دەوڵەتی سعودیە یاسایەکی تازەی لەسەر چۆنیەتی کارکردنی ژنان دەرکرد!

0

دەوڵەتی سعودیە یاسایەکی تازەی لەسەر چۆنیەتی کارکردنی ژنان دەرکرد!

ئامادەکردنی: شوان عەزیز

 (سەرباری ئەوەی کە میدیاکانی سعودیە، و هەموو ئەوانەشی کە میدیای سێبەری سیستەمی دژە ژنی سعودیەن، ڕۆژانە بڵاوی دەکەنەوە کە ژنان لە سعودیەدا ئازادیان هەیە و دەتوانن شانبەشانی پیاوان دەورببینن, بەڵام  ئێستا کە ساڵی ٢٠١٩یە، وا تازە ژنان ڕێگەیان پێدەدرێت کە شوفێری بکەن و تازە ڕێگەیان پێدەدرێت لە هەندێک شوێندا کار بکەن. هێشتا لە چاوی سیستەمی سعودیەوە ژن و پیاو دوو جیهانی تەواو لێک جیان و تێکەڵ بوونیان هەرگیز ناگونجێت).

بە پێی هەواڵێک کە لە ) Khaleej   Times ) دا بڵاوکراوەتەوە دەوڵەتی سعودیە، لە ڕێگەی وەزارەتی کارو گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیەوە، بە مەبەستی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ژنان وشێوە و چۆنیەتی کارکردنیان یاسایەکی تازەی دەرکردووە.

هەر بە پێی هەواڵەکە، دەوڵەتی سعودیە بۆیە ئەو یاسا تازەیەی دەرکردووە تاوەکو ژنان بخاتە سەرکارو هەلی کاری زیاتر لە کارگەو شوێنە پیشەسازیەکاندا بۆ ژنان بڕەخسێنێت.  هەر بە قسەی دەسەڵاتداران لە وەزارەتی کاری سعودیەدا، ئەوان بۆیە ئەو یاسایەیان دەرکردووە تا زیاتر هانی ژنان بۆ کارکردن، و زیاتر سەرنجیان ڕابکێشرێت. هەروەها لە بڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە کە ئەو یاسا تازەیە نابێ کاربکاتە سەر ئازادی ژنان و هەقدەستەکانیان.

بە پێی ئەو بڕیارە تازەیە:

١- ژنان دەبێت گرفتیان بۆ درووست نەبێت و کاریش نەکرێتە سەر موچەکانیان.

٢-دەبێت شوێنی کارکردنی ژنان گونجاو بێت و تایبەت بێت بە ژنان و بگونجێت لەگەڵیاندا. شوێنی نوێژیان هەبێ و بتوانن نوێژەکانیان بکەن لە شوێنی کارکردندا و هەروەها شوێنی پشووی تایبەت بەخۆیان هەبێت.

٣- دەبێت شوێنی ئاودەستەکانیان بە جیابێت و بە تەنیشتی ئاودەستەکانی پیاوانەوە نەبێت.

٤- شوێنی کارەکەیان نابێت بە تەنیشتی شوێنی کاری پیاوانەوە بێت.

٥- سەعات کار بۆ ئەو ژنانەی لە شوێنە پیشازی و کارگەکاندا کار دەکەن دەبێت هەتا سەعات ١١ ی شەو زیاتر کار نەکەن، و لەدوای ئەو کاتەش لە شوێنی کارەکە نەمێننەوە. بۆ ژنانی تریش کە لەشوێنەکانی تردا کاردەکەن ماوەی کارکردنیان تاکو ٦ ی ئێوارەیە.

بە کورتی: ئەم بڕیارەی دەسەڵاتدارانی سعودیە کە لە ڕێگەی وەزارەتی کارو گەشەپێدانی کۆمەڵاتیەوە دەریان کردووە، دەیانەوێت وەک دەسکەوتێکی گەلێک مەزن بۆ ژنانی سعودیە پیشانی جیهانی بدەن، بەڵام ئەگەر بێت و لە یەک بەیەکی ئەو مەرجانە وردبیتەوە تێدەگەی کە ئەو یاسایە زیاتر کەلێنی جیاوازی فراوانتر دەکات لە نێوانی ژنان و پیاواندا. هەروەها دەریدەخات کە هێشتا هەرچەندە ئێستا ساڵی ٢٠١٩ یە، بەڵام لە دیدی سیستەمی ئیسلامی سعودیەوە ژنان هەر کەمترن لە پیاوان و هەر دەبێت لە لایەن پیاوانەوە چاودێری بکرێن. واتە هێشتا ژنان لاوازن و کەم عەقڵن. هەروەها هێشتا ژنان دەبێت لەگەڵ پیاوان تێکەڵ نەبن. هێشتا لە دیدی سیستەمی ئیسلامیەوە ژنان مایەی کێشە و بەلارێدابردنی پیاوانن و وەک شەیتان ڕۆڵی خراپ لە دژی پیاوان دەبینن. بۆیە دەبێت وەک دوو جیهانی تەواو جیاواز لەیەکتری مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.