میدیای بۆرژوازی و کۆمەڵکوژیەکانی سودان و یەمەن

0
 میدیای بۆرژوازی و کۆمەڵکوژیەکانی سودان و یەمەن

نووسینی: نوری بەشیر

ئەم ڕۆژانە هاتوهاواری میدیای بۆرژوازی لەسەر کۆمەڵکوژی و بۆردومان لە سودان و یەمەن و ناوزەندکردنیان بە کۆمەڵکوژی و کاری تیرۆریستی لە دەرەجەی یەکەم کە لەم دە رۆژەی پێشوودا ئەنجام دراوە، بە حسابی خۆیان دەیانەوێت لاپەڕەی ڕەشی هێزە ئیسلامیە قەومی و سەربازی و میلیشیاییەکانی ئەو دوو وڵاتە دەرخەن، بەمەش گوایە رووی راستەقینەی ئەم هێزانەی بۆرژوازی لەم دوو وڵاتەدا نیشان بدەن، بەڵام لە راستیدا ماهیەتی ئەو هێزانەو هێزە ناوچەیی و جیهانیەکانی تری هاوکار و پشتی ئەنجامدەرانی ئەم کارەساتانە لە رابردوو و ئێستادا بە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دراوە دەشارنەوە.

ریاکاریەکانی بی بی سی و  گاردیان و العربیە و سەدان میدیای تری دەمڕاست و رەوا جدەری سیاسەتەکانی سەرمایەداری و دەوڵەت و هێزە میلیشیا و سەربازیەکانیان، هەموویان شتێکی جیا لە خۆڵکردنە چاوی جەماوەری کرێکار و بەشمەینەتانی کۆمەڵگا نین، ئەم میدیا گوێ لەمشتانەی بۆرژوازی جیهانی میدیای حکومەت و دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانی حکومەتە بۆرژوازیەکانن و لای سەرەوەی هەواڵەکانیانی پێ دەڕازێننەوە .

ئەوان دەیانەوێت هەموو تاوانەکانی دەسەڵاتدارێتی سودانی سی ساڵی رابردوو کە عومەر حەسەن بەشیری لەسەرکار لابراو بەیارمەتی دارودەستەکەی کە ئێستا حکومڕانی دەکەن بەناوەکانی عبدالفتاح بورهان وەک سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی و محه‌مه‌د حەمدان دەقلو ناسراو بە حمیدتی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەربازی کە نەک تاوانباری کۆمەڵکوژی خۆپیشاندەرانن لە ٣ی حوزەیراندا واتە دە ڕۆژێک لەمەوبەر، بەڵکو حەمیدتی تەنیا لە هەرێمی دارفۆردا نزیکەی سێ سەد هەزار کەسی کۆمەڵکوژ کردووە بە فەرمانی عومەر حەسەن بەشیر وە هەر دەنگێکی ناڕازی هەبوو بێت ئەوا بە حەمیدتی سەرکوتی کردووە. ئەوەی ئەمجارە لە کۆمەڵکوژی ناڕەزایەتیەکانی ئەم ماوەیەی پێشوودا وتراوە کە نزیکەی ١٢٠ کەس کۆمەڵکوژی کراوە کە بەشێکی بە برینداری خراوەتە ئاوی نیل و مردوون و نزیکەی ٧٠٠ کەس بریندار بوون، هەر ئەوە نییەو لەریزەکانیدا منداڵانێکی زۆر هەن، هەروەها بەپێی هەواڵەکان نزیکەی حەفتا ژن و پیاو تەجاوزی جنسیان پێکراوە لەلایەن هێزە سەربازەیەکانی سودانەوە لە کاتی کۆمەڵکوژی ئەو خۆپیشاندانەی ئەخیردا، ئەمەی ئێستا دەسەڵاتی حەمیدتی دەیکات درێژەی کۆمەڵکوژی چەند دەیەی رابردووە، کە وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری جیهانی و ناوچەیی لەپەیوەندی توندوتۆڵدا و هاوکار بوون لەگەڵ ئەم دەسەڵاتدارانەو بەرژەوەندیان لەو کوشتار و کۆمەڵکوژیەی عومەر حەسەن بەشیر و حەمدان دەقلودا بووە، ئێستا بەپێی دەخالەتی روسیا و چین و وڵاتانی تری هاوپەیمانیان بەرژەوەندی ئەوانیان خستۆتە مەترسیەوە لە سودان و بۆیە شینی بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەکەن، نەک کۆمەڵکوژی خەڵكەکە.

