لەم ژمارەیەدا، وەڵامی هەریەک لە هونەرمەندان فاروق میرزا، ئاری میرزا، وریا ئەحمەد، بورهان مستەفا و ئاسۆ فەرەج لەبۆردی پێگە… دەخوێننەوە سازدانی: ئاراس رەشید بەشی دووەم و کۆتایی…

0

دیمانە لەگەڵ ژمارەیەک هونەرمەند لە” سەمای گڵ و ڕەنگ” دا

لەم ژمارەیەدا، وەڵامی هەریەک لە هونەرمەندان

فاروق میرزا، ئاری میرزا، وریا ئەحمەد، بورهان مستەفا و ئاسۆ فەرەج لەبۆردی پێگە… دەخوێننەوە

سازدانی: ئاراس رەشید

بەشی دووەم و کۆتایی…

“سەمای گڵ و ڕەنگ” کۆکردنەوەی ٨ هونەرمەندی کوردی هەندەران بوو بۆ نمایشکردنی کارە هونەریەکانیان لە شاری ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا. پێگەی ڕۆشنبیری کوردی ئۆتاوا توانی ٨ هونەرمەندی جیاواز لە سەلیقە و قوتابخانەی هونەری  لە ئەڵمانیا و ئەمەریکا و کەنەدا کۆبکاتەوە و کارەکانیان نمایش بکات بۆ ئارەزوومەندانی هونەری لە ڕەوەندی کوردی و کەنەدی. نمایشی پێشانگەکە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی تەمووزی ٢٠١٨ بوو بۆ ماوەی ٥ کاتژمێر. ئەو پیشانگەیە پتر لە ٣٠ کاری هونەری شێوەکار و پەیکەرسازی و پەیکەرتاشی لەخۆگرتبوو، شانبەشانی پیشانگەکە هونەرمەند کاوان قادر ۆرک شۆپێکی هونەری پەیکەرسازی بۆ ئارەزوومەندانی ئەو هونەرە و منداڵانی ئامادەبوو سازکرد. پیشانگەکە بە ئامادەبوونی خەڵکێکی زۆر و ئەندام پەرلەمانی هەرێمی ئۆنتاریۆ (ماری فرانس لۆلاند) بەڕێوە چوو، تەنانەت ماری فرانس لە تەلاری پەرلەمانی ئۆنتاریۆ ستایشی ئەو پیشانگەیە بەگشتی و کارە هونەریەکانی بەتایبەت قسە لێکرد و سوپاسی پێگەی کرد لەو کارە ناوازەیە کە بۆیەکەمین جارە ڕەوەندی کوردی کارێکی هونەری لەو شێوەیە ئەنجام دەدات لە کەنەدا. بۆپێشەوە ویستی لە زاری هونەرمەندەکان خۆیانەوە و لەگەڵ قسەکەری پێگە ئەم ڕیپۆرتاژە تایبەتەتان بۆ بگێڕێتەوە.

بۆپێشەوە: ئەو جیاوازیانە چین کە هونەرمەند دەبێ ڕەچاوی بکات کاتێک بە تەنیا و لەگەڵ کۆمەڵێك هونەرمەند بەشداری لە پێشانگایەک دەکەن؟

فاروق میرزا: بێگومان جياوازیيەكان هەميشه دهكرێن وه دەببنرێن و دەگۆردرێن به پێی هـەڵومەرجى داخوازیيەكان! بۆ نموونه؛ ئەگەر من به ته نهـا بمەوێت پيشانگەيەك بؤخۆم بكەمەوە؟ ئەوا لێرەدا من بەتەنهـا خاوەنى برياردانى كارەكانم دەبم، چ كارێك پيشان دەدەم ئازادم، هەر ناوێك لە پيشانگەكەم دەنێم ئازادم، و چۆن بمەوێت وا دەتوانم تابلۆكانم دا بنێم… بەڵام لە كارى پیشانگەى هـاوبەشى دەبێت هـاوئاهەنگیەکی تەواو هـەبێت لە نێوان هونەرمەندانی بەشداربوو. ئەگينا دەتوانێت سەخت بێت، بۆچى؟چونكه چەند هـونەرمەندێك دەيانەوێت پێكەوە كار بكەن، ئەمەش دەبێتە ئەوەى هـەموويان لەسەر ناوێك رێك بكەون، شێوازى كارەكان يارمەتى دەرى يەكتر بن، دياریكردنى شوێنى تابلۆ بەپێی جێگاى هۆڵەكە و چەندين شتى تريش؛ وەكو دابەشكردنى كات بۆ سەرپەرشتى كردنى پیشانگەكە لە نێو هـەمووياندا.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە ئاستی کاری هونەری تابلۆ لە کوردستان؟

