سه‌رمایه‌داری، باز‌رگانی سێکس و سته‌م بۆ سه‌ر ژنان

0

 سه‌رمایه‌داری، باز‌رگانی سێکس و سته‌م بۆ سه‌ر ژنان

وەرگێران و ئامادەکردنی: ھەتاو عەبدوڵاھی  

بەشی یەکەم

بۆنه‌کانی ئه‌مساڵ واته‌ بۆنه‌ جۆراوجۆره‌کانی تایبه‌ت به‌ ژنان به‌تایبه‌تی ٨ی مارسی ئه‌مساڵ ڕۆژی جیهانی ژن، له‌ حاڵێکدا به‌رێوه‌چوو که‌ هه‌زاران ژن له‌ ناوه‌ندی شاری له‌نده‌ن له‌ ناره‌زایه‌تی به‌توندوتیژی خۆپێشاندانیان وه‌رێخست، هه‌روه‌ها ژنێکی لاو له‌ مێترۆی له‌نده‌ن و له‌ شوێنێک که‌ ببوو به‌ قوربانی ئازارو کرده‌وه‌ی توندوتیژی جنسی به‌ به‌رێوه‌بردنی ره‌قسێکی شانۆیی ئه‌م رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌ی نمایش کردو به‌مشێوه‌ی ناره‌زایه‌تی خۆی ده‌ربڕی. هه‌ر له‌و کاته‌دا ژنێک له‌ ناو زیندان‌دا شیعرێکی نووسی تاکوو به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆی بگێڕێته‌وه‌و بڵێ که‌ تاوانی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و ته‌نیا ژن بوون بووه‌. هه‌ر له‌و رۆژه‌دا ژنانی هیند له‌ ناره‌زایه‌تی به‌ دژی ده‌سترێژیی سێکسی به‌ کۆمه‌ڵی گروپێک بۆسه‌ر ژنێک له‌ دهلی نوێ که‌ له‌ ئاکامدا دوای ئازارێکی زۆره‌وه‌‌ به‌هۆی کاری بوونی برینه‌کانی گیانی له‌ ده‌ستدا، رووداوێک که‌ دنیای هه‌ژاند درێژه‌ دا.

له‌ ساڵی ڕابردوو ژنان له‌ وڵاته ئارژانتین بەدژی قازانج په‌ره‌ستانێک که‌ بازرگانی به‌ ژنان‌و کچان ده‌که‌ن و گیرفانی سه‌رمایه‌دارانی ئه‌م وڵاته‌ پڕ ده‌که‌ن‌و هه‌روه‌ها دامو ده‌زگای ئه‌م وڵاته‌و کاربه‌ده‌ستانێک که‌ پشتیوانی له‌م باندانه‌ ده‌که‌ن خۆپێشاندانێکی به‌رینیان وه‌رێخست. ژنان له‌ سوودان به‌دژی هاوسه‌رگیری‌و به‌ شوودانی به‌ زۆره‌ملێ کچانی ژێر ١٨ ساڵی ئه‌م وڵاته‌ خەباتیکی به‌رینیان وه‌رێخست. له‌ پاکستان و کوردستان ژنان به‌دژی قه‌تڵه‌ نامووسییه‌کان ده‌ستیان دایه‌ خەباتێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌. له‌ وڵاتی تورکیه‌ ژنان له‌ به‌رامبه‌ر توندوتیژی به‌رده‌وام و یاسای دژی سقت جنین واته‌ مناڵ له‌باربردن درێژه‌یان به‌ خه‌باتی خۆیان دا.

ژنان له‌ وڵاتی ئێران به‌دژی توندوتیژیی ده‌وڵه‌تی‌و یاسا ئیسلامیه‌کان که‌ هه‌ول ده‌دات چالاکی‌و هه‌ڵسوورانی ژنان له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌کان به‌رته‌سک بکاته‌وه‌ ده‌ستیان دایه‌ خه‌باتێکی به‌رچاو و هه‌مه‌لایه‌نه‌.

ژنان له‌ ولاتی ئه‌فغانستان به‌دژی ده‌سه‌لاتی دواکه‌وتووی بنیاتگه‌رایانێک که‌ له‌لایه‌ن ئەمریکاوه‌ پشتیوانیان لێده‌کرێ و ئاسایشی ژنانی ئه‌و وڵاته‌یان خستۆته‌ مه‌ترسیه‌وه‌و هه‌روه‌ها به‌دژی تاڵبان خۆپێشاندان‌و ئاکسیۆنی چالاکییان وه‌رێخست. شایانی ئاماژه‌پێدانە به‌پێی ڕاپۆرته‌کانی به‌ده‌ست گه‌یشتوو له‌م بواره‌وه‌ زیاتر له‌ ١٥٠٠ ئاکسیون له‌ وڵاتی ئه‌مریکا له‌ رۆژی جیهانی ژن به‌مه‌به‌ستی ناره‌زایه‌تی به‌دژی هه‌ڵاواردن و توندوتیژی به‌ دژی ژنان رێکخران‌و به‌رێوه‌چوون.

