مردنی هێواش و بێ دەنگی کرێکاران لە هیندستان!

0

مردنی هێواش و بێ دەنگی کرێکاران لە هیندستان!

نووسینی: ڤیکتۆر ئۆلازەباڵ

ئامادەکردنی : شوان عزیز

هەموو بەیانیەک، کۆمەڵێک لە کرێکاران لەسەر شۆستەی شەقامەکانی نیودەلهی دادەنیشن و چاوەڕێی ئەوەن کە پیکابێک بێت و هەڵیان بگرێت و بیان بات بۆسەرکاری تەعمیڕات و بیناسازی.

ئەو کرێکارانە هەر یەکەی جانتایەک لە ئامڕازی پێویستی بیناسازیان بە کۆڵەوەیەو جلی تایبەتی کاری بیناسازی و چەرمینیان لەبەرکردووە. هیلاکی و بێزاری تەواوی ڕوخساریانی داگرتووە. کرێکاران لە پایتەختی هیندوستاندا ڕۆژانە بە ٥٠٠ ڕوپی کە دەکاتە ٧ دۆلاری ئەمەریکی کاری بیناسازی دەکەن. ئەوەش ئەگەر بەخت یاوەریان بێت و خاوەنکار بە خۆی و پیکابەکەیەوە بێت و هەڵیان بگرێت. وە ئەگەر نا ئەوە دەبێت بڕۆنەوە بۆ ماڵەوە، بۆ ڕۆژی دوایی بێنەوەو بەختی خۆیان تاقی بکەنەوە.

ئەوکرێکارانەی کە کاریان بۆ ئەو ڕۆژە دەست دەکەوێت ڕووبەڕووی واقیعێکی تاڵ و ناخۆش دەبنەوە. لەبەرئەوەی سێکتەری تەعمیرات و بیناسازی بە سێکتەرێکی خوێناوی و مەرگهێن دادەنرێت بۆ کرێکاران لە وڵاتی هیندوستاندا. بە پێی ئامارەکان ڕۆژانە ٣٨ کارەساتی خوێناوی لە شوێنی کارەکاندا ڕوو دەدەن. مردن بەهۆی کارەساتی کارەوە لە هیندستاندا بە پێی ئامارەکان لە هەر ٤ کرێکار یەکێکیان دەمرێت بەهۆی ڕووداوەکانی وەک( کەوتنە خوارەوەی کرێکار لە باڵەخانەی زۆر بەرزەوە. یان بەهۆی کارەبا گرتن و ڕووخانی دیوار بەسەر کرێکاراندا، یان بەهۆی تێکشکان یا بەربوونەوە لەسەر ئەسکەملەی کارکردنەوە.) بەپێی بەدواداچوونێکی پەیمانگای تەکنۆلۆجیای هیندستان، ئای ئای تی، کە زۆر جێگای باوەڕە ٤٨ هەزار کرێکار ساڵانە لە هیندستاندا بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیان لەدەست دەدەن.!!

هەواڵی کارەساتەکانی سەرکار ڕۆژانە لەلایەن میدیای ناوخۆی هیندستانەوە بڵاودەکرێنەوە. بۆنموونە دەگووترێت لە کاتی لافاودا کانێکی خەڵووز تێکدەڕووخێ، کە نایاسایی و قاچاخ بووە، وە لە لەئەنجامدا ١٥کرێکار دەکەونە ژێریەوەو کانەکە دەبێتە گۆڕ بۆیان بۆهەتاهەتایە. تەقینەوەیەک لەناو بازارێکدا ١٣ کرێکاری تێدا دەبن بەقوربانی. باڵەخانەیەک کە کرێکاران خەریکی نۆژەنکردنەوەن دەڕووخێ و لەئەنجامدا ٧ کرێکاری تێدا دەمرێت. زێرابێک تێکدەڕووخێ و ئیتر هەواو ئۆکسجین لە کرێکارەکان دەبڕێت و لە ئەنجامدا ٢ کرێکار دەکوژێت کە خەریکی پاکردنەوەی بوون.) هەموو ئەو جۆرە کارەساتانە ڕۆژانە ڕوودەدەن و کرێکاران دەبنە قوربانی. بەڵام هیچ کام لەو کارەساتانە سەرنجی نەدەزگای ڕاگەیاندن ڕادەکێشن وە نەخاوەن کارەکانیش دێنەسەر خەت. تەنها مەگەر کارەساتەکە زۆر دیارو گەورە بێت وەک ئەوەی کە بە هۆی هاتنەدەرەوەی غازەوە ٢٥٠٠ کرێکار مردن لە ساڵی ١٩٨٤ لە بهۆپاڵ!.

