داڕووخانی ڕۆژئاوا و پێگەی چینی کرێکار!

0

داڕووخانی ڕۆژئاوا و پێگەی چینی کرێکار!

سامان کەریم

Saman.karim5@gmail.com

بڕیارگەلێکی خێرا، پاشەکشەی خێراتر، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی بە دژی ترامپ، ناکۆکی و بە یەکداچوونی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەشبوونیان بەسەر سەری سەرۆکدا، دەرکردنی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆر لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆشکی سپی یەوە، ترس لە نێو ڕیزەکانی بورژوازی ئەوروپی و کەندا، ترس لە نێو ڕیزەکانی “کەمایەتی یە دینی و نەتەوەی یەکان” لە ئەمریکادا. ترس لە نەبوونی ئاسایش و پشێوی بووەتە مەسەلەیەکی گەرمی جیهانی و کۆنگرەی ئەم دواییەی میونخ لە مانگی شوبات و لە ٢١.٢.٢٠١٧ نیشاندانی ئەم ترس و دڵەڕواکێ یە بوو. لە کێشەی فەلەستیندا، باس لە چارەسەر بوون بە دوو دەوڵەت دەکرێت، هاوکات لە بەرامبەردا نەک باس لە دوو دەوڵەت ناکرێت، بەڵکو  ئەشێ باس لە دەوڵەتێکی یەکگرتوو بکرێت. گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا بۆ قودس، پاشان تێڕامان وچاوەڕێکردن بۆ جێبەجیکردنی. لە ناوبردن و کۆتایهێنانی داعش  چەند مانگێکی کەمی دەوێت، کۆتایهێنان بە تیرۆر کارێکی درێژخایەنە. بڕیار دەدەین لەسەر دروستکردنی ناوچەی ئامن، چۆن و بە چ شێوازێک؟! ووڵاتانی کەنداو پارەکەی دەدەن. دەبێت ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران هەڵبوەشيتەوە، پاشگەزبوونەوە لەمەو گۆڕینی بەوەی کە دەبێت سزای تازەی بەسەردا بسەپێنرێت. ئێران دوژمنێکی سەرەکی یەو یارمەتیدەر و پشتگیری تیرۆرە لە لوبنان و یەمەن و سوریا و عێراق…..لەگەڵ چین وەک ووڵاتێکی یەکگرتوو مامەڵە ناکەین، پاشگەزبوونەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ چینی یەکگرتودا …لەگەڵ ڕوسیا ڕێکدەکەوین، پاشگەزبوونەوە و ڕێکەوتن لەگەڵ ڕوسیادا بە پێشمەرجی وازهێنان لە ئێران و میلیشیاکانی لە سوریادا… “ناتۆ” ڕۆژگاری بەسەرچووە، پاشگەزدەبێتەوە و ناتۆی بەمەرجەوە دەوێت و مەرجەکانیشی سەرقەبڵاندنی ئەندامەکانیەتی . ملیۆنەها هەلی کار دەستەبەردەکەین لە ڕێگای سیاسەتی پشتگیریکردنی ئابووری و سەپاندنی مەرجی قورس بەسەر کۆمپانیا گەورەکاندا و ناچارکردنیان بە کێشانەوەی کۆمپانیاکانیان لە دەرەوە. هەڵایەکی گەورەی میدیایی لەسەر ئەو کەسایەتیانەی کە ترامپ بۆ حکوومەتەکەی هەڵیاندەبژێرێت، تەنانەت وازهێنان لە پۆستەکان بەر لە دەستبەکاربوون دەستیپێکرد. ئێستا ترامپ بۆتە پاڵەوانێکی بێ ڕکابەر، پاڵەوانێک بێ ئەوەی هیچ دامەزراوەیەک بەرگری لێبکات، پاڵەوانێک کە زیاتر لە دۆنکیشۆت ەچێت تا لە پاڵەوانی ڕاستەقینە یان تەنانەت سەرۆکێک کە جێگا و ڕێگای خۆی هەبێت، پاڵەوانێکی ناکۆک لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەرایەتیدا یان لەگەڵ زۆرینەیدا… میدیاکان زیاتر لەسەر کردەوەکان و ئارەزووەکانی فۆکۆس دادەنێن، جا ئەم ئارەزووانە سێکسی بن یان ئابووری بن یان ئابووری پرۆتێکتیزم” حمائیة” بن و تەنانەت فۆکوس دەخەنە سەر خێزانەکەشی.

ئەمە ئەو ڕەچێتەیە کە ئێستا لەبەردەستماندایە لە دوای هەڵبژاردنی ترامپی لێبۆک ” موهەرج” وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بڕیارگەلێکی خێرا و پاشەکشەی خێراتر و زیاتر. ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بۆی دەردەکەوێت کە تا چەند دەتوانێت پێ ڕابکێشێت، و زیاتر ئاشنا دەبێت بە سنوور و هێڵەکانی کە بۆی دیاریکراوە و تا کوێ بۆی هەیە بڕوات. بە پێچەوانەوە کۆمەڵێک دامودەزگای هەواڵگری و ئەمنی  پانوپۆڕ هەیە کە دەزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەن… بارودۆخەکە بەم شێوەیە. بەڵام زۆرینەی سەردێڕی هەواڵەکان و دەنگوباسەکانی ڕۆژ، شتی لاوەکین و مەبەست لێیان شاردنەوەی کێشەی سەرەکییە. کێشەی سەرەکی لە پشت ئەو هەموو ترس و دڵەڕاوکێ یەوە کە ڕیزەکانی بورژوازی جیهانی تەنیوە نە کێشەی ئێرانە و نە فەلەستین و ئیسرائیلە و نە سوریا و کۆتایهێنان بە تیرۆرە، تەنانەت گەڕاندنەوەی  زۆرەملێی کۆچبەرانی “نایاسایی” ش نيە، دروستکردنی دیوار نیە لە سەر سنوری ئەمریکا و مەکسیک. ئەمانە بە دڵنیای یەوەهەموویان کێشەن، بەڵام کێشەی لاوەکین بە بەرواردکردنیان بە کێشە شاردراوەکە، ئەو کێشەییەی کە گوێمان لێی نابێت و نایبیستین و نایبینین لە میدیای باوەوە و تەنانەت لە لێدوانی بەرپرسە گەورەکان و دەزگا دەوڵەتیەکاندا گوێمان لێی نابێت.

کێشەی سەرەکی

مەسەلەی سەرەکی یان کێشەی سەرەکی بریتی یە لە ڕۆژئاوا بە ڕابەری ئەمریکا لەگەڵ یابان و ئوسترالیادا. کێشەی سەرەکی لە ناتوانایی بورژوازی “ڕۆژئاوایی” دایە بە ڕابەری ئەمریکا بۆ ڕابەریکردنی جیهان. کێشەی سەرەکی ئەوەیە ئەو ئەسپەی کە لە بیست و حەوت ساڵی ڕابردوودا ئەم گالیسکەیەی بە دوای خۆیدا ڕاکێشاوە لە ڕێگای جەنگ و گوڕینی نیزامەکان و سزای ئابووری و پاڵپشتیکردنی تیرۆریزمی ئیسلامی و پیادەکردنی تیرۆریزمی دەوڵەتی لەسەر ئاستی جیهاندا، چیتر لە توانایدا نیە بە دوای خۆیدا ڕاکێشی بکات. چیتر لە توانایدا نیە بە ئارەزووی خۆی نیزامەکان بگۆڕێت، وە چیتر لە توانایدا نیە مەرجەکانی خۆی بەسەر یاریزانە جیهانی یە تازەکانی وەک چین و ڕوسیا  و تەنانەت ئەلمانیا و هیندیش دا بسەپینێت. ئەسپی ئەمریکی کە لە دوای ڕووخانی دیواری بەرلینەوە بە تاک جەمسەری دونیای ڕابەڕی دەکرد، ، ئێستا شەکەت و ماندووە و لە سەرە مەرگدایە و ملی ڕیگای داڕمانی گرتوە… ئەمە ڕووی ڕاستەقینەی ئیمپراتۆریەتی ئەمریکای ئێستایە لەم قۆناغە مێژووی یە دژوارەدا. ووتارەکەی ترامپ لە کۆنگرێس دا، بێ گومان سەلمێنەری ئەم ڕاستیەیە کە ووتی ” کاری من نوێنەرایەتیکردنی هەموو جیهان نیە، بەڵکو نوێنەرایەتیکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە”. وە هەروەها ووتی: “ئەمریکا ئامادەیە بۆ گەڕان بە دوای هاوڕێی نوێ و بنیاتنانی پەیوەندی نوێدا، ئەگەر هاو بەرژەوەندی بین “. بە بڕوای من قسەکان و لێدوانەکانی ترامپ ڕوون و ئاشکران و گومان هەڵناگرن.

ڕووخانی دیواری بەرلين بە مانای رووخانی ئیمپراتۆریەتی سۆڤێتی پێشوو بوو بە یەکجاری، ئەم مەسەلەیەش خود بە خود زەمینەیەکی نەهێشتەوە بۆ بوونی بلۆکی ڕۆژئاوا و تەنانەت پەیمانە سەربازیەکەشی ” ناتۆ”. بەڵام ئەمریکا لە ڕێگای ئەو شیوازانەوە کە باسمان کرد و تەنانەت هەتا کاتی کۆتایی ویلایەتی ئۆباما و وە “تا ئێستاش” لە هەوڵی ڕاکێشانی گالیسکەی ڕۆژئاوادایە بە دوای خۆیدا لە ڕێگای ترساندنیان و داتاشینی دوژمن بۆیان هەر لە یۆگۆسلافیاوە بگرە تا عێراق و ئەفگانستان و ئیسلامی سیاسی تیرۆریست….. هەمیشە هەوڵیداوە بە باڵپشتی بەریتانیا بڕوایان پێبێنێت کە “ناتۆ” گرنگە بۆ ئەوەی بۆی بلوێت بە تەنها لەسەر کورسی بەڕێوەبردنی دونیای سەرمایەداریدا دابنیشێت. بەڵام ئەمڕۆ ئەمریکا و سەرۆکەکەی و دامەزراوەی سیاسی لەو ووڵاتەدا، لەگەڵ سەرۆکدا هاوڕان لەم خاڵەدا ئەویش پوچەڵی “ناتۆ” و سەپاندنی باجی زیاترە بەسەر ئەندامەکانیدا لە ڕێگەی دانی پشکەکانیانەوە لە ڕێکخراوەکەدا تا بتوانێت بە کار و ڕاسپاردە نێونەتەوەییەکانی هەڵبستێت. کەواتە مانەوەی “ناتۆ” وەک هاوپەیمانێتیەکی سەربازی ئەتڵەسی وابەستەیە بە سەرقەبڵاندنی ئەندامەکانیەوە. بە مانایەکی تر ئەمریکا ناتوانێت وەک پێشوو بە تەنها بەڕێوەی ببات. ئەمە جگە لەوەی کە وەک دەورانی شەڕی سارد پێویستی پێی نیە. هاوکات لە لایەکەوە ئەم هاوپەیمانەتیەیان دووچاری ناکۆکی و کێشمەکێشی قووڵ بۆتەوە و لە لایەکی تریشەوە ئەمریکا بە دوای هاوڕیی نوێ دا دەگەڕێت هەروەک سەرۆکەکەی لە کۆنگرێس دا ڕایگەیاند.

قۆناغی ڕووخانی دیواری بەرلین واتە قۆناغی ڕووخانی ئیمبراۆریەتی سەرمایەداری ڕووسی، کە قۆناغی ڕووخانی شێوازی سەرمایەداری دەوڵەتی بوو لە ئاستی جیهانی دا. قۆناغێک کە سەرکەوتنێکی تیابوو بۆ بورژوازی ڕۆژئاوایی، بورژوای نێودەوڵەتی خۆشحاڵ بوو بە بوونی نموونەیەکی جیهانی، کە بەدەستیەوە بگرێت، هەر بۆیە  لیبرالیەت دوای ماوەیەکی کەم لە ڕووی ئابووری یەوە لایەنی کەم بووە مۆدێلێکی بڵاو و باو تەنانەت لە ڕوسیا و چین و هیندیش… ئەوکات بورژوازی جیهانی قیبلەنوومای خۆی و جۆرێک لە ئومێدی هەبوو وێڕای بوونی دڵەڕاوکێ و نا دڵنیایی سەبارەت بە ئایندەی دوری. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی پرۆسەیەکی فراوان بەڕێوە بوو بۆ گۆڕینی دونیای کۆن لە ڕوسیای سۆڤێتی یەوە تا ئەوروپای خۆرهەڵات و دونیای عەرەبی و چین و ئاسیا و هیندەوە بگرە تا هەموو ووڵاتانەکانی تر بۆ دونیای تازە واتە دونیایەک کە بە گوێرەی سیاسەتێکی ئابووری لیبراڵی دەبرێت بەڕێوە، وە بە شێوازە دڕندانەکەشی کە ئەویش نیولیبراڵە. و بە شێوەی شۆکی” صدمة” خیرا پیادەکرا، لە ووڵاتەکانی وەک روسیا و پۆڵەندا و لە هەندێ ووڵاتی تریشدا لە ڕێگای جەنگ و داسەپاندنی سزا و لە هەندێکی تریشدا لە ڕێگای ڕەچێتەی ئامادەکراوی بانک و سندوقی دروای نێودەوڵەتیەوە بەڕێوەچوو… ئەم ئاڵوگۆڕە جیهانی یە گەورانە لەو قۆناغەدا ڕێگایەکی دیکەشی بۆ کەڵەکەبوونی سەرمایەی ڕۆژئاوایی و بڵاوبوونەوەی خێرای لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی دەستەبەرکرد. بڵاوبوونەوەیەک کە تەنها بە لیبراڵیەتەوە وەک نموونەیەکی ئابووری قەتیس نەما، بەڵکو هاوکات ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و کارگێڕی و فەرهەنگی و ئایدۆلۆژیش بوو. بەم شێوەیە کۆتایی مێژوو ڕاگەیەنراو، بە واتای ئەوەی باڵاترین شێواز کە مێژوو پێیگەیشتووە، شێوازی لیبراڵیەتی ڕۆژئاوایی یە… ئەوە ناونیشانی ئەو قۆناغە دژوارە بوو کە ئێستا ئێمە لەگەڵ سەردەمی سەرەمەرگی دا دەژین.

