یەکەم دەست نووسی قورئان نەصرانی هاجەری بووە

0

یەکەم دەست نووسی قورئان نەصرانی هاجەری بووە

وەرگێرانی لە عەرەبیەوە: ئەکرەم مەحمود

پیداچوونەوەی: خالید ساڵح

بەشی یەکەم

بۆ ئەم باسە حەوت بەڵگەی مێژووی و زمانەوانی لەناوەوەو دەرەوەی قورئاندا هەن ئەوە نیشان ئەدەن کە یەکەم دەقەکانی قورئان لەلایەن (قەشەی نەصرانیەکان )ەوە لە ناوچەی شام لە باکوری سوریاو وە لە ناوچەی (بەتراء) لە ئەردەن لە سەرەتای سەدەی حەوتەمی زایینی‌دا نوسراوە.

نەصرانیەکان کێن؟

نصرانی عبرانیەکان وەک ئەوەی ١٤٠٠ ساڵە موسڵمانان بانگەشەی بۆ ئەکەن مەسیحیەکان نین. نەصرانیەکان تایەفەیەك بون لە یەهودیەکان جیابوونەوە، بروایان وابوو کە مەسیح (عیسا) کۆیلە و نێردراو و وتەی خوایە، نەك کوڕی خوا بێت.

نەصرانی عبریەکان یەکەم دەستنوسی قورئانیان نوسیووە، بۆ وەرگێرانی ئامۆژگاری و چیرۆکەکانی تەورات بۆ دراوسێکانیان کە عەرەبی قورەیش بوون. ئامانجی نەصرانیە شامیەکان ئەوەبوو کە عەرەبی شامیان هەڵخڕێنن بۆ هێرش بردن و داگیرکردنی شاری قودس، دوای ئەوە (بیت اڵلە الحرام) واتە ماڵی خوای تیا بنیات بنێنن و دروستی بکەن، واتە پەرستگای یەهودی بنیات بنێن، دواتر چاوەرێی گەڕانەوەی مەسیح بکەن بۆ دامەزراندنی مەملەکەتی خواو وە جێ بەجێکردنی شەریعەتەکەی لەسەر هەموو گۆی زەوی.

ئەو عەرەبانەی کە لە پاڵ نەصرانیە شەرخوازەکان ناسرابوون بە هاجەریەکان، بە پێی داستانەکانی تەورات ئەو ناوەیان ئەگەرێتەوە بۆ هاجەر  ژنی دووهەمی ئیبراهیم دایکی ئیسماعیل کە باپیرەی عەرەب بوە، هەروەها هەندێك خەڵک پێیان ئەوتن ئیسماعیلیەکان یان سەراسانیەکان.

چ پەیوەندیەک هەیە لە نێوان قورئانی نەصرانیەکان  و قورئانی ئێستا؟

قورئانی هاوچەرخ واتە قورئانی ئێستا ئەو قورئانەیە کە خەلیفەکانی عەرەب دروستیان کردووەو نوسیویانەتەوە بە هۆی کۆکردنەوەی یەکەم قورئانی نەصرانی نزیكەی سالی  670 ز یان  48 ه. خەلیفەکانی عەرەب و (فقهاء) شارەزایانی ئیسلامی شتی زۆریان بۆ قورئانی یەکەم زیاد کردووە وە ئەو شتانەشیان لابردوە کە لە دژی بەرژەوەندی خۆیان بوون،  بۆ نمونە زۆر لە ئایەتەکان وشەی (نصارا)یان لە پاڵ وشەی یەهود  زیادکردوە واتە لە تەنیشت یەکەوە نوسیویانن بۆ ئەوەی هێما بە نەصرانیەکان بکەن کە ئەوانە مەسیحیەکانن، ئەوەش بە مەبەستی شاردنەوەی مێژووی قورئان وبنچینەکەی کە نەصرانی عیبریە ئەنجامیان داوە، ئەوەش فێڵێك بوو کە موسلمانەکان بە درێژای ١٤٠٠ سال تێی کەوتوون، لەبەر ئەوە هەموو کات ئەوە ئەڵێنەوە کە نەصرانیەکان مەسیحیەکانن وە هەر لەبەر ئەوەشە کە لە قورئاندا وشەی مەسیحیەکانی تیدا نابینیت.

