چەند سەعاتێک لە بەغداد

0

چەند سەعاتێک لە بەغداد

لاوک ئەبوبەکر

”شوێنی خۆیان لە مەینەتیدا،
هەرگیز بە جێ ناهێڵن…”

پاش ئەوەی دوایین بازگەکانی کەرکووک تێدەپەڕێنیت، دەچیتە جوگرافیایەکەوە بە چاوانت نامۆن و فەزاکەی لەوە نییە کە لێوەی هاتوویت. دەشتێکی ڕووتەڵ، ئاسمانێک کە بە دووکەڵ تەنراوە و بە ڕەنگی جیاواز جیاواز و غەریب دەیبینیت. بە درێژایی ڕێگەکە بۆنێکی ناخۆش هەیە و هەواکەی هیی هەڵمژین نییە. لە سەیارەکەوە خەڵکی ناوچە جیاوازەکان دەبینیت، ڕوخسارێکی غەمگین و جەستەیەکی شەکەتیان هەیە، کە ئەسمەرییان زیاتر تراژیدی دەیاننوێنێت. بەدەگمەن بینایەک دەبینیت ڕێکوپێک بێت، ئەوەی هەیە یان داڕووخاوە، یاخود لە سووچێکیەوە قەڵبەی پێوەیە. ئەوەی لەمە سەیرترە، بازگەکانن. سێکوچکەی تەشەیوع، سیستانی، کەم کەم سەدری باوک و کوڕ، هەندێک جار هادی عامری و ئاڵای ڕەش، بە زۆرینەیانەوە نەخشێندراون. شیشی موسەلەحەی دیواری هەموویان بە دەرەوەیە، بەشێکیان تەپیون، لەبەردەم هەندێکیاندا دەبابەی لەکارکەوتوو و هامەری وەرگەڕاو هەن. سەربازەکان – کە لە هەر بازگەیەو سەر بە هێزێکی سەربازیی ترن – بێباکانە پێت دەڵێن ”بڕۆ” و کەمترین چاو بڕینە چاو و لێپرسینەوەیەکیان نییە؛ بگرە سەربازگە دەبینی کە کراوەتە دوکان و کاسبیی تێدا دەکرێت، هەندێک جاریش شوێنی خۆگەرمکردنەوەی منداڵی سەربازەکان. شەقامە دووسایدەکان پێویستیان بە نێوانی هەندەسی نییە، چونکە چی دەبە و پاکەت و زەرفە، لەوێدان و شۆستەیەکی تۆکمە و ئەستووریان دروست کردووە. پاشماوەکان لە هەموو لایەکانن، بە ڕادەیەک زۆرن، کە دەتوانی بڕوا بە خۆت بهێنیت چی دەبە و پاکەت و زەرفی مرۆڤایەتییە، ئەوەتا لێرەدان. لەبەر ئەوەی ئەو ڕێگەیە هیی ئەوە نییە تەنانەت ئاژەڵیش بەسەریدا بڕوات، زوو زوو و لەپڕ شەقامەکانی دەبنە یەکساید. شۆفێرەکە سەرکێشی دەکات و دووتەنییە خاوەکەی بەردەمی تێدەپەڕێنێت؛ تۆیش لە پێشەوە لۆرییەکی پڕ بار دەبینیت بەرەو ڕووت دێت. ئیتر چەند مەترێک لە یەکەوە دوور دەبین و شۆفێرەکە بە پێچێکی خێرا دێتەوە سایدەکەی خۆی. ئەمە بە دەیان جار. گلەیی لە شۆفێرەکە دەکەیت کە ئەوەندە بە عەساب ساردییەوە خەریکی ئەمەیە، ئەویش بێ ئەوەی مەبەستی بێت بەرگری لە خۆی بکات، دەست بۆ چاڵێکی گەورەی شەقامەکە ڕادەکێشێت و دەڵێت: ”ئەوە هیی ٢٠٠٣یە. هیی قومبەلەی ئەمەریکییەکانە.”

هێشتایش دارخورماکان بە ویقارەوە ڕیزی دوورودرێژیان بەستووە و ناتوانیت بە حوزنەوە لێیان نەڕوانیت.