توندوتیژی به‌دژی ژنان شێوه‌گه‌لی جۆراجۆری به‌خۆیه‌وه‌ گرتووه‌، یه‌کێک له‌ جۆره‌کانی که‌ به‌شێوه‌ی جیدی هه‌ره‌شه‌ له‌ بارودۆخی ژیان‌و گوزه‌ران‌و جێگه‌و پێگه‌یان ده‌کات باز‌رگانی کردن به‌ ژنان‌و به‌کاڵاکردنی جه‌سته‌یانه‌.

بازرگانی به‌ ژنان‌و جه‌سته‌یان له‌ بارودۆخی هه‌نووکه‌یی‌دا تایبه‌تمه‌ندیی جۆراوجۆر له‌خۆ ده‌گرێ که‌ سه‌ره‌نجتان بۆ هێندێک لایه‌ن راده‌کێشین!!

١- سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی که‌ باز‌رگانی به‌ ژنان‌و جه‌سته‌ییان پێشینه‌یه‌کی دوورو درێژی هه‌یه‌، به‌لام له‌ماوه‌ی ده‌یه‌کانی رابردوودا به‌شێوه‌یه‌کی مه‌ترسیدار په‌ره‌ی سه‌ندووه‌. په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م باز‌رگانییه‌ به‌مانای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی هه‌ژێنه‌ره‌و وه‌ک هه‌ره‌شه‌یه‌ک بۆسه‌ر هه‌موو ژنان و کچانی لاو ته‌نانه‌ت کچانی منداڵ له‌ جیهانی ئه‌مرۆیی دا به‌ ئه‌ژمار دێ.

٢- سه‌ره‌رای دوورو درێژبوونی مێژووی باز‌رگانی به‌ ژنان، به‌ڵام ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ هیچ فه‌رهه‌نگ، نه‌ریت‌و مه‌زهه‌ب یان ولاتێکی تایبه‌تی دا بنچینه‌و ریشه‌ی نییه‌. دیارده‌یه‌که‌ که‌ ده‌توانین بڵێین هاورێ له‌گه‌ڵ بەجیهانی بوونی سه‌رمایه‌داری له‌ حاڵی په‌ره‌سه‌ندن دایه‌.

٣- ئه‌وه‌ نه‌ ته‌نیا وه‌ک خۆی جۆرو شکڵێک له‌ توندوتیژی به‌دژی ژنانه،‌ به‌ڵکوو سه‌رچاوه‌یه‌کی گرینگ‌و هه‌ڵخڕێنه‌ر بۆ جۆره‌کانی تری توندوتیژی به‌دژی ژنان وه‌کوو، کۆیله‌داری جنسی، له‌شفرۆشی‌و گۆڕینی جێگه‌و پێگه‌ی ئه‌وان وه‌ک مرۆڤێکی چه‌وساوه‌ به‌ ئه‌ژمار دێ .

٤- پیشه‌ی سێکس به‌ میلیاردها دۆلار بۆ ئابووری جیهانی ئیمپیریالیستی به‌رهه‌م ده‌هێنێ. ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌شێکی لێکجیانه‌کراوه‌ له‌ ئابووری‌و کردەوەی سه‌رمایه‌داریی جیهانی هه‌م له‌ بواری ئابووری و هه‌م له‌ بواری ئیدئۆلۆژیدا.

٥- سه‌ره‌رای ژێستگه‌لی جۆراوجۆر که‌ نوێنه‌رانی چینه‌ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌کان له‌ به‌رامبه‌ری‌دا ده‌گرن، بازرگانی سێکس‌و کرێکارانی جنسی‌و ئاسه‌واره‌کانی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌و، ته‌نیا ده‌توانێ په‌یوه‌ندیی کۆمه‌ڵگەی چینایه‌تی مۆدێرن‌و ئیمپیریالیسم له‌گه‌ڵ یه‌کێك له‌ مه‌ترسیداریرین‌و هه‌ژێنه‌رترین جۆره‌کانی توندوتیژی به‌دژی ژنان زه‌ق بکاته‌وه‌.

