بیره‌وه‌ری سه‌ربازێك له‌جه‌نگی كه‌نداو دا… ئەحمەد عەلی
بیره‌وه‌ری سه‌ربازێك له‌جه‌نگی كه‌نداو دا…
جه‌نگی عێراق و هاوپه‌یمانان له ساڵانی ١٩٩٠و ١٩٩١ دا.
هیوادارم بۆ زانیاری زیاتر و تێگه‌یشتن له‌سه‌ر ئه‌و جه‌نگه وێرانكه‌رو خوێناویه‌ی ٢٥ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌ڵگیرسا و مێژووی عێراقی گۆڕی، ئه‌م نووسینه بخوێننه‌وه.
ئه‌حمه‌د عه‌لی
ئێستا كه ئه‌م بیره‌وه‌ریانه ئه‌نوسمه‌وه، نزیك به ٢٦ ساڵ به سه‌ریاندا تێپه‌ڕیووه، خه‌یاڵی ئه‌و سه‌رده‌مه‌م كاڵ بووه‌ته‌وه‌و له‌وانه‌یه زۆرێك له ڕوداوه‌كانم له یاد نه‌مابێ، هه‌وڵی ئه‌م نووسینه‌و ئامانجی من، نوسینه‌وه‌ی مێژووی جه‌نگێك نییه كه دونیای سه‌رقاڵ كرد، تۆماركردنی كاره‌سات و ڕوداوێكی ده‌ردناكه كه من و ده‌یان هه‌زار مرۆڤی وه‌ك من، به ناچاری بوو به به‌شێك له ته‌مه‌ن و مێژوومان، به‌داخه‌وه ئێمه نه‌وه‌یه‌ك بووین له نێو جه‌نگ و وێرانكاریا گه‌وره بووین و بیرمان كرده‌وه‌و خه‌ونمان بینی، ئه‌وه‌ی كه مه‌به‌ستمه پارچه‌یه‌ك، گۆشه‌یه‌كی ڕوداوێك بۆ مێژوو بگێڕمه‌وه، ڕوداوێك كه بریتیه له جه‌نگێكی خوێناوی، له مردنی زیاتر له ١٠٠٠٠٠ سه‌دهه‌زار مرۆڤ. ئه‌م بابه‌ته، ته‌فسیر و لێكدانه‌وه نییه، ڕوانگه نییه، تێڕوانینێك نییه، ته‌نیا باسی واقعێكه كه خۆمی تیادا ژیاوم، باسی ڕوداوێكی گرنگه و چیرۆكی زه‌مانێكه كه مێژوو و ئاینده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی به گشتی و بۆ هه‌تاهه‌تایه گۆڕی. لایه‌نی كه‌م گرنگه كه دوو نه‌وه‌ی نوێ به‌م چیرۆكه سه‌ختانه ئاشنا بن و ئاگایان له‌وه هه‌بێ كه له سێ ده‌یه‌ی ڕابوردوودا یه‌كێك له خوێناوی‌ترین جه‌نگه‌كان له وڵاتی ئه‌واندا ڕویداوه.
ساڵی ١٩٩٠ ئه‌و كات من سه‌ربازێكی گه‌نجی سوپای عێراق بووم، ئێمه سه‌ربازی زۆره ملێ بووین، ساڵی ١٩٩٠ عێراق ته‌نیا دوو ساڵ بوو كۆتایی به شه‌ڕی ٨ ساڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران هێنابوو، ته‌نیا دوو ساڵ تێپه‌ڕیبوو به سه‌ر هێرش و په‌لاماره‌كانی حكومه‌تی به‌عسدا بۆسه‌ر كوردستان وكیمیابارانكردن و كۆمه‌ڵكوژی ده‌یان هه‌زار له خه‌ڵكی سڤیلی كوردستان و سوتاندن و وێرانكردنی هه‌موو دێهاته‌كان و دواجاریش سه‌رنگونكردنی زیاتر له سه‌دوپه‌نجا هه‌زار هاووڵاتی كوردی عێراق له پڕۆسه‌ی ئه‌نفالدا .
له‌و ساڵه‌داو له ٢ی ئابدا، له هێرشێكدا بۆسه‌ر وڵاتی كوه‌یت كه له‌چوار لاوه له‌لایه‌ن سوپا و پاسه‌وانی كۆماری و هێزه تایبه‌ته‌كانه‌وه ئه‌نجامدرا و ته‌نیا دوو ڕۆژی خایاند، وڵاتی كوه‌یت له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه داگیر كرا، له‌و شه‌ڕه‌دا زیاتر له ٤٢٠٠ هه‌زار سه‌ربازی كوه‌یت و زیاتر له‌٥٠٠ هاووڵاتی كوژران و زیاتر له ٦٠٠ هاووڵاتی كوه‌یت به دیل گیران وله به‌رامبه‌ریشدا زیاتر له ٢٥٠ سه‌ربازی عێراقیش كوژران. هۆكاری ئه‌م داگیركردنه‌ش له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه، مه‌سه‌له‌ی قه‌رزه‌كانی سه‌ر عێراق كه ئه‌و كات ٦٠ ملیار دۆلار قه‌رزار و مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و سنوره‌كان بوو، حكومه‌تی عێراق داوای له كوه‌یت و سعودیه كرد له قه‌رزه‌كانیان له‌سه‌ر عێراق خۆشبن له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی كه شه‌ڕی عێراق له‌گه‌ڵ ئێران پاراستنی ئه‌و دوو وڵاته بووه له داگیركردنیان له لایه‌ن ئێرانه‌وه، له‌لایه‌كیتریشه‌وه عێراق كه به نیازبوو له‌دوای جه‌نگ به فرۆشتنی نه‌وت قه‌رزه‌كانی سوككاته‌وه، له‌و كاته‌یا سعودیه و كوه‌یت بڕێكی زیاتر نه‌وتیان خسته بازاڕه‌وه‌و نرخی نه‌وت له ١٨ دۆلاره‌وه دابه‌زی بۆ ١٠و١٢ دۆلار، ئه‌م هه‌ڵوێسته، حكومه‌تی عێراق به دوژمنكارانه‌ی دانا و پێیوابوو كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت دژایه‌تیكردنی ڕاسته‌وخۆی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی عێراقه.
داگیركردنی كوه‌یت سه‌ره‌تای سه‌رده‌م و مێژوویه‌كی تازه بوو، ئێمه ئه‌وكات له سه‌ربازگه‌ی تاجی له نزیكی به‌غدا سه‌رباز بووین، له ڕاستیدا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سوپای عێراق له‌لایه‌ن وڵاتێكی بچوكی وه‌ك كوه‌یته‌وه زه‌حمه‌ت بوو، بۆیه هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌سپێكردنی جه‌نگداو دوای چه‌ن كاتژمێرێك، خانه‌واده‌ی شاهانه‌ی كوه‌یت (جابر ئه‌لئه‌حمه‌د ئه‌لسه‌باح) به فڕۆكه كوه‌یتیان جێهێشت و هه‌ڵاتن و سه‌دان هه‌زار له هاووڵاتی كوه‌یتی خۆیان گه‌یانده سنوره‌كانی سعودیه.