لە ناو غوبار و تەپوتۆزدا، بازگەیەکی فراوان دیارە. ئەودیوی بەغدادە. ترپەکانی دڵت، هاوشان لەگەڵ ئەو تووڕەییەی دیمەنەکانی پێشوو بۆیان بونیاد ناویت، خێراتر دەبن. تا ڕادەیەک پێت وایە ڕەنگە لێرەوە شتەکان باشتر بن، ڕێکخراوتر و شایەنی بینین بن. سەربازێک جامەکەمان پێ دادەداتەوە، ڕاست بۆنی ناخۆشی بەسەرتدا دێت. لایەکی ڕوتبەی پێوەیە و لایەکەی تری نا، کراسە چرچەکەی بە تەواوی لە ناو پانتۆڵەکەیدا نییە، چەکەکەی ناوە بە دیوارەکەی پشتیەوە و تەنکە ڕیشێکی هەیە. وەک ئەوەی جووڵەکانی خۆیی لەبەر کردبن، سەیرێکی ناسنامەکان و ڕوخسارمان دەکات و ئیزنمان دەدات.

ئیتر ئێرە بەغدادە؛ پایتەختی ”شەوە عەرەبییەکان”…

سەرەتای پایتەختە؛ شارێکی ڕەنگبزڕکاو، شارێک لە دەبە و پاکەتی ڕزیو، زەرف لەبری تەیرەکان بە ئاسمانیدا دەفڕن و هێندەی پێیەک پاشماوە لەسەر جادەکانی بەرز بوونەتەوە. شارێک بێ تەنەکە خۆڵ… شتەکان لەم سەرەتایەی پایتەختدا ئاسایین، ژیان دەڕوا و پاسەوانی فەرمانگەکان دەبینیت, بەڵام کەم سەیارە و بەرزاییەک هەن ئاڵایەکی پاکی پێچەوانەی هەموو شتە پیسەکانی تر، پێوە نەشەکێتەوە. کۆمەڵێک باڵەخانە و شاڕێ و شتی نامۆت بەو فەزا لەتوپەتە دەبینی و دەستت بۆ ڕادەکێشا، دڵی خۆتت دەدایەوە و دەتوت: ”ئەوەتا، شتی جوان!” بە بزەی تاڵەوە پێیان دەوتیت: ”هیی سەردەمی سەدامە.”

جارێک یەکێک وتبووی: ”بەغداد کەلاوەیەکی گەورەیە.”

بەرە بەرە ژمارەی توکتوکەکان زیاد دەبن. خێرا و پەلە، بەدەم هۆڕن لێدانی زۆرەوە تێدەپەڕن. ڕیزێک پایەی ئەمنی دەردەکەون، بە ڕەنگەکانی ئاڵا نەخشێندراون و بە گەورەیی لەسەری نووسراوە: ”ئێمە نەوەی داهاتووین”. ئێرە دەروازەی سەنتەری پایتەختە. دەچیتە ئەودیوەوە و سام دات دەگرێت. یەکێک لە هاوڕێ بەتەمەنەکانی گرووپەکە، بە دەنگی بەرز ئەوەی وت کە ”ئێمە میوانین و دەبێت چاوەڕوانیی ئەوەمان هەبێت ڕووبەڕوومان ببنەوە، لەو کاتانەیشدا ئێمە ئارام بین”. دەبێت بۆ وا بڵێت؟ بە حەزەرەوە دەڕۆیت. لەمبەر و ئەوبەری جادەکە، ڕیزی چادرەکان دەست پێ دەکەن. چادری کۆمەڵگەی مەدەنی، چادری هونەرمەندان، چادری یەکێتیی بێکاران، چادری گفتوگۆ، چادری فریاکەوتنی خێرا، چادری شارەکانی تر، چادری پشووی خۆپیشاندەر و سەدان چادری دیکە بە ناونیشانی سەیر سەیرەوە، کە هەر یەکێکیان بە شێوازی جیاواز و تایبەت بە خۆی چالاکی پێشکەش دەکات. لە چادری پشووی خۆپیشاندەر، کە کۆمەڵێک کچ و کوڕی گەنجی مەدەنی بە دیار کۆمەڵێک کتێبەوە دانیشتبوون و دیار بوو بەدەم گوێگرتن لە شیعرەوە پشووەکەیان دەدەن، دەستیان بۆ جامانەکەی ملم ڕاکێشا و چپاندیان. پێم وابوو ئاگاداریی هاوڕێ بەتەمەنەکەمان ڕاست دەرچووبێت و پێش ئەوەی گەیشتبین، بڕۆینەوە. چەند کەسێکیان بەرەوڕووم هاتن و یەکڕاست دەستیان بۆ جامانەکە برد. بە عەرەبی وتی: ”باکووری سووریا؟” وتم: ”بەڵێ، ڕۆژئاڤا.” ماچی جامانەکەی کرد و بە بزەیەکی شیرینەوە وتی: ”روجئافا.” ئەو کتێبانەی سەلیم بەرەکاتیان پیشان دام کە لایان هەبوو و بە کامێرای ئەوان وێنەمان گرت. هەناسەیەک بە هێمنی هەڵدەمژی و هەوڵ دەدەیت تێبگەیت هێندەیش دوژمنت نین. دەڕۆیت و دەڕۆیت، وردە وردە سەرسووڕمان دروست دەبێت؛ چادرەکان کۆتاییان نایەت، هەموو بە شەوقەوە بەخێرهاتنت دەکەن و دەزانن لە کوێوە هاتوویت، دەستیان دەخەنە سەر سەریان. بەردەمیان کتێبە، سەروسیمایان مەدەنییە و دیوارەکانی پشتیانەوە پڕن لە ڕەنگ و کچان دنیایەک گرافیتیی هونەرییان لەسەر کێشاون و هێشتایش بەردەوامن. دەگەیتە قەرەباڵغی و بەرامبەرت دیواربەندەکەی جەواد سەلیمە… ساحەی تەحریر!

