دیاردەی کوشتنی ژنان لەسەر نامووس مەسەلەیەک نییە تەنها پەیوەندی بە موسڵمانانەوە هەبێت.!   نووسینی: phyllis Chesler ئامادەکردن و وەرگێرانی: شوان عەزیز

0

 

دیاردەی کوشتنی ژنان لەسەر نامووس مەسەلەیەک نییە تەنها پەیوەندی بە موسڵمانانەوە هەبێت.!

 

نووسینی: phyllis Chesler

ئامادەکردن و وەرگێرانی: شوان عەزیز

 ئەم بابەتە لە کتێبێکی نووسەر وەرگیراوە بە ناوی ” پیلانی خێزان” بەشی:  کوشتن لەسەر نامووس

A Family Conspiracy: Honor Killing. 

 من لە کۆتایی ساڵەکانی شەستەوە دەستم بە لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون کرد لەسەر مەسەلەی توندوتیژی لە دژی ژنان. لەو لێکۆڵنەوەیەمدا جەختم کردۆتە سەرژیانی ئەو ژنانەی کە لە ئەوروپاو بەشی سەرووی ئەمەریکادا دەژین. ئەو ژنانەی کە لەو دوو شوێنەدا لە ڕووی دەروونیەوە نەخۆشیەکانیان دیاریکراوەو خراونەتە خەستەخانەشەوە. دەرکەوتووە کە ئەو ژنانە بوونەتە قوربانی بە هۆی دەستدرێژی جنسی لە بەرامبەریان،  بە هۆی گێچەڵی سێکسی پێیان،  بە هۆی دەست درێژی جنسی لێیان لە لایەن باوک و براکانیانەوە، بە هۆی لێدانیان لە لایەن هاوسەرەکانینەوە، هەروەها بە هۆی بەکارهێنانیان لەبازاری لەشفرۆشی و  نێو دەزگای زەبەلاحی پۆڕنۆگڕافیدا.

هەروەها من چەندین بەڵگەی گەورەم تۆمارکردووە لەسەر کەسانی دوفاقە لە سیاسەتداو لەسەرکەسانی لایەنگری ڕاستەوخۆی سیاسەتی دژە ژنیش بەهەمان شێوە بەڵگەی فراوانم تۆمارکردووە. کەهەموو ئەم سیاسەت ولایەنگریانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە چەندین لە دایکان مافی چاودێری منداڵەکانیان لەدەست بدەن  بۆ بەرژەوەندی باوکانێک و چەندین مێردی ڕەفتارخراپ لەبەرامبەر ژنەکانیاندا. چەندین لە ژنان سزای هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە لەبەرئەوەی لە کاتی بەرەنگاری لە خۆیاندا کەسانێکیان کوشتووە کە ئەشکەنجەو ئازاریان دراون. هەروەها چەندین دیاردەی توندوتیژی کە لەسەرتاسەری جیهاندا لەبەرامبەر ژنانێک ئەنجامدراوە کە خەباتیان کردووە بۆ بەدیهێنانی مافە ئابووری و کەلتووری و  سیاسی و پەروەردەیی ودینیەکانیانەوە.

نەوەی تەمەنی من لە فێمینیستەکان باوەڕیان بە مافی مڕۆڤی جیهانی هەبوو. ئێمە ئەوکات کەسانی ڕێلەتیڤیستی فرەکەلتووری نەبووین. ئێمە ئەوکات هەر کە کەسێکی ئەفکار دژە ژنمان دەبینی لێمان دەکردە هەرا. لەو نێوەشدا ئەو کەسەمان نەدەبوارد کە دەستدرێژی جنسی دەکردە سەر ژنان، یاخوود ئەوکەسەی کە لە ژنەکەی خۆی دەدا. ئەو کەسەشمان نەدەبوارد کە ئارەزووی سێکسی لەگەڵ منداڵاندا هەبووبێت بەبیانووی ئەوەی هەردووکیان هەم کوڕو هەم کچەکەش لە خێزانێکی هەژارەوە هاتوون. هیچ کەسێکیشمان نەدەبوارد بە بیانووی ئەوەی کە هەردووکیان واتە قوربانیەکەو تاوانکارەکەش لە یەک ڕەنگ و ڕەگەز بووبێتن. تەنانەت ئەو کەسەشمان نەدەبوارد بە بیانووی ئەوەی کە لە منداڵیدا خۆی تاوانی بەسەرا ئەنجام دراوەو تاوان لێکراویش بەهەمان شێوە ژیانی منداڵی هەروا بووە.