لەو قۆناغەدا بورژوازی جیهانی بە ڕابەری ئەمریکا جڵەوی سیاسەتی هەموو دونیای گرتبووە دەست بە بێ ڕکابەر. ئەمڕۆ و لە قۆناغی ئێستادا نەخۆشیەکە لە باڵی ڕاستی بورژوازی داوە. لە بورژوازی ڕۆژئاوایی و هەموو ڕابەرایەتی یەکەشی داوە، لە شێوازی ئابووری و ئایدۆلۆژیا و فەرهەنگ و شێوازی دەسەڵاتی و دیموکراسیەکەشی داوە، لە کاتێکدا کە وەک ئەلگۆیەکی هەمەگیری جیهانی بە زەبری توندوتیژی یان ئارەزومەندانە بلاویکردبوەوە. لە قۆناغێکدا تووشی نەخۆشی بووە کە هێشتا قەیرانی ئابووری جیهانی لەتەنگەژنەی خۆیدایە. ئەو ئەزمە نەعلەتی یەی کە لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە بەردەوامە تا ئێستا. ئەمڕۆ هەموو بورژوازی جیهانی، وە بە هەموو شێواز و نموونە دەوڵەتی و بازاڕیەکەی و شێوازە جۆراوجۆرەکانی تری یەوە دووچاری قەیرانێکی قووڵ بووە و کەوتۆتە ناو قەیرانێکی ئابووری و سیاسی و کارگێڕی و فەرهەنگی و ئایدۆلۆژی یەوە. قۆناغێک کە هاوشێوەی نەبووە لە ئاستی مێژووی سەرمایەداری دا. قۆناغێک کە تیایدا سەرمایەداری بە ترۆپکی خۆی گەیشتووە لەمەڕ کەڵەکەبوونی سامان لە دەستی کەمایەتی یەکدا بە جۆرێک کە ناتوانێت بەم شێوازە قێزەونە لە خوێنمژی و قازانج بەردەوام بێت. بورژوازی جیهانی دنیای هاوچەرخ و نیزامی سەرمایەداری وەک نیزامێکی کۆمەڵایەتی گۆڕیوە بە نیزامێک کە ژیان لە سایەی دا ناهەموارە. ئەمە کێشەی چینی کرێکار و هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتیشە بە خودی بورژوازی خۆشیەوە… لەبەر ئەوەی لە دووڕیانێکدا ڕاوەستاوە؟! یان دەستبەرداربوون لە بەشێک لە قازانجەکەی، نەوەک سامانەکەی بە شێوەیەکی گشتی، بۆ کۆمەڵگا یان دڕدەیی (بەربەریەتی) تەواو. وە لێرەدا واتە بە پێی گریمانەی دووەم ئەنجامەکانی نادیار و ناڕۆشنە.

تەکنەلۆژیا و زانستە سروشتیەکان پێشکەوتنی بەرچاو و بێ هاوتایان بە خۆیانەوە بینیووە، بە جۆرێک کە بواری ئەوە هەیە بەشێكی زۆر لە کرێکاران لە سەر ئاستی جیهانیدا بگۆڕدرێن  بە ڕۆبۆتەکان یان بە ئامێرە ئاوتایی یەکان بۆ کۆنترۆلکردن و نرخ دانان و ژمێریاریی و چاودێریکردن و ….هتد. شایەنی وەبیرهێنانەوەیە کە ژمارەی کرێکارانی “هەموو ئەوانەی کار دەکەن” گەیشتۆتە زیاتر لە ٣ ملیار کرێکار لە ئاستی جیهاندا. بەڵام بورژوای ناتوانێت ئەم تەکنۆلۆژیا پێشکەوتوە بەکاربەرێت و بیخاتە پرۆسەی پیادەکردنەوە، لەترسی ئاسایشی ئابوری وکۆمەلایەتی لە لایەک و چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی ئەو مەترسیانە لە لایەکی دیکەوە.. خەڵک چۆن دەژین؟! چۆن سەرمایە دەچەرخێت، کێ بەروبوومە بەرهەمهێنراوەکان، هاوردەکان یان نێردراوەکان دەکڕێت؟! ئەگەر خەڵک کاریان نەبێت و مووچە یان مانگانەیەکیان نەبێت و تەنانەت ئەگەر لە بیمەی بێکاری کە بڕێکی کەمە بەهرەمەندبن، چۆن دەتوانن تەکنەلۆژیای تازە بکڕن و بەکاریبهێنن. لە کۆمپیوتەر و مۆبایلی زیرەکەوە بگرە تا کەلوپەل و دەزگای پێشکەوتووی ناوماڵ. یان چۆن دەتوانن گەشتبکەن و گەشتیاری بکەن؟! چۆن دەتوانن مناڵەکانیان پەروەردە بکەن و بیان نێرنە قوتابخانە، لە کاتێکدا هەموو یان زۆرینەی قوتابخانە و خوێندنگا و زانکۆکان بوون بە تایبەت و بە پارەن؟! ئەمە ئەو گرفتە قووڵ و گرێکوێرەیە کە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی بورژوازی و هەژموونی بەسەر چارەنووسی کۆمەڵگادا چآرەسەر نابێت. ئەمە دژایەتیەکی خۆڕسکی ناو ناخی سەرمایەداری یە. پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایە پرۆسەیەکی پێکەوە گڕیدراو و بەردەوامە. بە  سەرمایە و هۆیەکانی بەرهەمهێنانی ئامادەبوو ، واتە خاوەندارێتی بورژوازی (سەرمایەی گۆڕاو و نەگۆڕ) دەستپێدەکات و دواتر لە یەکێک لە کەرتەکاندا دەچێتە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوە. کرێکار لە ڕێگای فرۆشتنی هێزی کارەکەیەوە لەوە زیاتر بەرهەم دەهێنێت کە لە بەرامبەریدا کرێ وەردەگرێت. واتە زێدەبایی ، بەڵام کاڵا بەرهەم دێنێت، ئەو دراو بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەرهەم ناهێنێت، بەڵکو کاڵا بەرهەم دەهێنێت بۆ ئەوەی لە بازاڕدا بفڕۆشرێت وەک پرۆسەیەکی بەردەوامی پرۆسەی بەرهەمهێنانی سەرمایە بۆ ئەوەی بگۆڕدرێت بە دراو و دروای زیادە “زێدەبایی”. بۆ ئەوەی لە بازاڕدا بفڕۆشرێت پێویست کڕیارهەبێت، بەڵام ئەی ئەگەر کەس نەبوو بیکڕێت؟! لەگەڵ ئەوەی چینی کرێکار ژمارەیان ڕوو لە زۆربوون بووە لە بیست ساڵی ڕابردوودا ١٩٩٠- ٢٠١٤ بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە کێ کڕیارە؟! چۆن لە توانای ڕۆبۆت دا هەیە ” کە نە ماندوو دەبێت و نە داوای کرێی زیاد دەکات” جێگای کرێکار بگرێتەوە بە ووتەی یەکێک لە خاوەن هۆتێلەکان لە سەنگافورە؟! ئا لێرەوەیە کە دەڵێین سەرمایەداری ڕێگرە لە بەردەم پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و زانستدا.

ئەمە لایەنێکی مەسەلەکەیە کە ” کێ دەیکڕێت؟!”. بەڵام لایەنێکی تری مەسەلەکە ڕۆژئاوایە کە لە کاتی ململانێی دەورانی جەنگی ساردا بە هێزە ئابووری و تەکنەلۆژییە پێشکەوتووەکەیەوە دەنازی، بە بەراورد لەگەڵ بلۆکی بەرامبەردا کە یەکێتی سۆڤێت بوو…. ئەمڕۆ ئەم دیاردەیە بەو شێوازە کلاسیکیە فراوانە نەماوەتەوە. بەڵکو گواستنەوەی تەکنەلۆژیا وەکو تەزووی کارەبای لێهاتوە، و بە تایبەتی لە سایەی کۆنترۆڵکردنی بواری سایبەرنێت و هەروەها گەندەڵیەکی فەراهەمکراو بۆ هەڵکوتانە سەر بانکی زانیاری کۆمپانیا تەکنەلۆژیە گەورەکان لە دۆڵی سلیکۆن لە سان فرانسیسکو و شوێنەکانی تر…. بە تایبەت چین لێهاتووە و خارایە لەم بوارەدا. ئەم دیاردەیە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕۆژئاوا وئەمریکادا نەماوە…. ئەمە یەکێکە لەو گرفتە گەورانەیە کە ئەم بەشەی بورژوازی  جیهانی ڕووبەڕووی بووەتەوە. بەم جۆرە شێوازی چینی بۆتە نموونەیەک کە چاوی لێدەکرێت لە لایەن ڕۆژئاواوە. شێوازی چینی پێش هەرشتێک یانی هەژارکردنی بەشی خۆشگوزەرانی چینی کرێکار لە ئەوروپا و ئەمریکادا و دواتر یانی قەدەغەکردنی ئازادیی سەندیکایی و سیاسی و مافە فەردی و مەدەنیەکان و قەدەغەکردنی ئازادی خۆڕێکخستن و مانگرتن و کەمکردنەوەی کرێ. بورژوازی جیهانی بە ڕابەری ئەمریکا ئامانجیەتی کە  هەژاری دابەش بکات لە ئاستی جیهاندا. ئەم جارە لە ڕۆژئاوا خۆیەوە دەستپێدەکات… وە ئەمەش کێشەیەکی ترە، چۆن بەرەوڕووی دەبێتەوە؟!

دەبێت کەمێک باس لە بارەی “ڕۆژئاوا” وە بکەین. ئەو خەرمانە گەورەیەی کە خەونی دوو نەوەی ڕابردوو بوو لە جەنگی جیهانی دووەمەوە تا ئێستا. بەم پێ یە پێویستە باس لە ئایدۆلۆژیا و بیر و سوننەت و سیاسەتەکان بکەین کە یاسا و ڕێسا و دەستورەکان و شێوازی ژیانی لەسەر بنیاتنراوە. بە مانایەکی تر ئایدۆلۆژیەت و فەرهەنگی زاڵ لە ڕۆژئاوا. ئەم فەرهەنگە باوە لە جۆری ژیانکردن و خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی یە سیاسیەکان …. هەمووی لەسەر بنەمای ئابووری و لە دەورانێکی مێژوویی دیاریکراودا بنیاتنراوە.  دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە هەموو ئەو مافە سیاسی و مەدەنی و خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیە تا ڕادەیەک فراوانەی کە لە خۆرائاوادا هەیە، هەم قەرزاری شۆڕشی سۆشیالیستی ڕوسیا و هەم ئەو شۆڕش و بزووتنەوە سیاسی یە پێشکەوتوخواز و کرێکاریانەیە کە لە ئەڵمانیا و ووڵاتە ئەوروپیەکانی تردا لە مەیداندا بوون.  بە مانایەکی تر کاریگەری شۆڕشی کرێکاری لە ڕوسیادا و ترسی بورژوازی جیهانی لە دووبارەبوونەوەی ئەم تەجروبەیە لە ووڵاتانی تردا و بە تایبەتی لە خۆرئاوا, لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیتالیادا…بووە هۆی گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتی هەموو ئەو هێزە بورژوازیە جیهانیانە لەمەڕ شێوازی مامەڵەکردن و  بەڕیوەبردنیان بۆ سەرمایە و ڕازی بوون بە وازهێنان لە بەشێک لە قازانجی کەڵکەبوویان بۆ چینی کرێکار جا چ لە ڕێگای کرێی گونجاوەوە بێت یان لە ڕێگای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریە فراوانەکانەوە بێت. بورژوازی ڕۆژئاوایی ئەم ماف و خزمەتگوزاریانەی بەسەردا سەپاوە لە ترسی شۆڕشی کرێکاریی و ڕاپەڕینە کرێکاریە گەورەکان…. کەوابوو هەموو ئەو پرسانەی کە بە ” دەوڵەتی خۆشگوزەران” یان ‘ کۆمەڵگای بەکاربەر (بخۆر) یان “خەونی ئەمریکی” ناودەبرا،  هەروەها کۆمەڵگا ئەوروپی یەکان کە بوونەتە خەونی کۆمەڵگا عەرەبی و ئاسیاوی و ئەفریقیەکان، هیچیان لە بەخشندەیی بورژوازی ڕۆژئاواییەوە نەبووە بە لیبڕال و سۆشیال دیموکراتەکەشیەوە. بەڵکو تەنانەت سۆشیال دیموکراتیش وەکو بزووتنەوەیەکی سیاسی و بە ئەحزابەکانیشیەوە کە ماوەیان بەسەرچووە، خۆیان زادەو کاریگەری شۆڕشی کرێکاریی و جووڵانەوە کرێکاریەکانی تر و خەباتی بەردەوامیان بووە بەرامبەر بە بورژوازی و دەسەڵاتەکەی. بە واتایەکی تر هێزی چینی کرێکار و بوونی قەبارەیەک بە ناوی “کۆمۆنیزمەوە” لە یەکێتی سۆڤیەتدا، بورژوازی ڕۆژئاوایی ناچارکرد کە چاکسازیەک لە خۆیدا بکات بۆ ئەوەی بتوانێت دەسەڵاتداربێت… بەڵام ئەمە لە ڕووی مێژوویی یەوە بە ناوی بورژوازی ڕۆژئاوایی یەوە تۆمارکراوە. هەموو ئەم کارانەش کراسی دیموکراسیان بە بەردا کرا، وەک ئەوەی کە دەرمانی هەموو دەردێک بێت: ئازادی یە سیاسی و فەردی و مەدەنيەکان، وە بە تایبەتی بەرزکردنەوەیان بە ڕووی یەکێتی سۆڤێتی کۆن کە وەک درۆیەکی گەورە بە “کۆمۆنیزم” ناوزەد دەکرا، و کرێی بەرز و ئازادی یە سەندیکایی یەکان و ئازادی ڕادەربڕین ….وە خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی فراوان لە بوارەکانی خوێندن و تەندروستی و خانەنشینی و …..هەموو ئەمانە بوونە هۆی دەستەبەرکردنی ژیانێکی گونجاو و خۆشگوزەران و ڕوو لەسەر بە بەراورد لەگەڵ گوزەرانی زۆرینەی کۆمەڵگا لەو ووڵاتانەی کە پێیان دەووترا “سۆشیالیستی” یان بە ووڵاتانی تر لە ئاستی جیهاندا… بەم جۆرە ڕۆژئاوا بە ڕابەرایەتی ئەمریکا بووە قیبلەی خەڵکانی هەژار و دەستتەنگ و خەونی ڕۆشنبیران و زۆرینەی ئینسانەکان و جۆرێک لە شیوازی گوزەران کە چاوی لێدەکرێت لە ئاستی جیهانیدا.

