یاداشتەکانی گۆرکی دەربارەی ڤلادیمیر ئیلیچ لینین سالار حمە سەعید

0

گۆرکی لەدرێژەی یاداشتەکانی سەبارەت بە لینین دەڵێ: ڕاوبۆچوونی خۆم دەربارەی دروستکردنی دەزگایەکی بڵاوکردنەوە و چاپەمەنی (دارالنشر)ی نوێ خستە بەردەم لینین و پیشنیارم کرد کە ڤلادیمیر ئیلیچ لینین و ڤۆردڤسکی و کەسێکی تر ببنە دەستەی نووسەرانی ئەودەزگایە لەدەرەوەی وڵات و دیزنسکی سترۆیڤ لەروسیا نوێنەرایەتی بکات. من لەو باوەڕەدابووم کە نووسینی زنجیرەیەک لە کتێب سەبارەت بە مێژووی ئەدەبیاتی روسیا و رۆژئاوا پێویست بێت. هەروەها کتێب لەسەر مێژووی کلتوور و فەرهەنگ کە سامان و مەتریاڵێکی ڕاستەقینە بۆ کرێکاران دابیندەکات بۆ پرۆپاگەندە و پەروەردە و هۆشیارکردن، بەڵام لینین ئەم پلانەی ڕەتکردەوە و لەبەر سانسۆر و دژواری رێکخستنی خەڵک هەروەها لەبەرئەوەی زۆربەی ئەوانەی ئەو کارانەیان دەکرد سەرگەرمی کارکردن بوون لە کاری حزبیدا و کاتی نووسینیان نەبوو. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو زیاتر ئەوە بوو کە لینین دەیگووت ”ئێستا کاتی گونجاو نییە بۆ نووسینی کتێبی زل و قەبە، کڕیاری ئەو کتێبە زل و قەبانە رۆشنبیرانن کە لە سۆشیالیزم پاشەکشە دەکەن و بەرەو لیبرالیزم دەچن، ئێمە ناتوانین لە هەڵبژاردەی خۆیان تەکانیان پێ بدەین” . ئەوەی ئێمە پێویستمان پێی بوو ڕۆژنامە و نامیلکە بوو، بەڵام بۆ ئەم مەبەستەش دەبوا سەدان هەزار نوسخە چاپ بکرێ بۆ خەڵک و کێشەی سەرەکی لێرەدا گواستنەوەیان بوو بۆناو روسیا. لەبەرئەوە دامەزراندنی وەها دەزگایەکی چاپەمەنی دواخرا بۆ کاتێکی باشتر.

لینین دوابەدوای ئەمە کۆمەڵێک باسی هێنایە پێشەوە کە شەڕ نزیکە، تەنها یەک شەڕ نا بەڵکو زنجیرەیەک شەڕ، ئەمە هەر زوو لەناوچەکانی بەڵقان روویدا و هاتەدی. لەکاتێکدا بەخێرایی هەنگاوی دەنا لە ژوورە بچووکەکەدا و چاوەکانی لەنێو پێڵوە تەنگ و تەسکەکانی دەدرەوشانەوە و دەیگووت:

” شەڕ بەڕێوەیە، ئەمە حەتمی یە، جیهانی سەرمایە گەیشتۆتە بارو ڕەوشێکی داخوراو و چرووک و داڕزیو و ژەهری شۆڤێنیزم و نەتەوەپەرستی کاریگەری خۆی داناوە لەسەرخەڵک. ئێمە ڕووبەڕووی شەڕێکی تەواو سەراسەری ئەوروپی دەبینەوە، پرۆلیتاریا، لەوباوەڕەدام پرۆلیتاریا زەحمەتە ئەو هێزو توانایەی هەبێ کە بتوانێ ڕێگری بکات لە خوێن ڕێژی. ئەی چی دەبێ بکرێ؟ لەڕێگەی مانگرتنی سەراسەرییەوە لە تەواوی ئەوروپا؟ کرێکاران نە بەئەندازەیەکی باش ڕێکخراون بۆ ئەم کارە وە نە هۆشیاری چینایەتی باشیان هەیە.  وەها مانگرتنێک دەبێتە سەرەتای جەنگێکی ناوخۆیی و ئێمەش وەک سیاسەتمەدارێکی واقیعی ناتوانین پشت بەمە ببەستین. بێگومان پرۆلیتاریا لە ئاکامی ئەمەدا دووچاری رەنج و مەینەتیەکی ئێجگار زۆر دەبێ. بەداخەوە ئەمە چارەنووسەکەی دەبێ لەئێستادا. بەڵام دوژمنانی ( پرۆلیتاریا ) هەریەکەیان ئەوی تریان لاوازدەکا، ئەمەش حەتمی یە”.

