لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەنفال

0

بۆپێشەوە: چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفال و جینۆسایدا تێده‌په‌ڕیت، دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراق، ژماره‌یه‌ک له‌سه‌رانی ڕژێمی به‌سزای جۆراو جۆر سزاداو تاوانی ئه‌نفال و دواتر هه‌ڵه‌بجه‌ی دانپێداناو وه‌ک جینۆساید ناساندی، هه‌وڵه‌ نێونه‌ته‌وەیه‌کانیش هه‌ندێک جوڵه‌یان تێکه‌وتووه‌، ئایا ده‌کرێت به‌م ئه‌نجامانه‌ دڵخۆش ڕازی بین؟ هه‌وڵه‌کان له‌م ڕاستایه‌دا چۆن ده‌بینن؟

عەبدوڵا مەحمود: ڕاستە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ژمارەیەک لەسەرانی بەعسی سزا “لە سێدارە”دا، بەڵام نابێ بیرمان بچێت کە دادگایەکە دادگای سیاسی بوو سزاکانیش تۆڵەی سیاسی بوون. ئەمەش  ئاراستەی دادگاو ئامانجەکانی سزادانەکان لە چوارچیوەیەکی نۆرماڵ و لیپرسینەوەیەکی یاساییەوە دوور دەخاتەوەو مۆرکی سیاسی  تۆڵە و عیبرەت دەخاتە جێگای.

محەکی هەر دادگاییەکی یاسایی و سەربەخۆ ئەوەیە کە لەپێش هەموو شتێکدا پێویستە دادگاییکردن لە دۆخ و کەش و هەوایەکی وادا بەڕێوەبچێت کە ڕای گشتی هیچ چەشنە گوشارو زۆرێکی لە دادگایی کردنەکەدا نەبێت و بێلایەنی دادگا نەخاتە ژێر پرسیارەوە، هاوکات هیچ وروژاندنیکی پێشوەخت فەزای دادگاییکردنەکە لیخن نەکات. وە پێویستە قازی و دادگا بە تەواوی دوربن لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەو لێپرسینەوە. ئەگەر بەو پێودانگەوە تەماشای دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و پرؤسەی دادگاییکردنەکان بکەین، دەبینین کە چ دادگاکەو چ کەش و هەوای پرۆسەکەو چ جۆری جێبەجێکردنی سزاکان…. مەحکومن لەبەردەم دادگایەکی بێلایەن و مۆدیرنی یاساییدا. بۆیە ئەمە لەجێگای دڵخۆش بوونیکی واقعی کە مەبناکەی پاراستنی کۆمەڵگایە لەدوبارە بوونەوەیان، زۆرتر دەربڕینی دڵخۆشیەکی سیاسییە لەبەرامبەر ئەم تۆڵەو عیبرەتەی داسەپێنراوەتە ئەو لایەنە سیاسییەی کاراکتەرەکانی سزا دراون.