بەپێی وتەی ئەپورڤا کایوار، سکرتێری یەکیەتی فیدڕاسیۆنی پیشەسازی جیهانی بۆ بەشی خوارووی ئاسیا، نەبوونی تۆمارێکی ڕەسمی وا دەکات قورس بێت بزانرێت بەڕاستی ژمارەی کرێکارە کوژراوەکان بەهۆی ڕووداوی سەرکارەوە چەندە. بە تایبەتی لە زوربەی شوێنەکانی کار کرێکاری بریندار لە بنچینەدا لەوانەیە ناوی هەر نەنووسرێت. دیسان ئەو دەڵێت” ئەگەر کرێکارێک بریندار بوو لەسەرکار وە بردیان بۆ بیمارستان و لە دوای ١٥ ڕۆژ بەهۆی ئەو برینداریەوە مرد لەناو بیمارستانەکە یاخو لە ماڵەکەی خۆیدا، ئەوە زۆر قورس و زەحمەت دەبێت ئەو مردنە تۆمار بکرێت بەهۆی ڕووداوی کارەوە، چونکە لە کاتی برینداربوونی لە شوێنی کارەکەیدا کە ڕووداوەکەی تێدا ڕوویداوە ئەو ڕۆژە تۆمارنەکراوە کە ئەو کرێکارە بریندار بووە”. وە ئەو ماوەیەش کە دەبێتە ١٥ ڕۆژ وا دەکات کە زۆر کۆن بێت و زۆر گوێی پێنەدرێت لەلایەن خاوەنکارەوە. ئەوەش ئەوە دەگەێنێت کە چەندە کات بەسەریا تێپەڕێت زۆرتر قورس دەبێت کە بەرپرسیاریەتی بخرێتە سەر شانی خاوەنکارەکە. واتە ڕوونتر بڵێین؛ ئەگەر کرێکارێک بەهۆی هەڵمژینی گازێکی ژەهراوی لەشوێنی کارەکەیدا دوای ٢٠ ساڵ گیانی لەدەستدا،  ئەوە ئیتر کەس خۆی ناکاتە خاوەن، و خاوەن کاریش بەرپرس نابێت.

هەر لەو بارەوە پرۆفیسۆر کومار نیڕاج کە ئەندازیارە لە پەیمانگای تەکنۆلۆجی هیندستان، هەروەها خاوەنی ئەو لێکۆڵینەوانەیە دەربارەی ژمارەو قەبارەی زیانی گیانی کارەساتەکانی شوێنی کار کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا دەڵێت” ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی کارەساتەکان لەلایەن خاوەن کارەوە هەموو جاران خۆی دووپات دەکاتەوە. کاتێک کە کارەساتێک ڕوودەدات و کرێکارێک دەمرێت یا بریندار دەبێت خاوەنکار بە مەبلەغێکی زۆر ڕەمزی و کەم بریندارەکە، یاخود کەسوکاری مردووەکە ڕازی دەکات. ئیتر بەو ڕازیکردنە هەموو لە یاسا لادانێک دادەپۆشێت و لە هەموو بەرپرسیاریەتیەکیش خۆی دەشارێتەوە. هەر بۆیەش وەک دەرکەوتووە زوربەی کۆمپانیاکان و شوێنی کارەکان و خاوەنکارەکان خۆیان بەدوور دەگرن لە پێدانی مانگانە بە کۆمپانای بیمەی بێکاری و سەلامەتی و تەندروستی. بەمەش بۆ ئەوان هەرزانترە، هەروەها لەکاتی ئەوەی کە کرێکارێک دەمرێت یاخود بریندار دەبێت ئەوان هیچ بەرپرس نابن. ئەوەی کە لێرەدا زەرەرمەندی ئەوەل و ئەخیرە هەر کرێکاری داماوە.”

