مارکس و قەیرانی سەرمایەداریئامادەکردنی: سالار حمە سەعید

0

مارکس و قەیرانی سەرمایەداری

ئامادەکردنی: سالار حمە سەعید

مارکس لە بەشی سێهەمی کاپیتاڵ لە بەشێکدا لەژێر ناونیشانی ”قەیرانی سەرمایەداری” سەرمایەداری دەخاتە بەرتیشکی شیکاریەکانیەوە و باس لە قەیرانی سەرمایەداری دەکات. سەبارەت بە قەیرانی سەرمایەداری بەم سەردێڕە دەست پێدەکات و دەڵێ: ”ڕێگری ڕاستەقینەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، سەرمایە خۆیەتی”. پاش ئەمە دێتە سەر ئەوەی کە بڵێ: ”دەردەکەوێ سەرمایە و خۆبەرینکردنەوەی خاڵی سەرەتا و کۆتاییە”، واتە خاڵی سەرەتا و کۆتایی لەسەرمایەداریدا، سەرمایە خۆیەتی، مارکس لەوباوەڕەدایە کە پاڵنەری سەرەکی بەرهەمهێنان لە سەرمایەداریدا سەرمایەیە و بەم شێوەیە دەستنیشانی دەکات و دەڵێ: پاڵنەرو مەبەستی بەرهەمهێنان، تەنها بەرهەمهێنانە بۆ سەرمایە نەک بە پێچەوانەوە”. لێرەدا مارکس زۆر وردبینانە جەوهەری سەرمایەداری دەستنیشان دەکات و پێی وایە کە سەرمایەداری ئاراستەکەی لەبەرهەمهێناندا بۆ سەرمایە دەچێ نەک بۆ بەرهەمهێنان خۆی.

 ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان تەنها ئامڕازی بەرفراوانکردنەوەی بەردەوامی پرۆسەی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگەی بەرهەمهێنەران نییە. هەروەها مارکس باس لە سنووربەندیەکانی هێشتنەوەو پارێزگاریکردن لە بەهای سەرمایە و بەرفراوانکردنی دەکات کە لەلایەکەوە بەستراوە بە داماڵینی موڵک و خاوەندارێتی لە جەماوەری بەرینی بەرهەمهێنەران و لەلایەکی ترەوە هەژارکردنی ئەم سوپای بەرهەمهێنەرانە. ئەم سنوور و مەرزانە کە دەکەوێتە بەر ناکۆکیەوە لەگەڵ شێوازی بەرهەمهێنان کە لەلایەن سەرمایەوە خراوەتەگەڕ بۆ مەبەستی خۆی، بەرەو بەرفراوانکردنەوەی بێ سنووری بەرهەمهێنان دەچێت، بەرەو بەرهەمهێنان لە کۆتاییدا و بەرەو گەشەی بێ قەیدوشەرتی هێزەکانی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگە و بەردەوام دەکەوێتە ناکۆکیەوە لەگەڵ سەرمایەی خۆبەرین کەرەوەی مەوجود دا (مارکس: کاپیتال، بەرگی سێ یەم لاپەرە ٢٥٠، ساڵی ١٨٩٤ چاپی ئینگلیزی).

هەر لەم ڕووەوە فردریک ئەنگلز باس لە سەرمایە و قەیرانەکانی دەکات و ڕوونی دەکاتەوە کە هێزی گەورەی بەرفراوان بوونی پیشەسازی و سەنعەتی نوێ کە وەک زەروورەت و پێویستیەک دێتە پێشەوە بۆ پەڕوباڵ کێشان و بەرفراوانبوون، هەم لەڕووی چۆنیەتییەوە و هەم لەڕووی چەندایەتیەوە. وە ئەم باڵکێشانە گاڵتەی بە بەرگریکردن و موقاوەمەتکردن دێت. لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە بەرگری ناکرێت ئەم مەیل و رەوەندی بەرفراوانبوونەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لەبەرئەوە بەرگریکردن گاڵتەجاڕییە. ئەم بەرگریکردنە لەلایەن بەکاربردن و مەسرەف و بەکارهێنانەوە دەبێت. لەڕێگەی فرۆشتنەوە واتە لە ڕێگەی بازاڕی کاڵاکانی پیشەسازی نوێ وە.

توانای پەلکێشان و بەرینبوونەوە و تووندبوونەوە و گەورەبوونی بازاڕ سەرەتا لەلایەن یاسای جیاوازەوە بەڕێوە دەبرێت، کە گوڕو گوژمێکی زۆرکەمی هەیە لەبەراورد بەو هێز و تواناو بەرینبوونەوەیەی بەرهەمهێنان. کێش و باڵکێشانی بازاڕ ناتوانێ لەگەڵ بەرینبوونەوەو گەشە و بەرفراوانبوونی بەرهەمهێنان دا هاوئاهەنگ و هاوهەنگاو تەریب بێت. لەبەرئەوە بەرکەوتن و بەریەککەوتن حەتمی یە، چونکە هیچ چارەسەرێکی ڕاستەقینە ناتوانێ بخاتە ڕوو وە مادام  بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لەپەل و پۆ ناخات و تێکی ناشکێنێ کەواتە بەرکەوت و بەریەککەوتن بەشێوەیەکی دەوری و ناوبەناو دەبێت. وە بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دەکەوێتە بازنەیەکی بێهوودەوە واتە بەردەوام روودەدات و بەردەوام تێی دەکەوێت و چارەهەڵنەگرە و چارەسەری نییە (ئەنگلز: سۆسیالیزمی یۆتۆپی و زانستی، ١٨٨٠، چاپی ئینگلیزی).

لە ساڵی ١٨٢٥ەوە کاتێک یەکەمین قەیرانی ئابووری روویدا، تەواوی جیهانی سەنعەتی و بازرگانی و بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕ لەنێو خەڵکی مەدەنی و سیڤیڵ دا لەیەک ترازا. بازرگانی وەستا و چەقی بەست و بازاڕ لێواو لێو بوو و کاڵا کەڵەکە و بێ ئەندازە زۆربوو و نەدەفرۆشرا، و پارە لەبەرچاو نەماو گووم بوو و ئعتیبار و کرێدت لەبەرچاو نەما و کارگەکان داخران. جەماوەری بەرینی کرێکاران پێویستیان بە هۆکارەکانی گوزەران و بژێویە ئەویش لەبەرئەوەی هۆکارەکانی بژێوی و گوزەرانی ئێجگار زۆریان بەرهەمهێناوە. ئیفلاس و مایە پووچ بوون بە دوای ئیفلاس دا دێت و رکود و ریسێشن چەند ساڵێک دەخایەنێت، هێزەکانی بەرهەمهێنان و بەرهەم و کاڵاکان خراپ دەبن و لەدەست دەچن، تا لەکۆتاییدا ئەو کاڵا کەڵەکە بووە وردە وردە سەرف دەبێ و بە فیلتەردا دەڕوات.

ماویەتی

Leave A Reply

Your email address will not be published.