خوێندنگای (شویفات)ی نێودەوڵەتی سزای منداڵان دەدەن. شێرزاد فاتح، بەڕێوەبەری سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان

0

 

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا و بە تایبەتیش لە دوای ساڵی ٢٠١٠ چەندین خوێندنگای ئەهلی لە شارەکانی کوردستاندا کراوەنەتەوە، ئەم خوێندنگایانە لەلایەن چەند سەرمایەدارێکەوە دامەزراون کە لەهەمانکاتدا خاوەنی چەندین کۆمپانیای بەرهەمهێنانن لەشارەکانی کوردستاندا.

شوەیفات بە پێچەوانەی زۆربەی زۆری یاسا و پرەنسیپە پەروەردەییەکانەوە دامەزراوەیەکی سود ویستەو لە پێناوی پڕکردنی گیرفانی چەند سەرمایەدارێک کراوەتەوە، نەک بە ئامانجی پەروەردەیەکی سەردەمی منداڵان، لەکاتێکدا کەقوتابخانە دەبێت ئامانج لێی پەروەردەیەکی تەندروستی منداڵانە بێت. هەریەک لەم خوێندنگایانەش (نێودەوڵەتیان) بە خۆیانەوە لکاندووە بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی و زل نیشاندانی ناوەکەی خۆیان، بەپێی قسەی باوکێک بەناوی (سەیوان) کە لەبەریتانیا گەڕاوەتەوەو منداڵەکەی لەو قوتابخانەیە بووە، باس لەوە دەکات کە منداڵەکەیان فێری هیچ نەکراوەو بڕی ٣٨٠٠ دۆلار لە هەر خوێندکارێکیش وەردەگیرێت.

شایانی باسە چەندین باوک و دایک و کەسوکاری منداڵانی ساوا گلەییان لە شێوازی پەروەردەو وفێرکردنی منداڵەکانیان هەیە ئەم قوتابخانەیەدا، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بوو کە کاتێک باوکی منداڵیك ڕەخنە لە بەڕێوەبەرو مامۆستاکان دەگرێت توشی پەرچەکردارێکی زۆر توند دەبێتەوەو لەلایەن مامۆستایەکی قوتابخانەی ‌شوەیفاتەوە و بە شەق و بۆکس دەکەونە گیانی.

 بەپێی چەند سەرچاوەیەک قوتابخانەی شوەیفات بەپێی گرێبەستێك لەنێوان كۆمپانیای (فروبل و سابس) دامەزراوە، هیچ پەیوەندی بەحكومەتەوە نییە بۆ هاوكاری مادییان، بەپێی یاسای ژمارە (14ی ساڵی 2012)ی یاسای قوتابخانەو پەیمانگە ناحكومیەكانیش هیچ مادەیەك نییە ئاماژە بەوە بكات حكومەت پارە بەم قوتابخانە ئەهلیانە بدات، بەڵام حكومەتی هەرێم بڕی (3,759,893,255) سێ ملیارو حەوت سەدو پەنجاو نۆ ملیۆن و هەشت سەدو نەوەدو سێ هەزارو دوسەدو پەنجاو پێنج دیناری بەخشیوە بە قوتابخانەی شوەیفات، بە پێی ڕاپۆرتێکی میللەت.

بەپێی گرتەیەکیش کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، دایکێک باس لەوەدەکات کە تەنانەت منداڵان نە بۆیان هەیە بچن بۆ میزکردن وە نە بۆ ئاوخواردنەوە، جگە لەمەش باس لە سزادانی منداڵانی تەمەن بچوک دەکرێت لە ڕاگرتنیان لە ژووری تاریکداو بەستنیان بە کورسییەوە لەم خوێندنگایەدا.

لەبەر نەبوونی دەسەڵاتێک کە دەسەڵاتی خەڵک بێت و خەمەکانی خەڵکی کوردستان لە کۆڵ بنێ، پاشاگەردانی و گەندەڵی سەرتاپای دەسەڵات و هەموو دام و دەزگا خزمەتگوزاری و پەروەردەییەکانی گرتۆتەوە، هەرئەمەش وای کردووە کە خەڵکی کوردستان نازانن سکاڵاکانیان بۆ کوێ و بۆ لای کێ بەرن، کاتێک لە قوتانخانەکاندا توندوتیژی لەبەرامبەر منداڵەکانیان ئەنجام دەدرێت زۆربەی زۆری کات بەڕیوەبەرایەتی پەروەردەکان دەچنە پاڵ کۆمپانیاکان و دەچنە سەنگەری بەرگری لەخۆیان و یاسای جەنگەڵیان، نەک بەرگری لە منداڵان.

پەروەردەو فێرکردنی منداڵان بەم شێوەیە جێگەی نیگەرانی قوڵی ئێمەیە لە سەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵاندا و شوێنی لەمشێوەیە دەبێت لەژێر فشاری دایکان و باوکان و ڕێکخراوەکاندا بێنە داخستن و بەهەوڵی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دەستی قازانج پەرستان و بازرگانەکان لەیەخەی منداڵان بکرێتەوە. ئەمانە هیچ مافی پەروەردەی منداڵانیان نییە، دەسەڵاتێکیش لە کوردستاندا هەیەو خۆی بەدەمڕاستی خەڵکی کوردستان دەزانێت، وە ئەگەر ئەم دەسەڵاتە منداڵان و پەروەردی منداڵان و مافەکانی منداڵانیان بۆ گرنگە، دەبێت ڕێگە نەدەن بەکردنەوەی دوکان و بازاڕ بەناوی پەروەردەی منداڵانەوە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.