لەگۆشەیەکی ترەوە ئەمریکا چی لە ئێران دەوێت؟ نووسینی: مزەفەر عەبدوڵا

0

لە ڕۆژەکانی هەفتەی ڕابردودا دەوڵەتی ئەمریکا لە زاری ترامپ و سەرانی فاشی تریانەوە هەنگاو و پاکێجی دوەمی سزای ئابڵوقە ئابورییەکەیان  بۆ سەر ڕژێمی ئیسلامی ئێران ڕاگەیاند. لەم هەنگاو پاکێجەدا گوایە دەیانەوێت ئابڵوقەکەیان زیاتر لە بواری ئابوری و سەربازیدا چرکەنەوە. وەک ڕایان گەیاندوە بە نیازن بە تەواوی ڕێگا بگرن لە فرۆشنی نەوتو غازو زۆر بەرهەمی تر. هەروەها بە نیازن ڕێگا بگرن لە هاوردن و هەناردەکردنی پێداویستییە سەربازی و چەک و تەقەمەنیەکان و هەر پێویستییەکی تری بواری پەرەپیدانی پیشەسازی چەکی کیمیایی و ناوکی لە ئیران.
دیارە ئەم بڕیارو هەنگاوەی ئەمریکاش وێرای ئەوەی بۆتە یەکێک لە گەورەترین هەواڵەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاند هاوکات بۆتە بابەتێکی گەرمی پرس و ڕای گشتی و فەرمی لە ئاستی جیهاندا. وە لە گۆشە نیگای جیاوازەوە ،چ بە لایەنگر چ بە دژ، ڕاو هەڵویست لەبارەیەوە دەدرێت.
بەڵام پرسیارێکی سەرەکی و تەوەرەی کە دێتە پیشەوە بەرامبەر ئەم کێشەو ململانییەی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە تیرۆریستییە، کە چەند ساڵە لە سیاسەتی سزادانی ئابڵوقەی ئابوری  ئەمریکا بۆسەر ئێران چەقی بەستوە ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا چی لە ئێران دەویت؟
هەڵبەت وەڵامی ئەم پرسیارە بەلای هەر دەوڵەت و ڕژێم و ڕەوت و لایەنێکی سیاسی لە ئاستی جیهان  و ناوچەکەو ناوخۆیی ئێران جیاوازە. هەریەک بە پێی دورو نزیکی بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ ئەو دوو ڕژێمە ڕاو بۆچوون و هەڵویستیان وەرگرتوە.
تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە بە هەموو دەوڵەت و ڕژێم و ڕەوتە بۆروژوا لیبرال و قەومی و ئیسلامییەکان و تەنانەت ڕەوتگەلێکی بەڕواڵەت چەپ هەموویان لە ڕوانگەو گۆشە نیگای چینایەتی بۆرژوازی و سیستەمی سەرمایەداریەوە بۆ سەرجەم کیشەو ململانێ و ئابڵوقە ئابوریەکەو ئاکامەکانی دەڕوانن.
ئەوانەی بە هەر پلەیەک دژی ڕژیمی ئیسلامین و لە پاڵ ئەمریکان وا پڕوپاگەندە دەکەن کە گوایە ئەمریکا دەیەوێت ئەم ڕژێمە تیرۆریستی یە لەناو بەرێت، و لە جێگای ڕژێمێکی دیموکراسی دامەزرێنێت لە چەشنی ڕژێمە تایەفی و قەومییە لۆمپنەکانی عێراق. هەر لەم ڕوانگەیەشەوەیە کە زۆرێک، بە تایبەتی ڕەوتە بۆرژوا ڕەنگاوڕەنگە نەیارەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئیران، پشتیوانی بێ درێغی سەرجەم سیاسەتەکانی ئەمریکا دەکەن.
بەشێکیش لە دەوڵەت و ڕەوتە ئیسلامییەکان لە ڕوانگەی بەژەوەندییەکانیان لەگەڵ ڕژێمی ئیسلامی، بە تایبەتی شیعەگەراکان، کەم تا زۆر دژی سیاسەتەکانی ئەمریکان. هەندێک ڕژێمیش ڕاو هەڵوێستی دوو ڕووییان هەیە لە چەشنی تاقمە لۆمپنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق ولەم نێوەدا سەرگەردان بوونە.
بەڵام لە ڕوانگەی بەرژەوەندیە چینایەتییەکانی خەڵکی کرێکارو توێژە ستەمدیدەکان و بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازییەوە لە بنەڕەتەوە ئەم کێشەو ململانییە تا دەگاتە  سزادانی ئابڵوقەی ئابوری و هەڕەشەی شەڕ، دورو نزیک پەیوەست نییە بە ماف و ئازادییەکانی خەڵکەوەو لە قازانجیان نییە. بە پێچەوانەوە خەڵک بونەتە قوربانی سەرەکی .
لە ڕاستیدا ئەوەی دەوڵەتی تیرۆریستی ئەمریکا لە دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی ئێرانی دەوێت تەنها ئەوەیە ئەگەر نەبێتە دۆست و هاوکارێکی جدی ئەمریکا، وەک دەسەڵاتی ئیسلامی سعودی  ،ئەوە نابیت ڕێگریش بکا لەبەردەم بەدیهێنانی ستراتیژی سیاسی و ئابوری و سەربازی ئەمریکادا بەرامبەر زلهێزە تازە هەڵچوەکانی جیهان لەوانە ڕوسیاو چین و یابان و…هتد.