هەروەک و فێمینیستەکانی تری ئەمەریکا منیش چالاک بووم لە نێو بزووتنەوەکانی دژی جەنگ و بزووتنەوەکانی مافە مەدەنیەکان، بەڵام من وەک ئەو فێمینیستانە نەبووم چونکە من تەجروبەی ژیانم هەبوو لە هەرێمێک لە وەڵاتی ئەفغانستان. ئەمەشم کردە ناونیشانی کتێبێکم بە ناوی “بوکێکی ئەمەریکی لە کابوڵ”. من لەگەڵ خەسووم دا دەژیام لە ناو خێزانێکدا کە نەریتی فرەژنی تێدا چەسپابوو. وە من لە ژێر چارشیودا بووم و نەم دەتوانی بێ بوونی پیاوێک لەگەڵمدا بتوانم بچمەدەرەوە و بازار بکەم. خەزوورم ٣ ژنی هەبوو لەگەڵ ٢١ منداڵ. لەڕاستیدا مێردەکەم کە بە فکرێکی ڕۆژئاوایی پەروەردە بو بوو، بەڵام وەختێک کە بەیەکەوە لە کۆلیج بووین ئەم شتانەی لای من نەدرکاندبوون.. ژنانێکم دەبینی لەناو شاری کابوڵ دا کە لە ژێر چارشێوە ئەستوورەکانیاندا وە لەژێر بورقەدا دەهاتن و دەچوون. یاخوود لە ناو پاسەکاندا بە زۆرەملێ پاڵیان پێوەدەنان کە لە هەرێ دواوەی پاسەکان دابنیشن. بۆیە من هەرلەسەرەتاوە ئاگاداری ئەم بارودۆخەی ژنان بووم. زوربەی ژنان نەخوێندەواربوون، برسی بوون، بەزۆرەملێ و هەر بە منداڵی دەدران بە شوو، هەر لە منداڵیەوە ڕادەهێنران بۆ ملکەچی و گوێڕایەڵی سەرووی خۆیان، وە هەرکاتێک کە نەیانتوانیبایە بەپێی نەریتی کۆمەڵگە ڕەفتاربکەن حەتمەن ژیانی خۆیان دەخستە مەترسیەوە. مەبەستی من لێرەدا ئەوەیە کە بڵێم ژنان لە ئەفغانستان، سعودیە، میسر، هیندوستان و پاکستان دا ژیانێکی ناخۆشترو پڕمەرگەساتریان بەسەربردووە لە ژنانی ئەمەریکادا. لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٧٠دا من ئاگادارکرامەوە لە دەستدرێژی سێکسی بەکۆمەڵ بۆسەر کچان و ژنان لە شەڕی نێوان پاکستان و بەنگڵادیشدا. ئەوەشم زانی کە قوربانیەکانیش لە کچان و ژنان  لەلایەن خێزانەکانیانەوە هەموو جاران دەهاتنە کوشتن. هەروەها بە هەمانشێوە خەمی چارەنووسی ئەو ژنانەشم دەخوارد کە لەلایەن میلیشیاو هێزو گروپی چەکدارەوە  دەڕفێنران و بە کۆمەڵ دەستدرێژی سێکسیان دەکرایە سەر. ئەو ژن و کچانە نەک هەر وەک دەستکەوتی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا، بەڵکو وەک و کۆیلەی سێکیسیش چاویان لێ دەکرا. بۆ نموونە لە وڵاتانی سەرووی ئەفەریقاو بۆسنیاو گواتیمالاو ئەلسەلڤادۆر و ڕوانداو سۆدانیش..لە نێو ڕووداوەکانی جیهاندا من دەستم کرد بە فۆکەس خستنەسەر جیندەری خێڵەکی و جیاکاری ئایینی. وە هەروەها فۆکەسیشم خستەسەر ئەو ژنانەی کە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژیان کە بەدووکەوتەی نەریتی عەیبەو شەرمە بوون و کۆمەڵگەیەک بوون کە  لەسەر” کوشتن لەسەر نامووس” درووست بوبوون..

“کوشتن لەسەر نامووس” کوشتنی بێ باکانەی کچ و ژنانە. زۆر بە سادەیی لەسەر ئەوەی کە مێینەن. لەبەرئەوەی ئەو کچ و ژنانە بە مێینەیی لە دایک بوون و لە ناو کۆمەڵگەیەکدا هاتوونە دنیاوە کە پڕە لە نەریتی عەیبەو شەرمەو کوشتنی نامووسی. دەبێت ئەو کچ و ژنانە لەو کۆمەڵگەیانەدا پارێزگاری تەواو لە خۆیان بکەن تاک و عەیبە نەهێنن بەسەر کەس و کارو خێڵ و عێلەکانیان دا. جاری وا هەیە کە کچێک یان ژنێک بێ تاوانیشە، بەڵام بە درۆ تۆمەتی ئەدرێتە پاڵ کە گوایە بۆتە شوورەیی بۆسەر کەسو کارەکەی و بەو هۆیەوە سزای کوشتنی بەسەرا دەدرێت لە لایەن کەس و خزمانیەوە. توانای مناڵ دروستکردنی کچان لەلایەن خێزانەکانیانەوە خاوەنداری دەکرێت و هیچ دەسەڵاتی کچانی تێدا نییە.. ئەگەر کچێک وەک کاڵایەکی پەککەوتە دەرکەوت ئەوا خێزانەکەی بەرپرس دەبێت لە ئاگالێبوونی تا کۆتایی ژیانی ئەو کچە. ئەمەش وەک تاوانی کوشتن وایە. پاکیزەیی کچان بە هی خێزانەکانیان حیساب دەکرێت و وەک نیشانەی نامووسی خێزانەکانینانە. ئەگەر کچێک نەیتوانیبێت پاکیزەیی خۆی بهێڵێتەوە ئەوا وەک شوورەیی لەسەر خێزانەکەی دەژمێررێت وە دەبێت بە خوێن ئەو شورەییە بسڕێتەوە. دیارە خوێنەکەش هی کچەکە خۆی دەبێت کە دەبێ بکوژرێت.

بێنە پێش چاوی خۆت کە تۆ لەناوخێزانێکدای و زۆر بەووردی و لەنزیکەوە لەژێر چاودێریدای، جارس دەکرێی، ڕەنگە ڕۆژانەش لێت بدرێت، یان هەڕەشەی کوشتنت لێ بکرێت کە ئەگەر بێت و قسە لەگەڵ کوڕێک بکەی یاخود لەچکەکەت لەسەر سەر لادرابێت  و سەرت ڕووت بێت.  دیسان بێنە پێش چاوی خۆت و وا دابنێ کە ڕۆژێک دێت لە لایەن نزیکترین کەس و کاری خۆتەوە لەسەر بچووکترین شت یاخوود زۆر جاران لەسەر هیچ خوێنی تۆ زۆر بێباکانەو خەمساردانە دەڕێژرێت و بکوژانیش سەربەرز و ئازاد دەبن. هەروەها ئەوەش بێنە پێش چاوی خۆت کە ڕۆژێک دێت تۆ ناتوانیت لەدەست کەسوکارو کۆمەڵگەکەت ڕابکەی، وە هیچ خزمێکت نات پارێزێت و هیچ یاسایەکیش لە پشتت نابێت بۆ پاراستنی مافەکانت. وە هیچ دەسەڵاتێکی یاساییش لەبەرژەوەندی تۆدا نابێت کە بتوانی دوور لە کەش و هەوای توندوتیژی بتوانیت ژیانت بەسەربەریت، ئا لەو باروودۆخەدا بیر لە خۆت بکەرەوە دەێت ژیانی تۆ چۆن بێت؟

