هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان ئامادەکردنی شوان عەزیز و ئاراس رەشید

0

هەواڵی ناڕەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان

ئامادەکردنی شوان عەزیز و ئاراس رەشید

فەرمانبەران و ستافی سەر بە فرۆکەخانەی هامبێرگ ماندەگرن و بە دەیان گەشتی ئاسمانیش ڕادەگیرێت.

بەپێی هەواڵێک کە لە چەندین ماڵپەڕو ڕۆژنامەدا بڵاوکراوەتەوە، بە نموونە ماڵپەڕی ( Cast Net) بڵاوی کردەوە کە فەرمانبەران و ستافی فڕۆکەخانەی هامبێرگ مانگرتنێکی کاریگەریان ئەنجامدا.

هەر لە هەواڵەکەدا ئەوە هاتووە کە ئەو مانگرتنە بووەتە هۆی ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی دەیان گەشتی ئاسمانی. بە پێی هەواڵەکان لەو بارەوە ژمارەی گەشتە ڕاگیراو و پوچەڵکراوەکان گەیشتۆتە سەرووی ٦٠ گەشتی ئاسمانی.

جێگەی باسە ئەو مانگرتنە لە سەرەتای شەوی ٣ /٤ ئەم مانگەدا بانگەوازی بۆ کرا لەلایەن سەندیکای (Ver Di )یەوە. بۆیە بڕیار درا کە لە کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ٤ی مانگ مانگرتنەکە ئەنجام بدەن بە شێوەی کوتوپڕ. هەر بۆیەش کاریگەری زۆری دانا لەسەر فرۆکەخانەکە و دەسەڵاتدارانی فرۆکەخانەکە.

مەبەست و ئامانجی مانگرتنە بۆ ئەوەبوو کە  موچەکانیان زیاد بکرێت. قسەکەرانی سەندیکاکە دەڵێن دەسەڵاتدارانی فرۆکەخانەکە هەندێک موچەکەیان زیاد کردووە, بەڵام هێشتا زۆر کەمە و کێشەی کەمی مووچە چارەسەر ناکات. بە پێی لێدوانی نوێنەرو قسەکەرانی ستافی ناو فڕۆکەخانەکەش ئەوان داوا دەکەن کە مووچەکانیان  مانگانە ٢٧٥ یورۆ کە دەکاتە ٣١٥ دۆلاری بۆ زیاد بکرێت. وە ئەوان دەڵێن دەبێت بۆ تەواوی ستاف و هەموو کرێکارەکانیش هەمان بڕە پارە زیاد بکرێت.

بە پێی لێدوانی وتەبێژی فرۆکەخانەکە بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، سەندیکای ڤێردی کەوتۆتە بەر ڕەخنەباران. ئەوەش زیاتر بەهۆی ئەوەوە بووە کە ڤێردی هیچ ماوەی دانەناوە تا مانگرتنەکە ئەنجام بدرێت. هەر ئەو شەوەی کە بانگەوازەکە کراوە دوای چەند کاتژمێرێک مانگرتنەکە ئەنجام دراوەو ئەوەش زیاتر کاریگەری داناوە لەسەر گەشتە ئاسمانیەکان.

بە سەدان هەزار لە خەڵکی ئیتالیا ڕژانە سەر شەقامەکان لە دژی حکومەتە پۆپۆلیستەکەی ئیتالیا!

بەپێی چەندین سەرچاوەی جیهانی و ماڵپەڕە ڕسمیەکان بۆ نموونە (The Australian, The Local Italy,Duetsche Welle ,DW) و چەندین سەرچاوەی تریش ئەو هەواڵەیان بە گرنگیەکی زۆرەوە بڵاوکردۆتەوە.

بە پێی هەواڵەکان بە سەدان هەزار لە ئیتالیەکان ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتی بەکۆمەڵیان کە وەکو خۆپیشاندانێکیش دەرکەوت بەڕێخست بە ناو شەقامەکانی شاری ڕۆم دا .

ئەو ڕێپێوان و ناڕەزایەتیە بە دژی سیاسەتە ئابووریە شکستخواردووەکانی حکومەتە پۆپۆلیستەکەی ئیتالیا ئەنجام درا. خەڵکی ئیتالیاو بەشداربووانی ڕێپێوانەکە کە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن قسەیان دەکرد باسی بێکاری و نەبوونی کاری تەواویان دەکرد. بە تایبەتی ئەوان دەیانگوت کە بێکاریەکی لەڕادەبەدەر لە نێو چینی گەنجاندا بڵاوبۆتەوە.