ئیتر تۆ لە ناوجەرگەی ئازادترین جوگرافیای دنیادایت.

وێنەی گەنجێکی قۆز بە گەورەیی هەڵواسراوە و لەسەری نووسراوە: ”شەهیدان شانازیمانن، بە خوێنتان سەر دەکەوین!” ئەو یەکەم شەهید بووە. ئیتر ئاپۆڕای وێنە و دۆکیومێنتی شەهیدەکانی تر دەست پێدەکەن. چادرێک تایبەت کراوە بەو شتانەی شەهیدەکان دوای خۆیان جێیان هێشتوون؛ کڵاو و جامانە و بلووز و پانتۆڵ و ئاڵا و تانەنەت قاوغی گوللەکانی سەر سنگیان و… هەموویان خوێناوی. لە سووچێکدا چوار شیش بە چوارگۆشەیی چەقێندرابوونە قیرەکە و بە قردێلەی سوور گیرابوو. یەکێک لە گەنجەکان لەوێدا شەهید بووبوو، هێشتا خوێنی بە ئەرزەکەوە بوو؛ وێنەیەکیشی، بە بزەوە. سەرسام لە ناو ئەو فەزا شۆڕشگێڕانەیەدا، هەموان، زۆرینە گەنج و کەم بەتەمەن، چواردەورمان دەگرن و هەر یەکەو بە جۆری خۆی بەخێرهاتنمان دەکات: ”یاخوا بە خێر بێن!” ”ئێوە تاجی سەرمانن!” ”کوردستان لەگەڵمانە!” کوردستان! بەشێک لە ئێمە دەیانوت لە ”ئیقلیم”ەوە هاتووین، ئەوانیش بە ”کوردستان” ناویان دەهێنا. زۆریان لێ دەکردین دروشمی کوردی دابڕێژین و عەرەبییەکەی بەوان بڵێین، تا پێکەوە بیانڵێینەوە. دانیشتین و کەوتینە قسە، ئێمە قاوەی عەرەبی و ئەوان گەزۆی سلێمانییان خوارد. حەزم کرد وێنە لەگەڵ یەکێکیاندا بگرم، کە جلوبەرگی عەرەبیی پۆشیبوو. بۆ دەم تاقیکردنەوە پێم وت: ”جامانەکەی تۆ عەرەبی و ئەوەی من کوردییە.” بە بزەیەکەوە وتی: ”هەردووکمان مرۆڤین.” ئەمە و ئەو خۆشحاڵی و دەم تاقیکردنەوانەی تر، وردە وردە ئەو گومانەی لا دەڕەواندیتەوە کە ئەوان ئەو گورگەیش نین بۆ مافەکانی ئێمە لە بۆسەدا بن، خۆیان جەختیان لەوە دەکردەوە شەڕەکەیان بۆ ژیانە و ئەوە ئەوان نین دژی نەتەوەیەکی دیاریکراو بن، ئەوە دەستەبژێرە تازە پیاکەوتووەکانن شۆڤێنین. ئیتر لەو گفتوگۆیانەوە – کە هیچیان موجامیلانە نین – لەوە تێدەگەیت سیاسییەکانی تۆیش لە ڕێککەوتننامە و خانەنشینییەکانی خۆیان دەترسن و بە پاساوی ئەم مادە و ئەو مادە، وەهمی پێکەوە نەژیان و شۆڤێنیزممان لا قەبەتر دەکەن. بەدەم ڕامان لە دیواربەندەکەی جەواد سەلیم و ئەم بیرکردنەوانەوە، کۆمەڵێک گەنجی بەهێز و بریندار، بە درع و کەلوپەلی بەرگری و تیمارکردنەوە بەرەوڕوومان دێن. ئەوان ”مودەرەعەکانی تەحریر”ن. هیلاک و ماندوو تەوقە لەگەڵ هەموومان دەکەن. بەڵام بۆ لە شوێنێکی ترەوە؟ ئاخر لای ”مەتعەم تورکی” بوون… ئیتر بەردەم دیواربەندەکەی تەحریر سەکۆی ڕاپەڕیوەکان نییە، ئێستا باڵەخانەی مەتعەم تورکی سیمبولی ڕاپەڕینی ئەم جارەیە. بەرز و هەوربڕ، هەمووی بە دەست خەڵکەوەیە و ژوور ژوور بە ناوی شەهیدەکانەوە جیا کراونەتەوە، هەمیشە گفتوگۆ و خۆڕێکخستنەوەی تێدا دەکەن. لە خوارەوە هەواڵ دەڕوات و لە سەرەوە دروشم و دەنگی بەرز دەبیسترێتەوە. لەمەوە دەزانیت ئەوان خۆبەڕێوەبەرێتییەکیان هەیە!