ئەگەر تۆ وەک کچێک، تەواو بەرەو ژیانی ڕۆژئاوایی ملت نابێت. بۆ نموونە دەتەوێت خۆت هاوسەری خۆت دیاری بکەی، یاخود ناتەوێت شوو بە ئامۆزای خۆت بکەی، وە یان جورئەتی ئەوەدەکەی کە ببیتە هاوڕێی کافرو خوانەناس،  یان لە لایەکی ترەوە لەدەرەوەی داب و نەریتی ئایینی و خێڵەکی بچیت جنس بکەی، دەبێت چاک بزانیت و لات ڕوون بێت کە ئەوانەی سەرەوە هەمووی تاوانی گەورەن و کوشتنیان لەسەرە. دەبێت ئەوەت لە لا ڕوون بێت کە ئەوەتۆی کە دەکوژرێیت و لە ڕوانگەی بۆچوونی خێڵەوە بەکوشتنی تۆ ئاوبەئاگردا دەکرێت وکێشەکان چارەسەردەکرێن. و هەروەها  بە کوشتنی تۆ کۆمەڵگەیەکی جێگیر لەسەر حیسابی مافی تاک و ئازادییەکان لە ڕوانگەی بۆچوونی خێڵەوە بونیاد دەنرێت..

یەکەم جار من گرنگی زەواجم لە نێوان ئامۆزا نزیکەکاندا نەدەزانی. ئێستا دەزانم لەوانەیە بۆ کچێک کە پووری ببێتە خەسووی باشتر بێت وە لەوانەیە پووری نەرمتر بێت لەگەڵیدا وەک لە ژنێکی تر کە پێشتر نەیناسیوە. پوور هەر لە منداڵیەوە ئەو کچە دەناسێت وە پەیوەندی خوێن و خزمایەتی هەیەو جۆرێک لە خۆشەویستی و بەرژەوەندی خێڵەکی هەیە لە نێوانیان. بۆ نموونە لەوانەیە ئەو پوورەی کچە کە ئێستا بۆتە خەسووی ڕێگری لە کچە خوشکەکەی نەکات کە ئێستا بۆتە بووکی کە بچێت وە سەردانی ماڵی دایکی بکات چەندین جار.. چونکە دایکی کچەکە دەبێتە خوشکی خۆی ….

بەو هۆیەشەوە دەتوانرێت زەوی و میرات لەنێو هەمان خێزان و تاییفەو بەرەبابدا پارێزگاری لێبکرێت و لە ناوخۆدا بهێڵرێتەوە. کە ئەمەش بە کارێکی گرنگ چاوی لێدەکرێت لە ڕوانگەی بۆچوونی خێڵەوە.

لە نێو دەزگای زەبەلاحی یاسایی فرەژنیدا یەکەم ژن و دووەم و سێهەم و چوارەمیش ڕێگە پێدراو دەبن کە لەگەڵ منداڵەکانیان لەناو یەک خێزان و یەک شوێندا ژیان بە ئاسایی بەسەر بەرن وە یەک کەسیش مێردیان بێت و بەرپرس بێت لە ژیان و گوزەرانیان لە هەموو ڕوویەکەوە. لەبەرئەوەی لە نێو سیستەمی خێڵەکی و تائیفیدا جیابوونەوەو تەڵاق لە نێوان ژن و مێردا زۆر بیری لێ ناکرێتەوەو لەوانەیە ئەو بۆچوونەش وەک چاکەیەک لەبەرامبەر ژناندا سەیری بکرێت..

بەدڵنیاییەوە کێشەو ململانێ لە نێوان نێرینەکانی ناو خێزانێکدا یاخود لە نێوان ژنەکانی یەک مێردا زوو دەردەکەوێت لەسەر میرات و سەروەت و سامان کە هەندێک جاران بەشێوەیەکی قێزەونانە دەردەکەوێت. پەردەو چارشێوی ئەستوورو تاریک هەندێک جاران دەتوانێت ژنان بپارێزێت لە دەستدرێژیە سێکسیەکانی دەرەوەی خێزانێک، بەڵام ناتوانێت ئەو ژنانە بپارێزێت لە دەستدرێژیە سێکسیەکانی نێو هەمان خێزان کە تێیدا دەژین.

بۆ نموونە لە لادێیەکی بچووکی کشتوکاڵی، تەواوی خەڵکەکە نەک هەر چەند فەردێک داوای یاسای پاراستنی نامووس دەکەن کە بە نەریت و یاسایەکی دژە ژنی دەزانرێت..هەر خێزانێک لەو گوندەدا نەتوانێت کچەکەی خۆیان بکوژن لەسەر پابەند نەبوونی بەو یاسایەوە ئەوا ئەو خێزانە ئیتر وەلادەنرێت و کەس ئیتر ناچێت بۆ خوازبێنی کچەکانی تری و کەس مامەڵەیان لەگەڵ ناکات لەو گوندەدا..