فاروق میرزا: من حەز دەكەم ئەم پرسيارە بە جۆرێكیتر دايبڕێژمەوە، من ئەمە وەك پێشنيارێك لەوەڵامی خودى پرسيارى بەڕێزتان: لەڕاستيدا من ماوەى زياتر له ٢٢ساڵە لەدەرەوەى وڵاتى خۆم دەژيم و يەكجار لە كوردستان بووم لەو ماوەيەدا لەبەرئەوە، بۆ من قورسە بتوانم هـەموو تابلۆكانى وڵات يان هـونەرمەندەكانى هـەڵبسەنگێنم، چونكە هەڵسەنگاندنى تابلۆ بەڕاستى خۆى كارێكى تايبەتە و كەسانێكیتر دەتوانن ئەو هـەڵسەنگاندنە نيشان بدەن نەوەك من. بەڵام بەدەر لەمە من پێموايه هـونەر لەكوردستان لەڕەنگ و، خامە، فڵچە و ماترياڵيان كەم نيیه! بەڵام شێوازى ژيان و قورساييەكانى لەسەر مرۆڤەكان وه بەتايبەتى لەسەر هـونەرمەندەكان هەیە، بەداخێکی زۆرەوە، ئەوەش بۆتە مۆتەكەيەك بۆ دزين و لەناوبردن و سەركوتكردنى ئازادى ناخى هـونەرمەندەكان، وە لەگەڵ هـزر و فيكر و فەنتازياكەيان، كەواتە تەنهـا هـونەرمەندى ئازاد ئەتوانێت ئازاديش بەدى بهێينێت و لە فيكر و خەياڵ و فەنتازيايدا ئازادى خۆى بكێشێت، ئەوە بنەخشێنێت ئەو كات هـونەر و هـونەرمەند و هـونەر دۆستيش پێكەوە ئاستى تابلۆکان ديارى دەكەن.

بۆپێشەوە: بەچەند کاری هونەری بەشداریت لە پیشانگەی” سەمای گڵ و ڕەنگ” کرد؟ هۆی هەڵبژاردنی ئەوکارانە چی بوون؟ کاری داهاتووتان چییە؟

فاروق میرزا: من له پيشانگەى سەماى گڵ و ڕەنگدا بە دوو تابلۆ بەشداريم كرد. لەڕاستيشدا من چوار تابلۆم دانا بوو بۆ بەشداری كردنم، بەڵام بەهۆى هەندێك ئاڵۆزی و كێشەی سەفەركردن و لەبەر نەبوونى گوزەرنامە(ڤیزە) نەمتوانى خۆم بچم،  و لەگەڵ چوار تابلۆدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشدارى پيشانگاكەم كرد به ناردنى دوو كۆپى لە تابلۆكانم. بەخۆشحاڵيەوە لەگەڵ تابلۆی هـونەرمەندەكانیتردا بوونه جێی ڕەزامەندى بينەرى خۆشەويستی شاری ئۆتاوا لەکەنەدا. من مەبەستم لە كارەكانم بۆ ئەو پیشانگەيە بێگومان ناردنى فيكر و ئەنديشە و ڕەنگو فۆڕم و شتە شاراوەكانى فيكرى ئازادم لەناو هـونەرەكەى ئێستامد . كاری نوێم يان داهـاتووم زۆرتر كارى بەردی كريستاڵيه،  كە ئەمە خۆى دەبێته شێوازێكى تازە لە كاركردنم لە هـونەردا، و دەبێته گۆڕينى شێوازى كارو مەترياڵ. هـيوادارم له پیشانگەى داهـاتوودا بتوانم پيشانى ئێوه و بينەرى خوشەويستى بدەم   .