لەم ڕووەوە ڕۆژئاواش کۆتایهات. کۆتایهاتنی ڕۆژئاوا یانی کۆتایهاتنی دەوڵەتی خۆشگوزەران و خزمەتگوزار، و دەرگا کراوە بە ڕووی پەنابەران کۆچبەراندا. ڕۆژئاوا کۆتایهات وەک خەونێک بۆ گوزەران و شێوازێک لە ژیان. ئەم قۆناغە کۆتایهات و خەونی ئەمریکیش ماوەیەکە و لانی کەم لە ساڵی ٢٠٠٨ ەوە لەگەڵیدا کۆتایهات. لە لایەکەوە سەرمایەداری پێشکەوتن و کەڵەکەبوونی بێهاوتای بەخۆیەوە دیوە و لە لایەکی تریشەوە  خۆی لە بەرامبەر هەڕەشەی شۆڕشە کرێکاریەکان و جووڵانەوە شۆڕشگێڕیە چینایەتی یە کرێکاریی یەکان دا نابینێتەوە. لێرەدا مەبەست لە مانگرتن و خۆپیشاندانەکان نیە کە لەسەر مەسەلە ئابووری یەکان بەڕێدەخرێت، چونکە ئەمانە زۆرن و ڕۆژانەشن، بەڵکو بورژوازی ئەوروپی و جیهانیش بزووتنەوەیەکی کرێکاریی سیاسی لە بەرانبەر خۆیدا نابینێت کە تێبکۆشێت بۆ ڕووخاندنی نیزامی سەرمایەداری تەنانەت لە شیوازە سەرەتایی یەکەشیدا. نەک هەر ئەمە بەڵکو دیمەنی سیاسی بە تەواوەتی بە قازانجی بورژوازی گۆڕاوە، بەجۆرێک کە چینی کرێکار لە ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە ناو خۆیدا دابەش بووە و بەشێکی زۆری ڕووی کردۆتە ناسیونالیزم و گۆشەگیری وەک دەریچەیەک بۆ دەربازبوون لە دەردەسەری و هەژاری و بێکاریەکەی. بەشێکی زۆریان دەنگیان بە ترامپ و بریئیکزیت (چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا) دا. چینی کرێکار لە پلانی تاتشەر- ڕیگان  و جیهانگیری نیولیبرالیزمەوە  گیڕۆدەیەو دەناڵێنێت. دەناڵێنێت بەدەست کار لەدەستدان و کەمبوونەوەی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان و دابەزینی کرێ و چوونەسەرەوەی تەمەنی خانەنشینی یەوە …. بەم پێ یە هەموو ڕەوتە سیاسیەکان بە قازانجی ئەوپەڕی ڕاست گۆڕاوە، بە جۆرێک کە جێگاوڕێگا یەکی کاریگەر بۆ ڕەوتی بورژوازی مام ناوەند نەماوە  لە کۆمەڵگادا جا چەپ بێت یان ڕاست. چ جا بگات بە چەپی کلاسیکی.

بەم پێ یە بورژوازی ڕۆژئاوایی بە ڕابەرایەتی ئەمریکا ،”و بزووتنەوە ڕاستڕەوەکان لە ناسیونالیزمی کوێر و هەموو باڵە جیاکانی و بە تایبەت دوای ئەوەی کە چینی کرێکاریی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە لە ڕووی سیاسی یەوە لەم قۆناغە پڕ مەترسیەدا”،  لەم قۆناغەدا خۆی بە ناچار نازانێت کە بەشێک لە قازانج و سەرمایە کەڵەکەبووەکەی بخاتە خزمەتی چینی کرێکار یان زۆرینەی جەماوەری بێبەش. بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەمجارە، ڕووی کردۆتە سیاسەتی سک هەڵگوشین و بێکاری فراوان و بیرکردنەوە لەو ڕێگایانەی کە بواری بۆ دەڕەخسێنێت زۆرینەی جەماوەری ناڕازی بێدەنگ بکات، جەماوەرێک کە نە کاری هەیە و نە گوزەرانێکی گونجاو، چجا بگات بەو خۆشگوزەرانیەی کە لە شەست ساڵی ڕابردوودا لێی بەهرەمەند بووە. بورژوازی بیر لەوە دەکاتەوە کە چۆن نان بدات بە خەڵک و ئارامیان بکاتەوە، بیری لەوەدەکاتەوە کە چۆن بە شێوەیەکی تا ڕادەیەک کەم دەردی سەر، سیستەمەکەی خۆی بچەرخێنێت، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر  چۆنێتی دابەشکردنی سامانی جیهان و دووبارە دارشتنەوەی هاوسەنگی هێز. بەجۆرێک کە هەردوو کارەکە پێکەوە گرێدراوە لەم قۆناغە ڕاگوزەرەدا. سەرمایەداری و چینە بورژوازیەکەی چیتر پێویستیان بەم لێشاوە لە کرێکار نیە بۆیە دەبێت دەست بەرداریان بن. بە مانایەکی تر پێویستە زۆرینەی ئەو کرێکارانە بێکار بکرێن و لە ڕووی سیاسی و خەباتکارانەشەوە دەمکووتبکرێن. لەم نێوەدا زۆر تیۆری هەیە وە یەکێکیان بریتی یە لە تیۆریەکەی برجنسکی “تیتی تینتمینت” کە بریتی یە لە: “بە تێکەڵکردنی کەمێک لە سەرگەرمکردنی هۆشبەر و خواردنی پێویست، دەتوانیت ئەنگیزەکانی دانیشتوانە بێ ئومێدەکەی جیهان ئارامبکەیتەوە” (تەڵەی جیهانگیری – پەلاماری دیموکراسی و خۆشگوزەرانی / هانس – بيترمارتن-هارالد شومان). ئەمە بە جیا لەو هەموو کارە فەرهەنگی و فیکری یە دوواکەوتووە بەردەوامانەی کە لە دوای کۆتایهاتنی جەنگی جیهانی یەکەمەوە بە دژی چەپ و کۆمۆنیزم و بیروڕای مارکس و ڕابەری لینین لە شۆڕشی ڕوسیادا بەڕێخراوە لە لایەک، وە بەهێزکردنی ئیسلامی سیاسی سەرەتا وەک بیروباوەڕ، و دواتر وەک بزووتنەوە و ڕێکخراو و ئەحزابی ئیرهابی وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین، بە تایبەتی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە جیهانی عەرەب و ئاسیای ناوەڕاستدا، لەلایەکی ترەوە. هاوکات بەهێزکردنی بیروباوەڕی لیبراڵی و تاکگەرایی هەڵقوڵاو لە خۆپەرستیەکی بەرتەسک، تا سیلیبریتیزم “بەناوبانگ بوون” لە ڕۆژئاوادا. و تا جادووگەری و باوەڕی خوڕافەی ئاینی و شێوازی تر لە لایەکی ترەوە. ئەمە جگە لە بە لاڕێدابردنێکی زۆر و شێواندنی مێژووی جیهان وە بە تایبەتی مێژووی ڕۆژئاوا بە تەواوەتی بە قازانجی بورژوازی ڕۆژئاوایی و وێانکرنی کۆمۆنیزم بە ستالینیزمێکی  تۆتالیتارو داپڵۆسێنەرێکی ئاشکرا. وەک شێوەیەکی بابەتی لاوازبوونی کۆمۆنیزمی مادی و و کۆمۆنیزمی مارکس و  خاڵیکردنەوەی کۆمەڵگا لە ڕێباز و فەرهەنگ و سوننەتی مارکسیستی و کۆمۆنیستی، بەجۆرێک کە بوارێکی کاریگەر بۆ بڵاوبوونەوەی مارکسیزم و کۆمۆنیزم  یان تەنانەت بیروباوەڕ و بۆچوونی پێشکەوتنخوازی لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتی دا، نەبینین. ئەمەش یەکێکە لەو ڕێگری یە کۆمەڵایەتی یە گەورانەی کە ڕووبەڕووی بزووتنەوەی کرێکاری و خەباتی چینایەتی دەبێتەوە لە ئاستی جیهانی دا. بە مانایەکی تر یانی بورژوازی جیهانی هەر لە دوای جەنگی جیهانی دوومەوە زەمینەی بۆ ئەم ئاڵوگۆڕانە فەراهەمکردووە، بۆیە ئەمڕۆ دەبینین کە بورژوازی بە هەموو ڕەنگەکانیەوە لە ناسیونالیزمی داخراوەوە بگرە تا ئیسلامی سیاسی و نیولیبڕالیزم خۆیان لە ناو خۆیاندا شەڕ و کێشمەکێشیانە لەسەر بەشەکانیان و گۆڕینی تەرازووی هێز بە قازانجی خۆیان. چینی کرێکار تا ئێستا  لەم قۆناغە  لە مێژوودا ئامادەنیە. ئامادە نیە لە ڕووی سیاسی یەوە.

بەپێی ئەم بارودۆخە تەنانەت دیموکراسیەتی ڕۆژئاواییش لە ناو خودی ووڵاتە ڕؤژئاوایی یەکانیشدا وە لە نێو ڕیزەکانی نەوەی تازە و تازەپێگەیشتوواندا وەک شێواز و مۆدێلێکی گونجاو نەماوەتەوە، بەڵکو بووەتە مۆدێلێک دژ بە خواست و هیوا و ئاواتەکانیان  بە شێوەیەک کە لە لێکۆڵینەوەو و ڕاپرسیەکدا کە بۆ پێگەی ئیلافی ئەلەکترۆنی ئەنجامدراوە بۆ ڕاپۆرتێک لە ژێرناونیشانی “بێ متمانەیی ئەوروپیەکان بە دەسەڵاتەکانیان سەرچاوەی بەهێزکرنی پۆپۆلیزمە” وە تیایدا هاتووە: (زۆرینەی فەرەنسیەکان بە رێژەی ٦١ ٪ و ئیتالیەکان بە ڕێژەی ٦٠ ٪ و ئیسپانیەکان بە ڕێژەی ٥٦ ٪  بڕوایان وایە کە شێواز و جۆری ژیانی ئەم نەوەیە لە پاشەکشەدایە بە بەراورد بە ژیانی باوکان و دایکانیان. هاوکات لە ٤٤ ٪ ئەڵمانی و ٤٣ ٪ بەریتانیەکانیش هاوڕای ئەوانن. سەبارەت بەو خاڵەی کە ئەوروپیەکان باوەڕیان بە دەسەڵاتدارەکانیان نیە یان کەمتر باوەڕیان پێیانە بەم شێوەیەیە: ئیسپانیەکان ٨٩ ٪، ئیتالیەکان ٨٠ ٪، فەرەنسیەکان ٧٧ ٪، ئەڵمانیەکان ٧٠ ٪ و بەریتانیەکان ٦٦ ٪. ئیسپانیەکان زۆرترین ڕادەی گومانیان هەیە بەرامبەر بە دەزگا دەوڵەتیەکان و بە ڕێژەی ٧٧ ٪. هاوکات گومان بە هێزە لە نیو فەرەنسیەکان بە ڕادەی ٦٥ ٪ و ئیتالیەکان بە ڕادەی ٦٤ ٪ و ئەڵمانی و بەریتانیەکان بە ڕادەی ٥٩ ٪.  لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کەم ئەم شیوە هەستکردنانە یارمەتیدەرە لە چوونەسەرەوەی کێرڤی پۆپۆلیزمدا. ئەمە بە جۆرێکە کە زۆرینەی ئەوانەی ڕاپرسیەکەیان لەگەڵ ئەنجامدراوە، جگە لە ئەڵمانیا، لەگەڵ ئەوەدان کە ووڵاتەکانیان پێویستی بە سەرکردەیەکی بەهێزە بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرێتە دەست و دەسەڵاتی ئەمانەی ئێستا وەلابنێت و ئەوانەی بەم شێوەیە گوزارشتیان لە ڕای خۆیان کرد بەم جۆرە بوو: ٧٢ ٪ ی ئیسپانیەکان، ٧٠ ٪ ی فەرەنسیەکان و ٦٧ ٪ ی ئیتالی و بەریتانیەکان. (سەرچاوە:  http://elaph.com/Web/News/2017/2/1132683.html)

غەیددون ڕاشمانیش لە فاینانشاڵ تایمز نووسیویەتی: ” لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە ساڵی پار خراوەتە ڕوو بەر لە هەڵبژاردنی ترامب بە سەرۆک. داخورانی بەها دیموکراتیەکان لە ڕۆژئاوا ئەوە نیشان دەدات، کە لە هەر ٦ کەسێک لە ئەمریکا یەک کەس پێی وایە کە دەسەڵاتی سوپا بیرۆکەیەکی باشە، لە کاتێکدا کە ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ١٩٩٥ دا لە ١٦ کەس یەک کەس بووە. سەرباری ئەوەی کە لە ٧٠ ٪ ی ئەو ئەمریکیانەی کە لە ساڵانی سی یەکاندا لە دایک بوون پێیان وایە کە دیموکراتی مەسەلەیەکی پێویستە، لە کاتێکدا کە ٣٠ ٪ ی ئەوانەی لە هەشتاکاندا لە دایک بوون لەگەڵ ئەواندا هاوڕان. نووسەرەکە ئەوەش دەڵێت کە ئەوروپاش ڕووی لە هەمان تێڕوانینە. لێکۆڵینەوەکە بەوە کۆتایی دێت کە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابوردوودا باوەڕبوون بە دامودەزگا سیاسیەکانی وەک پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری ڕوو لە کەمبوون بووە لە ئەمریکای سەروو وڕۆژئاوای ئەوروپادا. سەرچاوە( http://www.aljazeera.net/news/presstour/2017/2/22)

کێشە گەورەکە بریتی یە لەم ناکۆکیانەی ناو جەرگەی سیستەمی سەرمایەداری وەک سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی. وە ناکۆکی گەورەتر، بریتی یە لەوەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا. پێشکەوتنی سیستەم وکەڵەکەبوونی سەرمایە و چڕبونەوەی،  ١٨٠ پلە ناکۆکی هەیە نەک بە تەنها لەگەڵ خەون و ئامانجی ملیارەها ئینسان، بەڵکو تەنانەت ناکۆکە لەگەڵ ژیانێکی مەمرە و مەژی بۆ زۆرینەی ئینسان و تەنانەت ناکۆکیشی هەیە لەگەڵ دەستەبەرکردن و فەراهەمکردن و زەمانەتی کار بۆ کرێکاران… ئەمە کێشەی ئەم سیستەمەیە و بە بێ ئەمەش واتە بە بێ خستنەسەرکاری کرێکار، سەرمایەی کەڵەکەبوو،  قازانج بەرەو داخوران دەچێت . ئەمە کێشەیەکی بابەتی و گەورەیە کە نیزامی سەرمایەداری تێیکەوتووە. بە تایبەتی لە ئەمریکا و ڕۆژئاوادا بە جۆرێک کە دیموکراسی یەکەیان بۆتە بلۆتۆکراسیەت (بەشیوەیەکی گشتی بەمانای دەسەڵاتی دەوڵەمەندان دێت. لەم قۆناغەشدا بە تایبەتی یانی دەسەڵاتی سەرمایەدارە گەورەکان). ئەمە کێشەی بورژوازیە لە تەواوی دونیادا لە چینەوە تا ئەمریکا و تا ووڵاتانی ئەسکەندەنافی  و تا خوارووی ئەفریقا، “کێشەی بەکارنەبردنی کرێکار”. کێشەیەکی تریش بەم کێشەو گرفتە ئالۆزەوە زیاد دەبێت، ئەویش کێشەی قۆناغی ئێستا و دووبارە بنیات نانەوەی سیستەمێکی جیهانی نوێیە لەسەر پاشماوەکانی ئیمبراتۆریەتی ئەمریکی. نەزمێکی جیهانی نوێ کە نوێنەرایەتی هاوسەنگی هێزی نوێ بکات لە سەر ئاستی جیهاندا. نیزامی جیهانی ئەمریکی کە پێی دەوترا نیزامی نوێ، واتا نیزامی دونیای یەک جەمسەری  کۆتایهات و ئەمڕۆ لە سایەی ئەو کێشە و تەنگەژە سیاسی و شەڕە جۆراوجۆرانەدا، جێگەی بە سیستەمێکی فرە جەمسەر دەگیرێتەوە. لە نێوان دوو سیستەمدا قۆناغێکی ڕاگوزەری سەخت هەیە وەک  پێشترلە باس و نووسینەکانی ترمدا ئاماژەم پێکردووە.