هەموو کەسێکی واقع بین و هوشیار ئەوە دەزانێت کە نەک دادگای باڵای تاوانەکان، بەڵکە خودی حکومەت لە عیراقدا، تا ئێستا سەربەخۆ نییە. ئەوەی مۆتۆری حکومەت و جوڵە و سیاسەت و دەزگاو دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی ئاراستە دەکات هیزو وڵاتانی ناوچەکەن. دادگای باڵای تاوانەکانیش نەک سەربەخۆ نییە، بەڵکە دادگایەکە مەحکوم بە لێپرسینەوەو دادگاییکردن. بڕیاری لە سێدارەدانی سەرە تاوانکاری بەعس سەدام حسێن لەسەر ڕووداوی دوجێل و پاشان شێوەی جێبەجێکردنی سزاکەی ماهیەتی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و حکومەتەکەی بە ڕۆشنی نیشاندا. لە سێدارەدانی بەپەلەی سەدام لەسەر ڕوداوی دوجێل،هێندە کەیسێکی گەورەیە کە ناکرێ سینارێۆکانی پشتی ئەم نمایشە بەسەر دنیای شارستانی و ئینسانیەت و یاسادا بە سانایی لێی بروانرێت، کەسی یەکەمی تاوانبار لە عیراقدا کە پەروەندەی چەندین دەهە لە جەنگی بەعس لە دژی خەڵکی کوردستان و تاوانە زنجیرەیەکانی لەلابوو، لەسێدارەدانی لە گەمەیەکی سیاسی و تۆڵە سەندنەوەیەکی تایفیدا، هەوڵ و پلانێکی پیش وەخت بوو بۆئەوەی مەلەفی بەخوێن نوسراوی چەندین دەهە دیزە بەدەرخۆنە بکرێت و بە شاراوەیی بمێنێتەوە. لەوەش زیاتر بواری دا بە تاوانبارانی دەرەجە لە خوارتری خۆی تا ڕاستی تاوانەکانیان بەو جۆرەی دەیانەوێ بشێونن یان بشارنەوە.

بۆیە هەرچەشنە دڵخۆشکردنێک دەبێتە مایەی شلکردنەوەی هەوڵ و هەنگاوەکان لە ڕاستای بەدواداچوون بە دوای گەیشتن بە دەرخستنی راستیەکان و دەستراگەیشتن بە دۆزینەوەی بەشداربوان لە تاوانە زنجیرەیەکانی وەکو ( کیمیاباران، ئەنفال، شەپۆلی لەسێدارەدانەکان، ویرانکردنی شارو شارۆچکەکان و هەزاران دێهات…. تاد)، سپاردنیان بە دادگا.بەتایبەتیش کە پەروەندەی تاوانەکانی بەعس، فایلێکی گەورەیە کە کاراکتەرەکانی جگە لە بەعسەکان هەمەجۆرو ناوچەیی و تەنانەت جیهانین. کارەساتەکانیش هێندە گەورەو بەرچاون و بە ئاشکرا ئەنجام دراون، کە داپۆشینیان لە کارەساتەکان ئاشکراتر دەردەکەون و لە راستیدا بەیانی دەرخستنان دەکەن.

دیارە جگە لەو ژمارەیە لەسەرە تاوانبارانی بەعس کە كێشرانە بەردەم دادگا! بێگومان هەر لە چوارچێوەی رژێمی بەعسی ڕووخێنراودا، بە دەیان و سەدان تاوانباری تر هەن کە دەبێ ناسنامەی بەشداری بوونیان ئاشکرا بکرێت و راکێشی بەردەم دادگا بکرێن، هاوکات تاوانبارانی تری وڵاتانی ناوچەکەو کۆمپانیاو بەڵیندەرە چەکفرۆشەکانی وڵاتانی تر….تاد، هەموویان پێویستە دادگا دەستی پیان بگات. بە تایبەتێش دادگایەک کە بێلایەن و سەربەخؤ بێت،تا لایەنە شاراوەکانی ئەم کوشتاری بەکۆمەڵە ئاشکرا بکریت و نەکریتە قوربانی سازشی نیوان هێزە بەرژەوەندی خوازەکان.

دیارە دۆزینەوەو راکێشانی تۆڕێکی بەرین کە بەشدار یان هاوکارو نەخشەڕێژکەری ئەم خوێن رێژییە بوون، کارێکی سادەو کەم وەخت نییە، پێویستی بە هەوڵ و ماندوبوون و کاتێکی زۆر هەیە، هەموو ئەو هەوڵانەی لە ڕاستای دۆزینەوەو بەدادگاکێشانی تاوانباراندا دراون و ئامانجێکی ئینسانی لەپشت هەوڵ و ماندوبونیەکەیانە، جێگای ستایشە. بەڵام نابێت بیرمان بچێت کاری زۆر زیاترو هەمەلایەن و فراوانتری گەرەکە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.