کاتێک کە من دەستم بەم کارەی ئێستام کرد نەمدەزانی کەچەند قورسە بۆکچێک کەلەدەست “کوشتن لەسەر نامووس” ڕابکات لەدەستی کەس و کارەکەی. هەر لە کاتی لەدایکبوونی ئەو کچەوە ئەوەی بەگوێدا چرپێنراوە کە ئەو وەک و شەیتانێک وایەو دەبێت ئەو عەیب و شەرمە لەخۆی داماڵێت.. ئەم بیرکردنەوەو بۆچوونە دەخرێتە مێشکی کچەی داماو و هەر دەقیقەو هەر ڕۆژێک لەگەڵیدا دەژی و ژیان دەگوزەرێنێت. لە ڕووی دەروونیەوە کچەی داماو نازانێت کە ئەویش  مرۆڤەو مافی خۆی هەیە. ئەو کچە خۆی وەک تاکێکی ناو کۆمەڵگە نابینێت بەڵکو خۆی دەبینێت  وەک کچێک، وەک خوشک، وەک کچە خوشک و کچە برا، وەک ژنی مێرد . بۆیە لە ژێر ئەو ناوو نازناوانەدا دەتوانێت ئەندامی خێزانێک بێت، یاخود ئەندامی گرووپێک بێت، یاخود ئەندامی دەزگایەکی ئایینی بێت یا لە کۆتایدا سەربە خێڵێک بێت..وە سەرەتاو کۆتایی ئەرکی ئەو کچ و ژنانە خزمەتکردنی پیاوەکانی نێو خێزان و گرووپ و خێڵکەیە.

کچان و ژنان خۆیان خاوەنی لەش و لاری خۆیان نین، بەڵکو لەش و لاری ئەوان بە مڵکی گشتی خێزان و بنەماڵەو خێڵەکەیان دادەنرێت. ئەگەر مێردەکانیان لێیان بدەن و زۆریش ئازاریان پێ بگەێنن هێشتا دەبێت ئەو ژنانە قەبوڵی بکەن و ژیان هەر لەگەڵ ئەو مێردانەیان ببەنە سەر. ئەگەر بێت و هەر ژنێک ماڵەکەی و مێردەکەی بەجێ بێڵێت چونکە لەلایەن مێردەکەیەوە لێی دراوە ئەوا بەم کارەی بەدڕەوشتی و بێنامووسی بەسەر خۆی و خێزان و بنەماڵەکەی دا دەهێنێت.

بۆیە ئەو ژنانەی کە خۆیان ڕزگار دەکەن و ڕادەکەن لەو ژیانەی ناو خێزان و خێڵ و بنەماڵە، ئەوا بە ئازاترین و بەجەرگترین لە ژنان کچان دادەنرێن. بۆیە ئەوانە پێویستیان بە پێناس و شوێن و بەرنامەی خۆپاراستنی جیاواز هەیە، تاکو بتوانن ژیان بەردەوامی پێبدەن. ئەوانە نرخێکی زۆر گران دەبەخشن بۆ ئەوەی ئازادی بۆ خۆیان فەراهەم بکەن، چونکە بەڕاستی بەدەستهێنانی ئازادی زۆری دەوێت بۆی ببەخشیت. ئیتر ئەوژنانە مەترسی دەخەنە سەر ژیانی خۆیان کە ئەگەر بێت و بیانەوێت یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکانیان ببینن. زۆرێک لەو ژنە دەربازبووانە کە دەبینن ئەو ئازادییەی ئەوان زۆری گەرەکە لە پێناویدا بۆ ببەخشیت، پەشیمان دەبنەوەو  چارەنووسی خۆیان دەدەنەوە دەست خێزان و خێڵ و بنەماڵەکانیان.

گرفتەکە لێرەدایە: کاتێک زۆرێک لەو ژن و کچە دەربازبوانە ڕوو دەکەنە وەڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەوروپی بە مەبەستی ڕزگاربوون لەو عەیب و شوورەییەی کە ئەوان لە دەستی ڕایان کردووە کەچی لێرە لەو وڵاتانەدا بەهەمان شێوە یا بەدەرجەیەک کەمتر تووشی دەبنەوە. لانی کەم لە نێو گرووپ و کۆمیونیتیەکانی ناو موسڵمانان و سیخەکاندا تەنانەت لە نێو وەڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەوروپاییشدا ئەو دیاردەیە هەر زیندووەو کاری خۆی دەکات.

لە ساڵەکانی ٢٠٠٣ وە ٢٠٠٤ دا من شتم دەنووسی لەسەر (کوشتن لەسەر نامووس) .کە زوربەی سەرچاوەکانیشم هەر ئەنتەرنێت و هەندێک لە ڕۆژنامەکانی سەر ئەنتەرنێت بوون لەگەڵ چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ کەسی قوربانیدا بەڕاستەوخۆیی. هەروەها  پشتم بە هەندێک بیرەوەری خەڵکیتریش لەوبارەوە دەبەست. لەو ڕووەوە تێگەییشتنم زۆر زیادی کردو بەو ئەنجامە گەییشتم کە ئەوە کوشتن لەسەر نامووسی پێ ناگوترێت، بەلکو وا باشترە ناوی لێ بنێین هەرێ کوشتنە ترسناکەکە. لەو کوشتنەدا شوورەیی و عەیبە لەباتی قوربانیەکە خاوەنداری لێبکات بە پێچەوانەوە بکوژ و تاوانکارانی بکوژ خۆیان بە خاوەنی عەیبە و شوورەییکە دەزانن. هەر بۆیەش بۆ پاککردنەوەی خۆیان دەست دەدەنە کوشتنی کچ و ژنەکان.

