بەبەشداری ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا دژ بەناردنەوەی پەنابەران خۆپیشاندان بەرپا کرا!

0

بەبەشداری ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا
دژ بەناردنەوەی پەنابەران خۆپیشاندان بەرپا کرا!

رۆژی ١٣ نیسان لە درێژەی کەمپەینی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی دژ بەڕاگرتنی پەنابەران لە گرتوخانەکانی بەریتانیا وپلانی ناردنەوەیان بۆ بەغدا بەپێی رێکەوتنێکی نێوان حکومەتی عێراقی وحکومەتی بەریتانیا، لەبەردەم وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی ڕیکخرا.
ئەم خۆپێشاندانە ناڕەزایەتیە بەبەشداری جین لامبێرت ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا لە لیستی حزبی سەوز، ونۆینەرانی یەکێتی کرێکاریی PCS و ڕێکخراوی AWL و بەرەی دژ جەنگ و ڕیکخراوی بەریتانیای حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وگروپی مافی مانەوە وگروپی بەرگری لە پەنابەران لە بریستۆل وژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی داکۆکیکار لە مافەکانی پەنابەران لەگەڵ ژمارەیەک لەخێزان ومناڵی ئەو پەنابەرە کوردانەی لە گرتوخانە دەست بەسەرەکانی بەریتانیا ڕاگیراون بە دروشمی ( دیپۆرتی پەنابەران ڕاگرن، نا بۆ زیندان نا بۆ دیپۆرت، رێکەوتننامە بە ژیانی پەنابەران محکومە، مافی پەنابەری مافی ئینسانە، پەنابەران ئازاد بکەن، عێراق نائەمنە، بەدەنگی بەرزو بەڕوونی دەڵێن پەنابەران بەخێربێن….) خۆپیشاندانەکە بەڕێوە چوو.
سەرەتا دەشتی جەمال بەخێرهاتنی ئامادەبوانی کردو لە وتەیەکدا ئاماژەی بەئامانج لەو خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیە کرد و وتی ” ئەمڕۆ ئێمە لێرە کۆبوینەتەوە کە بەدەنگی بەرز ناڕەزایەتی خۆمان بگەیەنن بە حکومەتی بەریتانیا لەدەستگیرکردنی زیاتر لە ٣٠ پەنابەر لە گرتوخانە دەست بەسەرەکانی بەریتانیا کە لە چوارچێوەی رێکەوتنێکی ژێربەژێردا دەیانەوێت دیپۆرتی بەغدایان بکەنەوە.. هەروەها ئێمە نامەیەکمان ئاڕاستەی ” ئەمبیرت ڕەد ” وەزیری ناوخۆ کردوە داوامان کردوە دەستبەجێ ئەو پەنابەرانە ئازاد بکەن، رێکەوتنامەی نایاسایتان لەگەڵ حکومەتی عیراقی بە ژیان و ئایندەی پەنابەران هەڵبوەشیننەوە، مافی پەنابەری بۆ ئەو پەنابەرانە بەڕەسمی بناسێنن “ئەوەشی ووت” فیدراسیۆن لەهەوڵەکانی لە ئاستی بەریتانیاو وئەوروپا و عێراق و کوردستاندا بەردەوام دەبێت بۆ شکست پێهێنانی ئەو ڕیکەوتننامەیە وبەرگرتن بە دیپۆرتی ئەو پەنابەرانە و لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوە دەبەینە پەرلەمانی بەریتانیا و رای گشتی لەم پلانە چەپەڵە ئاگادار دەکەینەوە..”
پاشان بەرنامەی خۆپیشاندانەکە لەلایەن (Michael Chessumm ) بەڕێوە چوو و جین لامبێرت ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا لە وتەیەکدا سەرباری پشتیوانی تەواوی خۆیان لە خواستەکانی خۆپیشاندەران وکەمپەینی فیدراسیۆن دژ بە دیپۆرتی پەنابەران بەڵێنیاندا هەوڵەکانی خۆیان بەگەر بخەن ونامە ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بکەن .. بەدوای ئەوەدا هەریەک لە نۆێنەرانی لایەنەکان وتەی پشتیوانی خۆیان بەرامبەر بە ناردنەوەی بەزۆری پەنابەران خستە روو. هەروەها سەمیر یەکیک لە پەنابەرە کوردە گیراوەکان لەڕیگای تەلەفونەوە بارودۆخی خۆیانی بۆ خۆپیشاندەران گیڕایەوە و وتی ” ئێمە زۆربەمان زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ له‌ وڵاتی به‌ریتانیا ژیان به‌سه‌رده‌بەین وخێزان ومناڵمان هەیە، هیچ تاوانێکمان نیە وهەفتەی ڕابردو که‌ وه‌فدێکی حکومەتی عێراقی هاتن سەردانیان کرد بۆ ئەوەی ‌نەخشەی ناردنەوەمان بکیشن، بەڵام ئێمە یه‌ک ده‌ست ویه‌ک هه‌ڵویست داوای بینینی کارمه‌ندانی حکومه‌تی عێراقیمان ڕه‌ت کردەوە و داواکارین فشار بهێن بۆ حکومەتی عێراقی وهەرێم کە حکومەتی عێراقی وەرمان نەگریتەوە لە فرۆکەخانەی بەغداو ڕێکەوتنامەکەیان هەڵبوەشێننەوە..” هەروەها میدیاو رۆژنامەکان پرسیاریان ئاراستەی سەمیر کردو وەڵامی دانەوە.
پاشان دروشمی خۆپێشادەران بە (نا بۆ سنور نا بۆ نیشتیمان دیپۆرتی پەنابەران ڕاگرن، نا بۆ زیندان نا بۆ دیپۆرت، دەست لە پەنابەرانی کوردو عێراقی هەڵگرن، مافی پەنابەری مافی ئینسانە، ناردنەوەی پەنابەران محکومە.. لە نێو شۆڕو شەوقی ئامادەبوان و دەنگی ناڕەزایەتیدا سەرنجی ڕێبوارانی بەردەم وەزارەتی ناوخۆی ڕاکیشا. وە بەدەیان پلاکارت بەوێنەو دروشمی دیفاع لەپەنابەران لەلایەن ئامادەبوانەوە بەرز کرابۆوە. شایەنی باسە ژمارەیەکی زۆر لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕاستەخۆی خۆپیشاندانەکەیان پەخشدەکردەوەو هەروەها میدیاکان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ سکرتێری فیدراسیۆندا کرد. دوای ٢ کاتژمێر کۆتانی بە خۆپیشاندانەکە هات.

فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی
١٤/٤/٢٠١٧

Leave A Reply

Your email address will not be published.