بۆ پێشەوە: بەلای تۆوە دەکرێت تابلۆی ھونەری داماڵراو بێت لە ناوەرۆک؟

 ئاری میرزا: پێشەکی سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە و سوپاسی پێگەی رۆشنبیری کوردی ئۆتاوا دەکەم و بە تایبەتی کاک ئاراس رەشید، کە چالاکانە ڕۆڵی سەرەکی بینی لە بەرێوەچوون و ئامادەکاری کارەکاندا، لەگەل سوپاسم بۆ ھەموو ئەو ھاورێیانەی کە ھیلاک بوون بەم چالاکیەوە، هەروەها سوپاسی ھاورێی ئەزیزم کاکە تەھا سالح و کاکە کاوان قادر بۆ ھاوکاریکردنم بۆ ئەم بەشداریە. لە پرسیارەکەتان دەربارەی ئەوەی کە ئەکرێت تابلۆ دابماڵرێت لە ناوەرۆک؟ پرسیارێکی زۆر جوان و گرنگە کە باس و لێکۆلینەوە زۆر ھەڵدەگرێت، و زۆریشی لەسەر کراوە و چەندەھا بۆچوون و رای جیاوازی لەسەر باسکراوە و ھەمووشی بەشی خۆی راستی تێدایە.  لەلایەک کە  شێوە) ھەلدەستێت بە ئامادەکردن و کۆکردنەوە و ھاوسەنگی و گونجاندنی کارە ھونەریەکە، کە کەرەسەی بەکارھێنانی کارەکە و ناوەرۆکەکەیەتی، ھەر بۆیە شێوە ئالۆزە لە دەربڕین لە کاری ھونەری دا ئەو سەرکێشی و دڵەڕاوکێیەی کە دروستی ئەکات لە کۆتاییدا بە جوانی تەواوبوونی کارە ھونەریەکە تەواو ئەبێت. ھەر لەبەر ئەوەشە ( شێوە لە بنەرەت دا دەربرینێکە لە ناوەرۆکی دنیای تابلۆیەک یان ئەو کارە ھونەریە کە یەک یەک تەواو ئەکەن کە ناکرێت ھیچیان لە ھیچیان دابماڵرێت،) ناکرێت کارێکی ھونەری بینەر بەجیا بیان بینێت بڵێت شێوە جوانە و ناوەرۆک نا! یان بە پێچەوانەوە چونکە ھەردووکیان یەک تەواو ئەکەن کە کارێکی ھونەریە. بە رای من لە کارێکی ھونەریدا شێوە ناوەرۆکێکی وەرگرتوە و ناوەرۆکیش شێوەیەکی وەرگرتوە، ھەر وەک چۆن قسەکردن و باس کردن لە جوانی کارێکی ھونەری ھیچ کات ناگاتە جوانی کارە ھونەریەکە خۆی.

بۆپێشەوە : پەیوەندیی ئێوە لەگەل ھونەرمەندانی تر بەگشتی و ھونەرمەندانی کوردستان بە تایبەتی چۆنە؟

 ئاری میرزا: لێرە پەیوەندیەکان زۆرترن لەرێگەی پێشانگە و چالاکی گەلەریەکانەوە، و ھونەر لێرە پەنجەرەکانی ھەناسە وەرگرتنی فراوانترە، لەگەڵ ھونەرمەندانی کوردستان کەم تا زۆر ئاگاداری چالاکی و پەیوەندیەکانم.

 بۆپێشەوە : بە چەند کاری ھونەری بەشداریت لە پێشانگەی (سەمای گل و رەنگ)  کرد؟

 ئاری میرزا: من بە خۆشحاڵیەوە بە دوو تابلۆ بەشداریم کرد. ھەڵبەتە لەبەر ئاسان نەبوونی ناردن و گواستنەوەی تابلۆکان، گونجاو بوو کە بە دوو تابلۆ بەشدار بم، کە سوپاسی ھاورێکانم ئەکەم بۆ ئەرکی گواستنەوە و لە چوارچێوەگرتنی تابلۆکانم.