ئێمە لە بەردەم داڕووخان یان داڕمانێکی لەسەرخۆی ئەلگۆی ئابووری سەرمایەداریداین، ئەلگۆی ئابوری نیولیبراڵی گڵۆباڵ. داڕمانی تا ئەوپەڕی ئاراستە ئابووری یە ڕاسترەوەکان، ئاراستەیەک کە جگە لە قازانج و وەبەرهێنان هیچی تر نابینێت. وەبەرهێنان “لە کاتێکدا کە خوێن وەک جۆگەلە ڕێرەوی گرتوە”. مەسەلەکە ترامپ و بریئیکزیت نیە، هەردووکیان دیاردەن و دەبێت وەکو دەرکەوتەی سیاسی و ئابوری و تێڕوانینێکی سیاسی بورژوازی جیهانی لە ڕۆژئاوادا چاویان لێبکەین کە پێی وایە غەدری لێکراوە لە داهێنان و دۆزینەوە جیهانیەکانیدا، بە دیاریکراوی لە ئابووری گلۆباڵدا. ئەو ئاڕاستەیە پێی وایە ئەو پرۆسەیەی کە بۆ گڵۆباڵیزەکردنی شێوازە ئابووری یەکەی دەستیپێکرد، بەرهەمی پێچەوانەی لێکەوتەوە و بوو بە هۆی بەهێزکردنی دەوڵەت و گرووپی تر کە بەرژەوەندیەکانی ئەو ڕەچاو ناکەن. نەک هەر ئەمە بەڵکو کێبەرکێ و سەرکێشی لەگەڵ دەکەن، لە سایەی هێزی کاری هەرزان لە چین و هیند و ڕوسیا و ووڵاتانی کەنداو دا بە بەراورد کردن لەگەڵ هێزی کار لە ئەوروپا و ئەمریکادا. جیهانگیری (گڵۆباڵیزم) ئەنجامی پێچەوانەی لێکەوتەوە  بۆ ئەمریکا و ڕۆژئاوا بە گشتی “ڕۆژئاوا بە بێ ئەڵمانیا”. باسەکە لێرەدا ئەوە نیە کە چینی کرێکار لەسەر ئاستی جیهانی دا بەهرەمەند نەبووبێت لە بەرووبوومەکانی جیهانگیری نیولیبڕالیزم ئەگەرچی بورژوازی ئەم مەسەلەیە بە هەند وەرناگرێت. بەڵکو کرۆکی مەسەلەکە لە گۆشەنیگای بورژوازی یەوە بریتی یە لە ناکام مانەوەی خودی بورژوازی ڕۆژئاوایی لە پرۆسەیەکدا کە خۆی دەستیپێکردوە بە بەراورد لەگەڵ ڕکابەرەکانی لە چەشنی چین و هیند و ڕوسیا…. بە مانایەکی تر نیولیبڕالیزم هەموو ڕێگایەکی گرتەبەر، لەوانە شەڕ و تیرۆریزمی دەوڵەتيش، بۆ داسەپاندنی شێوازە ئابووریەکەی لە ئاستی جیهاندا. واتە گڵۆبالیزمی نیولیبرال و شێوازی دەسەڵاتدارەتی پەرلەمانی لیبڕالی. ئەم هەوڵ و کۆششەیان ئەنجامی پێچەوانەیان لێ کەوتەوە لە کاتێکدا کە بە هێزی جیهانی گەورە و کاریگەر ئابڵوقەدراوە. بەهۆی نوشوستی سیاسی لە لایەک و دواکەوتنی لە ڕکابەرایەتی بازرگانی و گەشەی ئابووری بە شێوەیەکی گشتی لە لایەکی ترەوە. ئەمریکا خۆی بە ئابڵوقەدراو دەبینێت لە نێوان چین و ئەڵمانیادا و تا ڕادەیەک هینديش لە بواری ئابووری دا و نازانێت چۆن ستراتیژیەتی خۆی دیاریبکات لەم دونیا ئاڵگۆڕخوازەدا، یان بە ووتەی موستەشاری ئەڵمانی میرکل،  لە میانەی ووتارەکەیدا کە لەبەردەم کۆنگرەی ئاسایشی میونخ دا پێشکەشیکرد لە ڕۆژی ١٨ ی شوباتی ٢٠١٧ دا کە ووتی: “جیهان ئاڵوگۆڕی تراژیدی بەسەردا هاتووە، وە چیتر لە سیستەمێکی نێو نەتەوەیی جێگیر بەهرەمەند نین”. هەروەها دەبینێ ” ئەمریکا” لە لایەنی سەربازییەوە بە هێزێکی گەورەی سەربازی ئابڵوقەدراوە بە تایبەتی ڕاکێتە ستراتیژیەکان و کەشتی یە ئەتۆمیە ژێرئاوی یەکان لە لایەن ڕوسیاوە.

لە سایەی ئەم جیهانە ڕاگوزەرەدا ” سیستەمێکی جیهانی ناجێگیر” ئەمریکا و سەرۆکەکەی، ترامپ، ستراتیژیەتی خۆی دیاری نەکردووە بۆ گەیشتن بە ئامانج. ئامانجەکەی واتە ئامانجی ئەمریکا لەم قۆناغەدا:  مانەوەی ئەمریکا لە ڕابەرایەتی سەرمایەداری جیهانی و مانەوەی وەک هێزی جیهانی یەکەم ئەگەرچی هێزی تریش هەبێت لەم نێوەدا کە لەگەڵی بەشدار بێت لە ناوچە جیاجیاکاندا “دۆستی تازە” بەڵام لەسەر پلەی یەکەم ڕکابەری لەگەڵ نەکەن. ستراتیژەکەی یانی گەیشتن بەم ئامانجە. ئایا بەردەوام دەبێت لەسەر ستراتیژیەتە کۆنەکەی ئۆباما بۆ ئابڵوقەدانی چین و داتاشینی دوژمنێکی سەرسەخت لە ڕوسیا و مانەوە لەسەر بەڵێنەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ئاسایشی ئەوروپا، یان نا؟! بەو ستراتیژیەتە ئۆباما و بەڕێوەبەرایەتیەکەی نەیانتوانی هەنگاوی کاریگەر بنێن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەیان. یان ئەوەتە ستراتیژیەتی خۆی دەگۆڕێت و نووکی ڕمەکەی دەکاتە ئەوروپا و بە تایبەتی ئەڵمانیا بۆ لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی ئەوروپا و ڕاکێشانی بەڕەکە لەژێر پێی ئەڵمانیادا لەمەڕ گەشەکردن و چوونە سەری دەسەڵاتی نەک تەنها لە ئەوروپادا بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیشدا.

بە تایبەتی لەمەدا بەریتانیا  بەتوندی لەگەڵ ئەمریکایە، بەڵکو ئەمە جیهانبینی و خەونیەتی، واتە خەونی بەریتانیا کە ببینێت ئەڵمانیا لاوازە و ببینێت کە یەکێتی ئەوروپا پەرتەوازە بووە  و لانی کەم فەرەنسای تیادا نەماوە. ئەم دوو جەمسەرە لە کێبەرکێدان لە نێو ڕیزەکانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی سیاسی ئەمریکادا. وە تەنانەت لە ناو خودی ڕیزەکانی حکومەتەکەی ترامپ  و لە نێو ڕیزەکانی هەردوو حزبی کۆماری و دیموکراتیەکانیش دا. هەر لێرەوەیە کە ڕۆژانە کێشە و سکانداڵی تازە لە حکومەتەکەی ترامپدا دەردەکەوێت. حکومەتەکەی ترامپ وە بە دوای کێشمەکێشی توندیشەوە تا ئێستا بە تەواوەتی دروست نەبووە، سەرەڕای ڕوودانی قوربانی گرنگ، ئەمە جگە لە کەشی سەر شەقام و خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی تا ئێستا. کۆمەڵگای ئەمریکی گۆڕاوە و گۆڕانی گەورەتریشی بەسەردا دێت. مەسەلەکە تەنها ئەوە نیە کە دیمەنی سیاسی گۆڕاوە بەڵکو خوو ڕەوشی” کالچەر” سیاسی باو و جێگیر کە کۆمەڵگا لێی بەهرەمەند بوو، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمە، بە شێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕاوە. لەوانەیە ئێمە ببینین متمانە لە ترامپ وەرگیرێتەوە یان بکوژرێت هەروەک لە کیندی ڕووی دا، ئەگەر گوێڕایەڵی بیروڕاکانی ڕەوتی باو و دەسەڵاتدار نەبێت. کێشەکە لەوەدایە کە تا ئێستا لە سایەی ئەو دابەشبوونە توندەی نێو ڕیزەکانی بورژوازی ئەمریکی دا، ڕەوتی زاڵ ڕۆشن نەبووەتەوە.

لە هەر حاڵێکدا دیاردەی ترامپ ئەنجامە نەک هۆکار. وە ئەو وەک ڕێبازێکی سیاسی لە بزوتنەوەیەکی فراوانتری ئابووری پارێزراو” پرۆتێکشنیست” و گۆشەگیر و دابڕانی نێودەوڵەتی و ڕەگەزپەرستی دەمارگیر، وە یان باشترە بووترێت وەک بەشێک لە ناشیونال فاشیزم خەریکی خۆسازدانە لە هەموو ووڵاتانی ڕۆژئاوادا. وە لەم نێوەشدا بێگومان جووڵانەوەی کۆنەپەرستی بورژوازی هەیە کە بانگەوازی  بۆ دواوە گەڕانەوەی مێژوو و گێڕانەوەی میلی کاتژمێرەکان دەکەن بۆ دواوە، بۆ ناسیونالیزمێکی کویرو داخراو وە یان تەنانەت بۆ ڕەچەڵەک و لەوانەشە بۆ  هێما بۆماوەیی یەکان ” دی ئێن ئێن’. جووڵانەوەیەکی کۆنەپەرستانەیە، بەڵام بەرهەمی واقعی و دژایەتی ناوخۆی سەرمایە و بزوتنەوەکەیەتی. سڕینەوەو نەفیکردنی ئابووری دەوڵەتی  یان سەرمایەداری دەوڵەتی لە لایەن  لیبرالیزم یان ئابووری بازاڕەوە ، بووە هۆی سڕینەوەو نەفیکردنەوەی خۆی، واتە نەفی نەفی، ئەمەش نە بە مانای لە ناوچوون بەڵکو بە مانای کودەتاکردن بەسەرخۆدا. بە واتایەکی تر واتە نیولیبرالیزم  و جیهانگیری یەکەی، ئێستا ئیتر بە کەڵکی خاوەنەکانی نایەت و تەنانەت بووە بە ڕێگریش لەبەردەم بەرەوپێشچوونیدا.  بە مانای دوواکەوتنی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە چین و هیند و هەندێک ووڵاتی تر لە زۆر لایەنەوە وەک: هاوسەنگی بازرگانی، و یەدەکی پووڵی و ڕکابەرایەتی جیهانی نێوان کۆمپانیاکان. تەنها بۆ نموونە هێڵی ئاسمانی ئەمریکی داوای ئەوە دەکات کە ڕیگری لەبەردەم کۆمپانیاکانی فڕینی کەنداودا دابنرێت. کۆمپانیای هێڵە ئاسمانیەکانی ئەمریکا، دێلتا ئێرلاینز و یونایتد ئیرلاینز و ئەمریکان ئێرلاینز دەڵێن: “ئەو یارمەتی یەی کە پێشکەش بەو سێ کۆمپانیایەی هێڵە ئاسمانیەکانی کەنداو دەکرێ بواریان بۆ دەڕەخسێنێت کە بە خێرایی گەشەبکەن و فراوان ببنەوە و ڕکابەرەکانیان لە زۆر لایەنی گرنگەوە وەلا نێن. وە لە هەمان چوارچێوەدا کۆمپانیای هێڵە ئاسمانیەکانی ئەوروپاش داوا لە کۆمیسیۆنی ئەوروپی دەکەن کە ئابڵووقە بسەپێنێت بەسەر هێڵە ئاسمانیەکانی کەنداودا. وە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کەنداو بڵاویانکردەوە کە کۆمپانیای هێلێ ئاسمانی ئیمارات ئەو لێدوانانەی بە درۆخستۆتەوە کە کۆمپانیاکانی لوفتانزا و ئەیرفرانس و کۆ ئێل ئیم بەم دوواییاینە بانگەشەیان بۆ دەکرد کە گوایە کاروباریان بە شێوەیەکی نەرێنی لە ئاسیادا گۆڕاوە بە هۆی فراوانبوون و بەربڵاوبوونی کۆمپانیا ئاسمانیەکانی کەنداوەوە و هەروەها مەسەلەی پاڵپشتیکردنەکەشی ڕەتکردەوەو دووبارە پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان لەسەر بنەمایەکی بازرگانی پوخت کاردەکەن (سەرچاوە: الخليج اونلاین نیت). لەم ڕووەوە نموونە زۆرن و یەکێک لەوانە کەرتی تەلەفۆنە زیرەکەکانە کە پێی لێکۆڵینەوە، دەرکەوتوو تەلەفۆنە زیرەکە چینی یەکان خەریکە هەڕەشە لە بەشی سامسۆنگ و ئاپڵ دەکات لە بازاڕدا و بە تایبەتیش دوای چوونەسەری داواکاری لەسەر ئەم تەلەفۆنە زیرەکە هەرزانانەی کە بەرهەمهێنەرە چینی یەکان فەراهەمی دەکەن. ئەمانەش ئەو تەلەفۆنانەن کە لە هەموو ئەوتایبەتمەندی یە تەکنەلۆژیە باشانە بەهرەمەندن کە کۆمپانیاکانی تر هەیانە لە تەلەفۆنە گرانبەهاکانیاندا. لێکۆڵینەوەکە لە بە دواداچوونەکەیدا دەڵێت کە فڕۆشتنی بەرهەمەکانی هەموو بەرهەمهێنەرە چینیەکان بۆ تەلەفۆنی زیرەک چوونەسەرێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە جا چ مارکەی لێنۆڤۆ و یۆلۆنج و هاوای و زی تی ئەی بێت یان شاومی. بە جۆرێک کە ڕادەی فڕۆشتنیان ٢٠ ٪ ی بازاڕی تەلەفۆنە زیرەکەکانی داگرتووە (پێگەی العربية نيت-الاسواق العربية). بە شێوەیەکی تەواو ڕوونە ئەو گڵۆباڵیزمەی کە نیولیبرالیزم ڕابەری بوو لە سەر ئاستی ئابووری دا بەرەنجامی پێچەوانەی لێکەوتەوە بۆ خاوەنەکانی.

