هەڵاواردنی یاساکانی  تایبەت بە کار لە نزیکەی ١٠٤ وڵاتدا  هەندێک کار تایبەت دەکەن تەنها بە پیاوانەوە.!!

0

هەڵاواردنی یاساکانی  تایبەت بە کار

لە نزیکەی ١٠٤ وڵاتدا  هەندێک کار تایبەت دەکەن تەنها بە پیاوانەوە.!!

ئامادەکردنی: شوان عەزیز

یاساکانی کار لەو وڵاتانەدا دەربارەی کار بۆ ژنان و پیاوان لەیەک ناچن. ئەو یاسای کارانە کاریان دابەشکردووە بەسەر ژنان و پیاواندا. زۆرێک لەو کارانە بە پێی یاساکانی کاری ئەو وڵاتانە تەنها پەیوەست کراوە بە پیاوانەوە و ژنان ناتوان ئەو کارانە بکەن.

بۆ نموونە: ژنان لە کازاخستان ناتوانن و بۆیان نییە مەڕوماڵات و ئاژەڵ سەرببڕن، بۆیان نییە بەراز سەر ببڕن. هەروەها لە ڤێتنام دا ژنان بۆیان نییە و ناتوان تراکتۆرێک لێبخوڕن( بئاژۆن) کە تواناو هێزی ٥٠ ئەسپی هەبێ یا زیاتر.

بە پێی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی بانکی جیهانی کە لەو هێلکاریەی سەرەوەدا دیاری کردووە، ژنان لە ١٠٤ وڵاتدا بێبەش کراون و بۆیان نییە دەست بۆهەندێک کار بەرن. تەنانەت لە هەندێک وڵاتی زۆر دەوڵەمەندیشدا هەوڵ دەدرێت هەندێک شوێنی کار خاڵی بکرێت لە بوونی ژنان تێیاندا. لە هەندێک لەو وڵاتانەی کە لەگەشەکردنیش دان جیاوازی کردن و هەڵاواردنی ژنان زۆر بە ئاشکرایی دەبینرێت لە شوێنی کاردا.

سارا ئیقبال، کە سەر بەو بانکەیە دەڵێت “یەکسانی لە نێوان ژنان و پیاواندا لە ڕووی یاسای کارەوە پەیوەستە بە ڕێژەی ژنانی کارگەرو ڕێژەی دەسکەوت و بەدەسدتهێنانی پارە لە کارەکەیان دا.” لەو بارەوە هەندێک وڵات لیستی هەندێک کاریان بڵاوکردۆتەوە لەوانە ڕوسیا کە دەڵێت هەندێک کاری وەک شەمەندەفەرو بەدەستەوەگرتن و بادانی سوکانی کەشتی زۆر سامناک و قورسە بۆ ژنان. لە هەندێک وڵاتانی تردا تەواوی سێکتەرەکانی کارکردن لەشەواندا لە ژنان قەدەغە کراوە. بۆ نموونە لە چوار وڵاتدا ژنان بۆیان نییە ببنە خاوەن کارو ئاڵوگۆڕی بازرگانی بکەن. لە ١٨ وڵاتی تردا ژنان بۆیان نییە بە بێ ڕەزامەندی مێردەکانیان کار بکەن، واتە مێردەکانیان دەتوان ژنەکانیان لەکار ڕابگرن.

ئامانج لێرەدا ئەوەیە کە لایەنی جێندەری لاواز بپارێزن… واتە وەک دەڵێن بۆ پاراستنی ژنانە. هەندێک یاسای کاری هەندێک لەوڵاتان ژنان دەخەنە هەمان ڕیزی منداڵانەوە. پێیان دەگوترێت ئەو کارە بۆ ئێوە ناشێ لە ڕووی جەستەییەوە قورسە بۆ ئێوە. بۆ نموونە کارکردن لە کانەکاندا و کاری نێو کارگەو کارخانەکان. کە دیسان دەڵێن بۆ سەلامەتی ژنان ئەو جۆرە کارانە باش نین.

بۆ نموونە لە شاری مۆمبای لە وڵاتی هیندوستان ژنانیک کە لە دوکان و بازارەکاندا شت دەفرۆشن و ئاڵوگۆر دەکەن ناتوانن و بۆیان نییە شەو درەنگانێک وەک پیاوان بمێننەوە و بەردەوام بن لە کارەکەیان دا. پێویستە ئەوان زوو لە بازار نەمێنن. هەروەها سارا ئیقباڵ دەڵێت: “لە هەندێک وڵاتیتردا ئەو جۆرە یاسایانەیان داناوە تا توانای ژنان تەرخان بکرێت بۆ منداڵ نانەوە.”

مەسەلەی نەهێشتنی کارکردنی ژنان لە شەواندا و لە نێو کانەکاندا سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی پیشەسازی و بە تایبەتی لە وڵاتی ئینگلتەرا. کە ئەو کات پێیان وابوو ژنان نەک هەر تەنها لاوازن، بەڵکو ناشتوانن بڕیاری گونجاو بدەن. هەر بۆیە  تا ساڵی ١٩٤٨یش  ڕێکخراوی کاری نێونەتەوەیی پێی وابوو وا باشترە کە ژنان بەدوور بگیرێن لە کاری شەوانە و کاری نێو کانەکاندا.

بۆ نموونە وڵاتی ئیسپانیا تا ساڵی ١٩٩٥ ڕێگەی بە ژنان نەدا کە کاربکەن لە نێو کانەکان، لە بەشی کارەبا و هەندێک بەشی بیناسازی و تەعمیراتدا.

 ئەوەی کە جێگەی تێڕامانە ئەوەیە کە هەر لەو دواییانەدا هەندێک وڵات شتی سەیریان سەپاندووە بەسەر ژناندا. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٣ دا وڵاتی ڤێتنام ڕێگەی بڕی لە ژنان کە تراکتۆری بەهێزی ٥٠ ئەسپی و لەوە زیاتر لێبوخڕن.

لەو دواییانەدا وڵاتانی وەک بولغاریاو کۆڵۆمبیاو کۆنگۆ و کیڕیباتی و پۆڵۆنیا هەندێک ڕێگریان لەبەردەم ژنان دا لابرد لە یاسای کاریاندا.

هەندێک جاران یاسا شکێنیش دەکرێت. بۆ نموونە کاتێک کە لە شوێنی کارێکدا کرێکاری پیاو وەک پێویست دەست ناکەوێت دێن ژنان وەردەگرن. بۆ نموونە وەک کە لە کۆلۆمبیا ڕوویدا. کاتێک کە زۆرێک لە پیاوان وازیان لە کارەکەیان هێنا لە کانەکانی ماڕماتۆ بۆئەوەی کاری تر لە شوێنی تر بە پارەیەکی باشتر بدۆزنەوە. هەروەها بۆ نموونە کاتێک کە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات خۆیان لکاند بەبەشە رۆژئاواییەکەیەوە زۆرێک لە کرێکارە پیاوەکان بەرەو بەشی ڕۆژئاواکەی کۆچیان کرد و بەو هۆیەشەوە دەبوایە شوێنەکانیان بە ژنان پڕ بکەنەوە. هەروەها لەبەر هەندێک هۆی تر بۆ نموونە سک پڕبوون لە لایەن ژنانەوە وای کردووە کە ژنان نەتوانن لە هەندێک شوێنی وا کار بکەن کە ماددە کیمیاویەکانی تێدا بەکاربێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.