حكومه‌تی عێراق ملیۆنێك و دووسه‌د هه‌زار سه‌رباز و هێزی تایبه‌ت و٧٥٠ فڕۆكه‌ی جه‌نگی و ٥٨٠٠ ده‌بابه و٥١٠٠ موده‌ڕه‌عه‌و ٣٨٥٠ تۆپهاوێژ و سه‌دان هه‌زار پا‌رچه چه‌كی ڕه‌وانه‌ی كوه‌یت و ده‌وروبه‌ری كرد، به‌ڵام داگیركردنی كوه‌یت ده‌نگدانه‌وه‌و كاردانه‌وه‌ی خێرا‌و گه‌وره‌و جیهانی به‌دوای خۆیدا هێنا، ئه‌وكات هێشتا ساڵێك به‌سه‌ر شكستی بلۆكی ڕۆژهه‌ڵاتدا تێپه‌ڕیبوو، دونیا، دونیای یه‌ك قوتبی بوو، ئه‌مریكا له‌م نێوه‌دا ده‌وری باڵای له دونیادا ئه‌گێڕاو پێویستی به‌وه‌بوو هێزو توانایی خۆی جارێكی‌تر به جیهان نیشانداته‌وه. كانونی یه‌كه‌م، وه‌رزی پایز، واتا ٢ مانگ دوای ئه‌و داگیركارییه، ئێمه‌ش به بڕیارێك ڕه‌وانه‌ی كوه‌یت كراین، به‌شێكی هه‌ره گه‌وره‌ی سوپا ڕوه‌و كوه‌یت به ڕێخرا. له‌به‌رامبه‌ردا و دژ به‌م داگیركاریه، ئه‌مریكا توانی هاوپه‌یمانێتیه‌ك له ٣٤ وڵات پێكبێنێ، كه به‌شێكیان وڵاتانی عه‌ره‌بی بوون، وڵاتانی هاوپه‌یمان ٩٥٩،٦٠٠ نۆسه‌دو په‌نجاو نۆ هه‌زارو شه‌ش سه‌د سه‌ربازیان بۆ جه‌نگی عێراق ئاماده كرد، زیاتر له ٢٤٣٠ فڕۆكه‌ی جه‌نگی و هه‌زاران تانك و تۆپ، هه‌وڵه دیبلۆماسیه‌كان ده‌ستیپێكرد، وڵاتانی عه‌ره‌بی بوون به دوو به‌ره‌وه، به‌ره‌یه‌ك له‌گه‌ڵ عێراق وه‌ك ئوردون ومیسر و جه‌زائیر و سودان و فه‌له‌ستین و … به‌ره‌كه‌یتریش له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان دابوون. ڕوسیا له هه‌وڵدابوو بۆئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به عێراق بێنێ به‌بێ هیچ مه‌رجێك پاشه‌كشه بكا، ڕوسیا ترسناكی پڕۆسه‌ی هێرشی زه‌مینی هه‌ست پێكردبوو وه كاره‌ساتی ده‌ره‌نجامه‌كانی ده‌زانی، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق تا هه‌فته‌یه‌ك پێش ده‌ست پێكردنی هێرشی زه‌مینی ملی به‌و داوایه نه‌دا، له‌و وه‌خته‌دا بوو كه‌مه‌جلیسی ئه‌منی ده‌ولی به بڕیاری ٦٦٠ داوای له عێراق كرد بكشێته‌وه‌و دواتریش له ٢٩ی نۆڤه‌مبه‌ری١٩٩٠ بڕیاری ٦٧٨یان ده‌ركرد و مه‌وعدی ١٥ی١ی ١٩٩١یان دانا بۆ كشانه‌وه‌و داوایان له حكومه‌تی عێراق كرد، له كوه‌یت بچێته‌ده‌ره‌وه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌م داوایه‌ی هاوپه‌یماناندا سه‌دام حوسێن ملی به‌و داوا‌و بڕیاره نه‌داو مه‌رجی ده‌رچونی سوریا له لوبنان و ئیسرائیل له‌خاكی فه‌له‌ستینی، دانا. مانگی ١٠ی ساڵی ١٩٩٠ كه ئێمه گه‌یشتینه كوه‌یت، وڵاتێكی وێرانمان بینی، وڵاتێك كه سه‌ربازگه‌یه‌كی گه‌وره بوو، بیابانه‌كانی سه‌فوان و جه‌هرا چۆڵتر له جاران و مات و خامۆش، تا چاو بڕی ئه‌كرد لم دونیای داپۆشیبوو، ئاوه‌دانی بەدی نه‌ئه‌كرا، كوه‌یت به یه‌كجاری تاڵان كرابوو، وڵاتێكی خاپوور كرا‌و، دڵته‌نگ و بۆنی باروت و نه‌وتی لێده‌هات، شه‌قامه‌كانی چۆڵ و به ده‌گمه‌ن مرۆڤی تیا ئه‌بینرا و ڕه‌نگی ژیانی پێوه نه‌مابوو. خه‌ڵكی كوه‌یت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دڕنده‌یی و بێڕه‌حمی سوپاكه‌ی عێراقیان بینیبوو، هێشتا به‌رگریان له‌خۆیان ئه‌كرد، ئه‌وان نه‌فره‌تیان له‌و هه‌موو كوشتار و زوڵمه هه‌بوو، بۆیه ده‌یان ده‌سته‌ی به‌رگریان به نهێنی پێكهێنابوو له‌نێو شاره‌كاندا، ده‌یان سه‌ربازی عێراقی له‌په‌لاماری ئه‌واندا گیانیان له ده‌ستدا، له هه‌ر شوێن و كاتێك بۆیان بلوایه په‌لاماری سه‌ربازی عێراقیان ئه‌دا، (جه‌زا حوسێن )كه دۆستێكی من بوو وه خه‌ڵكی سلێمانی بوو، له نێو ئۆتۆمبیلێكدا كاتێ به نارنجۆك هێرشیان كرابووه سه‌ر له‌گه‌ڵ چه‌ند سه‌ربازێكیتر به ده‌ستی ئه‌وان كوژرا. ( مه‌حمود عه‌زیز و موحه‌مه‌د ڕه‌حیم ) دوان له‌و كه‌س و هاوڕێیانه بوون كه هه‌م خه‌ڵكی كه‌لارو د‌راوسێ بووین و هه‌میش هاوڕێ بووین و ماوه‌یه‌ك بوو پێكه‌وه بوین و پێكه‌وه‌ش ڕه‌وانه‌ی كوه‌یت كراین، ڕێگای دورودرێژی باشور گه‌یشتن پێی ئاسان نه‌بوو، ڕێگایه‌كی تاقەتپڕوكێن بوو، پاسه‌كه ئێمه‌ی له‌و شوێنه‌دا دابه‌زاند كه بۆی گواسترابووینه‌وه، كه‌تیبه‌ی موده‌ڕه‌عاتی وه‌لید، ئێمه له سه‌حراكانی ( جه‌هرا) دا‌و له سه‌ربازگه‌یه‌كدا گیرساینه‌وه، بیابانه‌كانی باشور له زستاناندا سه‌رمایه‌كی تۆقێنه‌ری هه‌یه، بای ده‌ریا كاتێ به‌سه‌ر لمی بیاباندا تێئه‌په‌ڕێ، وه‌ك تیغێك روخسار و پێستی مرۆڤ شه‌ق ئه‌كا، هیچ شاخ و به‌رزاییه‌ك نه‌بوو به‌ری هه‌وای ساردی ده‌ریا بگرێ، شه‌وان چۆڵه‌وانی بیابان مرۆڤ وردوخاش ئه‌كا. تاریكی، ترس له ئاینده، له جێگایه‌كدا كه پڕبێ له تفه‌نگ و جه‌نگاوه‌ر مانایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه. له كات و شوێنێكی وادا كه ژیانی تیا نامێنێ و هه‌موو شت ده‌بێته هه‌وڵێك بۆ مانه‌وه، وێرانكه‌ره. ئه‌و جێگه‌یه‌ی ئێمه‌ی لێ بووین له شاری كوه‌یتی پایته‌خته‌وه دوور نه‌بوو، ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌كی پێچوو تا جارێكی‌تر كه‌تیبه‌كه‌مان گوازرایه‌وه و من و مه‌حمود به ته‌نیا له‌وێ ماینه‌وه، ئێمه وه‌ك پاسه‌وانی زریپۆش و ئۆتۆمبیله سه‌ربازییه په‌ككه‌وتووه‌كان مابووینه‌وه، ته‌نیا دوو كه‌س و بیابانێك، به زه‌حمه‌ت خواردن به ئێمه ئه‌گه‌شت، له نێو ژورێكا بووین كه به له‌وح دروستكرابوو، خواردنمان نه‌بوو، هه‌رچی سه‌مونی وشكه‌وه‌بووی كۆن هه‌بوو، له ئاودا نه‌رممان ئه‌كرده‌وه‌و ئه‌مانخوارد، دۆخێكی خراپان هه‌بوو، دوو جرج به ته‌نیشت ئێمه‌وه كونێكیان هه‌بوو، به‌بێ ویستی خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو جرجه‌دا ببوین به د‌راوسێ، ئه‌وانمان دانابوو بۆ ته‌نگانه، بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی كه هیچ نابێ بیخۆین و به‌شی ژه‌مێكمان ئه‌كا، كتێبمان له‌گه‌ڵ خۆمان بردبوو زۆرتر خه‌ریكی خوێندنه‌وه بووین، ئاخر كاته‌كان یه‌كجار درێژ بوون، هیچ سه‌رگه‌رمیه‌كمان نه‌بوو، جارجار نیشانه‌مان داده‌ناو فیشه‌كمان پێوه ده‌نابه گشتی له دۆخێكی ده‌رونی سه‌ختا بووین و له هه‌مووشی سه‌ختتر ئه‌وه بوو هیچ ئاینده‌یه‌كمان لێوه دیار نه‌بوو. ئه‌م كورته شیعره له نێو ئه‌و خانووه له‌وحه‌یا نوسیبووم : هۆ هۆ سازان تۆ ئه‌ی كچه نازداره‌كه‌ی نێو لادێیه‌ك له كوردستان بیستم وتیان، نیوه شه‌و بوو وه‌ك هه‌وری ڕه‌ش به‌سه‌رتانا داڕوخان و هه‌موو لادێ وێرانكرا وه‌كو بیستم، باوك و برات شه‌هید كران به‌ڵێ سازان، خۆت دایك و خه‌ڵكی لادێ به بێده‌نگی به‌ره‌و چیا كه‌وتنه ڕێ له دووره‌وه، له چیاوه كه ئه‌ڕوانی لادێكه‌تان له باوه‌شی تاریكیا وه‌كو مۆمێك وا ئه‌سوتێ .
سه‌ره‌تای مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٩٠ دیسان به‌ره‌و شوێنێكیتر كه نزیكتر بوو له پایته‌خته‌وه گواستراینه‌وه، ئه‌وێ ئاوه‌دانتربوو، ئێمه ٤ سه‌رباز بووین له ژورێكا و هه‌موومان كورد بوین، ئه‌فسه‌ره‌كان هه‌موو به‌یانیه‌ك كۆمه‌ڵێك سه‌ربازیان له‌گه‌ڵ خۆیان ئه‌بردو ئه‌چونه ناو ماڵه‌كانه‌وه و تاڵانیان ئه‌كرد، ئێواران كه ده‌گه‌ڕانه‌وه له‌گه‌ڵ خۆیان ئه‌یانهێنایه‌وه‌و به‌شێكی بۆ حكومه‌ت و به‌شێكی بۆ خۆیان بوو وه ڕه‌وانه‌ی عێراقیان ئه‌كرده‌وه، تاڵانیه‌كی ده‌وڵه‌تی بوو، هه‌رچی شتی گرانبه‌های وه‌ك زێڕ و پاره هه‌بوو له ڕۆژانی یه‌كه‌می دوای داگیركردن ڕه‌وانه‌ی عێراق كرانه‌وه، ڕێگای نێوان (جه‌هراو سه‌فوان و به‌سره) پڕ بوو له ئۆتۆمبیلی بارهه‌ڵگر و باره‌كانیان ده‌گه‌یانده‌وه عێراق. له‌لایه‌كیتره‌وه ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی هاووڵاتیانی كوه‌یتی زۆر ده‌درا و هه‌ندێكجار به به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه ئه‌وانه‌یان ده‌كوشت كه‌سه‌ر به حكومه‌تی كوه‌یت بوون. له‌گه‌ڵ هه‌وڵه دیبلۆماسیه‌كاندا بابه‌تی ڕوودانی جه‌نگ له ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه گه‌رمتر ئه‌بوو، میدیا له‌ئاستی جیهاندا یه‌كێك له باسه گه‌رمه‌كانی داگیركردنی كوه‌یت بوو، حكومه‌تی عێراق ده‌كشێته‌وه یان جه‌نگ ڕوده‌دا؟ ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌رێكی به‌هێز بوو، هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ بوو،٢ ڕۆژ دوای داگیركردن واتا له ٤ی ئۆگوستدا حكومه‌تی عێراق، حكومه‌تێكی كاتی به سه‌ركردایه‌تی (عه‌لا حوسێن جابر) له كوه‌یت پێكهێناو له ٨ ی ئۆگستدا ئه‌و حكومه‌ته كاتییه خۆی وه‌ك به‌شێك له عێراق ناساند و كوه‌یت كرا به پارێزگای ١٩ هه‌می عێراق. فه‌زای شه‌ڕ سایه‌ی كردبوو به‌سه‌ر سوپادا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سوپای عێراق به یه‌كێك له سوپا دڕه‌كان ناسرابوو، به‌ڵام هیچ ئومێد و باوه‌ڕێك نه‌بوو به‌وه‌ی عێراق بتوانێ له‌م جه‌نگه‌یا سه‌ركه‌وێ، هاوپه‌یمانان ئاماده‌كاریان كردبوو، ئێمه بۆمان هه‌بوو به ته‌نیا گوێ له ڕادیۆی عێراق بگرین بۆئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان كاریگه‌ری له‌سه‌ر وره‌مان نه‌بێ، له‌و كاته‌نه‌یا زۆرجار هه‌واڵی ئه‌وه ئه‌گەیشت كه سه‌ربازانی عێراق خۆیان ته‌سلیم به‌هێزی هاوپه‌یمانان له سنوری سعودیه ئه‌كرد، ئێمه هه‌موو ئه‌وه‌مان ده‌زانی چی كاره‌ساتێك به‌ڕێوه‌یه، ده‌مانزانی چی خوێنێك ده‌رژێ، تا هه‌فته‌یه‌ك پێش ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ، مۆڵه‌ت نه‌وه‌ستابوو، سه‌ره‌تای مانگی ١ی ١٩٩١ موحمه‌د ڕه‌حیمی هاوڕێمان به مۆڵه‌ت گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه، هیچ ئومێدێك نه‌بوو بۆ كشانه‌وه‌ی سوپای عێراق له كوه‌یت، دۆخه‌كه تا ئه‌هات ئاڵۆزتر ئه‌بوو، ترسێك سایه‌ی كردبوو به‌سه‌ر هه‌موومانا، ڕۆشناییه‌ك له ڕوخساری ئێمه‌یا نه‌مابوو، ڕۆژی سێشه‌ممه ٩ی ١ مه‌حمودیش كاتی مۆڵه‌تی هات، عه‌سرێكی باراناوی بوو، نم نم باران ئه‌باری، كه‌شێكی یه‌كجار دڵته‌نگ و مات، یه‌كێك له ئه‌فسه‌ره‌كان بانگی كردم و مۆڵه‌ته‌كه‌ی مه‌حمودی دایه ده‌ستم، منیش به‌ڕاكردن مۆڵه‌ته‌كه‌م گه‌یانده مه‌حمودو له دووره‌وه هاوارم كرد، بڕۆره‌وه، بگه‌ڕێره‌وه، تۆ ئیتر له‌م بیابانهیا نامریت، خوێنی تۆ لێره‌یا ناڕژێ، ڕاستیه‌كه‌ی وا بوو شانسی ڕزگاربوون له‌و جه‌نگه، ڕوداوێك بوو له نێوان مردن و ژیانا، من و مه‌حمود به دڵی پڕ‌و چاوی پڕ فرمێسكه‌وه یه‌كمان له باوه‌ش گرت و ماڵئاواییمان له یه‌ك كرد، بۆ هه‌ردووكمان وه‌ك دوا دیدار وا بوو، زه‌حمه‌ت بوو باوه‌ڕ به‌وه بكه‌ین، بتوانین جارێكی‌تر یه‌كتر ببینینه‌وه، به‌ڵام ئه‌و هیچ ڕێگاو هه‌ڵبژاردنێكیتری له به‌رده‌مدا نه‌بوو، ئه‌و دوا كه‌س بوو كه جێیهێشتم و له‌ناو خوێن و ئێسقانه‌كانمه‌وه هه‌ستم به ته‌نهاییه‌كی بكوژ ئه‌كرد، ئه‌و ته‌نها ئه‌یتوانی نامه‌ی سه‌ربازێك له به‌ره‌كانی شه‌ڕه‌وه بگه‌یه‌نێته‌وه به خێزانه‌كه‌ی، من كه پێموانه‌بوو جارێكی‌تر هیچ كه‌سێك له‌وان، له خێزانه‌كه‌م ببینمه‌وه، نامه‌یه‌كم له‌و فه‌زا خنكێنه‌ره‌دا نووسی و به‌ودا ناردمه‌وه بۆ كه‌سوكارم. ئه‌و جانتاكه‌ی هه‌ڵگرت و منیش تا ون بوو لێم ڕوانی، ئه‌و وه‌ك دوا خاڵی نێوان من و خێزانه‌كه‌م وابوو، كه له‌وێوه ئه‌كرێ خاڵی كۆتایی بێ، دوای ئه‌و باری سه‌ر دڵی من گه‌لێك له جاران قورس‌تر بووه‌وه، دوای ئه‌و كاته ته‌نیا كه‌سانێك ئه‌یانتوانی بگه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌وه كه ته‌رمی سه‌ربازێكیان ده‌برده‌وه ماڵی خاوه‌نه‌كه‌ی. گه‌نجێك كه هێشتا ته‌مه‌نی نه‌گه‌شتبێته ٢٠ ساڵ و كه‌مترین ته‌جروبه‌ی سه‌ختیه‌كانی ژیانی هه‌بێ و ته‌نیاو ته‌نیا چۆن ئه‌متوانی به گژ دۆخێكی وادا بچومایه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا ڕۆحێكی زیندو و ئاگرین له ناخه‌وه وزه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پێ ئه‌به‌خشیم. ئێمه ڕۆژ و كاتژمێرمان ئه‌ژمارد، ١٥ی ١ كه كاتی هێرشكردنی هاوپه‌یمانان بوو نزیك بووه‌وه، خه‌ریكی دروستكردنی ژێر زه‌مین بووین بۆ خۆپاراستن له بۆردومانی فڕۆكه‌كان. شه‌وی ١٦ له سه‌ر ١٧ی مانگی ی ساڵی ١٩٩١ كاتژمێر ٤ی به‌یانی به شریخه‌ی موشه‌كی ٥٧ی دژه فڕۆكه و بۆردومانی فڕۆكەی هاوپه‌یمانان به خه‌به‌ر هاتین، ڕویدا، ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان بووین قه‌وما، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاسمانێك له مه‌رگ به سه‌رمانا ڕوخابێ، هه‌ستمان به سه‌ره‌تایی كۆتاییه‌ك ئه‌كرد كه خۆمان بووین، ئاخر (لم) ناتوانێ له‌به‌رامبه‌ر بۆمبا مرۆڤ بپارێزێ، (لم) به‌وناسكیه‌ی خۆیه‌وه، كوا به‌رگه‌ی توندوتیژیه‌كانی جه‌نگ ئه‌گرێ؟ به شڵه‌ژاویه‌وه خۆمانگه‌یانده ئه‌و په‌ناگایانه‌ی كه ته‌واومان نه‌كردبوو، له‌وێوه به چاوی خۆمان فڕۆكه‌و بۆمبه‌كانمان ئه‌بینی كه به‌سه‌ر ئێمه‌یا ئه‌كه‌وتنه خواره‌وه‌و هه‌موو شتێكیان وێران ئه‌كرد، له یه‌كه‌م بۆردومانا جێگری ئه‌فسه‌رێكمان كه خه‌ڵكی به‌غدا بوو له تیپه‌كه‌ی ئێمه‌یا بوو هه‌ر ئه‌و به‌یانیه زووه له مۆڵه‌ت گه‌ڕابووه‌وه‌و گه‌شتبوه‌وه لای ئێمه، كوژراو هێشتا جله سه‌و‌زه تۆخه‌كانی نه‌گۆڕیبوو، له‌و شه‌به‌قه سارده‌یا ئه‌و خوێنی لێ ئه‌ڕۆشت و هه‌ڵمی لێهه‌ڵده‌ستا. ئه‌و دیمه‌نه سه‌ره‌تای ده‌وره‌یه‌كی تازه بوو بۆ بیركردنه‌وه، بیركردنه‌وه له واقعێكی تاڵ و نوێ كه هه‌موو هاوكێشه‌كانی گۆڕی و سه‌ره‌تای كه‌وتنی ئه‌و ئومێده لاوازانه بوو به هه‌ڵنه‌گیرسانی جه‌نگ، جه‌نگێك كه كۆتاییه‌كه‌ی دیار نییه و هه‌موو شتێك له‌گه‌ڵ خۆیدا وێران ئه‌كا. كاتژێر ٢ی شه‌و یه‌كه‌مین هێرشی ئاسمانی بۆسه‌ر به‌غدا ده‌ستیپێكردبوو، ڕادیۆ ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕی بڵاوكرده‌وه‌و سه‌دام حوسێن هه‌ر ئه‌و ڕۆژه له وتارێكا كه ئاراسته‌ی خه‌ڵكی عێراق و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بی كرد، داوای مقاوه‌مه‌ت و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی كرد و وتی كه له‌و جه‌نگه‌دا عێراق سه‌ر ئه‌كه‌وێ. له زۆربه‌ی وڵاته عه‌ره‌بیه‌كان خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی دژ به هێرشكردنه سه‌ر عێراق ده‌ستیپێكرد و قوتابیانی زانكۆكانی میسر یه‌كه‌مین ناڕه‌زایه‌تیان به‌ڕێخست و ئاڵای ئه‌مریكایان سوتاند و پشتیوانیان بۆ خه‌ڵكی عێراق ده‌ربڕی. به‌ره‌به‌یانی ١٧.١ ئه‌مریكا هه‌موو ڕاداره‌كانی عێراقی په‌كخستبوو. له‌و شه‌وه‌دا بیابانه‌كانی كوه‌یت و شاری به‌غدا گڕیان گرت، بیابانه‌كانی كوه‌یت كه سه‌راپا سوپا بوو هه‌ر چۆنێك بۆردومان بكرایه زۆرترین سه‌رباز ئه‌كوژران، سه‌ره‌تا به بۆردومانكردنی هه‌موو ئه‌و چه‌ك و موشه‌كانه ده‌ستیپێكرد كه به‌ره‌نگاری فڕۆكه جه‌نگیه‌كان ئه‌بوونه‌وه. له‌گه‌ڵ ده‌سپێكردنی شه‌ڕا ڕۆژی ١٨.١ ، كاتژمێر ٤ی به‌یانی حكومه‌تی عێراق چه‌ند موشه‌كێكی سكۆدی ئاراسته‌ی شاری زه‌هرانی سعودیه و ئیسرائیل كرد. ڕۆژانه زیاتر له ٢ هه‌زار جار شاره‌كانی عێراق و سوپای عێراق له كوه‌یت ڕووبه‌ڕووی هێرشی ئاسمانی فڕۆكە جه‌نگیه‌كانی هاوپه‌یمانان ئه‌بوونه‌وه، هه‌موو شوێنه گرنگه‌كان، ٣٠ كۆشكی سه‌دام حوسێن و سه‌دان پرد‌و ده‌زگاو بنكه‌ی سه‌ربازی و قوتابخانه و شوێنی نیشته‌جێبوونی هاووڵاتیان كه‌وتنه به‌ر هێرش، هه‌زاران كه‌س له سوپا‌و هاووڵاتی گیانیان له ده‌ستدا، ئاسمانی كوه‌یت به دووكه‌ڵ ڕه‌شهه‌ڵگه‌ڕا، بیره نه‌وته‌كان به‌ر هێرشه‌كان كه‌وتن و گڕیانگرت، سه‌دان و هه‌زاران تانك و تۆپ و زریپۆش تێك‌شكێنران. ٢٦ی١ ئێمه ٦ كه‌س بۆ شوێنێكیتر گوازراینه‌وه، ٣ كورد و ٣ عه‌ره‌ب بووین، له‌وێ په‌ناگا، ژێرزه‌مینێكما به‌زوویی ئاماده‌كرد و هه‌ر له‌وێدا ئه‌ژیاین، كۆمه‌ڵێكی زۆر تانكه‌ری گاز و به‌نزین له نزیكمان بوون، حه‌سه‌ن ناوێك كه‌پێشتر پێشمه‌رگه بوو له‌كاتی پڕۆسه‌ی ئه‌نفالدا گه‌ڕابووه‌وه، پێكه‌وه له‌و ژێر زه‌مینهیا ئه‌ژیاین. له‌كاتێكا دۆخی سوپای عێراق له‌وپه‌ڕی خراپیدا بوو، له په‌لامارێكا شاری سنوری خه‌فجی سعودیه له‌لایه‌ن عێراقه‌وه داگیر كرا، به‌مه ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانان توشی شۆك بوون و حكومه‌تی سعودیه‌ش ڕاچه‌ڵه‌كا، بۆیه به هاوكاری سه‌ربازی هاوپه‌یمانان دوای ٢ ڕۆژ شه‌ڕ و كوژرانی نزیك به ٤٠ سه‌ربازی هاوپه‌یمانان، سوپای عێراق له‌و شه‌ڕه‌دا تێكشكاو وه‌ده‌رنران.