بۆپێشەوە: لە تاراوگە کێشەی هونەری چییە؟

وریا ئەحمەد سەڵاح: لە هەموو شوێنێک هونەرمەند ڕووبەڕوی کێشەی خۆی دەبێتەوە بۆ نمونە ئەگەر لەسەر  هونەری شێوەکاری قسە بکەم، ئەگەرچی بۆ من سەرچاوەی سەرەکی مەعیشەتم نییە، بەڵام لەبەرئەوەی زۆر عیلاقەم بە هونەرەکەمەوە نزیکە بە ناچار کاتی بۆ دەڕەخسێنم هەروەک نان وئاو بە پێویستی دەزانم، بەڵام لەبەر گرانی و مەشغەڵەتی ژیان ڕەنگە بۆ زۆر کەس وا نەبێت سەری نەپرژێت بە دڵی خۆی هونەر بکات.

 بۆپێشەوە: بەچەند تابلۆ بەشداریت کردووە؟

وریا ئەحمەد سەڵاح : بە شەش تابلۆ بەشداریم کردووە، تابلۆکان بە ڕەنگی ئۆکرالیک و هێڵکاری و خەڵوز.

بۆپێشەوە: ناو لێنان بۆ تابلۆ لای ئێوە چەند گرینگە؟.

وریا ئەحمەد سەڵاح : هەندێکجار ناولێنان بۆ تابلۆ گرینگە، بەڵام بەلای منەوە زۆر جار پێمخۆشە بینەر خۆی بەپێی تێگەیشتن وتێڕوانینی خۆی ناو بۆ تابلۆکانم دابنێ. ئەوەی من سەرنجم داوەتێ هێندەی لە وڵاتی خۆماندا ناولێنان لە تابلۆ کێشەیەکە حەتمەن دەبێ ناوی لێبنێن، لێرە فێڕبووم کە ناولێنان لە تابلۆ هیچ زەرورەتێکی نییە، لەبەر ئەوەی بەڕای من بینەر لە بیرکردنەوەدا ئازاد نابێت ئەگەر ناولێنان شتێکی حەتمی بێت.

بۆپێشەوە: بەرای تۆ بینەر زیاتر چێژ لەتابلۆ دەبینێ یان پەیکەر؟ چۆن توانیوتە لەهەردوو هونەری پەیکەتاشی و شێوەکاری کاربکەیت بەیەکەوە؟

 بورهان مستەفا: بینەر چێژ لە هەردوو کاری هونەری پەیکەرتاشی و تابلۆی شێوەکاری ڕەنگ یا هێڵکاری وەردەگرێت. هەندێک بابەت دەربڕینی بە پەیکەر جوانترە، و هەندێک بابەتیش هەیە بە تابلۆ و ڕەنگ، و هەندێک جاریش تەنها بەقەڵەم ڕەساس هێڵکاری دەتوانیت هەستی خۆت دەربڕێت…

لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکان مەرحەلەی یەک و دوو لە بەشی شێوەکاری پەیکەرسازی و شێوەکاری هێڵکاری و تابلۆ و ڕەنگسازیشم خوێندووە، لەهەردوو بەش زۆر باشبووم. سەرۆک بەشی پەیکەرتاشی ناوی مامۆستا حوسێن بوو (یادی بەخێر) زۆر حەزی لەکارەکانی من بوو، زۆر هانی دەدام بچمە بەشی پەیکەرسازی، بەڵام لە پۆلی سێیەم بەشەکان جیادەکرێنەوە. هەروەها من لە وێنەکێشانیش زۆر باش بووم و چوومە بەشی وێنەکێشان. بەڵام لەپەیکەرسازیەکەش هەر بەردەوام بووم بەرهەمی باشم هەبوو.

بۆپێشەوە: بەچەند کاری هونەری بەشداریت لە پیشانگەی” سەمای گڵ و ڕەنگ” کرد؟

بە ١٢ کاری هونەری بەشداریم کرد، دەمتوانی زیاتریش بێت، بەڵام وام بەباش زانی هۆڵەکە زۆر تەنگ و قەرباڵەغ نەکەم.

