من خاوەنی جەستەی خۆمم

0

من خاوەنی جەستەی خۆمم

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

لە هەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵانی رابردوودا بە هۆی کێشەی خێزانی و دیاردە کۆمەلایەتیەکان کە هەژاری و کێشەی ئابووری بەرچاوترینیانە و هەروەها بە هۆی ناعەداڵەتییە کۆمەلایەتیەکان کە سیستمی دەسەڵاتدار بەرهەم هێنەرێتی، ئاماری خۆکوژی و کوشتنی ژنان رۆژ بە رۆژ روو لە زیاد بوونە. بە جۆرێک کە کوردستان بۆتە قەسابخانەی ژنان و سڕینەوەی جەستەیان لەژێر ناوی شەرەف و ناموس. پێناسەکردنی چەمکی شەرەف بە ئەخلاقیاتی ئیسلامی کە خۆی لە ناو گەڵی ژن دا دەبینێتەوە، ئەوەی کە جەستەی ژنان لە کوردستان دەکەوێتە چوارچیوەی خاوەندارێتی باوک وبراو خاڵ و مام و پیاوانی خێزان، هەروەها نەبوونی ئاسایش وپۆلیسی بەرپرس لە بەدواداچوون بە جینایەتەکانی تایبەت بە ژن کە لەم شوێنانەدا میکانیزم و دادگا ناتوانێ بەر بەتوندوتیژی بەدژی ژنان بگرێ، چوونکە خۆی ئەبزاری دەستی چینی حاکمە و ئامانجەکانی دەسەڵات دەپێکێ، یان لەدوای ڕوودانی وەها تاوانێک، بکوژەکان لە ڕەوتێکی یاساییدا محاکمە ناکرێن و بە زوترین کات ئازاد دەکرێن، هەر ئەوەش بۆتە هۆکاری زۆربوونی خۆکوژی و تێرۆری ژنان لەو ولاتە. دیاردەی خوکوژی و کوشتنی ژنان لە هەموو جیهان روو لە زیادبوونە و رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئامارگەلی جۆراوجۆری لەو پەیوەندیەدا بڵاوکردۆتەوە کە دەکرێ بوترێ توندوتیژیه‌کی ئاشکرایه‌ به‌رامبه‌ر به‌جه‌سته‌. ئه‌م دیاردەیە‌ ساڵەهای ساڵه‌ گیرۆده‌ی جیهان بۆتەوه‌ و زۆربه‌ی کۆمه‌ڵناسان و لێکۆڵه‌رانی بواری خه‌ساره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی به‌خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ کردووه‌، چونکه‌ به‌ پێی لێکۆڵینه‌وه‌کان سێهه‌مین هۆکاری مردنی مرۆڤه‌کان لەجیهان به‌ ئه‌ژماردێ و رۆژ له‌گه‌ڵ رۆژ په‌ره‌ ده‌ستێنێ. هه‌روه‌ها پارامێتری نیگه‌تیڤ له‌پاش خۆی به‌جێدێڵێ. خۆکوژی دیارده‌یه‌کی مه‌ترسیدارو هه‌ژێنه‌ره‌ که‌ زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگەکان له‌گه‌ڵی ده‌سته‌ویه‌خه‌ن، بەلام ئەوەی کە مەبەستی ئەوم بابەتەیە توندوتیژی بەدژی ژنان و سڕینەوەی جەستەیان لەلایەن سیستم و کۆمەڵگەی دژە ژنی هەرێمی کوردستانە. ژنان لەو وڵاتە خۆیان خاوەنداری جەستەی خۆیان نین و بۆئەوەی جەستەیان لە لایەن کەسانی دەوروبەر نەسردرێتەوە بە ناچاری خۆکوژی هەڵدەبژێرن و گیانیان لەدەست دەدەن. ژنان بە هۆی سیستمی نابەرپرسیار رۆژانە لەگەل هەژاریی و کیشەی ئابووری، دەستدرێژی جنسی، تازێباری بۆ لە دەستدانی بنەماڵەیان کە لە ژێرناوی پیشمەرگە بوونە قوربانی دەسەڵاتدارن و شەر، زەواجی زۆرەملێ لە ناوچە دوورەدەستەکان کە هەژاری کلتوری تێیدا حاکمە، دواکەوتووویی و بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکانیان بەهۆی ئەخلاقیاتی ئیسلامی و سیستمی دواکەوتوو و هەروەها بە هۆی بارودۆخێک کە دەسەلات خوڵقاندویەتی و لەئاکامدا رۆژبەرۆژ بیرۆکەی پیاومەزنی دەرخواردی کۆمەلگە دەدات بەرەوروون. ئەو کێشە و گرفتانە بۆتە هۆکاری خوڵقانی دیاردە کۆمەلایەتیەکان کە یەک لەوان خوکوژی و سڕینەوەی جەستەیە. رۆژانە ژنان لە هەرێمی کوردستان دەبنە قوربانی ناموسپەرستی و مافی ژیانیان لێ زەوت دەکرێ لە راستی دا ئەو ژنانەش کە دەست دەدەنە خۆکوژی بەو هۆکارە ئەو رێگا مەترسیدارە هەڵدەبژێرن، چوونکە خۆیان خاوەنی جەستەی خۆیان نین و لەئەگەری کوژرانیان بە درندانەترین شێواز لەلایەن بنەماڵەکانیان کە ئەوانیش قوربانی هەر ئەو سیستمەن جەستەی خۆیان دەسڕنەوە. بە پێێ ئامارو هەوالەکان کە بڵاوکراونەتەوە لە ساڵی ٢٠١٨ بە دەیان ژن دەستیان داوەتە کردەوەی خۆکوژی و جەستەی خۆیان سڕیوەتەوە، دەیان ژن کەوتوونەتە بە توندوتیژی جنسی و دەستدرێژیان کراوەتەسەر و سەرەرای ئەوەی توندوتیژیان بەرامبەر کراوە لەلایەن بنەماڵەکانیشیان کوژراون، بەسەدان ژن لە کورستان بوونە قوربانی شەری ئیدئۆلۆژیک و لە بازارەکانی ولاتانی عەرەبی وەک کۆیلەی جنسی فرۆشراون کە نمونەی بەرچاویان ژنانی ئێزیدیە، جەنایەتیك کە نابەرپرسی و ناکارامەیی دەسەڵاتی حاکم و ێیزی تێروریستی تەیار بە ئایینی ئیسلام داعش هۆکاری بوو و خولقاندی. لە ماوەی سالانی رابردوو ئاماری خۆکوژی  ژنان لە کوردستان بە هۆی کێشەی خێزانی و  توندوتیژی خێزانی کە سیستم تێیدا بەرپرسیارە روو لە زیادبوونە کە بەرچاوترینیان خۆکوژی کچێکی سەر بە شاری قەلادزێ بە ناوی پەروێز بوو کە لەترسی ئەوەی لە لایەن خیزانەکەیەوە نەکوژرێ بەناچار جەستەی خۆی سڕیەوە. ئەو کچە بە تاوانی خۆشەویستی بوو بە قوربانی، چوونکە بەداخەوە خوشەویستی لەو ولاتە وەک تاوان بە ئەژمار دێ، پەرویز دوای ئەوەی کەسی بەرامبەری هەرەشەی بلاوکردنەوەی وێنەکانی لێکرد خۆی کوشت. لە راستیدا پەروێز خۆی خۆی نەکوشت بەڵکو  کۆمەلگە و سیستم کوشتی، پەرویز ئیتر خاوەنی جەستەی خۆی نەمابوو و بنەماڵە و کۆمەلگە بریاریان بۆجەستەو ژیانی دەدا بۆیە لە ترسی توندوتیژی و سوکایەتی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. خۆکوژی پەروێزەکان دەگەرێتەوە بۆ نەبوونی سیستمی تۆکمە و لەبار کە مرۆڤەکان بە گیانی مرۆڤی پەروەردە دەکات. لەناو کۆمەلگەیەکی دژە ژن کە جەستەی ژن تەنیا ئەبزاری دامرکاندنەوەی هەستی جنسی پیاوە، لە کۆمەلگەیەکدا کە پەروێزەکان ناتوانن خۆشەویستی تێیدا دەرببڕن و هەستە جنسی و عاتفیەکانیان لەرێگای دنیای مەجازی قەرەبوو دەکەنەوە، لە کۆمەلگەیەک کە وانەی ئەوە نەوتراوەتەوە جەستەی کچێکی ژێر ١٨ سال ناسکە و هەر جۆرە پەیوەندیەکی جنسی بەرامبەری دەکەوێتە خانەی توندوتیژی جەستەیی و ئازاری جسنیەوە، لە کۆمەلگەیەک کە جەستەی کچێکی نۆ سالان بە هۆی ئەخلاقیاتی ئیسلامی و ئایینی قیزەونی