لە ساڵی ٢٠٠٥دا پێداچوونەوەم کرد بە بابەتی کوشتن لەسەر نامووس لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا لە کتێبێکمدا بە ناوی ” مردنی فێمینیستی”. ئەوەم بۆ دەرکەوت کە ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە کچان و ژنان لەو وڵاتانەدا بوونەتە قوربانی ئەو شتە نەگریسەی کە پێی دەگوترێت “کوشتن لەسەر نامووس” لە ساڵەکانی ٢٠٠٧ وە ٢٠٠٨ من داوای یاسایەکم کرد کە دابڕێژرێت لەگەڵ بوونی خوێندنگای ڕەسمی لەوبارەوە بۆئەوەی ئەو دیاردەیە بناسرێت و پێناسەی ڕاستەوخۆو دروستی خۆی بۆ بکرێت و لە ئەنجامیشدا پێشی پێ بگیرێت. ئەوەی کە بۆم ڕوون بۆتەوە ئەو دیاردەیە کەمتر لە نێو سیخەکاندا ڕوویداوە لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا، بەڵکو زۆرتر لە نێو گروپ و کۆمیونیتیە موسڵمانەکاندا ڕوویداوەو هێشتاش هەر ڕوودەدات.

هەروەها من هاتم ئاماژەم بەو “کوشتن لەسەر نامووسە” دا لە ئەمەریکاداو بە نموونەی زیندوو پێشانی خەڵکی دنیام دا کە چۆن لە ناو ئەمەریکادا “کوشتن لەسەر نامووس” هەیەو ڕوودەدات. بۆ نموونە: فەلەستینە عیسا لەساڵی ١٩٨٩ هەروەها میثال داییم لە ساڵی ١٩٩٩ کە هەردووکیان بە ڕەچەڵەک فەلەستینی بوون و لە ئەمەریکادا دەژیان. هەروەها من لەسەر (سامیە سەروەر)م نووسی  کە لەساڵی ١٩٩٩ لە پاکستان دا کوژرا لەسەر نامووس. کە کەیسی ئەو ژنە تەواوی سەردێری ڕۆژنامەکانی جیهانی داگرت. جێگەی باسە کە کوشتنی سامیە پلانەکەی لەلایەن دایکی خۆیەوە داڕێژراو کەسێکی بۆ بەکرێ گرت و بە بەرچاوی خۆیەوە کچەکەی خۆی بەکوشتندا.

کوشتنی فەلەستینە عیسا بەدەستو دەستکیسەی دایک و باوکی  خۆی بوو. وە ئەوەش یەکەمین ڕاپۆرت بوو کە لە ئەمەریکادا بڵاوکرایەوە لەسەر مەسەلەی کوشتن لەسەر نامووس.

جێگەی باسە کە کوشتن لەسەر نامووس لە وڵاتانی ئەوروپادا زۆر لەوە زیاترە کە لە ئەمەریکادا ڕوودەدات. هۆیەکەشی ئەوەیە کە لە ئەوروپادا ڕێژەیەکی زۆرتر لە پەناهیندەو کۆچبەر هەیەو زۆرینەشیان بە ئایین موسڵمانن. بۆیە  لە ساڵی ٢٠٠٥ دا هەندێک شتم بڵاوکردەوە لەسەر کەسانی زۆر بەناوبانگ لەوانە کوشتنی تولای گۆران لە ساڵی ١٩٩٩، هێشای یونس لەساڵی ٢٠٠٢، فادیمە سەهینداڵ لەساڵی ٢٠٠٢، سۆهانە بەنزیانی لە ساڵی ٢٠٠٢، ساجیدە بیبی لە ساڵی ٢٠٠٣، شافیلە ئەحمەد لە ساڵی ٢٠٠٣، هەروەها خاتوون سوروجو لە ساڵی ٢٠٠٥ دا..

لە ساڵی ٢٠٠٩دا یەکەمین کاری ئەکادیمیم بڵاوکرایەوە لە گۆڤارێکی وەرزی بە ناو: “میدڵ ئیست کوارتەرلی”. لەو کارەم دا هاتم قسەم لەسەر جیاوازیەکانی کوشتن کرد. کوشتن لەسەر نامووس وە هەروەها کوشتنێک کەلە ناوخۆی خێزانێکدا بەهۆی توندوتیژی خێزانیەوە ڕوودەدات لە ئەمەریکاو وڵاتانی ئەوروپادا. کە هەندێک کەس و نووسەر پێیان وایە ئەو کوشتنەی کە لە ئەمەریکاو ئەوروپادا دەکرێت لە بەرامبەر کچان و ژناندا هەمان ئەو کوشتنەیە کە لەسەر نامووس ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەمە وا نییەو جیاوازە.

لە پیلانی کوشتن لەسەر نامووس دا دەگونجێت چەندین ئەندام و کەسانێک بەشداری بکەن لە نێو هەمان خێزان و بنەماڵەدا.. بۆ نموونە برا، مام، باوک وە لە لایەن کەسانی تری خزمەوە کوشتنەکە جێبەجێ دەکرێت. هەندێک جاران تەنانەت دایکیش ئاگادارەو دەستی هەیە لە داڕشتنی پیلانەکەداو ئاگاداری کوشتنەکە دەبێت.

لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا عادەتەن ئەو کوشتنەی ژنان و کچان لەلایەن تاوانکارەکانەوە وەک کارێکی پلان بۆ دانەنراو یان سەربەخۆ ئەنجام دەدرێت. دەستدرێژی کاران بە تەنیا ئەو کاری کوشتنە ئەنجام دەدەن. خێزان و کەس و کاری کچ و ژنە کوژراوەکان هاوکار نابن لەگەڵ بکوژەکان بۆ کوشتنی کچەکانیان. لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا زۆر دەگمەنە کە باوک یان دایک دەستیان بچێتە کچە هەرزەکارەکانیان وە بیان کوژن، بەڵام لەوڵاتانی تری سەر ئەم گۆی زەویە کە کوشتن لەسەر نامووس باوی هەیە ئەو کوشتنە عادەتەن لە لایەن کەسی زۆر نزیکی کچەکانەوە ئەنجام دەدرێت. بۆ نموونە لە لایەن باوک و براو دایکەوە.