له‌ کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م داو به‌ تێپه‌ڕینی ئه‌م بۆ سه‌ده‌ی بیستەم‌دا، ئه‌وکاته‌ی سه‌رمایه‌داری چووه‌ ناو به‌رزترین قۆناخی خۆی واته‌ بوو به‌ ئیمپیریالیستی، باز‌رگانی به‌ ژنانیش وه‌ک کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی لێهات که‌ رێککه‌وتننامه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ دواوه‌ بوو، تاکوو پێش به‌ هه‌ر جۆره‌ ده‌لاڵێک‌ بۆ ژنان‌و کچانی منداڵ به‌ مه‌به‌ستی دزێو بۆ کڕین‌و فرؤشیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کان بگرێ.

ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان یاسای (منی) که‌ پێشنیاری (جیمز رابرت من) ئه‌ندامی کۆنگره‌ له‌و کاته‌دا بوو له‌ ساڵی ١٩١٠ په‌سند کرد، یاسایه‌ک که‌ به‌پێێ ئه‌و، راگواستنی تاکه‌کان له‌ سنووره‌کانی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی له‌شفرۆشی یان مه‌به‌ستگه‌لی له‌و جۆره‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرد.

پرسیار ئه‌وه‌ی که‌ ئایا یاساو رێککه‌وتنانامه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان ده‌بێته‌ هۆی به‌رته‌سک کردنه‌وه‌و نه‌مانی بازرگانی به‌ ژنان؟

راستییه‌کان ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن که‌ ئه‌م تیجاره‌ته‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌وانه‌ دوای ئاڵووگۆڕو گه‌شه‌ی ئابووری له‌ زۆرێک له‌ ولاتان دوای شه‌ڕی جیهانی دووهه‌م، له‌ حاڵی په‌ره‌سه‌ندن دابووه‌. ئه‌م پرسه‌ دوای رووخانی بلووکی شوره‌وی‌و گه‌شه‌ له‌ گۆلۆبالیزاسیون، به‌شیوه‌یه‌کی تۆقێنه‌ر په‌ره‌ی سه‌ندووه‌. سه‌ره‌رای به‌یانییه‌و یاساکانی دژی بازرگانی سێکس ئه‌م تیجاره‌ت‌و باز‌رگانییه‌ هه‌روا به‌شیوه‌یه‌کی بێ‌وێنه‌ له‌حاڵی په‌ره‌سه‌ندن دایه‌. ژنان‌و مندالان له‌ ناوچه‌ هه‌ژارنشینه‌کانی جیهان ده‌رفێندرێن، له‌ گوندو شاره‌کانیان ده‌گوازێنه‌وه‌و له‌ بازاری هه‌راجی( اوکشن) به‌ ده‌لاڵانی مرۆڤ ده‌فرؤشرێن تاکوو پیشه‌ی سێکس له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان، ئوروپا، ئوسترالیا، ئیسرائیل و ‌میرنشینه‌کانی عه‌ره‌بی‌و باقی وڵاتانی پێشکه‌وتوو که‌ بازارێکی گه‌وره‌ له‌وان دا له‌و پیشه‌یه‌دا بوونی هه‌یه‌ دابین بکه‌ن.

