داڕمانی پەروەردە بە ئامار

0

د. سەردار عبدالرحمن لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا بەشێک لەئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە دەخاتە ڕوو، کەنەک جێگای هەڵوێستەیە، بەڵکو تەکاندەرە بۆ هەر ئینسانێک کەمترین خەمی نەوەکانی کۆمەڵگەو سلکی پەروەدەو فێرکردنی هەبێت… ئەو ئامارانە لەهەر کۆمەڵگەو وڵاتێکی دنیادا کە کەمترین پرانسیبی دیموکراسی بە مانا “باوەکەی بۆرژوازی” هەبێت، پەروەردە رێزلێگیراو بێت. دەبێتە هۆی دەست لەکارکێشانەوەی، یان ناچار بەدەست لەکارکیشانەوەی سەرجەم بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە و تەنانەت ڕوخاندنی ئەو حکومەتەش کە لەسەر کارە…

تەماشا کەن، چ کارەساتێکە، ئامارەکان دەدوێن:

٨١% قوتابخانەکان بەکەڵکی خوێندن نایەن!

لە ٦٦٣٥ قوتابخانە ١٧٨ قوتابخانەیان دوو دەوامن!

١٢٤ قوتابخانەیان سێ دەوامن!

٥ قوتابخانەیان چوار دەوامن!

لە ٦٦٣٥ قوتابخانە ٢٢% بینایان نییە!

٦٠% قوتابخانە گونجاو نین!

تەنها ١٨% باشن…

هەروەها ١٣٩٥ قوتابخانە میوانن لە بینای تردا…

٦٠٠ لادێ بێ قوتابخانەیە!

٣٠ قوتابخانە لەگڵ دروستکراون!

لە ٣٥٠ قوتابخانەدا، تەوالێت بۆ مامۆستایان نییە!

٥٠٣٥ قوتابخانە بێ توێژەری کۆمەڵایەتین!

٩١% قوتابخانەکان تاقیگەیان نییە!

ساڵانە ٣٠ بۆ ٤٥ هەزار قوتابی وازلەخوێندن دەهێنن!

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا پرۆگرامەکانی خوێندن پڕ لەهەڵەن، ساڵانە بە ملیۆنەها دۆلار سەرفی چاپی کتێب دەکرێت، بەڵام قوتابیان و خوێندکاران موحتاجی کتێبن!! پرسیاری تاقیکردنەوە، دەفرۆشرێن…

ئەو داتایانە، هێشتا باسی لە دۆخی مامۆستایان، بێموچەیی، نەبوونی دەوراتی بەهێزکردن، سەرکوتی سیاسی، دامەزراندن بە تەزکیەی حزبی، ژمارەی قوتابیان لەهەر پۆلێکدا، لێکجیاکردنەوەی قوتابیان لەسەر بنەمای ڕەگەزی” كچ و کوڕ” پێداویستیەکانی ناو خوێندگاکان،… ناکات. تەنانەت باسێک لە مەنهەجی خوێندن و تیکەڵاوبوونی لەگەڵ دین و موقەدەساتە پوچە قەومی و کەلتوری و ئەخلاقیەکان ناکات… خۆ ئەگەر هەرکام لەمانەش بەداتا بخرێتە روو کارەساتەکە چەند بەرابەر گەورە دەبێت.

لەکاتێکدا ئەو ئامارە ئازاردەرە لە سلکی پەروەردەدا، دەخرێتە روو، کە بە ئەندازەی زیاتری ژمارەی تەنها قوتابخانەکان، لە ٢٨ ساڵی رابردوودا مزگەوت لەشارو شارۆچکەکان بەوپەرێ تێرو پرییەوە دروستکراون و منارەکانیان، بە ئاسماندا چوون و میکرفۆنە چوارییەکانیان، کۆمەڵگە هەراسان دەکەن.

چ دەسەڵاتیکی کۆنەپەرستە، بەبەرچاوتەوە خوێندن و پەروەردە دابڕمێت و وێرانە بێت، مەنهەجی خوێندن دواکەوتوانە بێت، زوربەی زۆری خێزانە هەژارەکان بە هەزاران دەردەسەری ڕۆڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە، و ژمارەیەکی زۆریان ساڵانە بەهۆی نەبوونی و هەژارییەوە وازلەخوێندن بهێنن، مامۆستایان و کارمەندان، بێ موچەو پێداویستەکانی ژیان بن، کەچی دەستی دەوڵەمەندان و کۆنەپەرستانی دینی ئاوەڵابکەیت، ساڵانە مزگەوت دروست بکەن و زەوی بدەی پێیان و خوێندکارانیش بێ جێگەر ڕیگەو سێ دەوام و چوار دەوام بن و ژینگەی خویندنیش ناتەندروست و خاڵی لە پێداویستی و زیندان ئاسا بێت…

خوڵقاندنی ئەم دۆخە، بۆئەوەیە کۆمەڵگە لە نەزانی و تاریکی و نەخوێندەوارییدا بمێنێتەوە. بەجیا لەو ئامانجە کە کۆمەڵگە نەخوێندەوار و بێدەنگ بێت، هیچ پاساوێکی تر نییە بۆ ئەم هەلومەرجە، بەتایبەت لە وڵاتێکدا کە لەسەر دەریای نەوت و سامانێکی بێشومارە.

ئەو هەلومەرجە کە بەداتا بەشیک و تەنها بەشێک لە وێران بوونی دۆخی پەرەوەردە و ناتەبایی و دوژمنایەتی حزب و لایەنە سیاسی دەسەڵاتبەدەستەکان، لەبەرامبەر پەروەردەو نەوەکانیدا دەخاتە ڕوو، ئەرکێکی چارەنووساز دەخاتە سەرشانی بەرەی ئازادیخواز و پەروەردە دۆست و نەوەدۆست و هەموو ئینسانێکی ویژدان زیندو و مامۆستایان و کەسوکاری خوێندکاران، کەبێنە مەیدان و ئەم دەسەڵاتە ناچار بکەن، دەست هەڵبگرێت، لە وێرانکردن و دارمانی سلکی پەروەردە… کەدیارە سلکی تەندروستی و بوارەکانی تریش لەژێر سایەی ئەو دەسەڵاتەدا لەهی پەروەردە باشتر نین…

Leave A Reply

Your email address will not be published.