هەندێک جاران” کوشتن لەسەر نامووس” لە وڵاتانی ڕۆژئاوییدا بە کارێکی لە ڕادەبەدەر توندوتیژی ناوی دەبرێت. لەو کوشتنەدا بە چەقۆ چەندین جار لێی دەدرێت، دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر، یاخوود بە گۆپاڵ و کوتەک شل کوت دەکرێت، وە هەندێک جارانیش هەندێک لە بکوژان تەنانەت قوربانیەکە دەسووتێنن و بە ئاگر تێبەردان دەی کوژن. بکوژ لێرەداو لەو کاری کوشتنەدا لەو بکوژانە دەچێت کە کوشتن بۆتە پیشەیان و هەر دەڕۆن و دەکوژن. بەتایبەتی ئەو جۆرە لە کوشتن لەسەر ژنانی لەشفرۆش ئەنجام دەدرێت.

لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا بکوژەکان بەو کارەیان سەربەرز نابن لەناو کۆمەڵگەداو بەچاوێکی سووک و بێ بایەخ سەیریان دەکرێت وە هەروەها گۆشەگیریش دەبن. زۆر جارانیش هەیە سزا دەدرێن، بەڵام لە وڵاتانی تر بۆ نموونە لە نێو هیندۆسەکانی ناو هیندوستاندا و لە نێو موسڵمانانیش دا لە سەرتاسەری جیهاندا بکوژەکان وەک پاڵەوان و کەسانی بەناوبانگی نێو کۆمەڵگە دەردەکەون و دەبنە جێگەی فەخرو شانازی. چونکە ئەو بکوژانە توانیویانە ئەوەی بۆتە عەیبە و شوورەیی بۆ بنەماڵەو خێزانەکانیان بیکوژن و بەمەش بنەماڵەو خۆیان لەو شوورەییە پاک کردۆتەوە..

لە تەواوی بە دواداچوون و لێکۆڵینەوەکانمدا و خوێندنەوەی کاری توێژەرەوەکان لەو بارەوە بۆم دەرکەوت وە زوربەشیان لەسەر ئەو باوەڕەن کە کاری کوشتن و توندوتیژی لە ناو خێزاندا  لە وڵاتانی ڕۆژائاوادا زۆر جیاوازە لەو کوشتنەی کە دەکرێت لەسەر نامووس لە وڵاتانی موسڵماندا.

بۆیە لێرەدا هەر کەسێک پێی وابێ کە دەرخستنی ئەو دیاردانە لە نێو موسڵماناندا عەیبەو شوورەییە، وە پێیان وابێت کە وتنی شتی خراپ لەسەر موسڵمانان لەو بارەوە عەیبەو نەنگییە دێن بە ڕەگەزپەرست و ترساو لە ئیسلام ناوی ئەو کەسانە دەهێنن کە باسی کوشتن لەسەر نامووس دەکەن.

لە سەرەتای نەوەتەکانەوەو تا پێ دەنێتە ناو سەدەی بیست و یەکەمەوە ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانە بەرەو هەڵکشان دەچێت کە لەسەر کوشتن لەسەر نامووس قسەیان کردووەو کەیسەکانیان لەو بارەوە بڵاوکردۆتەوە. بە تایبەتی ئەو دۆسیانەی  کە تێیاندا بکوژەکان سزادراون و دراونەتە دادگا. هەروەها چەندین بیرەوەری وەک کتێب و نامیلکە لەسەر کوشتن لەسەر نامووس لە نێو پەناهەندەو کۆچبەراندا لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا و لە وڵاتانی تازە پێشکەوتوودا بڵاوکراونەتەوە. هەروەها چەندین فلیم بەرهەم هێنراوون. بۆ نموونە فلیمی” بەناز: چیرۆکێکی خۆشەویستی”، دوختەر: کچێک لەناو ڕووبارەکەدا، نرخی لێبوردەیی، نرخی شەڕەف و نامووس، فۆکس: کوشتن لەسەر نامووس لە ئەمەریکادا.

بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە کارێکی زۆر مەحاڵە کە بتوانرێت زۆر بە ووردی و درووستی هەموو ئەو کوشتن و تاوانە نادیارانەی نێو خێزان و کۆمەڵگە تۆماربکرێت. دەتوانرێت بکرێت، بەڵام هەر ناتەواو دەردەچێت. بۆ نموونە کوشتن لەسەر نامووس یاخوود دەستدرێژی سێکسی لەلایەن براوە بۆ سەر خوشک یان لە لایەن باوکەوە بۆ سەر کچ .!

لەو بارەوە نەتەوە یەکگرتوەەکان سوورە لەسەر ئەوەی کە تەنها ٥٠٠٠ ژن لەسەرتاسەری جیهاندا لەسەر نامووس کوژراوە، بەڵام ئێمە بۆمان ڕوون بۆتەوە کە ئەوە ڕاست نییەو تەنها لە ساڵی ٢٠١٠ دا ٩٠٠ ژن لەسەر نامووس کوژراون لە شوێنەکانی وەک پەنجاب، هاریانەو عوتار پڕادێش لە وڵاتی هیندوستان. وە ١٠٠ بۆ ٣٠٠ ی تریش کوژراون لە لە شوێنە جیاوازەکانی تری هەمان وڵات وە لە هەمان ساڵدا. وە هەر لە ساڵی ٢٠١٠ دا لە لایەن ڕێکخراوی مافی مڕۆڤی جیهانیەوە بڵاوکرایەوە کە لە وڵاتی پاکستان ٨٠٠ ژن لەسەر نامووس کوژراوون. ئەم دوو نموونەیە دوو شتی بچووکن کە دەیسەلمێنن کە ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر کوشتنی ژنان لەسەر نامووس دروست نییەو جێگەی باوەڕ نییە. بۆ نموونە ڕێکخراوی مافی مڕۆڤی پاکستانی بە ناوی دامەزراوەی عوڕات ڕایگەیاند کە تەنها لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١١دا ٦٧٥ ژن لەسەر نامووس لە لایەن کەس و کاریانەوە کوژراون، بەڵام من دیسان دەیڵێمەوە کە زۆر سەختە بە دروستی هەموو ئەو تاوانی کوشتنانە تۆمار بکرێن.

