نەبوونی غاز وەک مۆتەکەی سەر ژیانی هاوڵاتیان…

0

نەبوونی غاز وەک مۆتەکەی سەر ژیانی هاوڵاتیان…

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە، بەڵایەکی تر یەخەگیری زوربەی هەرەزۆری خەڵکی بێدەرەتانی کوردستان بۆتەوە… ئەویش نەبوونی غاز و گران کردنیەتی بۆ دوو بەرابەر. دیارە لە بازاری رەش و بە نرخی دوو بەرابەرو زیاتر بەئاسانی دەست دەکەوێت.

خەڵکی کرێکارو هەژارانی کوردستان، بەجیا لەوەی کە دەرگیری بێکاری، گرانی، بی کارەبایی و بێ نەوتی و کەمی خزمەتگوزارییەکان و دەیان موسیبەتی ترن…  لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و  شەپۆلێکی بەفر و سەرما، گران بوونی غازیش پێ زیاد بوو کە ئەوەندەی تر ژیان و گوزەرانیانی سەخت کردووە… ئەوە لە کاتێکدایە کە داهاتی هەرە سەرەکی کوردستان زۆری نەوت و غازە. ئەوەی کە وای کردووە غاز گران ببێت، راستەوخۆ پەیوەندی بە چاوچنۆکی و ململانێی کۆمپانیاکانی حزبی و سیبەری حزبە دەسەڵاتەکانەوە هەیە… و هاوکاتیش بودەڵەیی و بێدەربەستی حکومەت و دەسەڵاتی چەتەکان دەخاتە روو. حکومەت و دەسەڵات لەهەریمی کوردستاندا، نەک هیچ بەرپرسیاریەتیەک بۆ دابینکردنی ژیان و پێداویستەکانی هاوڵاتیان ناگرێتە ئەستۆ، بەڵکو وەکو ژمێریارێکی بەغداش لە کوردستان، لە داهاتی خەڵکی کوردستان کە لە بەغدا وەری دەگرن، بەشیوەیەکی مافیایی حەپەلوشی دەکەن و داهاتەکانی کوردستانیش دابەشی نێوان خۆیان دەکەن و ئەوەی بۆیان گرنگ نییە، ژیانی هاوڵاتیان و پیداویستی و خزمەتگوزارییەکانیانە… لەبەرامبەریشدا حکومەت و پەرلەمانە کارتۆنیەکەی بەیاسا موچەو ئیمتیازاتەکانی خۆیان بۆ ئێستاو دوای خانەنشینیشی چوار!! ساڵەشیان، زیاتر و چەورتر دەکەن. نەبوونی پیداویستیە زۆر سادەکانی وەکو ئاو، کارەبا، نەوت و لە ئیستاشدا گرانکردنی غاز، تاوانکارییەکی ئاشکرای دەسەڵات و کۆمپانیاکانیانە بەرامبەر بە خەڵکی نەداری کوردستان… لەدۆخێکی ئاوادا تازە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی کورد” نەوەی نوێ” لەجیاتی گوشار هێنان و گرتنەبەری رێگای ناچارکردنی دەسەڵات بە دابینکردنی غاز و خزمەتگوازرییەکان، خۆیان و لەداهاتێک کە لە گەندەڵی ژێر سایەی دەسەڵاتدا و لەقوتی هاوڵاتیان کەڵەکەیان کردووە، لەچەند شارو شارۆچکەیەک خەریکی دابەشکردنی غازن، و دەیانەوێت خەڵک وەکو سواڵکەر رابهێنن و رێگای خەباتکارانەیان بەروودا دابخەن. خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە لە داهاتی کوردستان خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین بکرێت و لە سامانی نەوت و غازیش بەپێی پیویستی بەهرەمەند بن… رێگای پاشەکشە پیکردن بە دزی دەسەڵات و کۆمپانیاکان، گرانکردنی غاز، پیویستی بە راوەستاوی هاتنە مەیدانی جەماوەری هەیە. “نەوەی نوێ”  بەدابەشکردنی چەند لیتر غازێک، دەیەوێت خەڵکی کوردستان وەکو سواڵکەر و چاو لەدەستی سەدەقە بکات… ئەم هەنگاوەی نەوەی نوێ نەک ناتوانێ کۆتایی بە گرفتی سوتەمەنی هاوڵاتیان بهینێت، بەڵكو ریگای خەباتیشیان بەلارێدا دەبات… بۆیە خەڵکی کوردستان لەلایەکەوە دەبێ بەدژی دەسەلاتی گەندەڵ و چەتەگەریدا بوەستنەوەو ناچار بە دابینکردنی پێداویستیەکانی لەوانەش سوتەمەنی و غازیان بکەن و لەلایەکی تریشەوە سیناریۆی پوچی بە سواڵکەر نیشاندانی خەڵکی کوردستان لەلایەن رەوتی “نەوەی نوێ” وە لەقاو بدەن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.