په كەكه و مه نهەجى خويندن

0

ئاسو كمال:

له بڕیارەکانی دووه‌مین کۆنگره‌ی ته‌ڤگه‌ری ئازادی دەڵێ”3- په‌رتوک و نوسراوه‌کانی رێبه‌ر ئۆجالان وه‌ک مه‌نهه‌جی خوێندن سودیان لێ وه‌ربگیردرێت له‌ناوه‌نده‌کانی خوێندنی.” پرۆگرام و مەنهەجی خوێندن یەکێک لە پێوەرەکانی سیستەمی بەڕیوەبردنە ، بۆنمونە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پرۆگرامی خوێندنیاندا مرۆڤ ئامادە دەکەن تا بتوانێ بەدەستکەوتە زانستیەکانی بایۆلۆژی ، فیزیا ، کیمیا، ماتماتیک ، پزیشکی ، دەروناسی و هتد ..بە کۆمەڵگەی پێشکەوتوی پیشەسازی و تەکنولوژی ئەو وڵاتانە خزمەت بکا. دەوڵەتە ئیسلامیەکانیش بە پرۆگرامی خوێندنی شەریعەتی ئیسلامی مرۆڤ ئامادە دەکەن کە خۆی بێ ماف و ترساو و نەزان وگوێڕاڵ بۆ دەسەڵات بزانێ و لەم سنورە دەرنەچێ . دەوڵەتە دیکتاتۆریەکانی وەک بەعسیش مێژوی بەعس و عروبەیان کردبوە مەنهەجی خوێندن. ئەم بڕیارەی پەکەکەوە لە کوردستان کە مەنهەجی خوێندن دەکا بە خوێندنی نوسراوەکانی ئۆجالان ناو بنێین چی؟ پێم وانیە هێشتا هیچ سیستەمێکی تۆتالیتاری و دیکتاتۆری تا ئەم ڕادەیە بە نەهلیزم و خۆپەسەندی نەگەیشتوە کە نوسینی سەرکردەکەی بکا بە مەنهەجی خوێندن. بەپێچەوانەی بانگەشە و ئیدعای پەکەکە کە سیستەمێکی نوێی “خۆبەڕێوەبەری” خەڵکی دۆزیوەتەوە، ئەم سیستەمە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە بە پێی ئیدیۆلۆژی تاکە کەسی ،کە ئاپۆیە.

پرۆگرامی خوێندن واتە بنیاتنانی زانیاری و توانای کرداری مرۆڤەکان لەسەر بنەمای زانستە بەدەستهاتوەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆ بەڕیوەبردن و گەشەپێدانی کۆمەڵگە. بەڵام لەم سیستەمە ئاپۆییەی خوێندندا کۆمەڵگە دەکرێتە قوتابخانەیەکی تاک حزبی کە مرۆڤەکان لەجیاتی بەهرەمەندبن لە دەستکەوتی چەند هەزارساڵەی خەباتی ئینسان لەپێناو دۆزینەوەی زانستەکان و لۆجیک و داهێنانەکان دەکرێنە کادرێکی حزبی کە خەریکی پەرستنی فکری و سیاسی یەک تاکەکەسن و فێری چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕیارە حزبیەکان دەکرێن.

ئەم میتۆدە لە بەڕیوەبردنی کۆمەڵگە هەمان میتۆدی ئیسلامی سیاسی و دیکتاتۆریەتی فەردیە کە نمونەکانی لە ئێران و سعودیە و سەرجەم حکومەتە عەسکەری و تاک حزبیەکاندا هەیە. هەربۆیە ئەمە تەنیا میتۆد و پرۆگرامی خوێندن نیە ،ئەمە ڕەنگدانەوەی چۆنیەتی حوکمی تاک حزبی و تاک ئیدیۆلۆژیە کە سەدەی بیست پڕبوە لەو جۆرە دەسەڵاتانەی بەناوی خەڵکەوە ، تاکەکەس و گروپێکی بچوک و بیرۆکراتیەتێکی حزبی سەرجەم بوارەکانی ژیانی لە قسە و بڕیار و فکری دیکتاتۆریەکاندا قەتیس کردوە.

کۆمەڵگەی ئازاد و یەکسان کە خەڵک خۆی بەڕیوەبەرێ تەواو بەپێچەوانەی ئەم سیستەمەی پەکەکەوە یە ، کۆمەڵگەیەکە کە پێویستی بە ئۆتۆریتە فەردیە موقەدەسەکان نیە، نوسراوەکانی ئەوان ناکاتە مەنهەجی خوێندن ، بەڵکو خوێندن و پەروەردە لەدەسەڵات و ئۆتۆریتەکان جیادەکاتەوە و دەیسپێرێ بە زانست و دەزگا زانستیە نا”دەسەڵات”دارەکان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.