زۆر سوپاسی کاک ئاراس و هاوڕێیانی دیکەی پێگەی ڕۆشنبیری کوردیی ئۆتاوا دەکەم کە بەو کارە هەستان و ئەرک و ماندووبوونیان جێی دەستخۆشی و ڕێزە. سوپاسیش بۆئێوە لە بۆپێشەوە کە بەسەرتان کردینەوە بەم گفتوگۆیە هونەریە.

ئاسۆ فەرەج لە بۆدری پێگە

بۆپێشەوە : پێگە چۆن توانی لەو ماوە کەمەدا بەو چالاکییە گەورانە هەستێ؟

سوپاس بۆ پرسیارەکەتان، بێگومان خۆی لە خۆیدا وەک ئێوە دەفەرموون ئەم چالاکییە چالاکییەکی مەزن بوو نەک گەورە. وەک لە پرسیارەکەدا فەرمووتان لەم ماوە کەمەدا، بە ڕاستی ئەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەم جۆرە چالاکییانە پەیوەندی هەیە بە هیوا و ئامانجی پێگە و ڕەنگدانەوەی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەران. بێگومان ئەبێت ئێمە خەونەکانمان گەورە بن، سەرباری ئەوەش ئەو ئەرکەی ئێمە وەک دەستەی بەڕێوەبەرانی پێگە خستوومانەتە سەر ئەستۆی خۆمان بە کارێکی پیرۆزی دەزانین و ئەگەریش خەونە مەزنەکانی وەک ئەم جۆرە چالاکییانە نەهێنیینە ئەنجام ئەوا بەو سەرئەنجامە دەگەین کە دەبینە یەخسیری نابێت و ناکرێت. هەر لەسەرەتای دامەزراندنی پێگە، ئێمە دروشممان کارکردن بوو لە پێناو بە ئەنجام گەیاندنی ئەو چالاکییانەی کە لە ئاستی دامەزراوێکی وەک پێگەی ڕۆشنبیریی بێت. لەوانەیە بۆ هەندێک کەس یان بگرە ئێمەش ماوەکە کورت بووبێت؛ بەڵام بە دڵنیاییەوە کاتێکی بێ شومار تەرخانکرا بۆ ئەنجامدان و بەرنامەڕێژییەکی تۆکمەمان گرتەبەر لەپێناوی سەرکەوتنی چالاکییەکە. ئەرکەکانیش بریتی بوون لە ئامادەکاریە سەرەکییەکانی وەک پەیوەندیکردن بە هونەمەندەکان و ئەوانیش بە گیانێکی دڵسۆزانەوە پەسەنمەندی خۆیان نیشاندا. لایەنێکی تری ئامادەکارییەکەش بەدەستهێنانی شوێنکی گونجاو و لەبار بۆ پێشانگاکە و گرنگیدانیش بەوەی کە شوێنەکە لە ئاستی هونەرمەندەکاندا بێت و پڕ بە پێزی کارە ناسکەکانی هەر هەشت هونەمەندەکانمان بێت. ئەوەی شایانی باسە ئێمە توانیمان بەهاوکاری هونەرمەندەکان و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەران پەڕاوی ناساندنی هەر هەشت هونەرمەندەکان بنەخشێنین و پۆستەری پێشانگاکەش لە ماوەیەکی کورتی دیاریکراودا ئامادە بکەین و بکەوینە بڵاوکردنەوەی چالاکییەکە لە میدیا کۆمەڵگەییەکان و ناردنی ئیمەیڵ و ڕاگەیاندنی ڕەوەندی کورد بۆ ئامادەبوون و بەشداری کردنیان لە چالاکییەکەدا.  خاڵی سەرەکی و گرنگی ئێمە ئاستی ئەو شوێنە بوو کە دەبوایە بمانگرتایە بۆ پێشانگاکە، بە دڵنیاییەوە، بە لایەنی کەمەوە دەبوایە ئاستی شوێنی سازدانی پێشانگاکە لە ئاستی هونەمەندەکانماندا بوایە و هەر هیچ نەبێت لە ئاستی هونەرمەندە بەنرخەکانماندا کەمتر نەبێت.  لایەنێکی دی چالاکییەکە ئەوە بوو کە ئەم جۆرە چالاکییە بۆ یەکەم جار بوو لەو ئاستەدا هونەرمەندانی کورد لە شوێنە جیاجیاکانی جیهانەوە هاتبوون بەرەو پیرمان؛ ئێمەش دەبوایە ئەرکەکانمان بەشێوەیەک ئەنجام بدەین کە لە ئاستی متمانەی هونەرمەندەکانماندا بین. ئەزموونەکەش ئەزموونێکی نوێ بوو بۆ ئێمە، دەستەی بەڕێوەبەرانیش وا بە ئەرکە هەستاین کە بە خۆمان بڵێین ئەمە یەکەم چالاکییە لەم جۆر و ئاستەدا، دەبێت کارێکی وابێت کە ببێتە مایەی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە چالاکییانە لە ساڵانی داهاتوودا.  بەڵێ، ڕاستە هەنگاوەکامان بازێکی گەورە بوو بۆ پێگە؛ بەڵام بە هۆی باوەڕکردن بە خۆمان و متمانەکردن گشت ئەندامانی پێگە دڵنیابووین لەوەی کە چالاکییەکی سەرکەوتوو دەبێت، و دەبێتە مایەی دروستبوونی هەوێنی چالاکییەکی بەردەوامی لەم جۆرە.

