حەرام و قاعیدەو حەشدی شەعبی و چی و چی تر…!! کە هەریەکەیان بەشێوەیەک بەرۆکیان بە کۆمەڵگا گرتووەو بونەتە مڵۆزمێک بۆ گیانی خەڵک و منداڵان کە ئاسانترین پاروی ئەم دڕندانەن.
دوای چاوپێداخشاندنی UN بە دەرئەنجامی شەڕی نێوان وڵاتانی سەرمایەداری زلهێز و بەتایبەتیش دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم و جەنگەکانی تری ناوچە جیاجیاکانی جیهان، سەرئەنجام دەرکەوت کە چەندە پۆلیس و سەربازو ئەوانەی کە لەبەرەکانی شەڕن و چەکیان بەدەستەوەیەو بەکوشت دەدرێن، ژمارەیەکی تری زۆی خەڵی سیڤیل لە ژن و منداڵ و خەڵکی بێتاوان لە کاتی تۆپبارانی فرۆکەو هێرشکردن بۆ سەر شارەکان و جێگەی ژیانی مەدەنی خەڵکدا ژمارەیەکی زۆرو بەرچاو لە منداڵانی بێتاوان دەبنە قوربانی، هەربۆیەشە لە یەکێک لە بڕگەکانی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا باس لە پاراستنی مافەکانی منداڵان کرا، ئەوەبوو هەر سەرەتاش ڕێکخراوێک بە ناوی عصبة الامم هەر لە ساڵی 1919 ەوە لەم بارەوەو لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا هاتە دەنگ، بەڵام ئەم ڕێکخراوە سەرکەتوو نەبوو لە کارەکانیدا و لە ساڵی 1945 دا هەڵوەشایەوە.
مێژووچەی رۆژی جیهانی مناڵان

لە ڕاستیدا هیچ ڕۆژێکی دیاریکراو نییە کە لە یەک ڕۆژدا و لە سەرتاسەری جیهاندا پێکەوە ئەم یادە بکرێتەوەو ناوی ڕۆژی جیهانی منداڵان بێت، بەڵکو لەهەر وڵاتەو بەشێوەیەک ئەم یادە دەکرێتەوە. مێژووی ئەم ڕۆژە چوار پێنج دەهەیەکە گرنگی پێدەدرێت و مێژووەکەی زۆر کۆن نییە، لە 20 نۆڤەمبەری ساڵی 1989 دا بۆ یەکەم جار نەتەوە یەکگرتووەکان UN لەسەر ڕۆشنایی بڕیاری ساڵی 1953 کە دەکاتە چەند ساڵێک دوای شەڕی ماڵوێرانکەری جەنگی جیهانی دووەم  لەسەر ڕۆشنایی بڕیانامەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا بڕیاریدا کە ڕۆژێک دیاری بکرێت بە ناوی ڕۆژی جیهانی منداڵان. وڵاتەکانیش خۆیان سەرپشکن و بڕیار دەدەن کەکام ڕۆژە هەڵدەبژێرنو ناوی لێدەنێن ڕۆژی جیهانی منداڵان.

 رۆژە جیاوازەکانی رۆژی جیهانی مناڵان

لە وڵاتانی پۆلەند، ڕوسیا و ڕۆمانیا ڕۆژی 1 جونی واتە ڕۆژی یەکەمی مانگی شەش یادو ئاهەنگی ڕۆژی جیهانی منداڵان دەکرێتەوە، لە وڵاتانی یابان و کۆریای باکور ڕۆژی 5 مانگی مەی کراوە بە رۆژی جیهانی منداڵان، لە تورکیا 23 ئەپریل و لە سوید هیچ ڕۆژێکی دیاری کراو نییە کە بەڕەسمی و لە هەموو شارەکان ئەم یادە بکرێتەوە، بەڵام لە چەند شوێن و شاری سوید ئەم یادە دەکرێتەوە بۆ نمونە لە شاری یۆتۆبۆری لە باخچەی پاشا هونەرمەندی شێوەکار ماریە والین لە ساڵی 1999وە بەردەوام ئەم یادە دەکاتەوە، بەڵام هیچکات بە شێوەیەکی ڕەسمی و لە هەموو شارەکاندا نییە، زۆر جاریش لە 12 یان 10 ئۆکتۆبەری لە چەند شاری سوید ئەم یادە دەکرێتەوە.