سه‌ره‌رای ئه‌و ژنانه‌ی که‌ راسته‌وخۆ ده‌رفێندرێن، رێژه‌یه‌کیان به‌ فریوکاری‌و فێڵ‌و ته‌ڵه‌که‌ له‌ رێگه‌ی واده‌و به‌ڵێنی بۆ شوغڵێک له‌وانه‌، کار له‌ رێستووران‌و هۆتێل یان خزمه‌تگوزاری، یان کاری جۆراوجۆرو له‌و چه‌شنه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کان ده‌که‌ونه‌ داوی ئه‌م که‌سانه‌وه‌. هه‌ژاری‌و بێده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ چاویان زۆرتر له‌ به‌رامبه‌ر ژیانێکی پڕ له‌ ئازارو سته‌م که‌ رووبه‌روویان ده‌بێته‌وه‌ ده‌نووقێنێ. راگواستنی ژنان بۆ شوێنی مه‌به‌ست زۆرتر له‌ رێگه‌ی باندگه‌لی رێکخراو که‌ په‌یوه‌ندیی نێونه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه‌، رێکده‌خرێ‌و به‌رێوه‌ده‌چی. کاتێک ژنێک راده‌ستی کارفه‌رماکه‌ی ده‌کرێ، واته‌ کۆیله‌داره‌که‌ی، به‌و ده‌وترێ که‌ له‌وێ راده‌گیرێ و ئاگایان لێ ده‌بێ تا ئه‌و کاته‌ی تێچووی سه‌فه‌ره‌که‌ی ته‌واو بێ، تێچوویه‌ک که‌ ته‌نانه‌ت بیر له‌ دانه‌وه‌ی ناکاته‌وه‌. ئێستا ئه‌و هه‌موو راستییه‌کانی که‌ له‌ پشت په‌رده‌ بووه‌ بۆی ده‌رده‌که‌وێ، به‌ڵام ئیتر زۆر دره‌نگ بووه‌و هیچ کارێکی پێ ناکرێ‌و ده‌رباز بوون له‌و گیژاوه‌ بۆی دژواره‌. ژن ده‌که‌وێته‌ به‌ر هه‌ره‌شه‌ی توندی ده‌ڵاڵان‌و باز‌رگانان. له‌وانه‌ ئیمکانی زه‌ربه‌لێدان له‌ بنه‌ماڵه‌که‌ی، دایک یان خوشکه‌ بچکۆلانه‌که‌ی، دواتر ده‌ستدرێژی تاکی‌و گروپی ده‌کرێته‌سه‌رو ماده‌ی سڕکه‌ری پێده‌درێ تا ئه‌و جێگایه‌ی به‌گشتی گیرۆده‌ی ماده‌ی سڕ که‌ری ده‌که‌ن تاکوو نه‌توانێ به‌رگری له‌ خۆی بکات و مل بۆ هه‌موو ویست و داخوازییه‌ دزێوه‌کانی ئه‌‌وان رابکێشێ‌و بیر له‌ ڕاکردن نه‌کاته‌وه‌. شێوه‌گه‌لی دیکه‌ش بۆ ڕاکێشانی ژنان بۆناو باز‌رگانی سێکسی بوونی هه‌یه‌، له‌وانه‌: ئیزدواج له‌گه‌ڵ کورێک یان له‌ رێگه‌ی تۆره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌رێوه‌ بچێ. له‌ زۆرێک له‌ نموونه‌کان منداڵان له‌ رێگه‌ی بنه‌ماڵه‌ یان که‌سانێک که‌ هیچ به‌رپرسیاریتیه‌کیان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وان دا نییه‌و له‌ ژێڕ هێڵی هه‌ژاری دا ده‌ژین له‌ به‌رامبه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ک ده‌فررۆشرێن.

رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان وا به‌راورد ده‌کات هه‌موو سالێک له‌ نێوان ٧٠٠ هه‌زار تا ٤ میلیون ژن و منداڵ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌ مه‌به‌ستی له‌شفرۆشی به‌ ناچاری، کارو جۆرهای دیکه‌ له‌ چه‌وساندنه‌وه‌ باز‌رگانیان پێده‌کرێ. وڵاتانی باشوورو باشووری رۆژئاوای ئاسیا وه‌کوو، کامبوج، ویتنام، فیلیپین، نپاڵ، بنگلادش، تایلەند و هلند له‌و روانگه‌یه‌وه‌ له‌و ولاتانه‌ن که‌ زۆرتر ده‌که‌ونه‌ به‌ر ئامانج. میلیونها ژن‌و منداڵ، کچانی منداڵ‌و مێرمنداڵ له‌ ناوخۆی وڵات ده‌فرۆشرێن‌و باز‌رگانیان پێده‌کرێ‌و یان به‌ وڵاتانی رۆژئاوایی‌و باقی وڵاتانی پێشکه‌وتوو ده‌فرۆشرێن‌و بازرگانیان پێ ده‌کرێ.

ژماره‌ی له‌شفرۆشانی کامبوج له‌ ساڵه‌کانی هه‌شتای زایینی نیزیک به‌ یه‌ک هه‌زار که‌س مه‌زه‌نده‌ کراوه‌. به‌ڵام له‌ حاڵی حازر وا مه‌زه‌نده‌ ده‌کرێ که‌ ٥٥ هه‌زار ژن و منداڵ وه‌کوو کۆیله‌داری جنسی به‌ دیل گیراون. ته‌مه‌نی زیاتر له‌ یه‌ک له‌سه‌ر سێ ئه‌وان ناگاته‌ ١٨ ساڵ، بازرگانی سێکس له‌ کامبوج تێچوویه‌ک نیزیک به‌ نیو میلیارد دۆلار له‌ ساڵدا به‌رهه‌م ده‌هێنێ.

ماویەتی

Leave A Reply

Your email address will not be published.