لە گۆشەیەکی ترەوە موزەفەر عەبدوڵا سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا: بۆ تۆڵەیە یان تۆبە…؟

0

لە گۆشەیەکی ترەوە

موزەفەر عەبدوڵا

سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغدا: بۆ تۆڵەیە یان تۆبە…؟

لە رۆژی ٢٢ مانگەوە  کە مەسعود بارزانی و شاندە یاوەرەکەی لە کوڕگەلی بنەماڵەو  قەوم و قیلە، سەردانی بەغدایان کردەوە هەتا ئیستاش ئەم سەردانە بۆتە ڕوداو و هەواڵی گەرمی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و جێگای پرس ڕاگۆرینەوە لە ئاستی کوردستان. بە تایبەتی لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن و نووسەرو ڕۆژنامەنوس و چاودیران و رۆشنبیران، هەتا دەگاتە گەورە ئەکادیمی یەکانیان. وە لە گۆشە نیگای جیاوجیاوە ئەم سەردانە شرۆڤەدەکەن و ڕای لەبارەوە دەدەن.

ئەم سەردانە وا وێنە دەکەن کە یەکیکە لەسەردانە سەرکەوتوە دانیسقەکانە، نەک هەر لە ئاستی کوردستان و ناوچەکە، بەڵکو لە ئاستی جیهانیش. وەلایان وایە نەک هەر ئەم رۆژگارە، بەڵکو لە میژوشدا دەگمەن بووە سەرکردەیەکی حزبی وەک بارزانی بەم شێوازە نەک هەر بەرپرسانی حزبی، بەڵکو بەرپرسانی دەوڵەت و حکومەت و پەرلەمانیش بەراخستنی فەرشی سورو ڕێو ڕەسمی فەرمی و پرۆتۆکۆلی و بەوپەری ئامادەباشییەوە پیشوازی لێ بکریت.

بەم شێوە موبالەغە ئامیزو گرینگیدانە بە ڕواڵەتە دەیانەوێت وا نیشان بدەن وەک ئەوەی  بارزانی لەم سەردانەی چووە بۆ سەرزەنشت کردن و ناڕەزایەتی دەربرین، و تەنانەت تۆڵەسەندنەوە لەسەرانی دەسەلاتی قەومی وتایەفی و خیڵەکی بەغدا، کە ساڵێک لەمەوبەر دژی ریفراندۆم بوون. تەنانەت ڕیفراندۆمیان کردە بەهانەیەک بۆ هیرش کردنە سەر کوردستان و داگیرکردنەوەی نیوەی زیاتری ئەو ناوچانەی لەژێردەستی پارتی و هاودەسەلاتەکانی بوو لە دوای ڕوخانی بەعسەوە.

جا پرسیارەکە لەم پرسەدا ئەوەیە ئاخۆ بەڕاستی  بارزانی لەم سەردانەی بۆ بەغدا بۆ ناڕەزایەتی و تۆڵە سەندنەوەیە یا تۆبەکردن لەسەر دەستی سەرانی قەومی و تایەفی وەک عامری و حەلبوسی و عەبادی و مالکی؟!

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەو ڕۆشنکردنەوەی مەغزای سیاسی ئەم سەردانە وا پیویست بە کورتی ئاماژە بە چەند خالێک بکەین:

خاڵی یەکەم: خودی دەستەواژەو کەڵکەڵەی- مفهوم و نزعة – تۆڵەو تۆبەیە کە یەکیکە لە تایبەتمەندی و ناوەرۆکی دابو نەریتی سیاسی وکۆمەڵایەتی هەردوو بەرەی ئەم دەسەڵاتەو دەستەو تاقمە بنەماڵەیی و خێڵەکی و قەومیەکان لە بەغداو کوردستان لەم کیشەو ململانی کۆنەپەرستە دژی ئینسانییەی نێوانیان.

ئەم دەستەو تاقمانە، چونکە هیچیان بروایان بە  سەرەتایترین ئازادی و یەکسانی سیاسی بە گشتی نییە، بۆیە سەرهەڵدانی کێشەو ململانێ و شەرو کوشتار پاشان تۆڵەو تۆبەش بەیەکتر دەبێتە نەزعەو نەریتێکی جیکەوتەیان. دیارە نەک هەر لەنێوان ئەم دوو دەسەڵاتەی بەغداو کوردستان، بەڵکو لەنێوان خودی هەموو دەستەوتاقمەکانی خۆشیان.