مەسیحیەکان هەرگیز بەناوی نەصرانیەکانەوە ناوزەد نەکراون، تەنها لە سەرەتای سەدەی یەکەمی زاینی‌دا نەبێت. موسلمانەکان تەنها کەسانێکن لە مێژوودا کە  ناوی نەصرانیان لە مەسیحیەکان ناوە، هەموو ئەوەش بۆ دەستکاری و ساختەکردنی مێژووی ئیسلام و ونکردنی بنەچەی مێژووی قورئان ئەنجامیان داوە.

ئەو بەڵگانە چین کە هۆزی نەصرانیەکانن لە باکوری سوریا وە هەروەها لە ناوچەی (بتراء) ی ئەردەن دەقەکانی یەکەم قورئانیان نوسیوەتەوە؟

لێرەدا بەڵگەی مێژوویی و زمانەوانی و جوغرافیایی زۆر هەن لە ناوەوە و دەرەوەی قورئان، ئەتوانین ئەو بەڵگانە لە حەوت بەشدا کۆبکەینەوە .

بەڵگەی یەکەم: پاشماوە و شوێنەواری هۆزی قورەیش و تایەفەی نەصارا لە باکوری سوریا

بەڵگەی دووەم: جۆری نووسینی خەتی قورئان وە مێژوەکەی

بەڵگەی سێهەم: عەقیدە و شەریعەتەکانی قورئان

بەڵگەی چوارەم: زمانی قورئان

بەڵگەی پێنجەم: دەربڕینی قورئان

بەڵگەی شەشەم: ئامۆژگاری و چیرۆکەکانی قورئان

بەڵگەی حەوتەم:  ژینگە و جوغرافیای قورئان

……………

بەڵگەی یەکەم: پاشماوە و  شوێنەواری هۆزی قورەیش و تایەفەی نەصارا لە باکوری سوریا

 نەصرانیە عبرانیەکان لەو کاتەدا کە لە سوریا و لوبناندا بە درێژایی زیاتر لە شەش سەدە ژیاون، ئاسەوارێکی زۆریان لە دوای خۆیان بەجێ هێشتووە، بەتایبەتی نەصرانیەکان بە شێوەیەکی چرو پڕ بوونیان هەبوە لە شاخەکانی لاذقیە و باکوری سوریا و باشوری تورکیا کە شاری ئەنتاکیا کەمینەیەکی نەصرانی و یەهودیەکی تا ڕادەیەك زۆری تیادا دەژیا. لە کاتێکدا کە بەشێوەیەکی ورد لە نەخشەی باکووری سوریا ئەکۆڵینەوە، سەرمان سوورئەمێنێت لە بوونی زۆری لادێ و ناوچەوە کە بەناوی عبریەوە ناونراون، بۆ نمونە ناوی لادێ و ناوچە مێژوویی ئەبینین وەکوو قەلای صەهیۆن، دێی یەهودی، دێی عازاریا، چیای ثناخ، دۆلی جەهەننەم، قەلای بەنی ئیسرائیل، چیای بەنی موسا، چیاکانی نەصارا، دۆلی نەصارا، گوندی ئەنصار، گوندی الناصریە.

لە پەیوەند بە شوێنەوارەوە، مێژوو نووسەکان شوێنەوارێکی زۆریان لە هەموو ناوچەکانی سوریادا دۆزیوەتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی جۆلان وەکوو کلێساکان وە پاشماوەی ماڵەکان کە لەسەر دەرگاکانیان بە وێنە و نیشانەی دینی نەصرانی نەخشێندراون.

ئایا هۆزی قوڕەیش بەڕاستی هۆزێکی شامیە لە باکوری سوریادا؟

بە پێچەوانەی ئەوەی کە ریوایەتە ئیسلامیەکان پروپاگەندەی بۆ ئەکەن، هۆزی قورەیش، هۆزێکی شامیە و هیچ پەیوەندی نییە بە مەککەوە، هۆیەکەشی ئاسانە ئەویش ئەوەیە کە لەبەرئەوەی مەککە و بتەکانی و جاهیلیەکەی بونیان نەبووە لە کاتێکدا کە قورئان لە سەرەتای سەدەی 7 زاینی‌دا سەری هەڵداوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێستادا لە شاری مەککە هیچ شوێنەوارێکی لێ نییە وە نە پاشماوەی هۆزی قورەیش وە نە هی مەککەی کۆن وە نە خانوەکان و نە پەرستگاکان و نە بتەکانی جاهیلی.