بەر لە چوونە سەری پۆپۆلیزمی تازە بەم ئاستەی ئێستا لە ئەوروپا و بە تایبەتیش لە ئەمریکادا، ئێمە شایەتی بنەما ئابووری یەکەیین و دەیبینین. شایەتی ئاڵوگۆڕی کاریگەر و و تا ڕادەیەک بنچینەین لە ژێرخانی سەرمایەی ڕۆژئاوایی، لە ئاست جیهانیدا. لەم ڕووە باس و لێکۆڵینەوەی زۆر هەن. سەباستیان مالابی لەم ڕووە دەڵێت: دوو دەیەی دوای جەنگی سارد بە سەردەمی گڵۆبالیزم ناونرا و هەم پێشوازی لێکراو هەم هێرشیشی کرایە سەر. جیهان شایەتی فراوانبوونەوەیەکی بێ وێنە بوو لە جووڵەی سەرمایە و کاڵا و تەنانەت کەسەکانیشدا. لە ماوەی نێوان ڕووخانی دیواری بەرلین لە ساڵی ١٩٨٩ و تا سەرەتای قەیرانی ئابووری جیهانی لە ٢٠٠٧ دا، هەڵڕشتنی ” inflow” سەرمایەداری نیو دەوڵەتی لە کۆی گشتی بەرهەمهێنانی ناوخۆی جیهانی لە ٥ ٪ ەوە بەرزبۆتەوە بۆ ٢١ ٪. قەوارەی بازرگانیش بەرزبوونەوەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی لە ٣٩ ٪  ەوە بۆ ٥٩ ٪  وە هاوکات ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی ووڵاتی لە دایکبوونیاندا ژیان بەسەر دەبەن بۆ زیاتر لە چارەکێک بەرزبۆتەوە. بەڵام دیمەنەکە ئەمڕۆ زۆر لەوە ئاڵۆزترە. هەڵڕشتنی سەرمایەداری جیهانی هاتنەخوارەوەیەکی تیژی بەخۆیەوە بینی، بازرگانیش جۆرێک لە سستی بەخۆیەوە بینی، بەڵام تا ئێستاش جووڵەی کەسەکان بەناو سنوورەکاندا بەردەوامە….وە جێگای خۆیەتی تێبینی ئەوە بکەین کە گڵۆبالیزمی ماڵی هێشتا چاک نەبۆتەوە و هەڵنەستاوەتەوە… پەیمانگای ماکینزی بۆ نوێکرنەوەی زانیاریە بەکاربراوەکان لە لێکۆڵینەوەی ساڵی ٢٠١٣ دا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەڵڕشتنی پول بۆ دەرەوەی سنوورەکان تا ڕادەی ٢،٦ ٪ هاتۆتەخوارەوە لە چاو کۆی گشتی بەرهەمهێنانی ناوخۆی جیهانی لە ٢٠١٥ دا و تێکڕاکەی  گەیشتە تەنها ٤،٥ ٪ بە درێژایی ماوەی نێوان ٢٠١١ – ٢٠١٥. واتە تەنها یەک لەسەر چواری ئەو ڕادەی خۆی کە لە ساڵی ٢٠٠٧ دا هەبوو. (سەباستیان مالابی/ گۆڕێنی ڕێڕەوی گڵۆباڵیزم/ گۆڤاری التمويل و التنمية- گۆڤارێکە وەرزی یەو  سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەریدەکات/ ژمارە ٥٣ ی دەسێمبەری ٢٠١٦).

شکستی ئابووری نیولیبراڵیزم وەک ئەلگۆیەکی خۆرئاوایی ،  لە هەمان کاتدا شکستە بۆ دوا شێوازی ئابووری کە بورژوازی جیهانی پێی گەیشتووە. چونکە پێشتر شێوازی جۆراوجۆر و جیاوازی ئابووری بورژوازی تاقیکرابووەوە. بە پێی ووتە بەناوبانگەکەی فۆکۆیاما سەبارەت بە “کۆتایی مێژوو”، بەڵام بە پێچەوانەی لێکدانەوەکانی ئەوەوە ئەمڕۆ بۆتە دەستپێکی کۆتایی مێژووی ئابووری بورژوازی و شێوازە نیولیبڕاڵیەکەی. سەرەتای کۆتایی هەموو ئەو ڕێبازە فکریانەی  میدیایە کە خەریکی بڵاوکردنەوە و ڕەواج پێدان بوو بۆ هەر شتێك کە سەرمایەداری جیهانی پێویستی پێی بوو لە ڕێگای کەناڵی ئاسمانی وڕۆژنامە و دەزگای ڕاگەیاندنی گەورەوە” ماس میدیا”. سەرەتای کۆتایهاتنی دیموکراسی وەک فکر و وشێوازی دەسەڵاتدارێتی و وەک مۆدێلێک بۆ شێوازی  ژیان وگوزەران…. پێم وابێت لە دیموکراسیەتەکەی بورژوازی ڕۆژئاوایی هیچ شتێک نەماوەتەوە جگە لە هەڵبژاردن. وە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیشی بۆتە کارێکی بڕاوە  بە قازانجی ئەو کەسایەتی و ئەحزابانەی کە ڕابەرایەتی جووڵەی سەرمایە دەکەن. بورژوازی جیهانی لە ئێستادا ڕوی لە هەژارکردنی کۆمەڵگا ڕۆژئاوایی یەکانە، ڕووی لە هەژارکردنی چینە مام ناوەندیەکانیەتی “چینی کرێکار”، ڕووی لە هەژارکردنی زۆرینەی کۆمەڵگایە، دوای ئەوەی کە تا ڕادەیەک لە شێوازێک لە خۆشگوزەرانی ئابووری بەهرەمەند بوون بە بەراوردکردنیان بە هاوچین و توێژەکانیان لە دەرەوەی کۆمەڵگا ڕۆژئاوای یەکاندا. هێرشەکانی ئەم دواییەی  بورژوای ، گەشەو  کاریگەری بەهێزی ئەوپەڕی ڕاستی بورژوازی لە ئەمریکا و فەرەنسا و هۆڵەندا و بەریتانیا و دەرکەوتنی لە ئەڵمانیادا، ولە هەمانکاتدا لە ئامادەنەبوونی سیاسی چینی کرێکاردا، نیشانەیەکی ترسناکە لە دەرخستنی “داڕووخانی ڕۆژئاوا” بە هەموو مانا و لێکدانەوەیەکی سیاسی کە دەتوانی لەخۆی بگرێت، بە زەرەری زۆرینەی کۆمەڵگا و چینی کرێکار. داڕووخانێکی ڕاچلەکێنەر و توندپێچێکی مێژوویی گەورە، و بە بڕوای من چەندین جار لە ڕووداوی ڕووخانی بەرلین گەورەترە.

لە سایەی ئەم بارودۆخەدا ئێمە لە بەردەم دیمەنێکی تازەی ململانێداین لە نێوان جەمسەرە جیهانی یە جیاوازەکاندا. لە نێوان هێزە جیهانی و ناوچەیی یە جیاوازەکاندا، ئێمە لە قۆناغێکی ڕاگوزەردا دەژین، لەسەردەمی پشێویەکی بەربڵاو لە ئاستی جیهانیدا. قۆناغێک کە جارێکی تر کێشمەکێشی نێوان ئەم هێزانە بە شێوازە کلاسیکی یەکەی خۆی دەردەخاتەوە لە نێوان هێزە جیهانی یە جیاوازەکاندا، بۆ دیاریکردنی سیستەمی فرە جەمسەری جیهانی . قۆناغێک کە بەسڵەمینەوە وڕامانێکی زۆر، و بە دەرکەوتنی نموونەی ئابووری جیاواز و بە سیاسەت و ستراتیژیەتی کاتی جیاوازەوە ، دەناسرێتەوە ، کە گوزارشت لەم قۆناغە ڕاگوزەرە دەکات. ڕۆژئاوا کە لەسەرخۆ دەڕووخێت وەک لەسەرەوە باسمان لێکرد، هێشتا خۆی یەکلانەکردۆتەوە، بە تایبەتی لە ئەمریکا. ئاراستەی جیاواز هەیە، بۆ نموونە ئاراستەیەک هەیە بۆ هێشتنەوەی ڕۆژئاوا و لیبڕالیزمی نوێ لە چوارچێوەی ڕۆژئاوادا، ئەمریکا و ئەوروپا و هاوپەیمانەکانیان لە وپەڕی خۆرهەڵاتی ئاسیا و ئوسترالیا، لەگەڵ پەیوەندیەکی توندوتۆڵ لەگەڵ جەمسەرە جیهانی یە تازەکان لەسەر بنەمای لیبڕالیەتی کۆن یان کلاسیکی، لیبراڵیەت لەسەر بنەمایەکی ناسیونالیستی. لیبڕاڵیەت لە ناوخۆ دا یان لە بازاڕی ناوخۆدا، لەگەڵ خۆپاریزی پرۆتێکشنیزم لە ئاستی جیهانی دا… ئەم تێڕوانینە ناکۆکە لەگەڵ خۆیدا، گریانە بۆ ڕابردوو، وە ترسە لە داهاتوو، بەڵام تێڕوانینێکە کە پاساوی خۆی هەیە لە عەقڵیەتی شیکەرەوە بورژوازیەکانی ڕۆژئاوادا. بە پێچەوانەشەوە تێڕوانینێکی چینی هەیە کە سەرۆکەکەی لە کۆبوونەوەکانی ئەم دوواییەی دافوس دا ڕایگەیاند کە ئەویش بەرگریکردن لە گڵۆباڵیزم و ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئازادە، وە بانگەوازی “گێڕانەوەی هاوسەنگی” کرد لە گڵۆباڵیزم دا بۆ ئەوەی “بەهێزترو هەمەگیرترو بەردەوام بێت”. ئەمەو پڕۆژە گەورە جیهانیەکەی لەولاوە بوەستێت کە ئاسیا بە ئەوروپاو ئەفریقاوە گرێدەدات “یەک پشتێنە و یەک ڕێگا” وە وا بڕیاریشە کە میوانداری کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی بکات لەم بارەوە لە مانگی ئایاری داهاتوودا.

پێگەی چینی کرێکار لەقۆناغی ئێستادا

لە ڕووی ئەزموونەوە، کۆمۆنیزم تەنها مومکینە وەک کاروکرداری خەڵکێکی زاڵ و سەردەست “هەموو یەکسەر” وە لە هەمان کاتدا، گریمانی گەشەکردنی گلۆباڵی هێزەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندییە جیهانیەکان، پەیوەست بە کۆمۆنیزم  دەکات. زیاد لەوەش، جەماوەری کرێکارانی بی موڵک وماڵ،  لەڕەوشێکی تەواو مەترسیداری هێزی کار بەئەندازەیەکی گەورەوبەرین دابڕاون لە سەرمایە یا تەنانەت لە قەناعەت و ڕازیبونێکی سنوورداردا. لەبەرئەوە، چیدی تەنها بەشێوەیەکی کاتی مەحروم ناکرێ لە خودی کارکردن وەک چاوگێکی مسۆگەری ژیان، بەڵکو لە ڕێگەی کێبەركێەوە دەخوڵقیت کە پێش مەرجی بازاری جیهانی یە.   لەبەرئەوە پرۆلیتاریا تەنها لەڕووی مێژووییەوە, دەتوانێ وەک کۆمۆنیزم وجودی ببێ. چالاکیەکەی تەنها دەتوانێ وجودێکی مێژوویی جیهانی هەبێت.  وجودی مێژوویی جیهانی تاکەکان (ئەفراد) بەمانای بوونی تاکەکانە کە ڕاستەوخۆ لکاوە بە مێژووی جیهانەوە.  کۆمۆنیزم بۆ ئێمە بارو حاڵەتێکی کاروبارەکان نیە کە دەبی دابمەزرێ، وە ئایدیاڵێک نیە کە واقعیەت دەبێت خۆی لەگەڵدا بسازێنێت. ئێمە کۆمۆنیزم بە بزوتنەوەیەکی واقیعی ناودەبەین کە بارودۆخی ئێستاهەرەس پێدێنێ. ( ئایدۆلۆژیای ئەلمانی/مارکس-ئەنگلز. زمانی ئینگلیزی)

