لە گۆشەیەکی ترەوە موزەفەر عەبدوڵا ڕۆڵ و بەرژەوەندی  ئۆردوگان لە پیلانگێڕی کوشتنی خاشوقچیدا چی یە…؟

0

لە گۆشەیەکی ترەوە

موزەفەر عەبدوڵا

ڕۆڵ و بەرژەوەندی  ئۆردوگان لە پیلانگێڕی کوشتنی خاشوقچیدا چی یە…؟

لە ڕێکەوتی دوی ئۆکتۆبەرەوە، کە جمال  قاشوقچی ڕۆژنامەنووس و نەیاری دەسەڵاتی پاشایەتی سعودیە بەپیلانێک لەلایەن ئەو دەسەڵاتەوە لە کۆنسڵگەری شاری ئەستەمبولی تورکیا کوژراوە، هەتا ئێستاش ئەم ڕوداوە  بۆتە هەواڵێکی زۆر گەرمی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی جهان. وە لەگۆشە نیگای جیاوازەوە ڕاوبۆچون و هەڵویستی لەبارەوە دەدەن، و بە گشتی سەرکۆنەی ئەم تاوانە دڕندانەیە کراوە.

لەم بارەیەوە سەرانی دەوڵەتانی ئیمپریالی و سەرمایەداری جیهانی کە خۆیان خوڵقێنەری ئەم هەلومەرجەن کە کەسانی وەک قاشوخچی و ملیونانی تر ببنە قوربانی نێوان کێشەو ململانێکانیان، بەڵام هەر خۆیان گەورەترین هەراو جەنجاڵی درۆ دەسەلە ڕێکدەخەن  بەناوی بەرگری لە ئازادی و مافەکانی مرۆڤەوە. هەمو ئەمانەش لە ڕاستیدا بۆ شاردنەوەی ناوەڕۆکی ڕوداوەکان و پاشان تاوانبارانی گەورەیەو بە ساتوسەوداکاری دەیانشارنەوەو، بگرە دەیان کەن بە قارەمانی ئازادی.

بێگومان ئەگەرچی ڕاو هەڵویستەکان وەک ئاماژەمان پێدا بە گشتی لە دژی ئەم تاوانەیەو سەرکۆنەی دەکەن بە شێوازی جۆراوجۆر. وە بەجیا لە بیروباوەڕی سیاسی وپێشینەی بەرپرسیارێتی لە دەزگاکانی ڕژێمی سعودیە پەیوەندی لەگەڵە تاقمە ئیسلامییەکان و سەرانی دەوڵەکان بە تایبەتی ئوردوگان، بەڵام ڕاو هەڵوێستەکان بە گشتی  بۆتە فشارێکی گەورە بۆ سەر سەرانی سعودیە تادان بەم تاوانەدا بینن کە لەلایەن کاربەدەستانیانەوە ئەنجامدراوە. دیارە سەرانی سعودیە ئەم تاوانە  تەنها وەک ڕێکەوت و هەڵەی هەندێک بەرپرس لە دەزگاکان دەزانن، نەک پیلانێکی گەورە کە ڕاستەوخۆ محمد بن سەلمانی جێنشینی پاشا سەرپەرشتی کردەوە.

لە ڕویەکی تریشەوە ئەم ڕوداوە پیلانگیری و تاوانە بۆتە بەهانەیەک بە دەستی زۆربەی زلهێزە جیهانییەکان و رژیمەکانی ناوچەکە تا بەکاری بێنن لە کێشەو ململانی سیاسییەکان. بە تایبەتی ئۆردوگان و دەسەڵاتە قەومی و ئیسلامییە دژی ئینسانییەکەی تا هەم قازانجی لێ بکات و هەم پاشەکشە بە نەیارەکانی، بە تایبەتی دەسەڵاتدارانی سعودیە بکات.

