دیمانە لەگەڵ هاوڕێ جەمال کۆشش، یەکێک لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی لە شاری هەولێر… سەبارەت بە ئەزموونی بزوتنەوەی شورایی

0

دیمانە لەگەڵ هاوڕێ جەمال کۆشش، یەکێک لە ڕابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی شورایی لە شاری هەولێر… سەبارەت بە ئەزموونی بزوتنەوەی شورایی

بۆپێشەوە: بزووتنەوەی شورایی لەدڵی هەلومەرجێکی کۆنەپەرستانە و جەنگی و ڕاپەرینێکی ژێر ئاسۆی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کورددا ڕوویدا، ئەو هەلومەرجە کە بزووتنەوەیی شورایی تیایدا دەستیپێکرد، چ کاریگەرییەکی لەسەر شوراکان  وبزووتنەوەی شورایی هەبوو؟

جەمال کۆشش: سوپاس بۆ ئێوە، بۆ بەڕێوەبەرانی بڵاوکراوەی بۆپێشەوە، وخۆشەویستیم بۆ خوێنەرانتان. ناوەڕۆکی پرسیارەکەتان، شرۆڤەیەکی تایبەتی لە خودی هەلومەرجەکە بەگشتی دەخوێنێتەوە، هاوڕام لەگەڵیدا.  خودی کێشەکە، ئەوەیە کە هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شورایی، ئەم ڕیالیەتەیان بە فەرامۆشی سپاردبوو. ئەو دوو پایە گرنگەی کە تۆ لەپرسیارەکەتدا، (جەنگی و کۆنەپەرستانە)، و( ئاسۆی ناسیۆنالیزمی کورد)، وەک واقعیاتی سیاسی وکۆمەڵایەتی ئەو دەمی هەلومەرجەکە، ناساند، دۆخێکی قەهراوی بۆ جووڵانەوە دیموکراتی و ئازادیخوازەکان پێکدەهێنن، چ جای بۆ بزووتنەوە جەماوەری وکۆمەڵایەتی وڕادیکال وکۆمۆنستیەکان کە لە شوراکاندا خۆی دەنواند. چینی کرێکاری کوردستانی عێراق و خەڵکە ڕەش و ڕووتەکانی گەڕەکە هەژارنشینەکانی شارەکان، شەوقی شوراکان، کۆبونەوە گشتیەکان، لاوە خوێنگەرم وخاوەن ئایدیا یەکسانیخوازەکان تەنیا توانی بەرگەی ماوەیەکی کورتی ئەو سەختی و دژوارییە بگرێت. هەژاری ئەگەر بێبەش بێت لە دەرکی هۆکارەکانی هەژاری، لانکەی کۆنەپەرستیە. هەژاری لە وڵاتانی ئێمە ئەگەر، ڕێکخراو لە هێزی سیاسی چەکداری ئامادە بۆ ڕووبەڕوبونەوەی قورس نەبێت، زەلیلی وملکەچی وجێهێڵانە. هەموو بەڵگەکان، ئەوە دەسەلمێنن، کەڕاپەڕین، جەماوەری ڕاپەڕیوی دەرەوەی پارتە سیاسیەکانی شاخ و بەتایبەت بەدەستپێشکەری بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە شارەکان هەڵگیرسا، فورسەتێکی کورت ماوە، بەڵام گرنگ هەبوو لەبەردەممان. ئەندازیاری ڕاپەڕین (نەوشیروان مستەفا!)، ٣ رۆژ دواکەوت لە سلێمانیش، نەک لەڕانیە وهەولێر. هەژموونی ئاسۆی ناسیۆنالیستی کورد، لەو دەمەدا، هەمان شانسی هەبوو، بۆ زاڵبوون بەسەر ڕاپەڕیندا. ئەگەر بزوتنەوەی کۆمۆنیستی وشورایی بیانتوانیبا، هەمان کارایی لە ڕۆژەکانی دوایی ڕاپەڕیندا بگێڕن. ئەوە ڕاستیە ئێمە هەمان توانایی سەربازی و لۆجیستی ومرۆییمان نەبوو وەک بەرەی کوردستانی، بەڵام ئەوە قەدەری حەتمی نەبوو کە خەڵکی کوردستان لەم ٢٨ ساڵەدا چەشتی.