ئیسلام کە بەشێکە لە دەستوری هەرێمی کوردستان ئامادەی دەستدرێژی و سێکسە، لە کۆمەلگەیەک کە ژنان تییدا وەک ئاژەڵ و مالات و مڵکی پیاوان  بەناوی مارەیی دەفرۆشرێن بێگومان دەبێ چاوەروانی خۆکوژی و بە دەیان دیاردەی کۆمەلایەتی لەو چەشنە بین، چوونکە ژنان لە کوردستان خاوەنی جەستەی خۆیان نین و سیستم و کۆمەڵگە و بنەمالەی عەشیرەیی و دواکەوتوو کە خۆی قوربانی ئەو سیستمەیە بڕیار بۆ ژیان و چارەنوسیان دەدا. سیستمی دەسەلاتدار بە ئامانجەوە ساڵەهایە لە باتی ئەوەی لە رێگای راگەیاندن ئاستی وشیاری خەڵک بباتە سەر خەریکی بەرهەمهێنانی خورافی و پەرەدان بە ئەخلاقیاتی ئیسلامیە، چوونکە قازانجی لێ دەبینێ. لە بارودۆخی هەنووکەیی دا کە کیشەی ئابووری بەرۆکی خەڵکی گرتووە خەلک و بنەماڵەکان تووشی قەیرانی دەرونی بوون و ئاسەوارە نیگەتیڤەکانی خۆی لە توندوتیژی خێزانیدا دەبینێتەوە. ژنان لە کوردستان بەهۆی نەبوونی ماف و ئازادی کۆمەڵایەتی و بۆ نارەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی نالەبارو پیاومەزنی و بەرتەسککردنەوەی ئازادیان لەرێگای کلتوری دواکەوتوانە و عەشیرەت سالار دەست دەدەنە سڕینەوەی جەستەی خۆیان. کومەڵگەیەک کە جەستەی ژن بە موڵکی باوک و براو مام و هتد.. دەزانێ. لەلایەکی ترەوە ژنانێکی زۆر لە کوردستان لەژێر ناوی خۆکوژی دەکوژرێن و دام و دەزگای ئەمنی و حکومەتی سەرپۆشی لەسەر دادەنێن و بە بەرتیل و پارە موزایدە بە خوێنی ژنان دەکەن. ئێستاکە رون و ئاشکرایە مه‌ودای چینایه‌تی له‌ په‌ره‌سه‌ندنی خۆكوژی له‌ ناو ژنان نه‌قش و ڕۆڵی نه‌رێنی ده‌گێرێ. به‌ڵام ‌ ژنان ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانن كه‌ توندوتیژی به‌ توندوتیژی وه‌ڵام نادرێته‌وه‌. سڕینه‌وه‌ی جه‌سته‌و په‌ره‌سه‌ندنی دیارده‌ی خۆكوژی له‌لایه‌ك تاکەکانی كۆمەڵگە بەرەو خەمۆکی دەبات لەلایەکی دیکەشەوە ده‌بێته‌ هۆی پارامێترگه‌لێكی ناته‌ندروست بۆ ژنانی داهاتوو به‌تایبه‌ت ئه‌و ژنانه‌ی كه‌ له‌ ناو بنه‌ماڵه‌كانیان كه‌سانێكیان خۆده‌كوژن، هه‌روه‌ها له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ زۆربه‌ی ژنان به‌ ده‌ستی كه‌سانێكه‌وه‌ بكوژرێن و به‌ خۆكوژی ناویان تۆمار بكرێ. له‌ كۆتاییدا ده‌بێ بڵێن ده‌بێ ژنان جه‌سته‌یان لا خۆشەویست بێ و له‌باتی سرینه‌وه‌ی جه‌سته‌ی خۆیان هه‌وڵ بۆ لابردنی یاسا هه‌ڵاواردن ئامێزه‌كانی كۆمه‌ڵگە بده‌ن و بۆ ده‌سته‌به‌ری مافه‌كانیان خه‌بات بكه‌ن. نه‌هێڵن كۆمه‌ڵگە به‌هۆی خۆكوژی ئه‌وانه‌وه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵگەیه‌كی نه‌ریتی و دواكه‌وتوو سه‌یری بكرێ و دیارده‌یه‌كی ناله‌بار به‌ناوی خۆكوژی له‌ كۆمه‌ڵگەكه‌مان بنبڕ بكه‌ین و هەوڵ بۆ لابردن و نەمانی عامیلانی مەودای چینایەتی و دامەزرێنەرانی نیزامی عەشیرەت سالار لە کوردستان بدەین…

Leave A Reply

Your email address will not be published.