لەسەرتاسەری جیهاندا لەسەر تەواوی مۆدێلەکانی کوشتن لەسەر نامووس لێکۆڵینەوەم لەسەر ٢٣٠ دۆسیە ئەنجام دا کە لە وڵاتانی نێو ئەوروپاو بەشی سەرووی ئەمەریکاو هەروەها لە جیهانی ئیسلامیدا ڕوویان دابوو. بۆم دەرکەوت کە دوو جۆر لە “کوشتن لەسەر نامووس” هەیە. یاخود بە واتایەکی تر دوو جۆر لە ئامانج هەیە. یەکەمیان کوشتنی شێوە کلاسیکی کۆن کە کچان و ژنانی تەمەن ١٧ساڵ و ئەو دەوروبەرە دەکرێنە ئامانج و بە زۆریش ڕوو دەدەن. دووەم  شێوەش کە کەمتر لە شێوەی یەکەمیان ڕوودەدات ژنانی بە تەمەنتر کە تەمەنیان ٣٦ و ئەو دەوروبەرەیە دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن. بۆیە من پێم وایە لێ وردبوونەوە لە جیاوازی تەمەن بۆ کوشتنەکە گرنگی خۆی هەیەو واتای تایبەتی دەگەیەنێت. شێوەی کوشتنی یەکەم لە ٨٠٪ی لە سەرتاسەری جیهاندا بە دەستی کەسانی نزیکی کوژراوەکانەوە ئەنجام دراوە. بۆ نموونە بەدەستی باوک و براو مام و خاڵەوە. شێوە کوشتنی دووەم زیاتر لە ئەنجامی دەمەقاڵی و پێک نەهاتن لەسەر هەندێک کارو مەسەلەی پارەو پوڵەوە ڕوودەدەن. ئەم شێوەیە زیاتر پێی دەگوترێت توندوتیژی ناوخۆی و خێزانی کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەوروپاییدا ڕوودەدن. لێرەدا جیاوازی هەیە لە کوشتنەکەدا. کوشتن لەسەر نامووس زۆر جاران لە لایەن کەسی نزیکەوە هاوکاری دەکرێت وە پیلانی بۆ دادەنرێت، بەڵام لەبەرامبەردا کوشتنی جۆری دووەم تەنها بکوژەکە خۆی ئەو کارە دەکاو کەسی تری نزیکی کوژراوەکە هاوکاری ناکات لە کوشتنەکەدا.

هۆیەکانی کوشتن لە وڵاتانی ڕۆژئاواییدا لە نێو گروپ و کۆمیونیتیەکانی نێو سیخەکان و موسڵماناندا زوربەی دەگەڕێتەوە بۆ هۆیەک کە ئەو کچ و ژنانە زۆر تێکەڵاوی ژیانی ڕۆژئاوایی بوون و زیاد لە کەلتوورو ئایینی خۆیان پێیان ڕاکێشاوە. بۆ نموونە  نوور ئەلمالکی کە کچێکی بە ڕەگەز عەڕەبی عێڕاقی بوو وە لە ئەمەریکادا پەروەردە بوو بوو بە دەستی باوکی خۆی کوژرا بە بیانووی پاراستنی نامووسەوە. کەواتە ئەوەش هەر کوشتن بوو لەسەر نامووس.

من دەستم بە تۆمارکردنی ئەو دۆسیانە کرد لە بەشی سەرووی ئەمەریکادا. نەک هەر دۆسیەی دادە نوور بەڵکو دۆسیەی زیاترم تۆمار کرد. بۆ نموونە دۆسیەکانی خاتیرە سدیقی لە ساڵی ٢٠٠٦، هەروەها دۆسیەی دوو خوشکەکە لە ژەنیوەری ٢٠٠٨، نوور المالیکی لە ساڵی ٢٠٠٩، خوشکەکانی شافیەو ژنی یەکەمی باوکیان لە ساڵی ٢٠٠٩ دا، دۆسیەی پەروێز لە کەنەدا لە ساڵی ٢٠٠٧، هەروەها دۆسیەکانی تری هەڕەشەی کوشتن و دەرکردن و لێدان،

دیسان ئەوەشم بۆ دەرکەوت کە جیاوازی هەیە لە نێوان سیخەکان و موسڵماناندا لە کوشتن لەسەر نامووس. بۆ نموونە سیخەکان هەردووک ژن و پیاوەکە دەکوژن، بەڵام موسڵمانەکان بە زۆری ژنەکان دەکەنە قوربانی و دەیان کوژن. هەروەها موسڵمانەکان تەواوی ئەوەی باوەڕیان پێیەو لە وڵاتانی خۆیان پەیڕەویان لێکردووە بە هەمان شێوە ئەو نەریتە دەهێنن لەگەڵ خۆیان بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوایی، بەڵام سیخەکان کەمتر ئەو کارە دەکەن.

