ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەکوردستاندا،لەڕێگای ‌هەڵبژاردنەکانەوە مەیسەر نابێت، شــۆرش پێویســـــــتە

0

کۆمەڵگەی کوردستان، لەکۆمەڵگەیەکی داگیرکراو دەچێت. داگیرکەرەکانی هێزی دەرەکی نین، بەڵکو هەردوو هێزی چەکداری و مافیایی پارتی و یەکێتین، بە پشتیوانی دوو دەوڵەتی چنگ بەخوێن و دیکتاتۆری توکیاو ئێران. ئەم دوو دەسەڵاتە لە دوو زونی زەردو سەوزدا، لەرێگای هێزو زۆردارییەوە دەستیان بەسەر هەموو داهات و سامانی سەرزەوی و ژێر زەویدا، گرتووە. داهاتی خەڵکی کوردستان و لەگەڵیدا هەموو مافە سیاسی و ئینسانی و ئازادیی سەرەتاییەکانی تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیان، لە دەستی خۆیاندا قۆرغ کردووە.

بە پێچەوانەی هەموو دەوڵەت و کۆمەڵگەکانی دنیا، کە یەک دەسەڵاتی سەراسەری” بێ گوێدانە ناوەرۆکی دەسەڵاتەکە” وڵات بەڕیوەدەبات و خاوەنی یاسایە “هەر یاسایەک”… لەکوردستان دەسەڵات، دابەشی دوو بەشی یەک جغرافیایە، هەرکام لەو بەشانە دەسەڵاتێک دەستی بەسەردا گرتووە. ئاڵوگۆرهێنان بەسەر ئەم دەسەڵاتەدا لەهەرکام لەو جغرافیایەدا لەگرەی رابوون و هاتنەمەیدانی ئەم زونەوە مەیسەر دەبێت، نەک هەڵبژاردن و گەمەی پەرلەمانی.

ئەگەر لەهەر وڵاتێکی دنیا، چەند حزبیك کێبەرکێی دەسەڵات دەکەن لەهەڵبژاردنەکاندا، سەرئەنجام حزبێک بەپێی زۆرینەی دەنگەکان، بەپێی یاسا، دەسەڵات وەردەگرێت، و حزبی براوە بۆ چوار ساڵ یان دوو دەورە خاوەنی دەسەڵاتی سەراسەری وڵاتە، ئەوا لە کوردستان ئەگەر دەیان هەڵبژاردنیش بکرێت، دەسەڵاتی زونی زەرد ئەگەر لەهەڵبژاردنەکاندا کەمترین دەنگیش بهێنێ، ئامادە نییە دەسەڵات و داهات و پۆست و بەرێوەبردنی ئەم زونە بداتە دەستی حزبی براوە. بەهەمان شێوە ئەگەر دەسەڵاتی زونی سەوز، بەپێی دەنگدان و هەڵبژاردن، سەرنەکەوێت، بەهەمان شێوە ئامادە نییە، دەستبەرداری دەسەڵات و داهات و پۆستەکان و بەڕیوەبردنی ئەم زونە، ببێت. وازهێنان لە دەسەڵات یانی دەستبەرداربوون لەهەموو سامان و داهات و نیعمەتەی لە رێگای دەسەڵاتێکی ناشەرعیەوە، دەستیان بەسەردا گرتووە، یانی مەرگی سیاسی، ئامادەی ئەو مەرگە نین… ئەمە تایبەتمەندییەکی دەسەڵاتی میلیشیاییە… کە تەواو ناکۆکە بەدەسەڵاتی دەوڵەتداری و وڵاتداری لە دنیادا.

ئەم دۆخە تایبەتە وای کردووە، تەنانەت رووبەرووبوونەوەی دەسەڵات، لە هەرکام لەزونەکاندا، جیاوازی هەیە. ئەگەر لەهەر وڵاتێکی دنیادا، لەگەڵ دەستبەسەراگرتنی حکومەت و پەرلەمان، دەسەڵاتی حزبی باڵادەست کۆتایی پێدێت، ئەوا لە کوردستان حکومەت و پەرلەمان ئەگەر چۆڵ و هۆڵ و تەنانەت هەر بوونیشیان نەبێت، هیچ ڕونادات… وەکو ئەوەی کە ئێستا هەیە یان زۆرجاری تر بینیوومانە. هەروەها ئەگەر راپەرین یان راسانێکی جەماوەری دەست بەسەر حکومەت و پەرلەماندا بگرێت… هەرگیز بەمانای کۆتاییهاتنی دەسەڵات نییە. مەرج نییە کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی زونی زەرد، بەمانای کۆتاییهاتنی زونی سەوز بێت، یان بە پێچەوانەوە. گۆڕین یان هاوسەنگی هێز گۆرین لەهەر کام لەم زونانە تایبەتمەندێتی خۆی هەیە.