کرێکارانی بەشی بیناسازی زۆر بەکەمی ڕاهێنانیان پێدەکرێت. چوونکە خاوەن کارەکان زۆر بەئاسانی دەتوانن لەکاتی مردنی یەکێکیاندا بۆشاییەکەی بەکرێکارێکی تر پڕبکەنەوە. کرێکاران کاتێک دەچنە بەشی بیناسازی و تەعمیرات کە هیچ شوێنێکیتر وەریان نەگرێت. چوونکە دەزانن کار لەو شوێنەدا زۆر قورسە و هیچ زەمانەتێکی تەندروستی و سەلامەتی نییە. خاوەنکاریش نایەوێت یەک قڕووش سەرف بکات لەپێناو پاراستنی گیانی کرێکاراندا. ئامارەکان دەڵێن تەنها لە ٣٠٪ ی کرێکارانی بەشی تەعمیرات خوێندنی ناوەندیان تەواو کردووە، بەشە زۆرەکەی هەر نەخوێندەوارن. هەروەها ئامارەکان دەڵێن تەنها ١ لە ١٠ کەس ڕاهێنانیان پێکراوە لەسەر کارەکەی خۆیان ئەوانەی تر هەر هیچ پێشینەی کارکردن و ڕاهێنان نابین. هەر بۆیەش ئەو هەموو گیان لەدەستدانە هەیە لەو سێکتەرەدا.

هەرچەندە یاسایەکی بەهێزی بواری کار هەیە لە ڕووی نووسین و سەر پەڕەی کاغەزەوە، بەڵام بەشێوەی کرداری کرێکاران ڕۆژانە ڕووبەڕووی ڕازیکردن و چوونە ژێرباری کردنی دەیان کار دەبنەوە کە لەدەرەوەی یاسای کاردایە. هەر بۆیەشە ئەوان لەو ڕووەوە دەبنە قوربانی دەستی کاری نایاسایی خاوەن کارەکان. بۆ نموونە: رازی دەکرێن بە شێوەی زارەکی گرێبەست واژوو بکەن، کارکردنیان لە شوێنی زۆر خراپ کە ژیانیان سەلامەت نابێت، ئامڕازەکانی کارکردنیان هەمووی خەراپ و کۆنە و جێگەی دڵنیایی نین، بە کەمترین هەقدەست کاریان پێدەکرێت یاخود پارەی چەندین ڕۆژیان یا مانگیان پێ نادرێ و لێیان دەبڕن و ناشتوانن داوای مافەکانیان بکەن!! ئیتر بە کورتی کرێکارەکان ناچاردەکرێن لەدەرەوەی یاسای کاردا کە بکەونە ناو تۆڕێکی کاری نایاسایی. بە کورتی ئەوبارودۆخەی کە کرێکارانی بەشی بیناسازی و تەعمیڕات لە هیندستان تێی کەوتوون شکڵێکی وای وەرگرتووە کە: ناجێگیرە، دڵنیایی سەلامەتی و تەندروستی تێدا نییە و هەروەها دڵنیایی مانەوەشی تێدا نییە، هەر دەقیقەیەک دەبێت چاوەڕیی دەرکردن بیت لەسەر کارو نان بڕاو و بێکار بکرێی.

ڕاپۆرتەکانی سەرکار کە لەلایەن کەسانی شارەزاوە ئامادە دەکرێن دەربارەی باروودۆخی کرێکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک جاران کرێکاران هەرچەندە ئامڕازو ماکینەکانی ژێر دەستیان کار ناکات وەک پێویست، بەڵام ناوێرن ئەوە بەسەرووی خۆیان بڵێن چونکە دەترسن ڕووبەڕووی دەرکردن ببنەوە. کەواتە ئەوان ناچارن لەسەر حیسابی تاقەتی خۆیان بە ئامڕازو مەکینەی خراپیش درێژە بەکاری خۆیان بدەن. ئا لێرەدا ئەوەی کە دەبێتە قوربانی هەر خودی ئەو کرێکارەیە کە تەنانەت بە ئامڕازی خراپیش وا دەکات کار بۆ خاوەنکار ئیدامە پێبدات تەنها بۆ خاتری ئەوەی کە دەرنەکرێت..

لە لایەکی ترەوە کێشەیەکی تر هەیە لە بواری کاردا… ئەویش ئەوەیە کە کۆمەڵگەی هیندی وەک هەر کۆمەڵگەیەکی دامەزراو بەپێی چینە جیاوازەکان هەندێک چینی ناو ئەو کۆمەڵگەیە هەموو کارێک ناکەن لەبەر سومعەی ڕیزبەندی چینەکەیان یا عەشیڕەت و تایفەو عێل و خێزانەکانیان. بۆ نموونە ناتوانن کاری پاکژی و تەعمیڕات و بیناسازی بکەن، ئەم جۆرە کارانەیان پێ شەرمە. بۆیە ئەو جۆرە کارانەی کە بە کاری سوک دادەنرێن هەر بۆ کرێکارانی چینەکانی خوارەوەیە. ئەو کارانە کاری ترسناکن و هەر بۆیەشە ڕۆژانە کرێکاران لەو سێکتەرانە گیان لەدەست دەدەن. ئامارەکان دەڵێن ڕۆژانە ٣ کرێکار لە سێکتەرەکانی کارکردن لە ناو زێرابەکان و بۆڕیەکاری و کارکردن لەسەر بانەکان و دیوارەکان دەبنە قوربانی بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی و تەندرووستی لەو شوێنانەدا. شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوە کرێکارانی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەی هیندین کە بە هەموو جۆرە کارێک ڕازین، جا ئەگەریش لەسەر حیسابی گیانی خۆشیان بێت. هەموو ئەوەش لە پیناو نەمردنە لەبرسان هەم خۆیان و  هەم منداڵەکانیان.