هاتە لامەوە و وتی: ” تەنها بیر لەمە بکەرەوە”، ئەمەی لەکەش و هەوایەکی سەرسوڕمان و ئارامدا گووت. بەڵام زۆر بە تین و هێزەوە وتی: ”بیر لەوە بکەرەوە، بۆچی چاوتێرەکان، برسییەکان پاڵ پێوەدەنێن کە یەکتر سەرببڕن؟”. بەردەوام بوو و وتی: ” ئایا دەتوانی بیر لەتاوانێک بکەیتەوە لەوە گەوجانەتر و قێزەونتر بێت؟” ” بە قیمەتێکی گران تەواو دەبێ بۆ کرێکاران، بەڵام لەکۆتاییدا ئەوان (کرێکاران) سەردەکەون، ئیرادەی مێژوو وەهایە”.

ئەگەرچی زۆرجار باسی لەمێژوو دەکرد، بەڵام هەرگیز لێم نەبیست کە ئاماژە بدا بەوەی کە وەک بتیک ملی دابێ بە ئیرادەو هێز و دەسەڵاتی (مێژوو). دیاربوو کە حەماس و خرۆشێکی زۆری هەبوو. لەسەر مێزەکەی دانیشتبوو و نێوچەوانی دەسڕی و قومی دەدا لە چایە ساردەکەی، لەناکاو دەنگی لێ بەرزبۆوە و گووتی: ” بەڕاست بۆچی ئەو هەموو هەراو هۆریایەیان نایەوە دەربارەی تۆ لە ئەمریکا؟ لە ڕۆژنامەکان خوێندمەوە، بەڵام بەڕاستی چی بووە؟ چی ڕوویداوە؟ منیش کورتەیەکی سەرگوزەشتەی خۆم بۆ گێڕایەوە. دوای ئەمە دەستی دایە قاقا و پێکەنین و هەرگیز کەسم  نەبینیوە  ئاوا بە شێوەیەکی ئاوا واگیر وەک ڤلادیمیر ئیلیچ  پێ بکەنێ. بەڕاستی سەیر بوو.

سەیر بوو کەسێک وەک لینین کە زۆر بە ڕۆشنی، حەتمیەتی کارەساتە کۆمەڵایەتیە گەورەکانی دەبینی و هەستی پێدەکرد، ئاوا سەرسەخت و سوور لەڕق و کینەی بەرامبەر جیهانی سەرمایەداری، بتوانێ ئاوا پی بکەنێ، پێکەنینێکی پڕ لەشادی مناڵانە تا ئەو ڕادەیەی کە فرمێسک لە چاوەکانی بدرەوشێتەوە. دەبێ پیاوێکی چەند بەهێز و تەندروست بێ و گیانێکی چەند توند و تۆڵی هەبێ کە ئاوەها پێدەکەنێ. لە کەلێنێکی نێو پێکەنین و بزەو خەندەکانەوە گووتی: تۆ کەسێکی قۆشمەو قسەخۆشی، وانییە؟ پچڕ پچڕ قاقای لێدەدا و خەریکی سڕینەوەی چاوەکانی بوو و بەنەرمی زەردەیەکی کرد و گووتی: ” شتێکی باشە کە لایەنی خەندەداری شکستەکانت دەبینی. قۆشمەیی وقسەخۆشی شتێکی زۆر نایاب و تەندروستە. زۆر پێزانینم هەیە بۆ قۆشمەیی وقسەخۆشی ئەگەرچی خۆم بەهرەو تواناکەیم نییە. لەوانەیە بەو ئەندازەیەی کە قۆشمەیی و خۆشی هەیە لەژیاندا ناخۆشی و پەژارە هەبێت، نەک کەمتر. دڵنیام ”. قەرار بوو پاش دوو رۆژی تر بیبینمەوە، بەڵام بەهۆی جەڵدەی خوێنەوە کە تووشی بووم ناچار بووم رۆژی دواتر شار بەجێبهێڵم.