هێرشه ئاسمانیه‌كان به جۆرێك چڕ بوون كه عێراق نه‌یتوانی زیاتر له هه‌فته‌یه‌ك به‌ره‌نگار بێته‌وه، له ساتێكا ده‌یان فڕۆكه‌ی جه‌نگی به ئاسمانه‌وه بوون، له‌وكاته‌یا هاوپه‌یمانان بڵاوكراوه‌یان به شێوه‌یه‌كی فراوان فڕێده‌دایه خواره‌وه بۆ سوپای عێراق، ئه‌و بڵاوكراوانه كاریگه‌ری زۆری له تێكشكاندنی ڕۆحیه‌تی مقاوه‌مه‌ی سوپای عێراقدا هه‌بوو، هه‌موو ڕۆژێك ئه‌و بڵاوكراوانه به‌سه‌رماندا ئه‌بارین، وێنه‌ی جۆراوجۆر بوون، بۆ نمونه سه‌ربازێك له‌جه‌نگا كوژراوه‌و خێزانه‌كه‌ی هێشتا چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ین، بیابان پڕ بوو له‌و بڵاوكراوانه‌و داوایان له سوپا ئه‌كرد كه شه‌ڕ بۆ حكومه‌تی عێراق نه‌كه‌ن و خۆیان ته‌سلیم به هاوپه‌یمانان بكه‌ن. له جارێك له بۆردومانه‌كاندا بۆمبێك به ته‌نیشت په‌ناگاكه‌مانه‌وه كه‌وته خواره‌وه‌و زۆری نه‌مابوو به‌سه‌رمانا بڕوخێ، ماڵه‌كه‌مان پڕ بوو له پارچه‌ی موشه‌ك و به ڕێكه‌وت كه‌سمان نزیك به ده‌روازه‌كه نه‌بووین، ئه‌وه په‌یامێكی زۆر توند بوو بۆ ئێمه كه ئه‌مڕۆ یا سبه‌ی بۆمبێك به سه‌ر ژێر زه‌مینه‌كه‌ماندا ئه‌كه‌وێت و كۆتاییمان پێدێ، بۆنی باروت و دوكه‌ڵ و تۆز خه‌ریك بوو ده‌یخنكاندین. سه‌ربازگه‌یه‌ك نزیكمان بوو، ڕۆژێك پیاوێكی بڕێک به ته‌مه‌ن هاته لامان، ئه‌و له‌سه‌ر دۆشكه‌یه‌كی دوو لوله‌یی بوو، به وره‌یه‌كی به‌رزه‌وه باسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی فڕۆكه‌كانی ئه‌كرد چۆن نیشانیان لێ ئه‌گرێ و چۆن جارێك دۆشكه‌كه‌یان تێكشكاندووه‌و دۆشكه‌یه‌كی چوار لوله‌یان بۆ هێنابوو، منیش پێموت ئه‌گه‌ر ئه‌گات له خۆشت نابێ، كه‌مێك ئاگات له ئێمه بێ. به‌ڵام بۆ سبه‌ی موشه‌كێك خۆی و دۆشكه چوارلوله‌ییه‌كه‌یان پارچه‌پارچه كرد و ئه‌و دواین كه‌س بوو له نزیكی ئێمه به‌ره‌نگاری فڕۆكه جه‌نگیه‌كان بێته‌وه، ئه‌بو یوسف كه جێگری ئه‌فسه‌ر بوو، خه‌ڵكی كه‌ركوك بوو، ئه‌و كورد بوو، زۆر جار ده‌یوت بۆ خه‌ڵكی عێراق ڕاناپه‌ڕێ، ئه‌یوت ئێستا فورسه‌تێكه بۆ خه‌ڵكی عێراق ئه‌م ڕژێمه بڕوخێنن، له‌ڕاستیا له‌و كاته‌یا كه‌س بیری له شۆڕش و ڕاپه‌ڕین نه‌ئه‌كرده‌وه. هه‌موو تانكه‌ری گاز‌و به‌نزینه‌كان سوتان و تانكه‌كانی ده‌وروبه‌ری ئێمه تێك‌شكێنران، چه‌ندینجار مه‌رگ چه‌ن مه‌ترێك لێمانه‌وه دوور بوو، به‌ڵام ئێمه له نێو بۆمب و موشه‌ك و ده‌نگی فڕۆكه‌یا، هێشتا هه‌ناسه‌مان ئه‌دا. له‌وێ ئاسمان به دوكه‌ڵێكی ڕه‌ش داپۆشرا بوو كه باران ئه‌باری، وه‌ك ئه‌وه بوو به بۆیاغێكی ڕه‌ش هه‌موو شتێك ڕه‌نگكرابێ، له‌وێ له‌به‌ر سه‌لامه‌تی و خۆلادان له بۆردومانی فڕۆكه‌كان، هاتوچۆ به جۆرێك نه‌مابوو، كه‌مترین جوڵه هه‌بوو، بۆیه چه‌ند ڕۆژ جارێك سه‌یاره‌یه‌كی سه‌فه‌ری ئه‌هاته سه‌ربازگه‌كه‌ی ته‌نیشتمان و ئه‌بوایه ئێمه‌ش بگه‌ینه ئه‌وێ بۆئه‌وه‌ی پێداویستیه‌كانی خۆمان بكڕین.
٧ی ٢ی ١٩٩١ به حه‌سه‌ن، ئه‌و كه‌سه‌ی كه له مه‌لجه‌ئه‌كه‌یا له‌گه‌ڵم بوو، وت كه من ئه‌ڕۆمه‌وه، ئه‌و وتی ئێستا ده‌یان مه‌فره‌زی له سێداره‌دان هه‌یه و مه‌حاڵه بتوانی بگه‌یته‌وه، ئه‌و ڕاستی ئه‌كرد مه‌فره‌زه‌ی ئیعدامات له هه‌موو شوێنێك هه‌بوو، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌شی كه له‌كاتی هه‌ڵهاتندا ده‌سگیرئه‌كران، له‌وێدا ئه‌كوژران و له‌سه‌ر ته‌رمه‌كانیش كاتێ كه ده‌یاننارده‌وه بۆ كه‌س و كاریان، ده‌یاننوسی ترسنۆك، به‌ڵام من بێگومان بووم كه له‌م شوێنه‌یا ڕزگار بوون مه‌حاڵه و ئه‌مڕۆ یا سبه‌ی به ده‌م موشه‌كێكه‌وه پارچه‌پارچه ئه‌بین، له‌و كاته‌یا و له‌و شوێنه‌یا هه‌ڵاتن له ئه‌ركی سه‌ربازی سه‌ركێشیه‌كی گه‌وره بوو وه سزاكه‌شی مردن بوو، ڕێگایه‌كیتر نه‌بوو یا ئه‌وه بوو له‌و بیابانهیا بمرین یا هه‌وڵێك بده‌ین بۆ خۆ ڕزگاركردن، ڕاستیه‌كه‌ی من داوام له حه‌سه‌ن نه‌كرد كه پێكه‌وه بڕۆن، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێ پێمووت كه من ئه‌ڕۆم، به‌ڵام ئه‌و بیرۆكه‌كه‌ی پێ‌باش نه‌بوووه هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ئه‌دا كه جارێ بوه‌ستین و بزانین، ئه‌م دۆخه بۆ كوێ ئه‌چێ.