سەبارەت بە یەمەن خۆ تاوانە دژی ئینسانیەکانی حوسیەکان لانی کەم لە پێنج ساڵی رابردوودا بە بەرچاوی میدیای جیهانیەوە کەمی نەهێناوە لە تەجاوزی جنسی بەژنان و کوشتی منداڵان و کۆمەڵکوژی و ریزی برسیتی زیاتر لە دە ملیۆنی کە چەند مانگ لەمەوبەری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ رایگەیاند لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسیەکان و دەسەڵاتی یەمەندا، بەڵام بە پابەند نەبوونی حوسیەکان بە رێکەوتنی الحودەیدە لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و حوسیەکان بەسەرپەرشتی ئەمریکا لە کۆتایی ساڵی رابردوەوە کۆمەڵێک کوشتاری بەکۆمەڵیان ئەنجامیانداوە، بەڵام میدیا وروژێنەرەکانی بۆرژوازی ئێستا شەرمنوکانە دەیانەوێت تەنیا بە بۆردومانی فڕۆكەخانەی ئەبهای سعودیە کفن بەباڵای حوسیەکاندا ببڕن و لێرەوە لەسەریان حساب بکەن، ئیتر هەموو ئەو کۆمەڵکوژیەی حوسیەکان و ئاوارەیی و ماڵوێرانی ملیۆن ئینسان لە یەمەن پەردەپۆش بکەن، ئەمەش بۆ فشار هێنانە بۆ حوسیەکان کە رێکەوتنی بەردەومیان لەگەڵدا بکەن و ببنە شەریکە دەسەڵات و ئیتر کێشە نییە لەوەوبەر چیان کردوەو چی کۆمەڵكوژیەکیان ئەنجامداوە وە چی هێزێکی تیرۆریست و دژی ئینسانن و سەر بە ئێرانن.

ئەم دەبڵ مۆراڵیەی میدیای بۆرژوازی شتێک نییە جیا لە رەنگدانەوەی کلکایەتی و دەمڕاستی بۆ دەسەڵاتی بۆرژوازی و دەوڵەتانی سەرمایەداری لەبەرامبەر کوشتارو کۆمەڵکوژیەکانی مرۆیی لەلایەن دەسەڵاتی بۆرژوازی بە بەرگی قەومی و دینیەوە کە سەربازو میلیشیاکانیان ئەنجامی دەدەن.

ئەوە تەنیا کۆمەڵکوژی نییە لە سودان و یەمەن ئەنجامدەدرێت، ئایا ئەوەی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامیدا دەگوزەرێ کۆمەڵکوژی نییە!؟ کە بەرژێمی دژی ژن و رژێمی سەد هەزار ئیعدام دەناسرێت و دەستی تاوانی ئەم رژێمە هارەی بۆرژوازی بۆ عێراق و کوردستان و سوریا و یەمەن و لوبنانیش سنور دەبەزێنێت.

 ئایا ئەوە کۆمەڵکوژی نییە کە لەژێر دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بیست هەزار ژن تیرۆر کراوە، بەبەرچاوی خەڵکەوە رۆژنامەنوسان تیرۆر دەکرێت، بکوژانی ئەوان و حەڤدەی شوبات و زۆرێكی تر پلەو پایەیان لەدەسەڵاتدا بەرزدەکرێتەوە. ئایا ئەوە کۆمەڵكوژی نەبوو کە ئەسەد لە سوریا ئەنجامی داو ئێستاش بەشاری کوڕی درێژەی پێدەدات و هەوڵدەدەن لەدەسەڵاتدا بیهێڵنەوە.