بۆپێشەوە: کۆکردنەوەی ٨ هونەرمەندی کوردی هەندەران و نیشتەجێی وڵاتانی جیاجیا چۆن بوو و چی دەگەیەنێت؟ وە ئایا دووبارە بوونەوەی لە ساڵانی داهاتوو دەبێت؟ بەرنامەی کاری داهاتووتان چییە؟

بەشانازییەوە دەڵێم، ئێمە وەک دەستەی بەڕێوەبەرانی پێگەی ڕۆشنبیریی کوردیی ئۆتاوا؛ لەپاش ئەم سەرکەوتنەی پێشانگاکەمان و دەنگدانەوەی لەنێو ڕەوندی کورداندا لە تاووتوێکردنی چالاکییەکەدا لە کۆبوونەوەی دوای چالاکییەکە، ئەوەمان پێشنیار کرد کە ئەم جۆرە چالاکییە ببێتە چالاکییەکی بەردەوامی ساڵانە، و ببێت بە یەکێک لە چالاکییە دیاریکراوەکانی ساڵانەمان. هیواداریشم دووبارەو چەندبارەشی بکەینەوە لە ساڵانی داهاتوودا و پێخۆشحاڵیش دەبین بەوەی کە ئەو هونەرمەندانەی نیازی بەشداربوونیان هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆئەوەی خۆمان ئامادە بکەین بۆ پێشانگای داهاتوومان لە ساڵی 2019ـە دا. سەرکەوتنی ئێمە بە بەردەوامیدان و سەرکەوتنی چالاکییەکانمانەو بێهوودە مەشخەڵی “پێگە سەکۆیەک بۆ هەموان” مان بەرز نەکردووەتەوە.  هیواداریشین لە داهاتوودا ببینە بنکەیەک بۆ گشت هونەرمەندان و ڕووناکبیرانی کورد و گشت نەتەوەکانی دی. ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە کە هاوکار بین لەتەک گشت ڕەوەندەکانی تری کەنەدا، جا بە هەر زمان و ڕەنگێک بێت. ئاواتەخوازیشین ببینە ئەو تروسکاییەی لە بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی، وێژەیی، کۆمەڵگەیی و گشت بوارەکانی دی، هەموو ئەو لایەنانەی دەیانەوێت لە سەکۆی پێگەوە دەنگ و ڕەنگی خۆیان بگەیەنن بە گشت.

سوپاسی بێ شومارم بۆ ئێوەی بەڕێز بۆ ئەم چاوپێکەوتنە و گرنگیدانتان بە پێگە و چالاکییەکانمان.

Leave A Reply

Your email address will not be published.