جێگەی باسە کە ئەو ڕێپێوانە سەدان هەزاریە لە خەڵکی ئیتالیا بە بانگەوازو کاری ڕاستەوخۆی گەورەترین سەندیکای پیشەی ئیتالیا ئەنجام درا بە ناوی(CGIL).

ڕێپێوانەکە لە ژێر شیعاری : (دواڕۆژ بۆ کارە ) ئەنجامدرا. ئامانجی سەرەکی ئەو ڕێپێوانە سەدان هەزاریە بۆ ئەوە بوو کە حکومەتی ئیتالیا بێتەوەهۆش خۆیی و ئەو هەموو بێکاریەی کە هەیە لەوڵاتدا چارەیەک بدۆزێتەوە چارەسەری بکات.

بە پێی داتاکان کە لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاوکراوەتەوە ئیتالیا سێیەمین وڵاتە  لە دوای یۆنان و ئیسپانیا دێت لە ئەوروپادا کە ڕێژەی بێکاری تێدا زۆر بەرزبۆتەوە. ڕێژەی بێکاری بە گشتی بۆ ٩.٧ بەرزە و لە نێو گەنجانیشدا ڕێژەی بێکاری بەرز بۆتەوە بۆ ١٦.٧. کە ئەو ڕێژانەش بە نسبەت وڵاتانی تری ئەوروپاوە زۆر بەرزە.

ئەو خەڵکانەی کە بەشداری ئەو ڕێپێوانەیان کرد، هەروەها نوێنەرانی سەندیکا پیشەییەکان دەڵێن کە ئیتالیا خاوەنی زۆر بەرهەمی سروشتی بەنرخە و قەت نابێت خەڵکەکەی لەو بێکاری و کەمی داهاتەدا بژی. بۆیە هۆی هەموو ئەو داڕمانی ئابووریەیان خستۆتە ملی ئەو حکومەتە پۆپۆلیسەتەی ئیتالیاوە.

مانگرتنی کرێکارانی مەکسیک تەشەنەدەکات و سەرکەوتنیش لە ٤٨ کارخانەی سەرسنوور ڕادەگەیەنن!

هەواڵێک کە لە هەندێک سەرچاوەی مەکسیکی و ئەمەریکاییدا لەوانە( San Antonio Express-News هەروەها ماڵپەڕی (Socialist Worker Organization ) دا بڵاوکراوەتەوە، کرێکارانی نێو ٤٨ کارخانە و کۆمپانیای سەرسنوور سەرکەوتن ڕادەگەیەنن لە مانگرتنەکانیاندا.

مانگرتنەکە چەندین هەفتەیە بەردەوامە و جەماوەرێکی زۆریش کەلەسەرووی ٢٥ هەزارەوە مەزندە کراوە بەشداری تێداکردووە وداواکاریەکانیشیان جێبەجێکران. داواکاری دەستبەجێی کرێکاران لەو مانگرتنانەدا بریتیبووە لە بەرزکردنەوەی موچەکانیان و پێدانی پاداشت. ئەو مانگرتنە وای لە خاوەن کارگە و کۆمپانیاکان کرد کە مووچەی دەیان هەزار کرێکار بە ڕێژەی ٢٠٪ بەرزبکەنەوە.

هەروەها بێجگە لە بەرزکردنەوەی مووچەکانیان کرێکارەکان بڕێک پارەیان بەسەریەکەوە پێدرا کە بریتیبوو لە ٣٢ هەزار پەسۆس کە دەکاتە نزیکەی ١٦٨٥ دۆلاری ئەمەریکایی.

لەو مانگرتنانەی کرێکاراندا تەواوی سەندیکا و یەکیەتییە کرێکاریەکان ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە ڕابەرایەتیکردن و بەئەنجام گەیاندنی مانگرتنەکاندا. وە هەر ئەوانیش هەواڵی ئەو چالاکی و جم و جۆڵەیان بڵاوکردەوە و بە شارەکانی ترو کارخانەکانی تریان گەیاند.

بەپێی هەواڵەکان هەر کە کرێکارانی کارگە و کارخانەکانی تری شارەکانی سەرسنوور هەواڵی ئەو سەرکەوتنەیان پێگەیشت ئەوانیش دەستیان دایە مانگرتن و کارەکانیان بەجیهێشت. ئەوانیش بە وێنەی هاوڕێکانیان لەو ٤٨ کارخانەی کە سەرکەوتنیان بەدەست هێنا داوای هەمان شت دەکەن و دەیانەوێت مووچەکانیان بەرزبکرێتەوە.