هەلومەجی ژیانی مناڵانی کوردستان

منداڵان ئەو مرۆڤە چکۆلانەو ساوانەی نێو خێزان و کۆمەڵگەن کە بە ئاسانترین شێوە لە لایەن گەورەکانەوە ڕۆژانە لە نێو ماڵدا، لەسەرجادە، لە قوتابخانەو شوێنەگشتیەکاندا، لێیان دەدرێت، توندوتیژیان لەبەرامبەردا دەکرێت، ناچاردەکرێن بە کاری قورس و نەشیاو کە لە توانای جەستەی ناسکی منداڵاندا نییە، مل کەچ دەکرێن بۆ بازرگانی مادەی هۆشبەرو سێکس و هەرچی کاری نامرۆڤانەیە لە دژیان بەکار دەهێنرێت. لە کوردستانیش زۆرێک لەوانەی شاگردی خواردنگاکان، زۆرێک لەوانەی لەسەر شۆستەکان شت دەفرۆشن و پێڵاوبۆیاغ دەکەن منداڵانن. ئیتر ئەمە زۆر هاوکێشەیەکی قورس نییەو پێویستی بە زۆر بیر کردنەوەو لێکدانەوە نییە، هەر پیاسەیەکی بەردەرکی سەراو جادەی کاوەو مەولەوی …هتد لە سلێمانی، هەڵوێستەیەکی شێخەڵاو بازاڕەکانی دەوروبەری قەڵای هەولێر و سەنتەری شارەکانی تری کوردستان ئەم ڕاستیە نیشان دەدەن کە منداڵان لەچ هەلومەرجێکدا ژیان دەگوزەرێنن. حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش هەرودوو حزبی زلهێز، کە ئێستا چەندین حزبی تریش بۆ دەسەڵاتەکایان زیاد کردووەو شەریک و بەرپرسن لە هەموو ئەو تاوانەی لە دژی منداڵاندا ئەەنجام دەدرێن، ئەمانە ئەوەی بۆیان گرنگ نییە مافەکانی منداڵانە، ئەم حزبانە خۆیان بەشێکن لەو نەگبەتی و نەهامەتیانەی بەسەر منداڵاندا دێن. بزوتنەوە و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی ژەهراوی حوجرەو مێشک شتنەوە دەرخواردی منداڵان دەدەن و ئامادەو پەروەدەیان دەکەن بۆ چونە ناو داعش، بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە ڕۆژنامەکان بڵاو دەکرێنەوە زۆرێک لەو منداڵ و تازە لاوانەی دەچنە ناو داعش بەجۆرێک لە جۆرەکان یان ئەندامی حیزبە ئیسلامیەکانن یانیش لە حوجرەو مزگەوتەکان وانەی ئاینیان پێدراوە و لەژێر دەستی ئەواندا پەروەردە کراون، یانش بەسەرپەرشتی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم پرۆسەیە ئەنجام دراوەو بودجەی بۆ خەرجکراوە. ئەمەجگە لەوەی کە چەندین کەس لەوانەی چونەتە ناوداعش و ئەمڕۆ شمشیر بەدەستن و چەندین پێشمەرگە و منداڵ و ژنیان سەربڕیوە، بەسلەمەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون لەوەزارەتی ئەوقافدا کاریان کردووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ، حکومەت و دەسەڵات و عەقڵیەتی خێڵ و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانییە، حکومەتی خەڵک و ئامرازی جێبەجێکەرو خزمەتکردنی کۆمەڵگای کوردستان نییە، حکومەتێکە تینوی بیرەنەوتەکان و لێدانی پرۆژەی سەرمایەگوزاری و بە بارمتەگرتنی قوتی خەڵک و دزینی پاروی دەمی منداڵانی کوردستانە. ئەوەی بۆیان گرنگ نییە و لەبەرنامەیاندا نیە مافەکانی منداڵان و بیرکردنەوەیە لەژیان و گوزەرانیان.
ڕاپۆرتی ئەمساڵ ٢٠١٧ یونیسیف جیاوازی زۆری لەچاو ساڵانی ڕابردوودا هەیە، لە عێراق وکوردستاندا کە ئێستا بەشێکی ناوچەکان بە دەست داعشەوەیە گەورەترین تاوان لە دژی منداڵان ئەنجامدراون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە یەک نەوەی نوێ لە منداڵانی کوردستان و عێراق لە خوێندن بێبەشن و لە نێو شەڕو نائەمنیدا وونبوون، کە هەموو ئەمانە دەبنە ماتریاڵی شەڕێکی وێرانکەری. نزیکەی ٢٠٠٠ منداڵی کچ لە موسڵ و شەنگار لاقەکراون وبەتایبەتیش منداڵانی ئێزیدی کە لە لایەن داعشەوە دڕندەترین تاوانی بە کۆمەڵ لەدژی منداڵان، ئەنجام دراوە.
لە ڕاستیدا کاتێک دەکرێت پیرۆزبایی ئەمڕۆژە لە منداڵان بکرێت، کە لانی کەمی داخوازیەکانیان بەدی هاتبێت، ژیانێکی نۆرماڵیان هەبێت و ژیانیان پڕلە ئەمن و ئاسایش بێت، حورمەت و کەرامەتی ئینسانیان پارێزراوبێت. بەڵام لە ئێستادا هیچکام لەمانە بەدی نەهاتوون و ژیانی پڕ لە کولەمەرگی منداڵان لە لوتکەی خراپی دایە، لە ئێران و سعودیە و یەمەن و بەشێکی زۆری لە وڵاتانی ئەفریقا یاسای ئیعدامی منداڵان هەیە، گەورەوبچوک بەشودان و ژن بەژنە و چەندین یاسای دژی ئینسانی دژ بە منداڵان هەیەو پیادە دەکرێت.
بۆیە بەبڕوای من شتێک نییە کە پیرۆزبایی لێبکەین، بەڵام ئەوەی کە پێویستە لەسەرمان بیکەین ئەوەیە کە دەبێت لە هەموو کاتێک زیاتر و بە وریاییەوە چاو لەوەزعی ناهەمواری منداڵان بکەین، ئێمەی گەورەکان و پەروەردکاران ئەرکمانە نەهامەتییەکانی ژیانی منداڵان بۆ کۆمەڵگە بەیان بکەین و لەم مەترسیە گەورەیە ئاگاداریان بکەینەوە کە چ نەوەیەک سبەینێ ئەرکی بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەی لە ئەستۆ دەبێت، هەروەها هەمیشە یەخەی دەسەڵاتداران بگرین و بەرپرسیاریان بکەین لە لەهەر نەهامەتی و نەگبەتیەک کە بەسەر منداڵاندا دێت.

بژی مافەکانی مناڵان

بژی رۆژی جیهانی مناڵان

Leave A Reply

Your email address will not be published.