بۆ نمونە تۆڵەو تۆبە لەکاتی کێشەو ململانێ و شەڕەکانی نێوان پارتی و یەکێتی وهەردو بنەماڵە تایبەتمەندی یەکی میژوویی و بەرچاو بووە.

ئەم نەزعەو نەریتە بە درێژایی مێژوو لەسەر زاری سەرانی ئەم دەستەو تاقمانە، جا قەومی و خێڵەکی بن یان ئیسلامی و تایەفی سوننی و شیعی، بەدیکراوە کە دەڵێن تۆڵە بەزەبرە ئەمما بە سەبرە. یاخود ڕیکەوتن بە شەرتی تۆبە. بە فەرمی ئەم نەزعەو نەریتە بۆتە جێگرەوەی نەزعەو نەریتی بڕوابوون و پابەندبوون بە ئازادی سیاسی نێوان لایەنە سیاسییەکان و یەکسانی نێوان مرۆڤەکان. بێگومان ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندنییەکانی دەسەلاتە فیودالیەکانی سەدەکانی ناوەراست کە هەتا ئەمڕۆش ئەم دەسەڵات و تاقمانە نوینەرایەتی دەکەن.

خاڵی دووەم ئەوەیە بەهۆی ئەوەی بارزانی و پارتی لە بنەرەتدا مەبەستیان لە ریفراندۆم زیاتر بۆ تۆڵە سەندنەوە بوو لە دوژمنەکانیان لە بەغداو لە کوردستان و بەدەستەوەگرتنی وەکو کارتێکی سازش و مامەڵە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەکە. وە  لە ئاکامی کیشەو ململانی و قەیرانەکان و  بن بەستبووبوون بوو، نەک بڕوا بوون و پەیڕەو لە مافیکی سەرەتایی خەڵکی کوردستان. هەر بۆیەش بارزانی و سەرانی تەواوی پارتی و یەکیتی و هەموو دەستەو تاقمە قەومی وئیسلامییەکان نە لەپرسی ریفراندۆم یەکدەست بوون و نە ویست و ئامادەییان بوو بەرگری لە ئاکامەکەی بکەن تا بەدیهینانی، کە سەربەخۆیییە. هەر بۆیە هەموو لایەکیان  لەسەر بنەمای نەزعەو نەریتی تۆڵەو تۆبە مامەڵەیان لەگەڵ یەکتر دەکەن.

جا لەم قۆناغەدا کە بارزانی سەرەڕای هەندێک سەرکەوتنی ناوخۆیی، بەڵام گۆڕانی هاوکیشە لە ئاستی عێراق و ناوچەکەو جیهان بە زیانی شکایەوە.

بۆیە بۆ بەدەستهێنانەوەی هاوسەنگی پێشو ئامادەیە لەسەر دەستی سەرانی  قەومی و خێلەکی و ئیسلامی و تایەفی بەغدا  تۆبە بکات.

بەڵگەش بۆ ئەم تۆبەیە قسەو لێدوانەکانیەتی لەبارەی ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەی کە کراوە. بێگومانیشە بەلای سەرانی بەغداوە گەورەترین هەڵە هەتا دەگاتە تاوان، ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو کە یەکپارچەیی خاکی عێراقی خستە ژێر پرسیارەوە.

  دیارە کاتێک بارزانی باس لەهەڵە و ڕاستکردنەوەی دەکات لە هیچ کات و شوین و دیدارو گفتوگۆیەک لەگەل تەواوی سەرانی دەسەلاتی بەغدا سەرنج و رەخنەو نارەزایەتی دەرنەبریووە بەرامبەر هەڵویستی دژایەتی ئەوانە لەپرسی ریفراندۆم و هیڕش سەربازی بۆسەر کوردستان داگیرکردنەوەی زیاتر لە نیوە خاکی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان وکوشتن وبرینداربونی سەدان کەس و ئاوارە بوونی هەزارانی تر.

بۆیە بە پێچەوانەی ڕاو بووچون و شرۆڤەکانی ڕاویژکاران و نووسەران و پسپۆرانی سیاسی و ئەکادیمییەکانی پارتی یەوە کە وای وینا دەکەن وەک ئەوەی بارزانی چووبێت بۆ تۆڵەسەندنەوە بە ئاشکرا تۆبەی خۆی ڕاگەیاندوە.