ئێواره‌ی ٩ی٢ ده‌وروبه‌ری كاتژمێر ٥، دوای ٢٤ ڕۆژ له نێو جه‌نگا ئاوه‌دانیم بینیه‌وه، من هه‌مووو ئه‌و خواردنانه‌ی كه بۆ كاتی تایبه‌ت پێماندرابوو خستمه ناو جانتاكه‌مه‌وه‌و چه‌كه‌كه‌م ته‌سلیم به ئه‌بو یوسف كرد و ماڵ‌ئاوایم لێ‌كردن، به‌ڵام كه ویستم ماڵئاوایی له حه‌سه‌ن بكه‌م، وتی بوه‌سته منیش له گه‌ڵتا دێم، من له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو ڕۆژه‌یا له‌گه‌ڵ كوردێك كه له سه‌ربازگه‌كه‌ی نزیكمان بوو ڕێككه‌وتبووم كه پێكه‌وه بڕۆین، ئه‌و پیاوه له كاتی ئه‌نفاله‌كه‌یا هاتبوونه خواره‌وه‌و له ته‌كێ دائه‌نیشتن، زمانی عه‌ره‌بی نه‌ئه‌زانی و ڕێگه شاره‌زا نه‌بوو. پێش خۆرئاوا بوون كه‌وتینه ڕێ، زۆر نه‌ڕۆیشتبووین، جێبێكی عه‌سكه‌ری هات و تا جاده‌ی گشتی نێوان جه‌هرا و سه‌فوان و له‌وێوه به‌ره‌و به‌سره هه‌ڵیگرتین، له‌وێوه له‌دووری جاده‌كه‌وه به‌پێ كه‌وتینه ڕێ، له‌ڕێگه سه‌ربازێكمان بینی كه كه‌مێك به ته‌مه‌ن بوو، كه من به عه‌ره‌بی ویستم قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م زانیم كه كورده‌و عه‌ره‌بی نازانێ، ئه‌ویشمان له‌گه‌ڵ هات و بووین به چوار كه‌س، نزیكه‌ی ٤ بۆ ٥ كاتژمێرێك به‌و ڕێگەیەدا ڕۆشتین و من یه‌كجار ماندووبووم، داوام كرد پشوویه‌ك بده‌ین و سه‌رخه‌وێ بشكێنین، نیو سه‌عاتێك من ڕاكشام، به‌ڵام حه‌سه‌ن كه خۆی كوڕی شاخ بوو، نه‌نووست و منی خه‌به‌ر كرده‌وه‌و وتی با بڕۆن، به‌ڵام من ئیتر توانای ڕۆشتنم نه‌مابوو، كات ده‌وروبه‌ری ٢ی به‌یانی بوو، ئه‌وان هه‌وڵیان زۆرداو من نه‌متوانی، هه‌مووشمان ئه‌وه‌مان ئه‌زانی گه‌ر ڕۆژ بێته‌وه مه‌حاڵه ڕزگارمان ببێ، من وتم من ئه‌ڕۆمه سه‌ر جاده‌كه‌و ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبیلێك هات ده‌ستی لێ ڕائه‌گرم، ئه‌وان وتیان ئه‌و كاره مه‌كه، كێ ناڵێ مه‌فره‌زه‌ی ئیعدامات ده‌رناچێ، به‌ڵام من هیچ چارێكیترم نه‌بوو، بۆیه من ڕووه‌و جاده سه‌ره‌كیه‌كه چووم و ئه‌وانیش به دواما هاتن، یه‌كه‌مین سه‌یاره لۆریه‌كی بارهه‌ڵگر بوو ده‌سمان لێ ڕاگرت، كه ئێمه‌ی له‌سه‌ر جاده‌كه بینی وه‌ستا و سه‌ركه‌وتین، لۆریه‌كه پڕ بوو له جامی په‌نجه‌ره، تاوه‌كو به‌سره گه‌یاندینی و له مه‌ترسیه گه‌وره‌كه ڕزگارمان بوو، كه گه‌یشتینه گه‌راجی به‌سره تاریك و كش و ماتبوو، هیچ ئۆتۆمبیلێك له گه‌راجه‌كه‌یا نه‌بوو، به‌ڵام سه‌دان كه‌س چاوه‌ڕێی هاتنی سه‌یاره‌یه‌ك بوون، پێش خۆركه‌وتن لۆریه‌كەمان خۆی كرد به گه‌راجه‌كه‌یا و هاواریكرد بۆ ناسریه، به حاڵێكی خراپ و به هاوكاری حه‌سه‌ن و هاوڕێكانم توانیم سه‌ركه‌وم و جێی خۆم كه‌مه‌وه، به‌هه‌ر جۆرێك بێت گه‌شتینه به‌غدا، له‌وێ ئه‌و كه‌سه‌ی كه خه‌ڵكی ته‌كیه بوو ماڵئاوایی لێكردین و ڕووه‌و گه‌راجی كه‌ركوك ڕۆشت، ئێمه‌ش به‌ره‌و گه‌راجی كه‌لار، به هه‌رحاڵێك بوو ١١ی ٢ واتا دوای ڕۆژ و به ١٧ ئۆتۆمبیلی جیاواز گه‌شتینه‌وه كه‌لار، ئه‌و پیاوه به ته‌مه‌نی كه لەناو كوه‌یتا به ڕێكه‌وت بینیمان، خه‌ڵكی مه‌جموعه‌ی باریكه بوو، كاتێ كه ماڵئاواییمان له یه‌ككرد، به گریانه‌وه وتی حه‌زت به چیبێ له‌م دونیایه‌و به من بكرێ بۆت ئه‌كه‌م، واییی چی خۆشحاڵیه‌ك ناخی ئه‌و پیاوه‌ی داگرتبوو، وه‌ك خۆی وتی نه زمان ئه‌زانم و نه ڕێگه شاره‌زابووم، ئه‌و پێیوابوو ئێمه ئه‌ومان له‌مه‌رگ ڕزگار كردووه، ناونیشانی ماڵی خوشكێكم له مه‌جموعه‌ی نه‌سر پێداو وتم ته‌نیا پێی بڵێ براكه‌ت هاتۆته‌وه. هاوار، ئه‌و پیاوه به‌رله‌وه‌ی بڕواته‌وه ماڵی خۆیان، ڕۆشتبووه ماڵی خوشكه‌كه‌م و هه‌واڵه‌كه‌ی پێدابوو.