جا ئەوەی زیاتر لەم پیلانگێری و تاوانی کوشتنەدا جێگای سەرنجە هاوشانی تاوانبارانی تری دەسەڵاتدارانی سعودیە بانگەشە ژەهراوییەکانی ئۆردوگانەو سەرانی تری ڕژێمەکەیەتی لە بەرگری لە ئازادی و مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنوسی ..هتد.  ڕاستە لە ڕویەکەوە ئەو هەقێتی قسە لەسەر ئەم تاوانەو ئاشکراکردنی تاوانباران بکات بەو پێ یە تاوانەکە لە وڵاتی ژێر دەسەڵاتی ئەواندا بووە، بەڵام کۆمەڵێک ڕاستی تر هەن کە بانگەشە زیادە ڕەوییەکانی ئەوان بەدرۆ دەخەنەوە.

بۆیە پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە  ئاخۆ ڕۆڵ و بەرژەوەندی ئۆردوگان و سەرانی دەسەڵاتەکەی لەم پیلانگێری و تاوانەدا دەبێت چی بێت…؟

 بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەو ڕۆشنکردنەوەی ڕاوبۆچونەکەمان وا پێویست دەکات ئاماژە بە چەند ڕاستیەک بدەین.

یەکەم ڕاستی ئەوەیە کە ئەم تاوانە لە بۆتەی کێشەو ململانێ و قەیرانی قوڵی ناوچەیی و جیهانی ڕویداوە. هەر بۆیەش بۆتە بەهانەیەکی گەورە بە دەستی زۆربەی ئەم زلهێزانەوە تا بەکاری بێنن لە کێشەو ململانی سیاسی یەکان. بە تایبەتی  ئۆردوگان و دەسەڵاتە قەومی و ئیسلامییە دژی ئینسانییەکەی تا پاشەکشە بە نەیارەکانی، بە تایبەتی دەسەڵاتدارانی سعودیە، بکات و ڕۆڵی سەرکردایەتی وەرگرێت لەوەی پێی دەڵێن جیهانی ئیسلامی.

دوەم ڕاستی ئەوەیەو پێویستە لێرەدا جەختی لێ بکرێتەوە بۆ بەدرۆخستنەوەی پڕوپاگەندەکانی ئۆردوگان و سەرانی دەسەڵاتەکەی و ڕیسواکردنیان، کارنامەی خوێناوی خودی دەسەڵاتەکەیانە لە دژی ئازادی و یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ بە گشتی، و ئازادی ڕۆژنامەنوسی و ڕۆژنامەنوسان بە تایبەتی.

بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە کە لەم چەند ساڵەی دەسەڵاتی ئۆردوگاندا سەدان و هەزاران کەس بە شێوازی جۆراوجور کوژران و تیرۆرکراون. وە سەدان وهەزاران کەسیش زیندانی کراون وئازارو ئەشکەنجە دراون تەنها بەهۆی ڕەخنەو ناکۆکیان لەگەڵ دەسەڵاتی ئۆردوگان. کارنامەی خوێناوی ئوردوگان و دەسەڵاتەکەی  لە دژی ڕێکخراو و هەڵسوڕاوانی سیاسی خەڵکی کوردستانی تورکیا ڕون و ئاشکرایە لەم بارەیەوە.

لە ئاستی دەرەوەش هێرش و شەڕی گەورەیان لە دژی خەڵكی وڵاتانی تر، بە تایبەتی لە دژی خەڵکی کوردستانی عێراق و سوریا هەڵگیرساندوەو هەرچی بۆیان کراوە دژی بەرەی ئازادیخوازی ئەنجامیان داوە. هاوکاری هەمەلایەنەیان بۆ  تاقمی داعشی تیرۆریست زیندوترین و گەورەترین و ئاشکراترین بەڵگەی سەلماندنی ئەم ڕاستییەیە.