ئەم رەفتارانەی بۆرژوازی و میدیاکانیان ئەگەر نان بەنرخی رۆژ فرۆشتن نەبێت ئەبێت چی بێت!؟ کە ئەم میدیا نۆکەرانەی بۆژوازی، کە حکومەتەکانی ترەمپ و تیریزا مەی و ماکرۆن و میرکل و…. ئۆردوگان کە خۆیان شەریکە بەشی کۆمەڵكوژەکانن، بەڵام کە ئێستا بەرژەوەندیان لە سودان و رێکەوتنیان لەگەڵ حوسیەکان تێکچووە، تەنیا گۆشەی تاوانەکانی ئێستایان دەردەخەن و بە رێکەوتن لەگەڵیان ئەوەش دەبێتە رابردوو.

بەڵام میدیای بۆرژوازی لاپەڕەی رەشی هەریەکە لەو وڵاتانە لەسەر کوشتاری بەکۆمەڵ و برسیکردن و ئاوارەکردنی ملیۆنی خەڵکیان بۆیان گرنگ نییە تەنیا ئەو کاتە نەبێت کەبەرژەوەندیەکانیان لەو وڵاتانەدا دەکەوێتە مەترسیەوە قسەیەکی لەسەر دەکەن، ئەو قسە لەسەرکردنەش بۆ ئەوەیە کاتێک هاوشێوەکانیان بە بەرگی ترو بەناوی ریفۆرم و ئاڵوگۆڕی ڕوکەشی دەسەڵات دێنە سەر کار، بە نوێنەر و دڵسۆزی خەڵک ناوزەدیان بکەن و ئاوێک بەسەر ئاگری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی خەڵکدا بکەن و بیان نێرنەوە بۆ ماڵەوەو بۆ چەند دەیەی تر دەسەڵاتی نەگریسی میلیشیاو دیکاتۆرو بنەماڵەی بۆرژوازی مسۆگەر بکرێتەوە.

هاتوهاواری میدیا ئەڵقە لەگوێکانی بۆرژوازی لە هەڕەشەی جەنگی نێوان ئەمریکاو ئێران کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەخۆوە خەریک کردووە، لەسەر ئەوە نییە رژێمی جمهوری ئیسلامی ئێران کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە، لەسەر ئەوە نییە رژێمی دژی ژن و کرێکار و مناڵان و مەدەنیەتی کۆمەڵگەیە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە کە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانی خستۆتە مەترسیەوە و داوای رێکەوتنی لێدەکەن، لەسەر ئەوەیە دەخاڵەتی حکومەتی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکەدا زۆرترە لە  دەخالەتی ئەمەریکا و دەیانەوێت ئەمە کەم کاتەوە.

بە داخەوە هەموو ئەمانە لەکاتێکدا دەگوزەرێت کە چینی کرێکار، رێکخراو نییەو بەهرەمەند نییە لە بوونی حزبی کۆمۆنیست و مارکسی خۆی بۆ رابەرایەتیکردن و دەخالەتی بەدژی هەموو ئەو کومەڵکوژی و بێحورمەتیەی کە بەئینسان دەکرێت لە سودان و جیهادا، وە نەبوونی میدیای بەهێزی ئەم چینە و بزوتنەوەیە لەئاستی دنیادا تا لەبەرامبەر میدیای دەمڕاستی بۆرژوازیدا بتوانێت لەبەرژەوەندی خۆی و خەڵک بەگشتی هەواڵەکان بگوازێتەوەو دنیا لیکبداتەوە، ناڕەزایەتیەکانی  ئێستای سودانیش بەهۆی لەمەیداندا نەبوونی چینی کرێکاری رێکخراو لە شوراکانی گەڕەک و شوێنی کاردا و نەبوونی حزبێکی کۆمۆنیستی و مارکسی، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانیان دەبێتە دەستمایەی هێزو لایەنەکانی ترو دەسەڵاتی بۆرژوازی و سەرمایەداران جارێکی تر بەشێوەیەکی تر درێژە بە تەمەنی نەگریسی خۆیان دەدەن.

ناوەڕاستی حوزەیرانی ٢٠١٩

Leave A Reply

Your email address will not be published.