ئەوە دیارە کە ئەمریکا هیچ کات ناوەڕۆکی کارنامەی سیاسی و تیرۆریستی ئەم رژێمەی ئێرانی بەرامبەر جەماوەری ناوخۆ و ناوچەکەو جیهان بۆ مەبەست نەبووە .هەر لە تیرۆریزمەکەیەوە تا دەگاتە  سەرکوتی سیاسی و بێمافی و هەژاری و نەداری و نەبوونی سەرەتاییترین ماف و ئازادی لە ئێراندا هیچیان پرسێکی گرینگ نەبوونە بۆ ئەمریکا.
ئەگەر چی ئەمریکا بانگەشەی وا دەکات، بەڵام کاتێک سەرنجی دۆستایەتی ئەمریکاو سعودیە بدرێت ئەوکات هەمو ئەو بانگەشانە بە درۆ دەخرێنەوە.
هەروەک وتمان ئامانجی ئەمریکا لەهەموو ئەم کێشەو ململانێ و سزای ئابڵوقەی ئابوری و هەڕەشەی شەڕ ئەوەیە کە ڕژێمی ئیسلامی ئەگەر نەبێت بە دۆستێکی وەک سعودیە ئەوە نابێت ببیت بە ڕیگر لەبەردەم سیاسەتەکانی ئەمریکا. خۆ ئەگەر هەر ڕێگری بکات  ئەوکات  نەک هەر سزای ئابوری، بەڵکو ئەگەر هەیە جەنگیش بەرپا بکات بۆ ڕوخانی  بەهاوکاری دەستەو تاقمە لۆمپەنەکانییەوە.  بێگومان ئەو شەڕەش بە کوشتارو ئاوارەیی و کاولکاری و ماڵوێرانکردنی دەیان ملێون کەس تەواو دەبێت هەروەک شەری ئەمریکا لە سۆماڵ و ئەفغانستان و عیراق و سوریا و لیبیاو یەمەن و… هتد. ئەو کاتەش لە جێی ڕژێمی ئیسلامی دەستەوتاقمە لۆمپنەکان بەناوی دەوڵەت و حکومەتی دیموکراسی یەوە دێنێتە سەر کار.
دیارە ئەم سیاسەتانەی ئەمریکا  لە کاتێکدایە کە ڕژێمی ئیسلامی لەسەر بورکانی ڕق و ناڕەزایەتی ڕادیکالانەی جەماوەری ئازادیخوازو یەکسانیخواز ڕاوەستاوە. خۆپیشاندانەکان و مانگرتنە سەربەخۆ دەیان ملیونەکانی ئەم چەند ساڵە بەڵگەی ئەوەن کە بێ دەخاڵەتی ئەمریکا ڕوخانی ڕژێمی ئیسلامی لە توانای جەماوەرو بەرەی چەپ و ئازادیخوازیدایە.
بەڵام بێگومانە کە ئەمریکاو هەموو دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان نەک هەر پشتیوانی ئەم جۆرە جوڵانەوە ناڕەزایەتییە ڕادیکاڵانە ناکەن، بەڵکو هەموو هەولێک دەدەن لاوازی کەن و بەلاڕییدا بەرن. لەم بارەیەوە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و زلهێزە ئیمپریالیەکانی تری جیهان ئەزمونیان لە ڕاپەرینی بەهمەنی ساڵی ١٩٧٩ و، هەم لە ڕاپەرینەکانی تونس و میسر…هتد وەرگرتوە.
جا کە لەم گۆشە نیگایەوە سەرنج لەم کێشەو ململانێیانە، کە ئێستا لە ئابڵوقەی ئابوریدا چڕ بۆتەوە، بدرێت ئەوە وەڵامی پرسیارەکە هەر ئەو ڕاوبۆچونەی ئێمە دروست دەبیت لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی جەماوەری ستەمدیدەو ئازادیخوازەوە. ئەوەش دەستەمۆکردنی ئێرانە تا نەبێتە لەمپەر لەبەردەم ئامانجەکانی لە ڕویی سیاسی و ئابوری و سەربازییەوە لە ناوچەکەدا.
بێگومان نەک هەر بڕیاری ئابڵوقە ئابوریەکەی ئەمریکا بە قازانجی جەماوەرو بەرەی ئازادیخواز نییە، بەڵکو هیچ سیاسەتێکی ئەمریکا لە قازانجی جەماوەردا نییە.
بۆیە نابێت هیچ کەسێکی ستەملێکراو ئازادیخواز و یەکسانیخواز و ژێردەستەی ڕژێمی ئیسلامی ئێران خۆشخەیال بێت  بە بانگەشەکانی ئەمریکا و ئەو لایەنانەش کە پێیان وایە فشارەکانی ئەمریکا دەبێتە دەرفەتیک بۆ لاوازکردنی ڕژیمی ئیسلامی یاخود ڕوخانی بە قازانجی جەماوەری ستەمدیدە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.