چادرەکان چەند هەرێمێک و بەتەمەنەکان بەڕێوەبەران و گەنجان پارێزەر: خۆبەڕێوەبەریی تەحریر.

بەدەم بزەی دوای شۆکبوونەوە، لەپڕ لە ناوەڕاستی جادەکەدا توکتوکێکی سووتاو دەبینیت. شۆفێرە منداڵەکەی لە پاڵیدایە، دیارە خۆیشی بەشێکی ڕوخسار و جەستەی سووتاوە. بە گەورەیی لەسەری نووسیوە: ”ئەمە توکتوکەکەی عەباسە، لەوانەی سەرەتای شۆڕش کە برینداران و شەهیدانی دەگواستەوە. پێویستی بە یارمەتییە.” پلاسکۆیەکیش کە بڕێک پارەی تێدا بوو، لە بەردەمیدا. ئەم هاوپشتییە نامۆیە، لە چادرەکانیشدا کوڕان و کچانی قۆز و شیکپۆشت دەبینین، بە دیار هاوڕێ بریندارەکانیانەوە ئێشکیان دەگرت، هەندێک چێشتیان لێ دەنا، ئەوانی تر کەلوپەلی گوزەرانیان دەگواستەوە، بەشێک پشووی دەدا و ئەوانی تر چالاکییان دەکرد. ئەمانە نامۆن. چەند مەترێکی تر و مارکس، گیڤارا، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ و… مەبەستم ئەوە نییە بیرم لەمان کردبێتەوە، نا؛ ڕاپەڕیوەکان بیریان هێنامەوە ئەم ستایلە هیی ئەوانە. وێنەکانیان، بە وتە هەرە بەناوبانگەکانیانەوە؛ بە چادرێک و دیوارێک و بە توکتوکێکەوە نا، بە سەدان و هەزارانەوە. ”شۆڕشەکان دووبارەبوونەوەی مێژوون.”

شۆڕش لە کوێ بێت، تارمایی ئەوانیش لەوێیە.