کاتێکیش من دڵنیا بووم لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانم لەسەر “کوشتن لەسەر نامووس”، گەیشتمە خاڵێک کە ئەو دیاردەیە لە خێڵ و سیستەمی خێڵەکی سەری هەڵداوەو پەڕیوەتەوە بۆ بەشەکانی تر. بۆیە دەمەویست جەخت بکەمە سەر ئەو بۆچوونەم، بەڵام بەسەرسوڕمانەوە هەندێک لە برادەرانی موسڵمان و کەسانێک کە لە پێشوودا موسڵمان ببون و ئێستا لایان داوە کاتێک کە ئەو بۆچوون و بابەتانەی منیان بینی ناڕازیبوونیان پێوە دەرکەوت و پێیان ناخۆش بوو کە بۆ ئەو مەسەلەیە لۆمەی ئایینی ئیسلام بکرێت. وە پێیان وابوو کە نابێت ئایین لەو بارەوە تێوە بگلێنرێت. بەتایبەتی ئایینی ئیسلام.

برادەرانی سەر بە ئایینی سیخیش هاتنە دەنگ و لێم کەوتنە تەقە. ئەوان ڕاست و ڕەوان پێیان وابوو کە ئایینی سیخی و خەڵکانی سیخی ئەو کارە ناکەن و لە ناویاندا مەسەلەی کوشتن لەسەر نامووس بوونی نییە. هەروەها دەیان گوت ئەگەر ئەو دیاردەیە بوونیشی هەبێت لەناو سیخەکاندا ئەوا حەتمەن لە موسڵمانەکانەوە فێری بوون.

لە هەموو ئەوشتەش سەیرتر ئەوە بوو کە هەم برادەرانی سیخ و هەم برادەرانی موسڵمان بێ ئاگا بوون لەو خاڵەی کە من داکۆکیم لێ دەکردوو گەییشتبوومە ئەو بڕوایەی کە مەسەلەی کوشتن لەسەر نامووس شتێک نییە لە ئایین و سیخەکان و موسڵمانانەوە سەرچاوەی گرتبێت..! کە لە ڕاستیدا ئەوە خاڵێکی زۆر باش بوو بۆ ڕیفۆرمخوازەکانی نێو ئایینی ئیسلامی کە ئەو دیاردەی کوشتن لەسەر نامووسە وەک کارێکی دژە ئیسلامی چاوی لێبکەن و بتوانن  لەو ڕوانگەوە ڕێی پێ بگرن، بەڵام لە راستیدا من بەش بەحاڵی خۆم هەردووک بەرپرسانی بەرەی سیخ و بەرەی ئیسلام بە بەرپرس دەزانم کە کارێکی ئەو تۆیان لێ دیار نییە تا بەر بەو کارە وەحشیگەریە بگیرێت.

هەرچەندە زوربەی تاوانەکانی “کوشتن لەسەر نامووس” لە وڵاتانی ڕۆژئاوییدا هەر لە نێو موسڵماناندا بوون، وە لەبەرامبەریشدا میدیای باوی نێو ئەمەریکاش خۆی بەدوورگرتووە کە سیخەکانیش تێوەبگلێنێت.

لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە لێرەوە چەندین پرسیارم لەسەرمەسەلەی “کوشتن لەسەر نامووس” بۆ دروست بووە، یەکێک لەو پرسیارە زۆرانە ئەوەیە کە من لەگەڵیا ڕووبەڕووم ئەوەیە کە :

 ئایا ئەو کەسەی کە لەسەر نامووس دەچێت خوشکی خۆی یا دایکی خۆی وە یاخوود ژنەکەی خۆی دەکوژێت ئایا ڕاستە کە ئەو بکوژە تووشی نەخۆشی دەروونی بووە؟ وەک  بە پێی ستانداردی وڵاتانی ڕۆژئاوایی بۆی لێک دەدرێتەوە؟

تۆ دەڵێی چی کە ئەگەر ئەو بکوژە زۆر چەوسێنرابێتەوە لە کاتی منداڵی خۆیدا؟ یاخود بناڵێنێت بەدەست نەخۆشیە دەروونیەکانی ترەوە وەک بۆ نمووونە هەست کردن بە گومان و هەست بەچەوسانەوە کردن.؟

دەڵێی چی کە ئەو بکوژە ئەم کارەی وەک تۆڵە ئەنجام دابێت و وەک بەرەنگاری لەخۆ چووبێتە ناو ئەو جەنگەوە؟ ئەی تۆ دەڵێی چی کە ئەو جۆرە لە بیروباوەڕە دەروونییە نەگۆڕێت و هەر درێژەی هەبێت؟ پرسیارێکی زۆر زەبەلاح خۆی دێێتە پێشێ ئەویش ئەوەیە:

چۆن دەتوانین جیاوازی بکەین لە نێوانی تاوانی کوشتن لەسەر نامووس کە لە باوەڕێکەوە سەرچاوەی گرتووەو لە لایەن خێزان و ئەندامەکانیەوە پیلانی بۆ دادەنرێت کە پێشی دەگوترێت کاری تێرۆریستی ناوخێزان لەگەڵ ئەو تاوانەی کە بە بۆمب و کەرەسەی تەقینەوە لە دژی خەڵکان ئەنجام دەدرێت کە ئەو کارە تێرۆریستیەش هەر لە باوەڕێکەوە سەرچاوەی گرتووە. هەردووک کارەکە لە باوەڕو ئایدیاکەوە سەرچاوەیان گرتووەو هەر ئەو باوەڕەشە پاڵنەریانە بۆ ئەنجامدانی کارەکەیان. دیارە کاری هەردووک بەرەکەش لەگەڵ پرنسیبەکانی دیموکراسیدا!! نایەتەوە.

A Family Conspiracy: Honor Killing. 

Leave A Reply

Your email address will not be published.