خاڵی سێهەم کە پێویستە ئاماژەی پێ بکەین لەبارەی ئەم سەردانەوەی بارزانییەوە ئەوەیە  بە پێچەوانەی راوبۆچونەکانی ڕاویژکاران و نووسەران و ئەکادیمییەکانی پارتی یەوە کە گوایە بۆ چارەسەری کیشە هەڵواسراوەکانی نیوان هەولیرو بەغداو تەنانەت ناوچەکەو جیهانیش چووە… ئەوانە هیچی فڕی بەسەر ڕاستییەوە نییە.

راستییەکەی هۆکاری سەردانی بارزانی لەپاڵ ئەوەی کە چووە تۆبە بکات لەسەر دەستی سەرانی دەسەڵاتی بەغدا هاوکات بارودۆخی ناوچەیی و نیو دەوڵەتی و دەخاڵەتی زلهیزەکان لە ئەمریکاو روسیاو هاوپەیمانە جیهانی ناوچەیی و ناوخۆییەکانیان گەییشتۆتە ئاستێک ئەگەری زۆری هەیە لە عێراق و کوردستانیش بتەقێتەوە.

وە لەم دۆخەدا ناسیونالیزمی کورد بە سەرکردایەتی پارتی کە لەوپەڕی پەرش وبڵاوی وبێ ئاسۆییدان ئەگەری زۆری هەیە  بە زیانیان بشکیتەوە.

هەر بۆیە پارتی و بارزانی ئامادەیە بۆ مانەوەی هێزو دەسەڵاتی خۆی لانی کەم لە ئاستی کوردستاندا بە تایبەتی بەرامبەر نەیارە هاو قەومەکانی خۆی نەک بچیتە بەغدا، بەڵکو هەر جیگایەکی تر نەک تۆبەیەک بەڵکو سەد تۆبەو زیاتریش بکات.

مەگەر کامیان بۆ بارزانی سەختترە دەست لەمل کردنەکەی ٣١ ئابی ٩٦ لەگەڵ سەدام یاخود دەست لەملانێی عامری و حەلبوسی و عەبادی و مالکی…!

جا لەم ڕوەوە ئەگەر ئەو راویژکارو شرۆڤەرکارو نووسەرو ئەکادیمیانەی پارتی  بۆ سەلماندنی سەرکەوتنی سەردانەکەی بارزانی بەڵگەی راخستنی فەرشی سورو ئامادەباشی ڕێو رەسمی گەورە و پاسەوان لە پێشوازی دەهیننەوە ئەمەش بۆ بەهیزی  پێگەی پارتی و بارزانی لە ئاستی دەسەلاتداری هەریم و هەلبژاردن و تا دەگات ویناکردنی وەک تاکە ریبەری بە فەرمی ناسراوی جولانەوەی قەومی کوردو…هتد، ئەمانە هیچیان نابنە پاساویک بۆئەوەی تۆبەکەی بارزانی بشارنەوە کە دەلێت سەردانیان بۆ بەغداو دیدارەکان بۆ راستکردنەوەی هەڵەکانە لەم دەرفەتەی هاتۆتە پیشەوە.

دوو شتی تر هەیە لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژەی پێبدەین ئەویش پیشوازیکردنی عامری بوو بۆ بارزانی و ئامادەنەبوونی سەرۆکۆماری عیراق بەرهەم ساڵح  کە برای قەومی و نەیاری بارزانی یە مەغزا سیاسیەکەی هەر تۆبەکەی بارزانی دەسەلمێنێت..

بۆیە ئەم سەردانەی بارزانی تۆڵەکارانە یا تۆبەکارانە بێت هیچی لە پێناوی بەرژەوەندنییەکانی زۆرایەتی جەماوەری ستەملێکراو ئازادیخوازو یەکسانیخوازی کوردستان نییە، بەڵکو تەنها لە پێناوی مانەوەی دەسەڵاتی سەرکوتگەرو گەندەڵ و کۆنەپەرستانەی بنەماڵەیی و خێڵەکی و قەومی خۆیانە.

دیارە بەهەمان شێوەو ناوەڕۆکەوە ئەم ڕایە بۆ دەسەلاتدارانی تایەفی و قەومی بەغداش هەر وایە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.