لە پێشوازی یەکی ئایاردا

0

لە پێشوازی یەکی ئایاردا

یەکی ئایار، رۆژی هاوپشتی و هاوچارەنووسی نێونەتەوەیی چینی کرێکار… بەڕێوەیە. کرێکارانی هوشیار بە بەرژوەندییە نێونەتەوەیی و چینایەتیەکانیان، رابەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری، کۆر و کۆمەڵ و ڕیكخراو و نەقابەو یەکێتییە کرێکارییەکان، لەسەراسەری دنیادا، هەموو ساڵێک بە ماوەیەک بەر لەیەکی ئایار، ئامادەکاری دەکەن، لەدەوری یەکتری کۆدەبنەوە، بیرورا دەگۆڕنەوە، نەخشە دەکێشن بۆ چۆنیەتی سازدانی مەراسیم و کۆبونەوە و رێپێوان و راگرتنی چەرخەکانی بەرهەمهێنان و سازدانی چالاکی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر… تا لەو رێگایەوە ریزی سەربەخۆی خۆیان، توانایەکانی خۆیان، دروشم و  داخوازییەکانی خۆیان…بکەنە سەر لەوحەی ئایارەکان…

چینی کرێکاریی کوردستان وەکو بەشێک لەو چینە جیهانییە، هەموو ساڵێک لەگەڵ هاوچینەکانیان لەسەراسەری دنیادا، بۆنەو مەراسیم و ئاکسیۆن و کۆبونەوەو خۆپیشاندان سازدەکەن. ئەمە بۆتە نەریتێکی جێکەوتووی کریکاریی، لە کوردستاندا…

 یەکی ئایاری ئەمساڵ لەکوردستان، لە هەلومەرجێکی تایبەتدا بەرێوە دەچێت… دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، لەگەڵ ئەوەدا دەستیان بەسەر هەموو سامانی سەر زەوەی و ژێر زەوی کوردستاندا گرتووە، رۆژانە خەریکی فرۆشتنی نەوتن لە دەریایی نەوت، کە لە دەیان کێڵگەی نەوتی بەرهەم دەهێنرێت، کەچی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و کارمەندان و نەدارانی کۆمەڵگە، رۆژ بەرۆژ بەرەوخراپتر بوون دەچێت و موچەی کارمەندان و وچەخۆرانیان لەژێر ناوی پاشەکەوتی موچەدا، دەست بەسەردا گرتووە، لەبەرامبەردا ئاماری هەڵکشانی سەروەت و سامانی سەرمایەداران و بەرپرسی کۆمپانیا حزبیەکان، سەرسورهێنەرە… هەموو کۆمەڵگە وەکو دزو تاڵانچی بێ وێنە دەڕوانە دەسەڵاتی بۆژوازی کوردی. لە هەلومەرجێکی ئاوادایە وا ماوەیەکە بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ دوای تێکشکانی توانایی سەربازی داعش،  بانگەشەی ریفراندۆم دەچرن… دیارە ئامانجی سەرەکیان لەم بانگەشەیە… لەلایەکەوە داپۆشینی ئەم نابەرابەرییە فراوانەی نێوان خۆیان و خەڵکی نەداری کوردستانە، هاوکات بەشیکێشە لە کەمپەین وبانگەشە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بەتایبەت بۆ پارتی، کە خاوەنی جوڵاندنی کەیسەکانی هەرێمە… وە لەلایەکی ترەوە بە تێکشکانی سەربازی داعش، هەموو دۆسیە و فایلە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغداو هەرێم دێنەوە ئارا… ناسیونالیزمی کورد کارتی جەنگ لەگەڵ داعشی لەدەست دەردێت و ئەم پشتیوانییە نێودەوڵەتیەش کە بەهۆی داعشەوە، وەچنگیان خستبوو، لاواز یان نامێنێ… لە بنەرەتدا هێنانە ئارای باسی ریفراندۆم، هەوڵێکی پێشگیرانەو بەنەخشەیە، بۆ وەستانەوە بەرامبەر بەو ململانێییەی لەدوای داعش لەگەڵ ناوەند دەست پێدەکات… و پرۆژەیەک نییە لەقازانجی خەڵکی کوردستان بۆ جیابوونەوەو پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ….

ئەم تایبەتمەندییە سەرەکیانە، ئەرکی تایبەت  و سەرەکی دەخاتە سەرشانی رابەران و هەڵسوراوانی کرێکاریی کە لەم ئایاردا، ئەنجامی بدەن و لەدەوری کۆببنەوە. لەیەکی ئایاردا کرێکاران پێویستە، نەک درۆ و فریوکاری ریفراندۆم، بەڵکو ماهیەتی ئەم گەمە قێزەونە نیشان بدەن و لەروانگەی بەرژوەندی هاوبەشی چینی کرێکارەوە لەم دۆسیەیە بڕوانن… هەروەها پێویستە دەست ببەن بۆ راگرتنی کار بە تایبەت لە کێڵگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، وەکو شادەماری ئابوری کوردستان، کە دەسەڵاتی بۆژوازی کورد و بەرپرسە حزبیەکانی دەستیان بەسەردا گرتووە… وە بەراگرتنی کاریان لەو کیڵگانەو کارگەو کارخانەکانی ترو راگرتنی کار لە باقی ناوەندە کرێکاریی و خەدەمیەکاندا، جارێکی تر ئەو پەیامە بدەن بە کۆمەڵگا، کەخاوەنی راستەقینەی کۆمەڵگان و چەرخاندنی کۆمەڵگا لەسەر شانی ئەوانە… وە بە دروشمی رۆشن و خواستە رەواکانیانەوە بێنە مەیدان. زیادکردنی کرێ و بیمە بیکاری بۆ بێکاران، هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی موچە. زامنکردنی ئەمنیەتی کار و… گێرانەوەی داهاتی دزراو و بەتاڵانبراوی کوردستان، بۆ خودی خەلکی کوردستان… سەرخەتی چالاکیەکانی ئایار بن… هاوکات بە وەرێخستنی کۆبونەوەو خۆپیشاندان و چالاکی جۆرواجۆری تری فراوان پەیامی هاوچارەنووسی و بە هاوچینەکانیان لە سەراسەی دنیا بگەیەنن…

بژی یەکی ئایار… رۆژی هاوپشتی و هاوچارەنووسی جیهانی چینی کرێکار

بۆپێشەوە

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.