ئایا  دەستنوسی مێژوویی هەیە کە باس لە هۆزی قورەیش بکات؟

لەراستیدا هەندێك نیشانەی مێژوویی هەیە، بۆ نموونە مێژوونووسی سریانی (نەصرای النصیبی) لە نزیکەی سالی ٤٨٠ زاینی‌دا  نووسیویەتی کە قورەیش هۆزێکی عەرەبیە و لە شام دەژین وە هەڵدەستن بە داگیرکردنی دراوسێکانیان و وە هێرش بۆسەر قافلەکان لە دەوروبەری بیابانی سوریا لە باشوری دیمەشق دەبەن.

قورەیشیەکان چ دینێکیان هەبووە؟ وەکوو هەموو میللەتانی رۆژهەلات، دینی قورەیشیەکانیش (وثنی) واتە بت پەرستی بووە، پەرستنی بتەکان کە نوێنەرایەتی خوای (آلهة) جۆراوجۆری ئەکرد وەکوو مانگ و رۆژو ئەستێرەکان، بەڵام بت پەرستی عەرەبەکان لە خۆرهەلاتی ناوەراستدا لە کۆتایی سەدەی چوارەمی زاینی‌دا لە دوای ئەوەی دینی مەسیحیەت دەستی کرد بە بڵاوبوونەوە لەناو هاوڵاتیاندا وردە وردە لەناو چوو.

لە سەرەتای سەدەی 5 زاینی‌دا عەرەبی شامیەکان مەسیحیەتیان هەڵبژارد، بە تایەفە جیاجیاکانیانەوە وەك یەعقوبی و کاثۆلیکی و نیستووری، دوای ئەوەی بوون بە مەسیحی وڵاتی شام و فەلەستین و عێراق لە بنیاتنانی کەنیسەو  پەرستگای قەشە مەسیحی ونەصرانیەکاندا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.

لەناو پەرستگا نەصرانی و مەسیحیەکان‌دا قەشەی رۆشنبیر هەبوون وە زانیاریان هەبوو لەسەر کتێبی پیرۆز(کتاب المقدس) وە وەشارەزاییان لە زمانەکانی عەرەبی و سریانی و عیبری هەبوو و قسەیان پێ ئەکرد. قەشەکان ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکیان بینی لە بڵاوکردنەوەی مەسیحیەت و نەصرانی لەناو هۆزەکانی عەرەبە غەساسنەکان و قورەیشیەکان لە شام دا.

هۆزی قورەیش دوای ئەوەی بوون بە مەسیحی چیان بەسەرهات؟

دوای ئەوەی کە بوون بە مەسیحی لە سەدەی شەشەمی زاینی‌دا، قورەیشیەکان ژیانی خێڵەکی و هێرشکردنە سەر و داگیرکردنی قافڵە بازرگانیەکانیان وەلانا و لە دەوروبەری بیابانی سوریادا و دواتر لە باکوری کەنار دەریای سوریا لە ناوچەی لاذقیەدا جێگیر بوون، لەوێ لە باکوری سوریادا قورەیشیەکان ئەو فرسەتەیان قۆستەوە کە نزیکن لە بەندەری دەریای ناوەراست وە دەستیان کرد بە بازرگانی ئەو شتومەکانەی کە بە بەندەرەکاندا تێ ئەپەرین وە دابەش کردنیان لە عێراق و حیجازو یەمەن‌دا. لە قورئاندا ئەوە ئەبینین کە قورەیشیەکان ئاڵوگۆریان بەسەردا هاتووە لە وەزعیەتێکی داگیرکاری و برسی و ترسان بۆ وەزعیەتێکی بازرگانی و هاتووچۆ و ئاسایش کە دوای بوون بە مەسیحیەت بە دەستیان هێنا.

وەك  ولە سورەتی قورەیشدا ئاماژەی پێ داوە: (لِإِيلَافِ قُرَيْشٍ (1) إِيلَافِهِمْ رِحْلَةَ الشِّتَاءِ وَالصَّيْفِ (2) فَلْيَعْبُدُوا رَبَّ هَٰذَا الْبَيْتِ (3) الَّذِي أَطْعَمَهُم مِّن جُوعٍ وَآمَنَهُم مِّنْ خَوْفٍ (4)).