هەر وەک  کاڤیتا کریشنان، سەرۆکی حیزبی کۆمۆنیستی هیندستان، دەڵێت” پێکهێنانی سەندیکا، و بوون بە ئەندام لە سەندیکایەک مافی هەر کرێکارێکە بە پێی یاسا، بەڵام لەهەمان کاتیشدا بە یەکێک لە تاوانەکان دادەنرێت لەلایەن زۆریک لە خاوەنکارەکان! سزای دەرکردنیش، کە دیارە بیانووی یاسایی بۆ دادەتاشن و لەکار دادەنێن بۆ هەر کرێکارێک کە ببێتە ئەندام لەسەندیکایەکی کرێکاریدا.

ئامارەکان نیشانی دەدەن کە دەوروبەری ٤٠٠ بۆ ٥٢٧ ملیۆن هێزی کار هەیە لە هیندستاندا. هەربۆیەش زۆر ئاسانە بۆ خاوەن کارێک کە کرێکارێک دەربکات. لەوەش ئاسانتر ئەوەیە کە شوێنی ئەو کرێکارە دەرکراوە پڕبکاتەوە بە کرێکارێکی ترو کرێیەکی تەنانەت هەرزانتریش بدات پێی! ئاسانیەکەشی بەهۆی ئەوەوەیە کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە کرێکاران بەدوای کاردا دەگەرێن و هەر جۆرە کارێکیش دەستیان کەوێت سێ و دووی لێ ناکەن دەیکەن.

ناڕەزایەتی و پڕۆتێستی کرێکاران بۆتە شتێکی باو لە هیندستاندا. هەر لەم ماوەیەدا تەواوی مامۆستایانی ناوچەی پەنجاب هاتنە سەر شەقامەکان و داوای زیادکردنی مووچەی مانگانەیان لە دەوڵەت دەکرد. لە هەمانکاتدا لە ویلایەتی ڕاجاسثاندا کامپینێک بەڕێخرا بۆ نەهێشتن و دژایەتی کاری منداڵان لە پیشەسازی کاری دەستی کە بەرهەمەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سێکتەری گەشت و گوزار. هەر ئەو سێکتەرە کە دەوروبەری ٢٥٠ هەزار منداڵی لە خوار ١٤ ساڵی گرتۆتە خۆی و بە نایاسایی کاریان پێدەکات و بەرهەمیان پێ پەیدا دەکەن!

ساڵی ٢٠١٩ هیندستان مانگرتنێکی گەورەی کرێکارانی بەخۆوە بینی. ئەو مانگرتنە بە سێهەمین مانگرتنی گەورە دادەنرێت لە وڵاتدا. ئەو مانگرتنانە بۆ دژایەتیکردنی سیاسەتەکانی حکومەت بوو لە دامەزراندن، دژایەتی بوو بۆ بە ئەهلی کردنی شوێنە گشتیەکانی کارو هەندێک سیکتەری گشتی، دژی بێکاری بوو، بۆ ئەوەبوو کە دڵنیایی بدرێتە کرێکار و کرێکار ترسی نەبێت لە دەرکردنی، هەروەها بۆ لانی کەمی کرێی کار بوو کە دەکاتە ١٨ هەزار ڕوپی کە یەکسانە بە ٢٥٣ دۆلاری ئەمەریکی، بۆئەوە بوو کە مووچەیەکی شیاو بدرێت بە کرێکارو فەرمانبەر. هەر ئەمساڵی ٢٠١٩ ش بوو کە دەوروبەری ٢٥٠ ملیۆن کرێکار ڕژانە سەر شەقامەکان و دەستیان کردە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین. گەورەترین و بەهێزترین چەکی هێزی ئۆپۆزسیۆنی هیندستان بریتیە لە بەرەو سەر هەڵکشانی کێڕڤی بێکاری لەوڵات دا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.