سەرم خەریكە مێرولە دەگرێت

0

سەرم خەریكە مێرولە دەگرێت

………………………………………….

سەرم خەریكە دەبێتە شارە مێرولەو

دایكم هەزار جار پێم دەڵێت

كوڕم ئەوەندە بەتوندی

دەسكی دەرگاكەی دەرەوە

ڕامەكێشە

چۆلەكەكانی ئەم دەڤەرەی

ئێمە ئەمەندە خەویان سوكە

بەترپەی پێی

مارمێلكە ماتەكانیش ڕادەچڵەكێن

…………………..

نازانم ئەم سەرە لەسەری خۆم

ناچێت

ئەی كەی ئەم دەستانە دەستەكانی

منن

هەڕۆژەی یەكێكیانم لێ دەكەوێت

خۆمم بۆناناسرێتەوەو

ناتوانم ئەم مێرولە چەتوانانە

لەخۆم بتەكێنم و

ئیتر ئەوەندە بیرلەوە نەكەمەوە

ببمە سەرۆكێكی درۆزن و

ئەوەنەش سوێند بەسەری نەوت نەخۆم

…………………………….

ئەم سەرە لەسەری خۆم ناچێت

هەر بەوەدا دەزانم پێش من

دەخەوێت

پێش من خەبەری دەبێتەوەو

پێش منیش سەرخۆش دەبێت

ئەم سەرە لەسەری خۆم ناچێت

بەوەدا دەزانم

من بەدەستێك دەست لەمردن

ڕادەگرم

ئەو پێش لەمن ناوی خۆی

لەسەر تابوتێكی دزراو. هەڵدەكۆڵێت

……………………………………..

ئەم سەرە لەسەری من ناچێت

دەنا ئەوەندە حەزی لەتەنیایی

نەدەب و

ئەوەندەش

لەملاو لا بەسەرخۆشی هەڵیان

نەدەگرتەوەو

ئەوەندە نەدەچونە ژێر باڵەكانی

ئەم هەناسانە

لەهەناسەكانی من ناچێت

ئەم تەنیایانە

لەتەنیایەكانی من ناچێت

بەوەدا دەزانم

كراسەكەی بەبێ وتوكراوی

لەبەر دەكات و

قژیشی بەلای چەپدا لادەدات

ئەم سەرە سەری من نیە

دەنا ئەوەندە لەملاو لا

نەمدەهێنایەوەو

ئەوەندەش

بۆی نەدەگریام

……………..

حەکیم میرزا    ١٢/٦/٢٠١٩

Leave A Reply

Your email address will not be published.