سەرنج ئەدەین لێرەدا کە نووسەری قورئان بە ئاشکرا داوا لە قورەیشیەکان ئەکات کە خوای ئەو ماڵە بپەرستن (فلیعبدوا رب هذا البیت) واتە خوای پەرستگای یەهوودیەکان، ئەم بیر هێنانەوەیە (فلیعبدوا رب هذا البیت) بە پەرستگای یەهودیەکان، نەصرانیەکان بە هەرەمەکی ئەوەیان لە قورئاندا نەنوسیووە. پەرستگای یەهوودی ئەوە دەڵی بانگەوازی نەصرانیەکانە کە خولیای دروستکردنی پەرستگا بوون لە قودس. ئەو ئاماژە سەرپێییەی کە لە قورئاندا پێیکراوە وە گرنگیشە، کە بەڵگەیەکی جوانە لەسەر ئەوەی کە نەصرانیەکان چاوەڕوانیان لە عەرەبە قورەیشیەکانیان دەکرد بۆ ئەوەی  شەریان لەگەڵ بکەن بۆ داگیرکردنی فەلەستین.

ئایا  شوێنەوار و پاشماوەی مێژووی هەیە دەری بخات کە قورەیشیەکان و تایفەی نەصارا لە باکوری سوریا لە پاڵ یەکتردا ئەژیان و دراوسیی یەکتر بوون؟

لە باکوری سوریادا هەندیك پاشماوەی قورەیشیەکان هەیە وەكوو  پاشماوەی ئوتێلی کۆن کە ناونرابوو بە (خان الجوز) خانی گوێز، بەڵام لە نەخشەی مێژووناساندا پێی ئەوترا خانی قورەیشی کە لە نزیکیدا روبارێكە لە دووری 30 کم لە باکووری رۆژهەڵاتی لاذقیە هەروەها ئەویش ناوی رووباری قورەیشیە. هەروەك چۆن لە باکووری سوریادا جۆرەها ناو بوونی هەیە کە ناوی ئەو شوێنانەمان بیر ئەخاتەوە  کە لە مەککەی حیجازی بوونیان هەیە، بۆ نموونە هەندێك ناوچەو لادێ ئەبینین کە هەڵگری ناوی وەك (بیت معکب، ابو قبیس، ابو کعب). بە بۆچوونی هەندیك مێژوونووس هەندێک لەو ناوانە لە باکوری سوریاوە بۆ حیجاز گوازراونەتەوە کاتێك لەسەر دەستی ئەو خەلیفەیەی کە لەدژی  دەسەلاتی ئەمەویەکان بوو (عبدولای کوری زوبەیر) لە دەوروبەری ناوەراستی سەدەی حەوتەمدا مەککە دروست کراوە.

ئاماژە بە ئەوە ئەدەین کە قورەیشیەکان شتێکی گرنگیان لە شام بەجێ هێشت ئەویش ناوی ئەو خێزانانەیە کە وشەی قورەیشی تیایە وەكو بنەماڵەی القورەیشی.

 نەخشە

پاشماوەی نەصرانیەکان لە شام – ناوی یەهودیەکان

 نەصرانیەکان لە پاش خۆیان لە باکووری سوریا زۆرێك لە شوێن و پاشماوەیان بەجی هێشتووە کە هەڵگری ناوی عبری و یەهودین وەكوو (قلعة صهیوني، قریة الیهودیة، قلعة بني اسرائیل، جبل التاناخ، جبل بن یعقوب).

بەڵگەی دووەم: خەتی قورئان و مێژوەکەی

دەرکەوتنی خەتی قورئان و ئەو ئاڵوگۆرەی بەسەریدا هات بە جوانترین بەڵگە دائەندرێت لەسەر ئەوەی  کە قورئان لە وڵاتی شام سەری دەرهێناوە، بۆچی؟ لەبە ئەوەی کۆنترین قورئان (مصحف) کە بوونی هەیە ئێستا وەك مصحەفی پاریس و سەنعاء کتوپر لە شام سەری هەڵدا، وە سەیر لەوەدایە کە ئەو مەصحەفانە یەکەم کتێبی عەرەبین لە مێژوودا. پێش قورئان لێکۆلەرەوان هیچ دەقێکی عەرەبی نوسراویان لەسەر کاغەز نەدۆزیوەتەوە، نە کتێب نە لاپەرەیەك نەهیچ شتێك.

