دیمانە لەگەڵ پەخشان کاکە وەیس … چالاکوانی بواری ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی

0

دیمانە لەگەڵ پەخشان کاکە وەیس … چالاکوانی بواری ژنان و

 کۆمەڵگەی مەدەنی

پەخشان کاکە وەیس؛ وەک ژنە چالاکوانی بواری ژنان لە زۆر بواری بزووتنەوەی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی کارو چالاکی ئەنجامداوە. لەوانە(لەسەر بەشداری سیاسی ژن، خەتەنە، بەهێزکردنی توانای ئابووری ژنان، هەروەها پەروەردە لە شوێنە جێناکۆکەکان و شوێنی جەنگ وەکو موسڵ و کەرکوک و ئەنبار و سەلاحەدین. هەروەها لە چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی سەربە ئوئێن کاری کردووە، وەک مناڵپارێزی، کۆمیتەی نێونەتەوەیی بەهاناوەچوون IRC  ، هاوپەیمانی داکۆکیکردن لە ئازادی ADF ، ڕێکخراوی دژ بە هەژاری  Oxfam  و چەندی کاریتر، دواترینیان لە ئێستادا بەڕێوەبەری ئینتەرنوزی ئەمەریکیە لە عێراق Internews

لە وەڵام بە پرسیارێکی بۆپێشەوە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە؛

بۆپێشەوە: سۆشیاڵ میدیا، گەشەی خێرای تەکنەلۆژیا، چ کاریگەرییەکی لەسەر ژنانی کوردستان داناوە؟

پەخشان کاکە وەیس: بابەتی گەشەی خێرای تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت، بە تایبەت ئەگەر باس لە بەکارهێنانی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەین، بابەتێکە کە زۆرترین قسەی لەسەرە نەک تەنها لە کوردستان، بەڵکو لە سەرتاپای جیهان. دەکرێت لە چەند تەوەرێکەوە گفتوگۆی لە سەر بکرێت کە لە خوارەوە لیستیانم کردووە:

١ـ یاسا و ڕێنماییە ناوخۆییەکانی حکومەت کە ڕێ و شوێن بۆ بەکارهێنانی مۆبایل و ئینتەرنێت بە گشتی دائەنێت.

٢ـ ڕادەی وشیاریی تاکەکان و کاریگەری دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان.

٣ـ ناووشیاری ژنان دەربارەی هەڕەشەکانی ئینتەرنێت بە تایبەت کە ئەستەمە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سانسۆر بکرێت.

سەبارەت بە خاڵی یەکەم: لە زۆربەی وڵاتان، یاسای تایبەت بە بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت هەیە، لە عێڕاق لە سەردەمی پۆل بریمەر ساڵی 2004 فەرمانی ژمارە 65 ی پەیوەندییەکان دەرچوو، لە کوردستانیش ساڵی 2008 یاسای ژمارە 6 ی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن دەرچوو. قسەکردن لەسەر یاسا دەبێت تەنها لەسەر ناوەڕۆکی یاساکە نەبێت، بەڵکو دەبێت ئەو پرسیارە درووست بێت ئاخۆ؛ بە ووردی چارەسەری کێشەکانی ئەم سەردەمە دەکات. چونکە هەر یاسایەک کە سەردەمێکی بەسەردا تێپەڕی و پێشکەوتن لەو بوارە خێرابوو، دەبێت ئەو یاسایە هاوشان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و بە پێی پێداویستیەکانی سەردەمەکە دەستکاری بکرێت. لایەنێکی دیکەی بابەتی یاسا ئەوەیە کە خەڵکی ئێمە تەنها لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی دادگا دەزانێت کە فڵانە یاسا هەیە، وەک دیکە، وشیاریی یاسایی گرینگی پێ نادرێت. خاڵێکی دیکەی گرینگی تەوەری یاسا، چەسپاندنی یاساکەیە لە لایەن دەزگا بەرپرسەکانەوە؛ لەوەشدا کەم و کوڕی زۆرە.

 خاڵی دووەم کە زۆر گرینگە ڕادەی وشیاری تاکەکانە لە بەرامبەر تەوژم و خێرا پێشکەوتنی بوارەکە، کە مەرج نییە هەمووکات بە یەک ئاراستە بڕۆن، ئەوەش لە کۆمەڵگەیەکەوە دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە، هەروەها ڕادەی وشیارییان و جۆری ئەو دەسەڵاتەی حوکمڕانە. بەداخەوە لە کۆمەڵگەی کوردستان خراپترین نمونەی بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە بە تایبەت کاریگەری ئەو خراپ بەکارهێنانە لەسەر ژنان بەدەرکەوتووە. بە حوکمی ئەوەی هەمیشە ژنان وەکو توێژێکی لاواز و کاڵفام!! دەخوێندرێنەوە، هەروەها دەسەڵاتیش و دەزگا بەرپرسەکان کاریان بۆئەوە نەکردووە ئەو جۆرە وێنایەی ژن پێچەوانە بکاتەوە لە ڕێگەی یاسا و سەپاندنی سزا بەسەر ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن، هەربۆیە ژنان ئاسانتر دەبنە قوربانی هەڕەشەکانی ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

خاڵی سێیەم: ئەمە کێشەی هەرە گەورەی ژنانە بە تایبەتی کچانی گەنج! ئەگەر لێکۆڵینەوەی وورد بۆ بەشێکی زۆری حاڵەتەکانی خۆکوشتن، (ئەگەر خۆسووتاندن بە خۆکوشتن ئەژمار بکرێت)، هۆکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان مۆبایل. گرفتەکە تەنها لەوەدا نییە کە کچانی گەنج شارەزا نین لە تەکنەلۆجیا و نازانن چۆن خۆیان بپارێزن، بەڵکو بابەتەکە چەند لایەنێکی دیکەی هەیە. لەوانە عورفی کۆمەڵگە؛ تەنها کچان بە تاوانبار دەزانێت، لە کاتێکدا، تاوانباری سەرەکی ئەو کەسەیە کە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە هەراسانی کردووە. بە تایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە کەمتر سانسۆریان لەسەرە. بەداخەوە کەسوکاری کچ کوێرانە مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەکە ئەکەن و ئەکەونە ژێر تەوژمی عورف و حوکمی کۆمەڵگە. بۆیە زۆرجار حاڵەتەکە بە کوشتنی کچان کۆتایی دێت، یان خۆسووتاندن. زۆربەی قوربانیان کچانی بە تەمەن مناڵن و نەشارەزان و بە ئاسانتر ئەکەونە بەر هێرشەکە. بەڕای من ئەوەی گرینگە بکرێت لە سێ خاڵی سەرەکی خۆی دەگرێتەوە:

یەکەم: پێداچوونەوەی یاساکان بۆئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی تەکنەلۆجیا و پێداویستییەکانی سەردەم بگونجێت.

دووەم: شان بەشانی دەستکاری یاساکان، پێویستە تاکەکانی کۆمەڵگە ئاشنا بکرێن بەو یاساو ڕێسایانە و سزاکانی خراپ بەکارهێنانی ئینترنێت روون بکرێتەوە.

سێیەم: پێویستە وشیاری سەرتاسەری بڵاوبکرێتەوە سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئینتەرنێت بە تایبەت بۆ کچانی مناڵ و دایک و باوکان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.