هەلومەرجی جیهانی ئێستا، بەتایبەت لە ئەوروپاو ئەمریکا، بارێکی زۆر ڕۆشنی چینایەتی هێناوەتە ئاراوە. بورژوازیی جیهانی نەک تەنها لە بەرانبەر هیواکانی چینی کرێکاردا وەستاوەتەوە بەڵکو کاریکردوەو هەوڵدەدات کە تەواوی دەستکەوتەکانی چینی کرێکار زەوت بکاتەوە، کە لەڕێگای شۆڕش و ڕاپەڕین و بزووتنەوە سیاسیەکانیەوە بەدەستیهێناوە لە چوارچێوەی خەباتێکی چینایەتی توندوتیژدا بە درێژایی زیاتر لە سەدە ونێوێک. ئەم هەلومەرجە، تەواوی شێوەو جۆرەکانی چەپی بورژوازیی ڕاماڵی و ڕادەماڵێت. لە سۆشیال دیموکراتیەوە تا یەکێتی چەپەکان و  چەپی نوێ و تەواوی شیوەکانی پۆپۆلیزمی چەپی جیهانی سێهەمی، هەروەها ناسیونال چەپيش. بورژوازی ئیتر پێویستی بەو جۆرە ڕیفۆرم و داچەمینەوانە( تنازلات) نەماوە لە بەرانبەر چینی کرێکاردا. چینی کرێکار چ لە ئاستی جیهانی یان لۆکەلیدا “لە هەر ووڵاتێکدا” بەتەنها وەستاوە وە خەباتکارانە دەوەستێت بەرانبەر بە ملهوڕییەکانی بورژوازیی: دەسەڵاتی، سیاسەتەکانی، تەقەشوفی ،بەڕێوەبردنی. ئالۆگۆڕەکانی ئەم دوایی یەو داڕوخانی ڕۆژئاوا، بۆتە و دەبێتە هۆی دەرکەوتنی خەباتێکی چینایەتی ڕۆشنترو ڕوبەڕوو لەنێوان کرێکارو بورژوازییدا، بێ هێج پەردەو ڕووپۆشێکی چەپی و ڕیفۆرمێکی میکیاژکراو. لە دووتوێی ئەم ئاڵوگۆڕانەدا، بزوتنەوەی کرێکاری، ڕەوتی کریکاری سیاسی جیاواز دەهێنێتە دەرەوە. بۆ یەکەم جارو دوای نزیکەی سەد ساڵ چینی کرێکاری جیهانی بە تەنها رووبەڕووی بورژوازی جیهانی دەبێتەوە، یان تەنانەت لە ئاستی ووڵاتی جیاجیاشدا. بە تەنها ڕاوەستان بە مانای ئەوەی کە لەنێو ڕیزەکانی چینی بورژوازی و ئەحزابەکانیان دا لایەنێک نیە بەرگریی لێبکات یان نوێنەرایەتی بکات و داواکاریەکانیان بەرزبکاتەوە وەک قۆناغی سەردەمی جەنگی سارد.

چینی کرێکار بوونێکی جیهانی هەیە، چارەنوسێکی نیە جگە لە چارەنوسێکی هاوبەش نەبێت، خەباتێكی ئەنتەرناشيونالی وجیهانی هەیە، تەنانەت ئەگەر بزووتنەوەکەی یان ناڕەزایەتیەکەشی لە چوارچێوەی “ووڵاتێکدا” بێت، بەڵام پراتیک و خواستەکانی جیهانین و کاریگەری دەکەنە سەر مەودا جیهانیەکەی و هەروەها کاریگەری لێوەردەگرن. هیچ کاتێک مێژووی سەرمایەداری بەم شێوەیە نەبووە. مەوادی خام و کاڵا نێوەندییەکان”السلع الوسطية” لەبەرهەمهێناندا، کۆی پرۆسەی بەرهەمهێنان و بۆرس و سەهم و سەنەدەکان، بازارەکانی مالی وموشتەقاتەکانی، کۆچکردن و کرێکاریکردن، ئەلگۆی ئابوری لیبرالیزم و پاشگرەتازەکانی، بازاڕی ئازاد، هەڵبژاردن، پەرلەمان، میوزیک و ئایدیا، هونەرو زانست، زانستی ئەسترۆنۆمی” فەلەک”و ماتماتیک، پرۆسەی کەڵەکەی سەرمایە لە ڕیگای زێدەباییەوە، کاری هەرزان، هەژارکردنی چینی کرێکار، هەڵوەشانەوە و لێوەرگرتنەوەی دەستکەوتەکانی چینی کرێکار: خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، تاڕادەیەک ئاستێکی بەرزی کرێ، ئازادیی یە سیاسی وکۆمەڵایەتیەکان. هەموو شتێک جیهانگیرو جیهانی وئەنتەرناشیوناڵە. هیچ شتێک نیە جیهانی و ئەنتەرناشیونالی نەبێت. مێژوو بەتەواوی مێژوویەکی جیهانیە. مێژوو، کارکردەکانی لە گەڵ سەرهەڵدان و گەشەی سەرمایەداری دا وەک سیستەمێکی سیاسی و کۆمەلایەتی و چینایەتی، پراتیک و ئاڕاستەکەی هەمیشە جیهانی بووە، بەڵام دەرکەوتە و بەرهەمەکانی مەرج نەبووە کە هەمیشە جیهانی و یەکگرتوو بێت. بەمانایەکی دیکە، پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لەو قۆناغەدا پەیوەندییەکی جیهانی زاڵ نەبووە. سەرمایە بۆشاییەکی  گەورەو فراوانی جیهانی لە بەردەستدا بوو بۆ داگیرکردنی بە پێی پێویست و بۆ شکاندنی ئەڵقەی ” تەسکی نیشتمانی” و کردنەوەی بوارێک لەبەردەم گەشەی سەرمایە و داگیرکردن و کردنەوەی بازاڕی تازە بۆ فرۆشتنی کاڵاکانی و هەروەها بۆ دەستبەسەراگرتنی کاڵای خام. بەڵام قۆناغی ئێمە، هەردوو چینەکەی کردە دووچینی جیهانی. نەک تەنها لە بواری فکر و تیۆردا، بەڵکو  وەک پەیوەندییەکی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی. وەک کردارێکی ژیان و گوزەران و خەباتکارانە و لەهەمانکاتدا چارەنوسساز بۆ چینی کرێکار. هیچ جێگایەک نیە لە جیهاندا، کە تێر نەبوو بێت لە سەرمایە. سەرمایە تەنانەت لە مردووەکانیش خوێنی مژیوە. جیهان بۆتە بلۆکێکی سەرمایەداری یەکپارچە، ململانێی سەرەکی لەنێوان کرێکارو بورژوازی دایە بەبێ هیچ پەردەیەک.

لەم قۆناغەدا مەرجەکان یان ڕەچێتەکانی سندوق و بانکی نێودەوڵەتی، مەرجگەلێکی چونیەکن لەئاستی جیهانیدا، بۆ سەپاندنی کۆمپانیا گەورە و ‌هێزە جیهانیەکان بەسەر ووڵات وکۆمپانیا بچوکەکان و زەویە بە پیتەکانی “وزە و گاز و ئاڵتون و ئەڵماس…”مەرجگەلێک ووڵاتەکان یەکگرتوو دەکات نەک تەنها لەبارەی ئەلگۆی لیبراڵی یەوە بۆ ئابوریی، بەڵکو لە باری یاسا و بەڕیوەبردنی بانک و بازاڕەکانیشەوە. سەرەڕای ئەوانە، کار بەوە گەیشت کە مەرجگەلێکی سیاسی یەکگرتوو بێتە ئاراوە، وەک هەڵبژاردنە فۆرمیەکان “شکلی” و حکومەتێکی نوێنەرایەتی شکڵی، ڕێکەوتن و پەیمانە نێودەوڵەتی یە  ناوابەستەکان. ئەمە وێرای ئاوێزان بوونی بەرهەمهێنان یا پرۆسەی بەرهەمهێنان لە نێوان ووڵاتانی جیاواز و بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیا گەورەکانی جیهان. هەروەها سەرەڕای پێشکەوتنی گەورەی تەکنۆلۆژیا لە مەیدانە جیاوازەکانی بەرهەمهێنان و گەشەی خێرای بەکاربردنی ڕۆبۆت لە کارگە وکەرتی خزمەتگوزاری دا…. لە هەمانکاتدا دەبینین کە ژمارەی ئەندامانی چینی کرێکار لە ئاستی جیهانیدا، بە تێکڕاییەکی بەرچاو زیادی کردووە. دەبینین کە ژمارەی کرێکار یان ئەوانەی کە لە بوارێکدا کاردەکەن ٣،٣٨٤،١٩٣،٥٣ ملیار کرێکارە بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٤. ژمارەی کرێکاران لە چین  ٨٠٦،٤٩٨،٥٢ ملیۆنە ولە هند ٤٩٦،٩٦٠،١٦ ملێۆنە و لە ئەڵمانیا ٤٢،٢١٣،٤٥ و لە بەرازیل ١٠٩،٨٤٢،٩١، لە یابان ٦٥،٣٠٢،٣٥ملیۆن و لە ڕوسیا ٧٦،٧٥٤،١٧و لە جیهانی عەرەب ١٢٩،٩٣٠،٩٩ و لە یەکێتی ئەوروپا ٢٤٧،٠٧٤،٤٦ ملیۆنە… ژمارەگەلێکی زۆر گەورەن.

سەرەڕای گەشەی شۆڕشگێڕانەی تەکنۆلۆژیا لە تەواوی مەیدانەکاندا، دەبینین کە ژمارەی کرێکاران یان ئەوانەی کار دەکەن، زیادیکردووە. ژمارەی کرێکاران “هەموو ئەوانەی کار دەکەن” لەجیهاندا ساڵی ١٩٩٠ ٢،٣٣٧،٦٣٣،٥١ملیار بووە و بەم پێیە ژمارەی کرێکاران سێ لەسەر چواری ملیارێک زیادی کردووە بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٤. سەرەڕای بەکارهێنانی ڕۆبۆت لە چین لە  ئاستێکی فراواندا، دەبینین کە ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی کرێکاران زیادی کردووە لە چاو سالێ ١٩٩٠دا. ئەوکات ژمارەی کرێکارانی چین ٦٣٧،٣٣٤،٢٤ ملیۆن بوو، بەڵام ساڵی ٢٠١٤ هەروەک لە سەرەوە هاتووە زۆر زیاترە لەو ژمارەیە (ئامارەکان لە پێگەی ئینگلیزی بانکی نێودەوڵەتی یەوە وەرگیراون). مەسەلەکە زیادبوون و کەمبوونی ژمارەی کرێکار نیە لە کۆی گشت ژمارەی دانیشتوانی سەر زەوی. ڕێکخستنی چینی کرێکار و شۆرشی کرێکاری پابەند نیە بە ڕێژەی ژمارەیی چینی کرێکارەوە، بەڵکو پابەندە بە پێگەی کۆمەڵایەتیەکەیەوە. بەڵام ئەم ئامارانە کۆمەک دەکات بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی کە چینی کرێکارو “ئەوانەی کار دەکەن” لە کەرتە جیاوازەکاندا لە ئاستی جیهاندا هێزە گەورەکەن و نزیکەی نیوەی ژمارەی دانیشتوانی سەر زەوی پێکدەهێنن… ئەمە مانای ئەوەیە کە ئەو سیاسەتەی بورژوازی ئامانجیەتی بۆ بێکارکردنی ئەم هێزە و دەرکێشانی لە پرۆسەی کارکردن،وەک ئەنجامێکی ئاسایی گەشەی تەکنۆلۆژیا “گەشەی هێزە بەرهەم‌هێنەکان”، کارێکی هێجگار سەخت دەبێت بەپێی ئەو دەرئەنجامە کۆمەلایەتی و سیاسی و  ئاسایشی یەی کە لێی دەکەوێتەوە لە لایەک ، وە لە لایەکی دیکەوە هەروەک لەسەرەوە باسمانکرد، ئەگەر نەک  لە ٨٠٪ی هێزی کرێکار بەپێێ قسەی بریجنسکی، بەڵکو ئەگەر لە ٣٣٪ ئەم هێزە زیادە بێت و بورژوازی جیهانی ئامانجی دەرکردن و بێکارکردنیانی بێت، ئەمە مانای ئەوەیە کە یەک ملیار کرێکار دەردەکرێن لە کارەکانیان. وە ئەگەر خێزان ومندالەکانیان بخەینە سەر دەگەینە ژمارەیەکی گەورەتر بەتایبەتی کە لە ئاسیاو ئەفەریقا خێزان گەورەترە لە چاو ئەوروپادا. ئەوکات کێ ئەم هەموو کاڵا زۆرە دەکڕێت، لە کاتێکدا کە بەرهەمهێنەری کاڵاکان گەشەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە.. ئەمە لایەنێکی مەسەلەکەیە. وە ئەمە گرینگترین لایەنی ئابورییەتی: “کێ دەیکڕێت؟!”.

لە لایەکی ترەوە چینی کرێکار چینێکی جیهانیە، بەمانا فیزیکیەکەی. بوونی چوارچێوەی نەتەوەیی و نیشتمانی و تەنانەت ناوچەیش تێپەردەکات، نەک لەباری فکری و سیاسی و بەڵکو لەباری بوونی فیزیکیشەوە. کرێکاران لە کۆمپانیا جیهانیەکاندا، بوونیان هەیەو کاردەکەن، ئەو کۆمپانیایانەی کە چالاکی وکرداریان سنوری نەتەوەیی و نیشتمانی دەبڕێت، تەنانەت لە زۆربەی ووڵاتاندا لە کۆمپانیا لۆکەڵیەکانيشدا لە ” نەتەوەی جیاوازن!!”. ئەمە وێرای بونی ٢٤٤ ملیۆن کۆچبەر لەساڵی ٢٠١٥دا، کە ئەمە  لە ٤١٪ زیادیکردوە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٠٠دا. ئەم ژمارەیە نزیکەی ٢٠ ملیۆن پەنابەریش لە خۆدەگرێت بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتوەکان http://www.unic-eg.org/16918 “. ٢٤٤ ملیۆن کە زۆربەی هەرەزۆریان کرێکارن. بەمانایەکی دیکە ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە بەرژەوەندی ژیان وگوزەرانی کرێکاران، وە هەوڵدان بۆ پەیداکردنی ژیانێکی باشتر، بەرژەوەندی نەتەوەیی و تیڕوانینی بەرتەسک و کوێرانەی ناسیۆنالیستی  بە واقعی تێپەڕاندووە. هەر وەک دەبینین “شوناسی جیهانگیری” Global Identity  بەبێ لە بەرچاوگرتنی ناوەرۆکەکەی، بەرەو سەر هەڵکشاوە وەک بارێکی بابەتی و فیزیکی، نەک تەنها  وەک تیوری و بیروڕا. بەم مانایەش واتە بەمانای ئەوەی کە چینی کرێکارێکی تێکەڵی “هەجینی” Hybrid جیهانی لەدایک بووە لە منداڵدانی گەشە و ئاڵوگۆڕە خێراکانی پەیوەندی بەرهەمهێنانی سەردەم، و بە پێی گەشەی گەورەی سەرمایە کە وەک ئەختەبوتێک بێ بەزەیی پەلی کێشاوە بەهەموو لایەکدا.