١١ی٢ ی١٩٩١ كاتژمێر نزیكه‌ی ٥ ی به‌یانی، له كاتێكا باران ئه‌باری و دونیا سارد و بێده‌نگ بوو، من گه‌شتمه‌وه كه‌لار. شه‌وقێك ڕۆشنتر له‌هه‌تاو كه‌وتبووه دڵی منه‌وه، ڕۆحێك نه‌مرتر له هه‌موو نه‌مریه‌ك هاتبووه جه‌سته‌ی منه‌وه، كاتێكی وا ته‌مه‌ن له‌و به‌یانیه‌وه سه‌رله‌نوێ ده‌ست پێ ئه‌كاته‌وه. كه به‌ناو بازاڕه چۆڵه‌كه‌ی كه‌لارا به‌ره‌و كه‌لاری كۆن ئه‌ڕۆشتم، پیاوێك به‌دیار ئاگرێكه‌وه وه‌ستابوو، پیاوێكی چه‌كدار، كه لێی نزیك بوومه‌وه بینیم حه‌سه‌ن موختاره، حه‌سه‌ن موختار كابرایه‌ك هه‌موو خراپی و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شا باشی له ده‌س ئه‌هات، موختارێك كه پیاوی ده‌وڵه‌ت و هه‌موو كه‌سێكیش خۆی لێ لائه‌دا، كه سڵاوم لێ‌كرد وتی كوڕم به‌م جله عه‌سكه‌ریه‌وه له كوێوه دێیته‌وه، منیش وتم مۆڵه‌تم وه‌رگرتووه، حه‌سه‌ن موختار وتی به ته‌ڵاقم مانگێكیشه یه‌ك جوندی به ئیجازه نه‌هاتۆته‌وه، ده بڵێ فیرارم كردووه، وتی زوو بڕۆ با توشی موشكیله‌یه‌ك نه‌بی لێره‌یا.
له ده‌رگای حه‌وشه‌مدا، باران ئه‌باری، هێشتا دونیا تاریك بوو، دوای چه‌ند جارێك دایكم یادی به‌خێر له‌به‌ر هه‌یوانه‌كه‌وه وتی: كێیه ئه‌وه؟ وتم دایه من ده‌رگاكه بكه‌ره‌وه، من كه ئێستاش ئه‌م چیرۆكه ئه‌گێڕمه‌وه موچركه به جه‌سته‌ما دێ، به‌ڵام ئه‌و كاته فرمێس به چاوه‌كانما، دایکم هاواری كرد و قیژانی، ئه‌حمه‌ده، ئه‌حمه‌د هاته‌وه، له له‌حزه‌یه‌كا، باوكم و دایكم و براو خوشكه‌كانم پڕ حه‌وشه‌یان كرد له هاوار، له‌گریان ، له‌گریانی خۆشی، باوكم كه دوو مانگ ببوو ڕیشی نه‌تاشیبوو وه هه‌موو ڕۆژێك وه‌ك باسیان ئه‌كرد له‌سه‌ری كۆڵانه‌كه‌یا چاوه‌ڕوانی من بووه، به ده‌م گریانه‌وه باوه‌شی پیاكردبووم و به‌ری نه‌ئه‌دام، ئیتر هه‌ر كه‌سه و پارچه‌یه‌كی جه‌سته‌می گرتبوو، به‌و تاریكیه د‌راوسێكان ڕژانه حه‌وشه‌وه، حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌مان پڕ بوو، پڕ بوو له هاواری خۆشی، له ژیان. لێره‌یا چیرۆكی من كۆتایی دێ، به‌ڵام جه‌نگ هێشتا به‌رده‌وام بوو. شیرازه‌ی عێراق شێواو ژێرخانی ئابووری تێكشكا، ٢٢ی٢ی١٩٩١ تارق عه‌زیز له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیا، كشانه‌وه‌ی سوپای عێراقی له ماوه‌ی مانگێكا ڕاگه‌یاند، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ڕۆژه جۆج بۆشی باوك، له وتارێكا وتی عێراق چۆن له دوو ڕۆژا كوه‌یتی داگیركرد، ئه‌بێ له ماوه‌ی دوو ڕۆژیشدا بكشێته‌وه، بۆیه ٢٤ی٢ هێرشی زه‌مینی له‌ژێر ناوی گه‌رده‌لولی بیابان دا ده‌ستیپێكرد و كاره‌ساته هه‌ره گه‌وره‌كه ڕویدا، ئه‌وانه‌ی له سنوره‌كانی سعودیه بوون زۆربه‌یان خۆیان ته‌سلیم به هاوپه‌یمانان كرد و به‌شێكی زۆریشیان له‌سه‌ر داوای خۆیان برانه ئه‌مریكا، له كاتی كشانه‌وه‌دا هه‌زاران سه‌ربازی عێراقی له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌وه كرانه ئامانج و گیانیان له ده‌سدا، ٢٦ی ٢ واتا دوو ڕۆژ دوای هێرشی زه‌مینی هاوپه‌یمانان، سه‌دام حوسێن له وتارێكا كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ڕاگه‌یاند، به‌ڵام دره‌نگ بوو بۆ كشانه‌وه، دره‌نگ بوو بۆ به‌رگرتن به مه‌رگی نزیك به سه‌د هه‌زار سه‌ربازی عێراقی .٢٨ی٢ جۆرج بۆش له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆنه‌وه سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری و كۆتاییهاتنی پڕۆسه‌ی گه‌رده‌لولی بیابانی ڕاگه‌یاند. به‌و جۆره، عێراق له مێژووی خۆیدا شكستێكی تری تۆمار كرد و بۆ ده‌یان ساڵ ژێرخانی ئابووری تێكشكا..
تێبینی: ئەم بیرەوەرییە مارسی ٢٠١٦ نووسراوە، بەڵام تا ئەوکاتەی جەنگ و کەشی جەنگ خوازی واقعیەتی تاڵی دنیا بێت… ئەم بیرەوەرییە و بیرەوەری و چیرۆکەکانی هاوشێوەی ئەمە، بابەتی زیندوون و بەنەمری دەمێننەوە، بۆیە لەگەڵ سوپاسمان بۆ هاوڕێ ئەحمەد عەلی لێرەدا بە پێویستمان زانی بڵاوی بکەینەوە…