من گووتم بۆگدانۆڤ و لۆناکارسکی و بازارۆڤ کەسایەتی گەورەن، بەڕای من ئەم کەسانە زۆر پڕ زانیاری و زانست و پەروەردەن. من هاوتای ئەوانەم نەبینیوە لە حزبدا. بەڵام لینین لەوەڵامدا وتی: ”دەگونجێ وابێت، بەڵام لەمە چی دەردەکێشرێت؟ ”. هەروەها وتی ” لە کۆتا شیکردنەوەدا ئەم کەسانە  بە کەسانێک دەناسم کە هەمان ئامانجیان هەیە، وە هەمان ئامانجی دڵسۆزانەیان قبووڵکردوە، وە دەبێ جیاوازیە فەلسەفیەکان لەناوبەرن”. ” کە مانای ئەوەیە کە هێشتا ئومێدت هەیە بە سازان و سازگاری؟ ئەمە کارێکی بێهودەیە!”.  هەروەها وتی” ئەم ئومێدە وەدەرنێ، ئەمە ئامۆژگاریەکی هاوڕێیانەی منە بۆ تۆ، هەروەها پلیخانۆڤ یش کەسێکە هەمان ئامانجی هەیە لەڕوانگەی تۆوە، بەڵام من دەڵێم  ئەو پێکەوە بەدوای ئامانجێکی ترەوەیە سەرەڕای هەموو ئەو ڕاستییەی کە ئەو کەسێکی ماتریالیستە و میتافیزیست نییە’ ‘. لێرەدا گفتوگۆکەمان کۆتایی پێهات. ئێستا لینین زۆر بەتین تر و بەگوڕ تر لەوکاتەی کۆنگرەی لەندەن. لەوێ نیگەرانی هەبوو، هەندێ ساتە وەختی واهەبوو کە زۆر بەڕوونی دەرکی پێدەکرا کە جیابوونەوە و لەت بوونی حزب بە قووڵی کاریگەری لەسەر دانابوو.

لینین بەردەوام بوو لە گفتووگۆکەی و وتی: ” شوپنهاور دەڵێ: ‘ ئەوکەسەی بەڕۆشنی بیردەکاتەوە، بە ڕۆشنی یش ڕووندەکاتەوە و شیدەکاتەوە’ ‘. ئەمە بەڕای من باشترین شتێک بووە کە ئەو وتوویەتی. بەڵام تۆ، هاوڕێ بۆگدانۆڤ، شتەکان بە ناڕۆشنی ڕوون و شیدەکەیتەوە. پێم بڵێ، بە دوو یا سێ ڕستە، ” جێگرەوە یا جێنشین ”ەکەی تۆ چی پێشکەش دەکات بە چینی کرێکار و بۆچی ماکسیزم (دەگەڕێتەوە بۆ ئیرنست ماکس ی فەیلەسوف و فیزیکناس) ئایا شۆڕشگێرانەترە لە مارکسیزم؟ ”.

بۆگدانۆڤ هەوڵیدەدا روونیکاتەوە، بەڵام قسەوباسەکانی پڕ لە واژە و وشەی تەماوی بوون. پاش ئەم قسەوباسانە یاریەکی شەترەنجی لەگەڵ پۆگدانۆڤ دا کرد.

ئێوارەیەکیان کە هەموو چووبوونە دەرەوە بۆ پیاسەکردن بە نائومێدی و داخێکی زۆرەوە بە من و ” ئەندرێڤا ” ی وت: ” ئەمانە  کەسانێکی بەهۆش و زیرەکن، کاری زۆریان بۆ حزب کردووە دەیانتوانی ١٠ بەرامبەر زیاتریش کاربکەن بۆ حزب، بەڵام لەگەڵ ئێمەدا نایەن! ناتوانن. دەیان و سەدانی وەک ئەوان تێکشکاون و ئیفلیج بوون لەلایەن ئەم سیستەمە تاوانکارەوە”.