سەبارەت بە کەش و هەوای فکری و ڕۆشنبیری باو لە ئاستی جیهانیدا، کەش و هەوا و چوارچێوەیەکی هێجگار کۆنەپەرستانەیە لە ناسیونالێزمی تێربوو بە کریستیانی ئەرسۆدۆکسی لە ڕوسیا و کۆنفۆشیوس و بوزیەت لە چین و کریستیانی ئەنجلیکی لە ئەمریکا و تا دەگاتە هەڵکشانی نەتەوەپەرستی فاشی و لیبرالیزمی نوێ و کۆن کە سەردەمی بەسەر چووە و، لە فرەکلتۆری کۆنەپەرست و تا ئیسلامی سیاسی بە ڕەوتە جیاوازەکانیەوە و گیانی تائیفەگەری سیاسی زاڵ لە ژمارەیەکی زۆر لە ووڵاتانی عەرەب و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاشماوەکانی ناسیونالیزمی عەرەب دوای دا داخوران و ئاڵوگۆرەکان کە بەسەریداهات لە سوریا و میسر عێراق وتونس و جەزائیر. چینی کرێکار لە ئاستی جیهاندا لەیەکدابڕاو و لێکترازاوو دابەشبووە بەسەر نەتەوە و دین وتەنانەت ڕەچەڵەکی جیاوازدا، ڕەچەڵەکی رۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتی و ئاسیاوی و ئەفەریقایی… تاد. دیارەدی بریکست و سەرکەوتنی ترامب لە ئەمریکا زۆر ڕۆشنە. ئەدەبیات و نەریتی چەپ و بەدیاریکراوی کۆمۆنیزمی مارکس لە ئاستی کۆمەلایەتیدا و لە ڕیزەکانی چینی کرێکاردا زۆر لاوازە و وەک نەبوو وایە. مەبەست لەو نەریت و فەرهەنگەیە کە تا ساڵێ ١٩٩٠ و چەندین ساڵیش دواتر کاریگەر بوو لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا .  کەش وهەوای کۆمەڵایەتی بۆ بیر و هۆشیاری چینایەتی  لە ئاستێکی زۆر لە خوارەوەدایە.

چینی کرێکار لە ئاستی جیهانیدا ڕوبەڕووی بێکاری و تەقەشوف  austerity  وکەمی کرێ و پڕۆسەی هەژارکردنی لە ئەوروپا وئەمریکا بۆتەوە. هەژارکردنی لە ئەوروپا و ئەمریکا بۆ  یەکسانیکردنی یان لایەنی کەم بۆ نزیککردنەوەی ئاستی لایەنی کەمی کرێیە لە ئاستی جیهاندا. هەروەها کرێکاران ڕوبەڕووی ترسی دەرکردن لەسەر کار، چوونەسەری باج لەسەر کاڵا پێویستەکان و باجی زیاتر، بردنەسەری تەمەنی خانەنشینی بونەوە لە ژمارەیەکی زۆر لە ووڵاتە رۆژئاوایی یەکاندا. هەروەها ڕوبەرووی بڕین یان کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیەکانی تەندروستی و پەروەردەو خوێندن، و پریڤایتکردنەوەی “بە تایبەتکردنی” کەرتی گشتی، بونەوە، ئەمانە جگە لە ڕەچێتەو مەرجەکانی سندوق و بانکی نێودەوڵەتی، بەرتەسککردنەوەی ئازادی سەندیکایی و مانگرتن بەتایبەت لە ووڵاتانی ئاسیایی و جیهانی عەرەب و ئەفەریقا و ئەمریکای لاتینی و ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا. گرێبەستە فەردیەکان جێگای گرێبەستە بە کۆمەڵەکانیان گرتۆتەوە. لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی پوکانەوە و داخورانی سەندیکا و یەکێتی و نەقابە کرێکارییەکان بوووینەتەوە کە تائێستا باو بوون لە ڕۆژئاوادا، بەهۆی ئەوەی کە کات و قۆناغەکە تێیپەڕاندەوە لە ڕاستیدا و توشی گەنین بوە. ئەمە تا ڕادەیەک  کارەساتێکی گەورەیە، بەتایبەت کە ئەلتەرناتیڤکی ئامادە نیە لە جێگایدا.

نەقابەکان و یەکێتیە کرێکارییەکان وەک بزوتنەوەی تریدۆنیزمی و ڕەوتیک لە ڕیزەکانی کرێکاردا ، مێژوویەکی هەیەو دەگەرێتەوە بۆ سەرەتا و گەشەی سەرمایەداری لە بەریتانیا. تریدۆنیزم وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی ماوەیەکی زۆرە نەک ڕۆلێکی نەماوە لەسەر پێشخستن و بەهێزکردنی بزووتنەوەی کرێکاری بەڵکو بۆتە ڕیگرێک لە بەردەم گەشەو ڕیکخستنی دا. ئەگەر واز لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ئەم بزوتنەوەیە بهێنین، لە نیوەی یەکەم و دەیەی شەشەمی سەدەی نۆزدەدا، دوای ئەوە ئەم بزووتنەوەیە ئاڵوگۆری بەسەردادێت و دەبێتە بزووتنەوەیەکی حزبی ” لەبەرژەوەندی بورژوازیی” و تا بێت فروان دەبێتەوە لە نێو ڕیزەکانی چینی کرێکاردا، وەک بەشێک لە ئەحزابی چەپ و سۆشیالیستی پەیدابوو دەردەکەوێت. ئەم بزووتنەوەیە لە سەرەتاوە لە بەریتانیادا بە بورژوازیی کرا، بە هۆی زاڵبونی هێزی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا و فروانبوونەوەی بەردەوامی. لەمبارەوە ئەنگلز دەڵیت:” دوای ئەم چیرۆکە (٦) بەڕاستی “مەبەست لە چیرۆکەکە هاوپەیمانی ئا. جونز، کە هاوڕێی مارکس و ئەنگلز بوو، وە یەکێک بوو لە ڕابەرانی باڵی چەپی جووڵانەوەی شارتیەکان، لەگەڵ بورژوا ڕادیکالەکاندا لەسەر زەمینێکی ئۆپۆرتۆنیستی و ڕاست”. دەرئەنجامێک ئەوەیە کە بزوتنەوەی پرۆلیتاریای ئینگلیزی لە فۆرمی کلاسیکی شارتی کۆندا بەناچاری دەبێت بە تەواوی هەڵوەشێت، پێش ئەوەی کە پێشکەوێت بەرەو فۆرمێکی زیندوی تازە. بەڵام ئەوە سەختە  پێشبینی بکەین کە ئەو فۆرمە چۆنە. وا هەستدەکەم کە ئەم جێگۆرکێیەی دوایی جۆنز، وەک هەوڵەکانی پێشووی، بۆ گرێدانی ئەم جۆرە لە هاوپەیمانێتی کە تاڕادەیەک سەرکەوتووبوە، لێکدانەوەکەی لە واقعدا لەوەدا دەردەکەوێت کە پرۆلیتاریای ئینگلیزی هەرچی زیاتر بەبورژوازیی کراوە. ئەم نەتەوەیە  “امة”  کە لەهەموو نەتەوەکانی تر بورژوازیترە، وەک دیارە،  دەیەوێت کە خاوەنی ئورستۆکراتیەتی بورژوازیی و پرۆلیتاریا یەکی بورژوازیی بێت لە پاڵ بورژوادا. ئەمە سروشتیە و حاشاهەڵنەگرە بۆ نەتەوەیەک کە هەموو جیهان دەچەوسێنێتەوە.  ئەمە هیچ چارەیەکی نیە، جگە لە چەند ساڵیکی هێجگار خراپ، بەلام نابێت زۆر پشت بەمە ببەسترێت دوای ئەوەی ئەو زەویانەی کە ئاڵتونیان تیایە دۆزرایەوە….( ئەنگلز بۆ مارکس- مانشستەر ٧ئۆکتۆبەر ١٩٥٨/ نامەکانی مارکس- ئەنگلز/ گؤرینی جۆرج تەرابیشی- دار ئەلتەلیعە بۆ چاپو بلاکردنەوە. بەیروت/ چاپی یەکەم ئابی ١٩٧٣. ڕونکردنەوەی ژمارە ٦ لە پەراوێزەکانی کتێبەکەدا من خۆم لە نیو کەوانەدا گونجاندومە).

بزوتنەوەی تریدۆنیزم “مەبەست لە سەندیکایەکی دیاریکراو نیە لە کارگەیەکدا” سەڕەرای دەستکەوتەکانی، خەباتێک لە پێناو بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکاردا، بەڵام هەروەك ئاماژەم پێدا، ئەگەر واز لە سەرەتای سەرهەڵدانی بهێنین، گۆڕدرا بۆ ڕەوتێکی بورژوازیی نێو بزووتنەوەی چینی کرێکار، بە بورژوازیکرا بە هۆی پێداوێستی وبابەتی بوونی فراونبوونەوەی سەرمایەوە لە ئاستی جیهانیدا. دوای ئەوە و بڵاوبونەوەی بیروڕاکانی مارکس و پێکهێنانی ئەحزابی سۆشیال دیموکراسی و پاش ئالوگۆڕەکان و دواتر ئاڵوگۆڕێکی بناغەیی لە سیستەمی سەرمایەداری جیهانی و بەتایبەت دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئەم بزوتنەوەیە، بەتەواوی بە قازانجی بورژا ریفۆرمیستی جیهانی گۆڕدراو ، بوو بە پێگەی سوشیال دیموکراسی لە ڕۆژئاوادا. هەروەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، بورژوازی لەو قۆناغەدا، وازی لە کەمێک لە بەشەکەی خۆی هێنا لە ترسی شۆڕشی کرێکاری و ترسێک لە بلۆکی بەناوی “کۆمۆنیزم” و ترسێک لە دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی شۆرشی کرێکاری لە ڕوسیا. بۆیە بەشێوەیەکی پراتیکی جەماوەری کرێکاری کردە پێگە و بناغەی خۆی، سەندیکاو یەکێتیەکانی، و هەروەها زەمینەی گەشەکردنی بۆ ئامادەکرد لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ئەو قۆناغەیدا. دوای ڕوخانی دیواری بەرلین، و هێرشە توندەکانی نیولیبرالیزم لە ئاستی جیهانی و هەروەها لە ئەوروپادا و ڕیگا جیاوازەکانی بە تایبەتیکردنی ئابوری و خۆ جیاکردنەوەی بزووتنەوەو ئەحزابی بورژوایی لە ڕاست و چەپ لە ئاڕاستەی کینزی و دەوڵەتی خۆشگوزەران. دوای هەموو ئەوانە، ئیتر سەندیکا و یەکێتی یە کرێکارییەکان ئەو ڕێز و پێگەیەی جارانیان نەما لایان. وە سەندیکا و یەکێتیە کرێکارییەکان ئاڵوگوڕیان بەسەرداهات و بۆ مانەوەی خۆیان  بوون بە میانەگری نێوان سەرمایە و کرێکار. بە مانایەکی دیکە ئەو زەمینەیە نەما  کە بزووتنەوەی تریدیۆنیزم و بە بورژوازیکردنی کرێکار لەسەری بەهێز دەبوو بە شێوەیەکی گشتی، یان بورژوازی پێویستی پێی نەما. لە ڕوانگەی بورژوازییەوە بۆ کارکردنی سەرمایە لەم قۆناغەدا، کاتی نەماوەو بەسەرچوە. مەسەلەی سەرەکی لاوازی بزووتنەوەی سیاسی چینی کرێکارە، پاشەکشەی تێڕوانین و ئایدیای ڵیکدانەوەی چینایەتیە وەک فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییەکی کۆمەڵایەتی کاریگەر. ئەمە لایەنێکی بابەتەکەیە و لایەنێکی دیکەی ئەوەیە کە بزووتنەوەی تریدۆنیزم و ڕەوتە جیاوازەکانی نەیانتوانی لەگەڵ ئالوگۆڕ و پێشکەوتنێک خۆیان بگونجێنن وگەشە بکەن لە گەڵیدا، کە لە بناغەی پێکهاتەی چینی کرێکاردا وەدەرکەوتن و بەتایبەت لە ئاستی کۆمپانیا جیهانیەکان، تێپەڕێنەری” عابر” نەتەوە و نیشتمانەکان، کە سیمای ئابوری جیهانی سەرمایەداری دیاری دەکات. بورژوازیی جیهانی ناچار نیە بە ریفۆرم بە قازانجی چینی کرێکار، بۆیە ناچار نیە بە بورژواییکردنی بەشێک لە چینی کرێکار لە ڕۆژئاوادا، وەک قۆناغی پێشوو.

مەسەلەی چینی کرێکار: پایەکانی، پێکهاتەکەی و ئاڵوگۆریک کە پێکهاتووە لە ئاستی کۆمپانیا جیهانیەکان، کاریگەری ڕێکخراوە و کۆمپانیا و بانکە جیهانیەکان لەسەر ڕۆل و ڕێکخستن و ئازادییەکانی، دووربونی لە ڕۆلی سیاسی، لاوازی کۆمۆنیزم نەک تەنها لە ئاستی حزبی و بزووتنەوەی سیاسی دا بەڵکو لە ئاست بڵاوبوونەوەی فکری و کاریگەری کۆمەڵایەتیدا، لێکدابڕانی چینی کرێکارو زالبونی ئایدیای ڕاستی بورژوازیی بەسەر پراتیک و تێڕوانینیدا. هەورەها سیاسەتەکانی بانک و سندوقی نێودەوڵەتی و کاریگەریان لەسەر جێکەوتنی چینی کرێکارو بەتایبەت لە مەیدانی ڕیکخستن و ئازادی سیاسی و کرێ و خزمەتگوزاری و شێوەکانی گرێبەستنی کاردا. هەموو ئەم مەسەلانە پێگەی چینی کرێکاری لە ئاستی سیاسی دا لە قاڵب داوە، وە لە ئاستی سیاسی دا هیچ حەسودی پێ نابرێت. لە ئاستێکی هێجگار نزمدایە، ئەمە ئەگەر نەلێێن هیچ ڕۆلێکی سیاسی نیە کە ئاماژەی پێبکرێت.