جێگەی باسە کە ئەو کارخانانە بە ئەکویلادۆڕا ناسراون کەدەکەونە شاری ماتامۆرۆس لە سنووری تەکساسی ئەمەریکا. تەواوی ئەو کارخانەو کۆمپانیانیانە هەموویان لەلایەن کەسانی بێگانەوە خاوەندارێتی دەکرێن. واتە هیچیان کۆمپانیا و کارخانەی مەکسیکی نین. بەڵام لەبەرئەوەی کە کرێی کار لە مەکسیک زۆر هەرزانە بە بەراورد لەگەڵ ئەمەریکادا بۆیە خاوەن کۆمپانیا و کارخانەکان بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر هێناویانن بۆ ناو مەکسیک.

مەکسیکیەکان لە” کۆیلەتی سەردەم” بەند دەکرێن لەکەنەدا.

بازرگانی کردن بەمرۆڤ لە کەنەدا، ژمارەیەک کرێکاری مەکسیکی دەهێننە کەنەدا و لە هەلومەرجێکی کۆیلاتی کاریان پێدەکەن.

١١ی شوبات لە شاری کۆرن وێل کە دەکەوێتە هەرێمی ئۆنتاریۆ، پۆلیس توانی ٤٣ کرێکاری مەکسیکی ئازاد بکات لەدەستی باندی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

پۆلیس دەڵێت” توانیمان ٤٣ کرێکار کە وەک کۆیلەی سەردەم هێنراونەتە کەنەدا لە مەکسیکەوە لەلایەن بازرگانانی مرۆڤ، و ناچاریان کردوون وەک کرێکاری پاککەرەوە لە ئۆتێلەکان کاریان پێبکەن”.

دوای ئەوەی ئەو کرێکارانە کە زوربەیان پیاون و تەمەنیان لە ٢٠-٤٦ دەبێت ڕاهێنانیان پێکراوە کەچی بڵێن لەکاتی هاتنە ناو کەنەدا. لەهەولومەرجێکی” زۆر خراپ”  ژیاون. لە شوێنە گەشتیارەکانی وەک Barrie and Wasaga Beach لە  ناوەراست و ڕۆژهەڵاتی ئۆنتاریۆ خراونەتە سەرکار. رۆژی ٢شەممە ١٢/٢/٢٠١٩ پۆلیس گوتی کە سێشەممەی ڕابردوو ئازادیان کردوون، دوای ئەوەی لەلایەن پۆلیسی شارۆچکەی Barrie و داواکاری گشتی و پۆلیسی خزمەتگوزاریە سنووریەکانەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

Rick Barnum  جێگری پۆلیسی فیدڕاڵی لە شارۆچکەی Barrie گوتی” بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، کۆیلەتی مۆدرێنە” و ” هۆکاری سەرەکی ئەو تاوان ئیستیغلال کردنە”.

پۆلیس ئەوەشی گووت کە “ئەو بازرگانانە دەستیان بەسەر ئەو کرێیەی وەردەگرن گرتووە. ئەو قوربانیانە پارەیەکی زۆریان داوەتە ئەو بازرگانانە تاوەکو لە مەکسیکەوە  بیانهێننە کەنەدا، بۆئەوە پارەی پرۆسەی فیزە و معامەلات و ڕێگاوبان و گوستنەوە و شوێنی ماڵ و حالیان لێوەرگرتوون.

ئەو کرێکارە مەکسیکیانە لەم شوێنە گەشتیاریانە کە دەکەونە هەرێمی ئۆنتاریۆ کاریان کردووە(Collingwood, Innisfil, Oro-Medonte and Cornwall, )

پۆلیس ئەوەشی گووت کە ئەو کرێکارە مەکسیکیانە هەندێک جار لە مانگێکدا تەنیا ٥٠ دۆلاری کەنەدیان بۆ دەمێنێتەوە، بەشەکەی دیکە بازرگانەکان بەناوی باج و گواستنەوە و کاروباری ئیداری لێیان وەردەگرن.

یەکێک لە کرێکارەکان بەپۆلیسی گووتبوو “دوێنێ شەو بە کۆیلەیی نووستم، ئەمڕۆ بەیانی بە ئازادی لەخەوهەستام!!”.

Leave A Reply

Your email address will not be published.