لە چوار شوێنی سەرەکی ڕاپەڕین دەستی پێکردووە: ساحەی تەحریر، پردی جمهوری، پردی ئەحرار و پردی سنک. خەڵک تەواوی ساحەی تەحریر و دەروازەی پردی جمهورییان گرتووە، کە دەیانگەیەنێت بە ناوچەی سەوز. شەڕە سەختەکە لە پردی ئەحرار و سنکە. خۆیان واتەنی، دەوڵەت ”دەستی لە ساحەی تەحریر شتووە” و دڵنیایە جارێکی تر دەستی ناکەوێتەوە؛ مەگەر قەتڵوعام. بۆ چوونە ناو هەر یەک لە شوێنە ڕزگارکراوەکان، ڕاپەڕیوان خاڵی پشکنینی خۆیان داناوە. دوو گەنج بە دەموچاوی بەستراو و هەر بۆ ئەوەی هەست بەوە بکەیت دەچیتە شوێنێکی ڕێکخراوەوە، پشکنینێکی هاکەزاییت دەکەن و تۆیش ناتوانیت لە ئاسایشی خۆت دڵنیا نەبیت. دوایین خاڵیان لە پردی جمهوری، کە خاشاکێکی زۆری شەڕی دوێنێی لێ بوو، پاک دەکردەوە و لە سەروویەوە ژوورێکی بچکۆلەی بە نایلۆن دروستکراو هەبوو، وتیان کە شتێکە وەک ”ژووری عەمەلیات”. گەر تۆزێک سەرەتاتکێت بکردایە، لەوسەرەوە هێزەکانی حکومەتت دەبینین. دەیانوت کە دڵنیا نیین سوپان، حەشدن، یان کێن. عەسائیب و کوتلە کوتلەی سەربازیی جیاوازن و بگرە هەندێکیان جلوبەرگێکی فەرمییان لە بەردا نییە. گومانەکە ئەوە بوو هیی ئێران، یان هەر بەشێکیان هیی سەرکردەیەکی سیاسیی دیاریکراو بن و دەمودەست بۆ شەڕی خەڵک کۆیان کردبێتنەوە و هەموو خەمیان ئەوە بێت نەهێڵن خەڵک بگاتە ناوچەی سەوز و کۆنسوڵی ئێران. ڕەنگە تا ئێرە مەترسییەکی کەم لەسەر ژیانی خەڵک بێت؛ ئەوانەی ژیانیان خەتەری لەسەرە، گەنجانی خوار پردی جمهوری و سەر ڕووباری دیجلەن. لەوێ چادرێکی بچووک بۆ کەلوپەلە خێراکانی شەڕ، لە وێنەی هەڵمات و دارلاستیک و تەقەمەنی و تەڵقەتەنوورە – کە بەهێزترین چەکەکانن – دانراون و بە نرخێکی زۆر کەم دەفرۆشرێن. کۆمەڵێک گەنج، هەندێک جار بە فیکە و دروشم، لە بەردەم یەکێک لە بانکە ئەهلییەکانەوە، کە قوفڵەکەی نەشکێنراوە و ناوەوەی وەک خۆی ماوەتەوە، ئیستیفسازی سەربازەکان دەکەن، ئەوانیش یان گوللە، یاخود گازی بیبەریان تێدەگرن. گەنجێک وەک ئەوەی نمایشێکی ستاند ئەپ کۆمیدیمان پێشکەش بکات، بە شەوقەوە بەخێرهاتنی کردین و بۆی گێڕاینەوە چۆن گازێکی تێگیراوە و نەتەقیوە. لە گیرفانی دەریهێنا و ڕۆی کردە سەر دەستی، شتێکی وەک بیبەر تیژ، زۆر تیژتر بوو. ئێمە خەریک بوو تەنگەنەفەس بین، ئەو پێکەنیی و وەک تلیاک هەڵی مژی: ”ئێمە ڕاهاتووین.” ڤیدیۆم دەگرت، لەپڕ چاوی چووە سەر کامێراکە و وا قسەی کرد کە نابێت. داوای لێبوردنم لێکرد. بە بزە هەم خەم و هەم پێکەنینهێنەرەکەیەوە، مەچەکی گرتم و دەستی ڕاکێشا بۆ چینکۆیەکی بەرز، لە ئاستی سەربازەکان، کە ئاڵایەک لەسەری دەشەکایەوە: ”نا، مەبەستم ئەوە نەبوو. من هەموو کات لەوێدام. بەرامبەریان. لەوێ ڤیدیۆم بگرە، لەم نزماییە پێم شەرمە.”

ناتەوێت، بەڵام ناچاریت بڕۆیتەوە. بەدەم خەونبینین بە ژیانێکی شۆڕشگێڕانەوە، بە کوێدا هاتوویت، دەگەڕێیتەوە؛ دیسان هەمووی دەبینیتەوە. نووسینی سەر توکتوکی گەنجێک نەبێت:

”وەک بیرکاری دەمێنمەوە؛ ئەوەی تێمنەگات عاشقم نابێت.”

Leave A Reply

Your email address will not be published.