بۆپێشەوە : ناکۆکیەک لەناو ڕێکخراوە چەپ وکۆمۆنیستەکانی ئەو کاتەدا هەبوو سەبارەت بە شورای کرێکاری وشوراکانی گەڕەک، چۆن دەڕوانە ئەو ناکۆکییە؟

جەمال کۆشش: دەرکەوتەی ئەو ناکۆکیە، بەر لەوەش لە چەند بواریتردا خۆی لە شێوەی تیۆری وبەرنامەدا، لەکاری ئاشکرا و نهێنیدا گەڵالە کردبوو. بەشێک لە چەپەکان، خۆیان وەک شۆڕشگێری جەماوەری، وە بەشێکیتر وەک کرێکاری کۆمۆنیست وبەرنامەی سۆشیالیستی خۆیان دەناساند. لە هەولێر بەتایبەت ئەوەندەی من زانیاری بیرەوەریم بیخاتەوە یادم، ڕەوتی کۆمۆنیست ڕاستەوخۆ دوای ئازادبوونی هەولێر لە بەعس، دەستیبرد بۆ دامەزراندنی شورا کرێکارییەکان، وە چەپەکانیتر لەگەڕەکەکان دا. وە من وتیمێک لە هاوڕێیان بۆ ئەو مەبەستە لە کارگەی دەواجنی هەولێردا بەشداریمان کرد. هەمان کات هاوڕێیانیتر لە کارگەی جگەرە، نەسیج، قالی، شورا کرێکاریەکانیان پێکهێنا. ناوەندێکمان بۆ ئەو کۆبوونەوە دامەزراند لە قوتابخانەی تەنیشت سینەما سیروان (قوتابخانەی ئەربیل ئولا). چەپەکان وڕەوتیش لە شورای گەڕەکەکان هەڵدەسوڕان، بەتایبەت لە گەڕەکی نەسیج وکوران، کە کەسانی وەک (عبدللە سلێمان ومەمەخان ڕەمەزان وئاڵا) وچەندانیتر کە ئەندامی ڕەوتی کۆمۆنیست بوون، چالاک ودامەزرێنەری بوون. ڕاستە ئەو دوو بۆچوونە هەندێک کاریگەری لاوازی لە پراتیک وخەمڵاندنی شوراکاندا دانا. شوراکان چ کارگە و چ گەڕەک خۆیان لە مەیدانی کۆمەڵایەتیدا هەناسەیان دەبڕی لە ئایدۆلۆژی و دەستەگەری. هەست بەدواکەوتویی کەلتوری پەیوەندی دەکەم لەنێوان ئەم دوو شورایەدا لەو دەمەدا. شوراکان چ لەکارگە و چ لە گەڕەکەکاندا؛ کۆمۆنیستەکانیان بەکێشەی گرنگی دەسەڵات و خەڵکەوە توند گرێدا. کۆمۆنیستەکان وەک ئەو هاورد ستیڤان زانای ماتماتیکی دەڵێت ((ئێمە مامۆستای زۆر زیرەکی ماتماتیکمان هەیە، بەڵام کێشەکەمان ئەوەیە، ئەوان تێناگەن بۆچی خوێندکارەکان لە وانەکانیان تێناگەن)). ئێمە بەئێستاشەوە تێناگەین بۆچی ناتوانین ببینە هێزێکی کۆمەڵایەتی وشوراکان ببنە ئالتەرناتیفی دەسەڵاتی داسەپاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆش کە ٢٨ ساڵە وەک تاقیکردنەوەیەکی بەسەرچووی خوازراوی لەکیسچوو نەک وەک ئەزموون و شێوازێکی گونجاوی هەڵسوراوی هۆشیارانە و ئەنجومەنە خۆجێێ وبەڕێوەبەرایەتیە کرێکارییەکان. ئەگەر ئەمڕۆ ڕاپەرینێک لە کوردستانی عێراق ڕووبدات، ئایا بزوتنەوەی شورایی چەندێک دەتوانێت خۆی وەک ئالتەرناتیفی دەسەڵات چاوی لێبکرێت؟ بابەتەکە بە بۆچوونی من لێرەدایە مانای پەیدا دەکات؛ چەپ وکۆمۆنیستەکان لەودەم زۆرتر پەرتەوازەترن، کەمتر لەودەم بێ ئاسۆتر ودەست ڕاگەیشتووترن. کۆمۆنیستەکان لانی کەم پێویستە لەگەڵ مێژوودا، زۆر مامەڵەیەکی واقعیانە بکەن وبتوانن تێیپەڕنن. ئەمە کارێکی سەخت نییە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.