قورئان لە پڕدا دەرکەوت کەبە خەتێکی پێشکەوتووی تازە نووسراوە کە پێشتر نەزاندرابوو، ئەو خەتە زاناکان ناویاننا خەتی عەرەبی باکور یان خەتی حیجازی. قورئان لە پڕدا دەرکەوت، وەك ئەوەی لیژنەیەك لە شارەزایانی چیرۆکەکانی تەورات وە بە تەقنیەی نووسینەوە بریاریاندا کە بە خەتێکی تازە و بە زمانێکی تازە بینووسنەوە.

لە سەدەی نۆزدەهەمی زایینیەوە مێژونووسان کۆمەڵێك نەخش و نیگاری زۆریان دۆزیەوە لە شام کە وێنەیەکی ئاشکراو  ورد ئەدەن بەدەستەوە بۆ ئاشکرابوون و پێشکەوتنی خەتی قورئانی حیجازی کە بە پیتی نەبەتی(نبطي) دەستی پێ کرد لە سەدەی پێنجەمی زایینی‌دا وە دواتر لە عربی نەبەتی(نبطي) لە سەدەی شەشەم‌دا وە لە کۆتادا خەتێک کە نزیکە لە خەتی قورئان لە سەدەی حەتەم دا، وە کتوپڕ خەتی قورئانی حیجازی لەگەڵ دەرکەوتنی مەصحەفەکانی سەرەتایی لەسەر شانۆی مێژوو دەرکەوت، ئەوەی سەرسورهێنەرە ئەوەیە کە هەموو ئەو نەخشە مێژوویانەی خەتی قورئان، زاناکان لە کەنیسە و پەرستگاکانی مەسیحی و نەصرانیەکاندا دۆزیویانەتەوە.

دوای لێکۆڵینەوە لە ژینگەی مەسیحی و نەصرانی وە پێشکەوتنی کتوپری خەتی قورئان لە شام، بۆچوونێك لەلای مێژونووسان دروست بوو وە دڵنیابوونەوە لەوەی کە قەشەی نەصرانیەکان توانیویانە ئەو خەتە گەشە پێبکەن، کە لە خەتی نەبەتی(نبطي) عەرەبیەوە دەستیان پێ کرد کە لە شامیش بەکار ئەهات.

بۆچی دڵنیان لەوەی کە  قەشەکان خەتی قورئانی حیجازیان پێش خستووە نەك خەڵکی تر وەك شاعیرەکان؟

مێژوونووسان ئەلێن کە قەشە نەصرانیەکان دەیان ساڵ لە پەرستگاکانی شام‌دا ژیاون، ئەوان تەنیا کەسانێك بوون کە کاتی تەواو و رۆشنبیری دینی وە شارەزایی پێویستیان لە نووسیندا هەبوو و لە توانایاندابوو پەرە بە خەتی دینی تازە بدەن وەكوو خەتی قورئان. پەرەپێدانی خەت و نوسینی کتێبی ئایینی تازە لەسەر دەستی قەشەکان لە مێژووی هەموو دینەکان لەلایەن مێژوونوسانەوە ئاشکرا وناسراوە.

بۆ نمونە ئەوە قەشە مەسیحیەکان بوون کە خەتی ئەثیوبیان یان خەتی حەبەشی لە سەدەی چوارەمی زاینی‌دا بە تێکەڵاوکردنی خەتی یونانی و خەتی سەبەئی داهێناوە و گەشەیان پێداوە.

نمونەیەکی مێژوویی تر، ئەو خەتی سیریلیکەیەی کە لە وڵاتی روسیادا بەکار هاتووە، دوو قەشەی مەسیحی کە ئەوانیش (سیریل و میتودوس) بوون لە سەدەی نۆهەمی زایینی‌دا بۆ بلاوکردنەوەی مەسیحیەت لەناو خەڵکی روسیادا گەشەیان پێ دا.

کەواتە شتێکی سروشتیە کە قەشەی نەصرانیەکان لە پەرستگاکانی شام‌دا پەرە بە خەتی قورئان بدەن لە دەستپێکی خەتی عەرەبی نبطی. خەتی عەرەبی نوێ واتە خەتی قورئان دەرفەتی نووسینەوەی ئامۆژگاریەکان و چیرۆکەکانی تەوراتی پێدان بۆ بلاوکردنەوەی بانگەوازی نەصرانی لە نێو دراوسێکانیان‌دا واتە لە نێو عەرەبی شام کە خۆیان خاوەنی کتێب بوون وە بە زمانی سریانی نەك بە زمانی دایکیان واتە بە عەرەبی نوسرابوو…

ماویەتی

Leave A Reply

Your email address will not be published.