تەنانەت لەهەرکام لەو زونانەشدا، دەست بەسەراگرتنی هەموو دام و دەزگا حکومیەکان دیسان بەمانای کۆتایی هاتنی ئەم دەسەڵاتە لەم زونانە نایەت. ‌هێزی سەرەکی دەسەڵات لەهەر یەک لەم زونانەدا، پشت بە هێزێکی چەکداری هەمەچەشنە بەستووە. لە هێزی پێشمەرگەو و زێرەڤانی و دژە تیرۆری دەمامکادار و بێ دەمامک و ئاسایش و هێزی تایبەت و هێزی بەرپرسە حزبیەکان… و هیچ کام لەم هێزانەش نەک هێزی یاسایی و سەراسەری نین و دابەشی دوو حزبی دەسەڵاتی ئەم هەرێمەن، بەڵکو هەمیشەش لە پێناو دەسەلات و بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان ئامادەی جەنگینن لەگەڵ یەکتری. ئەم دوو دەسەڵاتە هەر یەکەیان تەنها لەزونی خۆیدا و بە راسانی جەماوەری دەکرێت دەسەڵاتیان کورت بکرێتەوە یان لێ بسەنرێتەوە. دیارە بەو هۆیەوە کە تێكچوونی هاوسەنگی هێز لە هەر زونێکدا، ئەگەر لەلایەن جەماوەری تورەو نارازییەوە روبدات، هەردوولا دەبنە هاوکار و فریاد رەسی یەکتری، چونکە کاریگەری ئەم دوو زونە لەسەر یەکتری و پەرێنەوەی دەنگی نەفرەت و نارەزایەتی لە زونی سەوزەوە و بۆ زەد دا یان بەپێچەوانەوە، راستیەکی حاشاهەڵنەگرە.

هەموو ئەم تایبەتمەندیانە وای کردووە، کە هەڵبژاردن و گەمەی هەڵبژاردنەکان، لەئاستی سەراسەریدا بۆ پەرلەمان بێت یان لەئاستی شارەکان و بۆ شارەوانیەکان، بێت، هیچ ناگۆرێت. ئەوەی بڕیار دەدات کی براوەیەو دەسەڵات لەدەستیدا دەمێنێتەوە، هێزی چەک و زۆر و ترساندن و بەبارمتەگرتنی پاروی دەمی خەڵک و پشتیوانی وڵاتێکی ناوچەییە، بۆ هەر یەک  لەزونەکان. نە پارتیەکانی زۆنی زەرد دەتوانن بەرپرسیاریەتی لە زونی سەوزدا وەربگرن و بریارەکانی ئەم زونە کارپێبکەن و نە یەکێتییەکانی زونی سەوز دەتوانن لە زونی زەردا دەسەڵاتیان هەبێت و بریارەکان بەهەند وەربگرن. دیارە بۆ حزبەکانی تریش هەروایە. هەرکام لە حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات، بەکردەوە دابەشی سەر هەردوو حزبی دەسەڵات بوون و لە بازنەی بەرژەوەندی ئەواندا دەسوڕێنەوە. ئەوەش کە کێ و کام یەک لەم دوو حزبە دەتوانن مامەڵە و بریار لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند یان لەگەڵ دنیای دەرەوە بکەن، بەهەمان شێوە پەیوەندی بە زۆری قەڵەمرەوی سیاسی وجغرافیای زۆرتر و بوونی هێزی چەکداری گەورەترو پشتیوانی ئیقلیمی و جیهانی فراوانترەوە هەیە. ئەوە کە لە ئێستادا پارتی توانیویەتی دەست بەسەر زوربەی هەرەزۆری جومگەکانی دەسەڵات و ئابوری و پەیوەندییە ناوچەیی و جیهانیەکانەوە بگرێت، هەر ئەوەیە کە پارتی شاری زۆرتر و جغرافیای زیاتر و ‌هێزی چەکداری فراونتر و داهاتی زۆرتر پاوانکراوی خەڵکی کوردستانی دەست بەسەردا گرتووە. بۆیە باسی دەستاو دەستکردنی دەسەڵات، یان کۆتاییهینان بەدەسەڵات لە رێگای هەڵبژاردنەکانەوە، لە وەهمێک زیاتر هیچی تر نییە… لەوانەیە ٢٦ ساڵی رابردوو باشترین پێوانە بێت، بۆ لەمحەکدانی ئەو راستیانەی سەرەوە.

تەنانەت گرفتی ئەم حزب و دوو دەسەڵاتە، لەگەڵ گرفتی خەڵکی کوردستاندا تەواو لەیەکتری جیاوازن، لە ژمارەی داهاتوودا لەسەر جیاوازی ئەم گرفتانە دەدوێین.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.