سێهەم ڕاستی ئەوەیە بە دانپیانانی خودی ئۆردوگان و سەرانی دەسەڵات و دەزگاکانی ئاساییشەکەی کە پێش ئەنجامدانی تاوانەکە ئەوان ئاگاداری ئەم پیلانگێڕیەی سەرانی سعودیە بوونە. هەر  لە بانگێشتکردنی قاشوخجی بۆ کۆنسڵگەری تا هاتوچۆی مەکوکیانەی سەرانی گەورە دەسەڵاتدارانی سعودیە ئاگادار بوونە بۆ تورکیا لەو یەک دوو ڕۆژەداو زانیویانە ڕوداوێکی گەورە ڕودەدات، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا هەوڵیان نەدا تا ئەم پیلانە سەرنەگرێت. ئەمەش دیارە کە لە چاوەڕوانی ڕودانی سەرگرتنی پیلانەکەدا بوونە تا لەکیشەو ململانێکانیان لە دژی سعودیە بەکاری بێنن و کەڵکی لێوەگرن .ئەمەش یانی هەم هەبوونی ڕۆڵ لەم تاوانەو هەم بەدەستهێنانی قازانج و بەرژەوەندی.

چوارەم ڕاستی کە  پێویستە لەم ڕوداوەدا جارێکی تر بیری بێنینەوە  پرسی گرتن و زیندانیکردنی قەشە ئەمریکیە بوو لەلایەن ئۆردوگان و دەزگا جاسوسی و قەزایییەکانی. ئەوان ئەم قەشەیەیان گرتو زیندانیان کردو ئەشکجەیان داو تەنانەت حوکمی سی ساڵ زیندانیان بەسەردا بڕیوە. سەرەڕای  سەپاندنی  ئابڵوقەی ئابوری لە لایەن ئەمریکاو فشارەکانی ڕای ئازادیخوازی جیهان، بەڵام هەر ئازادیان نەکرد. تا لە بۆتەی ئەم پیلانگیری و تاوانەداو لە چاوتروکانێکدا ئازادیان کرد. ئەمەش نیشانەو بەڵگەیەکە بۆ پەیوەستی ئەم روداوە لەگەڵ ئەم پیلانگێڕیە و ڕۆڵ و بەرژەوەندی ئۆردوگان و دەسەڵاتەکەی .

پێنجەم ڕاستی دەرکەوتنی ئوردوگانە وەک دەڵاڵ و جادوگەرو فێڵبازو دوو ڕوو هەلپەرستی سیاسی لەڕادەبەدەر لە بەرگێکی مۆدێرن و بەکردەوە کۆنەپەرستی فاشی قەومی و ئیسلامی. ئەم سەرە گەورەیەی پارێزەری سەرمایە لە ناوچەکەدا بەهۆی جێگاوڕێگا ئابوری و سیاسییەکەی بۆرژوازی و ڕەوتە سیاسی یەکەیەوە لە ناوچەکەو جیهان ئامادەیە لەیەک ڕۆژدا گەورەترین دۆست و دوژمنی سەرانی سیاسی تر بێت. وە بۆپاراستنی بەرژەوەندییەکانیشی ئامادەیە گەورەترین ڕۆڵی پیلانگێری  خوێناوی بگێڕیت وەک لەم ڕوداوەی کوشتنی قاشوخچی دۆستیدا بەدی دەکەین.

بەڵام بێگومانە لە داهاتودا هەر خۆشی دەبێتە نێچیرێکی بچوکی دەستی زلهیزەکان.

لە کۆتاییدا خاڵێک کە پێویستە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە  کە بەهۆی لاوازی و بێ بەدیلی سیاسی و کۆمەڵایەتی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستییەوە لە ئاستی هەموو وڵاتەکان وایکردوە کە هەموو چینی بۆرژوازی و حزب و دەسەڵات و دەوڵەتەکانیان لە پێناوی پاراستنی دەسەڵات و سەرمایەکانیان جیهان بکەنە گۆڕەپانی کێشەو ململانێ و پیلانگێری و شەڕەکانیان و خەڵکیش بکەنە قوربانی.

بە تایبەتی سەرانی وەک ئۆردوگان و ترامپ و سەرانی پاشایەتی سعودیەو زۆرتر لە پاڵ تاوانەکانیان ببنە قارەمانی بەرگریکاری ئازادی و مافەکانی مرۆڤ…

Leave A Reply

Your email address will not be published.