وەزیری پەروەردە، سەرۆکی زێرە….

0

وەزیری پەروەردە، سەرۆکی زێرە….

نووسینی: رێبوار عارف

وەک لەم وێنەیەی خوارەوەدا دەیبینن وەزیری پەروەردەی پارتی لەقوتابخانەیەکی بێ مامۆستادا پۆلێک منداڵی فێرکراو تەوقیانداوەو ئەویش لە ناوەراستیاندا بەقیافەیەکەوە وێنەیەکی پرشانازی دەگرێت. هاوکات لە چرکەساتی چرکاندنەکەدا، وێنەکەی سەرۆک بەدەست یەک بەیەکی منداڵەکانەوە دەبینرێت. ئیتر بە “ئەمری ئەو خوایە” وەزیر هەیەجان دەیگرێت و رۆح دەکاتەوە بە بەری هۆنراوەکەی خالید خۆشناوی هەڤاڵیدا کە کاتی خۆی بۆ ئەلمرحومی لەسێدارەدراودا نوسیبوو، ئەم جارە لەسەر هەمان وەزن وقافیە بۆ سەرۆکی سەربە تورکیای حکومەتی کوردی سرودەکەی ’’سەرۆکمان زیرە’’ دەڵێتەوە. ئەلهەق راستیان وتووە ئەوەی لە مشک بێت جەواڵ دەدڕێت. ئاخر ئەم کۆمپانیانیا ملیاردێرەی پارتی هەر دەتوانێت وەزیری بێپشتیوانی وەک پشتیوان سادق بەرهەم بهێنێت، دەنا ئەم رەوشت و نەریتە بەعسیانە کەی جیگەی شانازیە. ئەلهەق راستیان وتووە ماڵی قەلب سەربە ساحێبیەتی. ئیتر دەبیت چاوەڕوانی چیبکرێت لە حزب وحکومەتێک کە ئاشتی هەورامی ئاشەکەی بگێرێت و پشتیوان سادق سەداقەت ومەعریفەتی وەزارەتی پەروەردەکەی دیاری بکات. رۆژگاریکی چەند تاڵ وتراژیدییە پاش تێپەربوونی چواردە ساڵ بەسەر گۆربەگۆرکردنی رژیمی بەعسی فاشیست ئەمرۆ بەئاشکراو بەوپەری ڕوقایمیەوە کەسێک کە بەوەزیری پەروەردە ناسراوە، ئەم جۆرە لە داب ونەریتی بەعس بڵاودەکاتەوەو بەدوریشی مەزانن سبەینی سەرۆک مێداڵیکی سەرکەوتن لەبەرۆکی ئەم وەزیری پەروەردەیە بدات. ئاخر کاتێک دەسەڵاێیک بۆ دابینکردنی چارەکە موچەی مامۆستایان روو لەدایک و باوکی منداڵان بکات کە تەقنەی فەقی بکەن بۆ مامۆستاکانیان و هەر قوتابیەک 25 هەزار دینار بۆ مامۆستاکانیان کۆبکەنەوە، کە وەزیرێک تا ئەو شوینە دابەزێت کەخۆی نەک تەنیا سەرمەشقی زیندوکردنەوەی نەریتێکی بەعس بێت، بەڵکو خۆی بچێتە نێو پۆلێکی قوتابیان و زەردەخەنە بەرووی ئەو قوتابیانەدا پەخش بکاتەوە کە وێنەکەی سەرۆکیان بەرزکردوەتەوە، بەراستی ئەم وێنەیە پربەپێستی خۆی دەبوو ئەگەر وەزیر هەمان سرودیشی لەگەڵ منداڵاندا بووتبایەتەوە ’’ زیرە سەرۆکمان زیرە ’’ ! کارەساتەکە ئەوەیە نە نیهادو نە ئورگانیکی چاودێری بەرپرسیار لە گۆریدایە کە ئەگەر نەشتوانێت ئەم هەرزان فرۆشییەی کارکردی وەزیرێک رابگرێت، ئەوا ئەو سوکایەتیە بەخەڵکی کوردستان راگرێت و بڵێت بەسە بەس!  هەرچەندە ئەو ئاستە لەدەنگ هەڵبڕین بەبێ وشیارییەکی چینایەتیەتی، بەبێ رۆشنگەری و رێکخراوبوون و هاتنەمەیدانی ئیرادەی ئینسانیمان مەحاڵە بتوانین ئاڵوگۆرێکی ریشەیی لەم دۆخەدا پێک بهێنین، بەدڵنیایەوە کۆمەڵگەیەک خاوەنی وەها ئیرادەیەک نەبیت، ئەوا بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستەو ئینسانی مەحاڵە مەحاڵ. ئاخر چۆن مەحاڵ نییە کاتێک دەبینین وەزیری پەروەردە وەک نوقل و نەبات ئەوجۆرە لە پەروەردەمان بۆ بڵاودەکاتەوە کە پراوپر لە کارنامەو رەوشتەکانی بەعسەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەم کردەوەیە نیشانیدا کە پارتی چەندە وەفادارە بۆ گەشانەوەو بوژاندنەوەی داب و نەریتەکانی بەعس و چۆن لەرێگەی وەبیرهینانەوەی ئەم سروودانەوە مێژوویەکی خوێناوی و پر تراژیدو جینۆسایدمان وەبیردینێتەوە کەناکرێت بێدەنگ بین لە ئاستیدا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.