لەگەڵ هەموو ئەو ئاڵوگۆڕانە و لاوازی لە پێگەی سیاسیدا، پێگەیەک کە بە هیچ شێوەیەک نایەتەوە لە گەڵ جێگاو ڕێگای چینی کرێکاردا لە ئاستی کۆمەلاتیدا. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە، چینی کرێکار لە کاتی سەرهەڵدانی ئەزمەی ئابوری جیهانی سەرمایە و تا ئێستا  بەشێوەیەکی خەباتکارانە  ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی تەقەشوف و پاکێجەکانی ڕزگارکردنی ئابوری کە لەلایەن ووڵاتانی جیهانەوە لە  چینەوە تا ئەمریکا و ئەوروپا پیادەیان کرد وەستاوەتەوە. کرێکاران لە ئەوروپا و لە چین و لە هند و ئەمریکای لاتینی و میسرو مەغرب و عێراقدا… شێلگێرانە ڕوبەروووی ئەم سیاسەتانە بوونەوە. بە شێوەیەکی چاونەترسانە ڕووبەڕووی بێکاری و “دەرکردنی کرێکاران” و بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی و بڕینی خزمەتگوزاری یە کۆمەڵایەتیەکان و خەواندنی کرێ “تعويم الاجور” بوونەوە.

مانگرتن و خۆپیشاندانە هاوبەشەکانی کرێکارانی ئەوروپا دەبینین لە بروکسل لە ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٠  دا کە زیاتر لە ١٠٠هەزار کرێکار  لە ووڵاتانی جیاوازی ئەوروپیەوە بەشداریان کرد: ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەلجیکاو هۆڵەندا و … هاوکات لەگەڵ ئەم خۆپیشاندانە مەزنە چینایەتیەدا، دەیان هەزاری دیکە لە ووڵاتانی لاتفیا و پورتگال و پۆڵەندا و ئیتالێا دا، خۆپیشاندانیان دەست پێکرد. لەم بارەوە نموونە زۆرە سەبارەت بە مانگرتن و خۆپیشاندانە هاوبەشە کرێکارییەکان، وە تەنانەت هاوپشتی مانگرتن و خۆپیشاندان بەتایبەت لە نێوان کرێکارانی ئەڵمانیا و فەرەنسا دا.  بەهەمان شێوە لە نۆڤمبەری ساڵی ٢٠١٢ دا ، مانگرتن و خۆپیشاندانە کرێکارییەکان، بە دیاریکراوی لە پورتوگاڵ و ئیسپانیا و یونان  دا سەریان هەڵدایەوە و ئەم دیاردەیە بە شێوەیەکی فراوان و پچڕ پچڕ لە هەموو وولاتە ئەوروپیەکان بەردەوام بوون دووبارە دەبووەوە. بەڵام لە پەیوەند بە چینەوە  بە دیاریکراوی لە ساڵی ٢٠١٤دا، کرێکاران ڕابەری ١٣٧٨ ناڕەزایەتی و مانگرتنیان کردووە دژ بە داخستنی کارگە و دواکەوتنی پێدانی موچە و بەرزبوونەوەی لایەنی کەمی کرێ و بەرتەسککردنەوەی خەرجکردن بۆ بیمە کۆمەڵایەتیەکان( بەپێی بڵاوکراوەی کاری چینی). لە عێراق ناڕەزایەتی و مانگرتنی فراوانی کرێکارانی کەرتی نەوت دەبینین بەتایبەت لە بەسرە و هەروەها کەرتە پیشەسازیەکانی دیکە لە بەغدا. لە میسر بەهەمان شێوە مانگرتن و خۆپیشاندانی کرێکاری فراوان دەبینین لە زۆربەی کەرتەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا. چینی کرێکار هێزی خۆی لە مەیدانی خەباتی ئابوری دا نیشانداو ئالای خەباتی بەرگریکارانەی خۆی بەڕووی سیاسەتی هەژارکردن و برسیکردنەوە بەرزکردەوە. بێگومان چینی کڕیکار ئەوەندەی لەدەست دێت کە لە خۆی نیشانداوە. لەسەر هەموو کۆمۆنیستێک، “ماددی پراتیکی” بەپێێ مارکس، پێویستە کە چاوەڕوانی لەوەندە زیاتری لە چینی کرێکارو بزووتنەوەکەی نەبێت. واتە زیاتر لە ڕابەری ئەو ڕووبەڕوبوونەوە گەورانەی کە لە چەند ساڵی ڕابوردوودا بەتایبەت لە فەرەنساو یونان و ئەلمانیاو چین و میسرو عیراق تونس و بەلجیکا بینیوومانە. ئەوەندەی کە پەیوەندی بە باری سیاسی و ئامادەیی سیاسی بزووتنەوەی کرێکاری لە ململانێی سیاسی دا لە کۆمەلگا و ووڵاتە جیاوازەکاندا هەیە، دەکەوێتە سەر شانی کۆمۆنیستەکان. ئامادەیی سیاسی چینی کرێکار نایەتەدی بەبێ دەخالەتی پێشڕەوانە و ڕیکخراوانەی کۆمۆنیزم. بەبی ئاوێزانکردنی خەباتی فکری و تیوری و سیاسی لەگەڵ خەباتی ڕۆژانەی چینی کرێکاردا لە ڕیگای یان لەلایەن حزبی چینی کرێکارەوە…. بەبێ مارکس و کۆمۆنیزمی مارکس ناتوانین باس لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سیاسی کرێکار بکەین وەک بزووتنەوەیەک کە گەشەدەکات و پێشدەکەوێت و لە دوا لێکدانەوە دا دەگۆڕێت بە هێزێکی سیاسی کاریگەر کە لە توانایدا دەبێت هاوسەنگی هێز بەقازانجی خۆی و  گشت کۆمەلگا بگۆڕێت.

بە پێی هەموو پێوانەکان و پێگەی چینایەتی و کۆمەڵایەتی چینی کرێکار لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و لە ئاستی جیهانی و لە هەر ووڵاتێکیشدا، وتەنانەت پێگەو ڕێژەی ژمارەیی بە بەراورد بە دانیشتوانی جیهان و هەر ووڵاتێکیش…لە گەڵ جێگا و ڕیگا و ڕۆڵی پراتیکی سیاسی دا ناگونجێت.  ناگونجێت لەگەڵ خەباتی ئابوری بەردەوام و ڕۆژانەی لە زۆربەی ووڵاتانی دونیادا. سەرهەڵدانی خەباتی سیاسی لە ڕێڕەوی خەباتی چینایەتی ئێستا بەڕووی سەرمایە و دەسەڵاتەکەی دا بە ئارەزووخوازی ئایدۆلۆژی مەیسەر نابێت، بە حەتمیەتی گەشەی مێژوو جێبەجێ نابێت، لە ڕیگای چاوەڕوانی بۆ ئاڵوگۆڕی هەلومەرجە کۆمەڵایەتیەکانەوە نایەتەدی. خەباتی سیاسی چینی کرێکار تەنها لەڕیگای پراتیک و پراتیکی شۆرشگێرانە و شۆرشگێرانەی کۆمۆنیستی یەوە دێتە دی. پراتیک و شێوازەکەی، پراتیک و شێوازیکی کۆمۆنیستی یە.  پێویستە نەخۆشیەکەیان دیاریبکەن، ولەبەرئەوەی کە کە دیاریکردنی نەخۆشی، تێگەیشتنە لە نیوەی کۆسپ و موسیبەتەکە، بۆیە وەڵامدانەوە پێی ڕێڕەوی گۆرینی هەلومەرجەکەیە لە جەرگەی ئەزمەی سەرمایەداری جیهانی و قۆناغی میژوویی جیهانی ئێستادا.

مەسەلەکە یان نەخۆشیەکە یان کارەساتەکە، نەخۆشیەکی هیبریدە ” هەجین”,کە کاریگەری لەسەر یەکتر دادەنێن لە جەرگەی هەلومەرجی ئێستادا. چینێکی کرێکاری بەهێزو خەباتکار هەیە، بەشێوەیەکی بەردەوام لە خەباتدایە بەڕووی هێرشەکانی بورژوازیی و دەسەڵاتەکەی. وە لە ژمارەیەک خەباتی بەرچاودا شێوازێکی خەباتکارانەی پێشکەوتووی بەرزی پیادە کردوە، بەڵام خۆی و بزووتنەوەکەی توانای ئەوەی نیە کە ڕۆڵێکی سیاسی کاریگەر و بەتوانا بگێڕێت. ئەم نەخۆشی یە هاوکات لەگەل نەخۆشیەکی دیکەدا دەردەکەوێت و دەیکاتە نەخۆشیەکی هیبریدی سەخت. کە ئەویش نەبوونی کەش وهەوای کۆمەڵایەتیە لە ئاستی جیهانیدا بۆ بڵاوبوونەوەی هزر (بیر) و سیاسەت و ڕۆشنبیری کۆمۆنیستی. چینی کرێکار و نەوەی لاوی نوێ هەموو بیروباوەڕێکی کۆنەپەرستانەی بورژوازییان بۆ فەراهەمکراوە لە ڕاستی فاشیەوە  تا دەگاتە نازیزم و ئیسلامی سیاسی و ناسیۆنالیزمی کوێرانە و تەنانەت بیروباوەڕی خورافی و پۆست مۆدرێن، تەنها کۆمۆنیزم و ڕۆشنبیری کۆمۆنیستی ئامادەنیە وە لەوانەیە بتوانین بڵێین بەتەواوی جێگای خاڵی یە. بەبێ پەخشکردن و بڵاوکردنەوەی کۆمۆنیزم لە ڕێگای حزب یان ڕێکخراوێکی کۆمۆنیستی، یان هەر فۆرمێکی دیکە لە فۆنکسیون و ڕێکخراوە و تەنانەت کۆمیتە و کۆمەڵە کرێکاریی یە کۆمۆنیستیەکان لە ووڵاتیكدا یان چەند ووڵاتێکدا، کە ئامانجی خوڵقاندنی بارێکی فکری و چەپی و پێشکەوتنخوازی هەبێت لە ئاستی ئەفکارو رۆشنبیری کۆمەڵایەتیدا، چینی کرێکار ناتوانێت وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی کاریگەر و بەهێز هەستێتە سەرپێ. مەسەلەکە، وەڵامدانەوەی مارکسیستی و بڵاوبوونەوەی خێرایە،  کە لێرەدا میدیا ڕۆڵی خۆی دەگێڕێیت. ئەوە گرینگترین مەسەلەی ئەم قۆناغەیە. ئەحزابە کۆمۆنیستی یە کرێکارییەکانمان کە دواین ئەلگۆی کۆمۆنیزمی هاوچەرخە، ئەوانی دیکەش، ناتوانن کاریگەری و سایە بکەنە سەر هەلومەرجی سیاسی هیچ ووڵاتێک بەبێ جێبەجێکردنی ئەم کارە ئەگەر تەنانەت لە ئاستی کەمیشدا بێت. وە تەنانەت لەو ووڵاتانەش کە ئەحزابی کۆمۆنیزمی کرێکاریمان نیە، پێویستە لە سەریان کە ئەم کارە بکەنە پراتیکی دەستبەجێی خەباتکارانەی خۆیان. بەمانایەکی دیکە ئەم پراتیکە بە دیاریکراوی، پراتیکێکی لۆکەڵی یان ” نیشتمانی” نیە لە ووڵاتێکدا، بەڵکو مەسەلەیەکی تەواو جیهانیە. کرێکاران لەهەر ووڵاتیکدا یان ژمارەیەک ووڵات “بۆ نموونە وەک ئەوروپا” ناتوانن ڕابەری بزوتنەوەیەکی سیاسی بکەن بکەن بەبێ بوونی کەشێکی کۆمەڵایەتی کۆمۆنیستی یان  کەشێكی لە بار بۆ کۆمۆنیزم. ئەمە مێژوو سەلماندویەتی و نیشانی ئێمەی داوە لە قۆناغی مارکس   و دوای ئەو وە بەتایبەت لە قۆناغی لینیندا، وە لە قۆناغی ئێستامان، قۆناغی مەنسوری حیکمەت. دوای ئەوە، واتە دوای نەمانی ئەو کەشە، بورژوازیی توانی کە هاوسەنگی هێز بە قازانجی خۆی بشکێنێتەوە لە هەموو مەیدانەکانی سیاسی و فکری و ڕۆشنبیری و بە دڵنیاییەوە ئابوریش. بەبێ پراتیکێکی لەم چەشنە یان بەبێ ئاوێزانکردنی هەردوو نەخۆشیەکە و وەڵامدانەوە پێیان و چارەسەرکردنیان،  لە جەرگەی ئەم قۆناغەدا، ئەوا چینی کرێکار دەبێتە یاری دەستی بورژوازیی جیهانی هەروەک مارکس پێش ١٤٥ ساڵ لە نامەیەکی دا بۆ بوڵت، ئاماژەی پێدەکات و دەڵێت:”

” ڕیکخستنی چینی کرێکار لە ئاستی پێویستدا نیە، کە بتوانێت، هێرشێکی چارەنوسساز دژ بە هێزێکی ڕیکخراو، واتە دژ بە هێزی سیاسی چینە دەسەڵاتدارەکان پیادە بکات، بۆیە لە هەر بارێکدا پێویستە لەسەری ڕاهێنان بکات وهوشیار بێتەوە، لە ڕیگەی دژە هاندانی بەردەوام و هەلوێست و شێوازی دوژمنکارانە بەرانبەر بە چینە دەسەڵاتدارەکان. ئەگەر نا ئەوە دەبێتە یاری دەستیان هەروەک شۆڕشی ئەیلولی فەرەنسا نیشانی دا، و ەتاڕادەیەک  هەروەک ڕیگای یاریکردنی سەرکەوتوانەی تا ئێستای سێر گلادستۆن و شەریکەکانی لە ئینگلتەرادا.(نامەی مارکس بۆ فردریک بۆڵت لە نیویورک ٢٣ نۆڤمبەر ١٨٧١/ نامەکانی مارکس-ئەنگلز-هەمان سەرچاوە/ ئەم بڕگەیە لە گەڵ ڤێرژنی ئینگلیزیەکەیدا بەراورد کراوەتەوە). تەواو بوو. ٢٥.٣.٢٠١٧

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.