لە ”کەپری” کە دوورگەیەکە لە ئیتالیا، لینین زۆر بە وردی دەیپرسیەوە لە ژیان و گوزەرانی ماسیگرەکان لەوێ، دەیویست بزانێ کە هەقدەستەکانیان چەندە و تاچ ڕادەیەک لەژێر ڕکێف و کاریگەری قەشەکاندان، پرسیاری دەکرد سەبارەت بەو قوتابخانانەی کە مناڵەکانیان بۆی دەچوون. من واقم وڕمابوو لە مەوداو ئەندازەی مەیل و ئارەزوو و دڵ بەستەگی ئەو بە ماسیگرەکان و ژیانیان. پێی وترا کە یەکێک لەقەشەکان کوڕی هەژارترین جوتیارە لەوێ، یەکسەر ئەو پرسیارە هات بە مێشکی دا کە ئایا هەر چەند جارێ جوتیارەکان مناڵەکانیان دەنێرن بۆ قوتابخانە ئایینیەکان وە ئایا دەگەڕێنەوە وەک قەشە کاردەکەن لە گوندەکانیاندا. لنین خاسیەتێکی موگناتیسی هەبوو کە دڵ و سۆز و خۆشەویستی کرێکارانی بەدەست دێنا. مناڵ ئاسایەک سادە و بێخەوش پێدەکەنی،  قاقای لێدەدا و پێدەکەنی لەگەڵ ماسیگرەکانی ” کەپری ” کە وەک  مناڵ سادە و بێخەوش بوو کە سەرنجی ئەوانی ڕاکێشابوو ئەگەرچی زمانی ئیتالیشی نەدەزانی، پیرە ماسیگرێک کە ناوی ” گیۆڤانی سپادارۆ ” بوو لە بارەی لینینەوە گووتی: ” تەنها مرۆڤی ڕاستگۆ دەتوانێ ئاوا پێبکەنێ”

لە برسیەتیەکەی ساڵە سەختەکەی ١٩١٩دا لینین هەستی بەشەرم دەکرد کە ئەونانە بخوات کەبۆی دەنێردرا لەلایەن هاوڕێ و سەرباز و جوتیارەکانەوە لە پارێزگاکانەوە. کاتێ بەستە و پاکەتەکان دەگەیشتنە شوقە سادە و بێ ئارایشەکەی یەکسەر، کەرە و شەکر و ئاردەکەی دابەشدەکرد لە نێو هاوڕێکانیدا ئەوانەی کە نەخۆش بوون یا لاواز بوو بوون لەبەرکەم خۆراکی. ڕۆژێکیان دەعوەتی کردم بۆ خواردنی ئێوارە و وتی: ” دەتوانم دەعوەتت بکەم بۆ خواردنی هەندێ ماسی دووکەڵ لێدراو کە لە – ئەستراخانەوە – بۆم هاتووە’ ‘. ئەو پێی ناخۆش بوو کە ئەو خواردنانەی بۆ دەنێرن و وتی: ” ئەوان بەردەوام شتم بۆ دەنێرن وەک ئەوەی من کوێخا و ئاغابم! بەڵام چۆن ئەمانە ڕەتکەمەوە؟ ئەگەر وەری نەگرم و رازی نەبم ئەوا هەستیان بریندار دەکەم. هەموو برسیە لە دەوروبەرمان”. ئەم مرۆڤە لە بەیانیەوە تا شەو کاری دەکرد و ئاگای لە پێداویستی خۆی نەبوو، بەڵام چاوێکی تیژی هەبوو بۆ بینینی تەواوی پێداویستیەکانی هاوڕێکانی گەرچی سەخت سەرگەرمی کارکردن بوو ئەویش کاری سەخت و دژوار.

رۆژێکیان چووم بۆبینینی بەڵام بینیم سەرگەرمی نوسینە لەسەر مێزەکەی. پێی گووتم ” مەرحەبا چۆنی؟”  قەڵەمەکەی هەرگیز لە کاغەزەکە جیا نەبۆوە،  ئینجا وتی” یەک دەقە (دەقیقە) تەواو ئەبم. هاوڕێیەک هەیە لە پارێزگاکان کە بێزار بووە دیارە هیلاک بووە. ئێمە دەبێ بیهێنینەوە سەرحاڵ، حاڵ ومەزاجی هاوڕێیەک شتێکی بێ بایەخ نییە!”.

جارێکیان کە سەرم لێدا لە مۆسکۆ لێی پرسیم: ” نانی ئێوارەت خواردووە؟ ”

وتم: بەڵێ، وتی: ”خۆ ئەمەت دروست نەکردوە؟ منیش وتم: شایەتم هەیە کە لە ژووری نانخواردنی کرێملن نانم خواردووە ”. ئەویش وتی: ” بیستوومە چێشتەکەیان خراپ و گەنیوە ” من وتم: نەگەنیوە، بەڵام دەکرێ باشتر بێت”.

Leave A Reply

Your email address will not be published.